پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

چارەنووسی ئەو ژنانەی کە شێڵتەرەکان بەجێدەهێڵن

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
بڵاوكراوەكان, نوێکراوەتەوە, وتار,
شاکار نوری
لە یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، نۆ ساڵ بەر لە ئێستا، شیرین (ناوێکی خوازراوە) لە ماڵێکدا لەگەڵ دوو دایک و نۆ خوشک و دوو برادا دەژیان . سەرجەم خوشک و براکان لەلایەن باوکیانەوە کە لەتەمەنی 70 ساڵیدایە و خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، لە خوێندن بێبەش کراون و بە نەخوێندەواری گەورەبوون. پیاوێکی توڕەو توندوتیژ، شیرین و خوشکەکانی بەئەستەم توانیویانە قسەی لەگەڵدا بکەن یاخود ڕاوێژی پێبکەن بۆ هەر کاروبارێکی ڕۆژانەی ژیان. هیچ کاتێک پێکەنینی ئەویان نەبینیوەو بەردەوام لە بێدەسەڵاتیدا لەبەردەم وێنەی ئازاردانی دایکیان و لێدانی بەدەستی پیاوێکی دڵڕەق، ئازاریان چەشتووە. لە ڕووی داراییەوە بارودۆخی خێزانەکە باش نەبووە، هەر دەرامەتێکیش هەبوبێت لەژێر دەستی باوکەکدا بوە کەبەسەر ئەو بارە ناهەموارەوە ژنی دووەمیشی هێناوە. ئەمەش هۆکارێک بوە بۆ ئەوەی نەتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن و هەرکەسێکیان خواستی هەر دەرفەتێکی هەبووە، بۆ ئەوەی لەماڵەوە بچێتە دەرەوە. شیرین بۆ ماوەیی دوو ساڵ لەگەڵ گەنجێکدا بەناوی (ه) لە پەیوەندی خۆشەویستیدا دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا، گەنجەکە چەند جارێک هەوڵی داوە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات و خوازبێنی کردوە، بەڵام باوکی شیرین بە بیانوی ئەوەی کە ئەو پێشمەرگە بوەو سەر بە لایەنێکی سیاسی دیاریکراویش، ڕێگری لە هاوسەرگیرییەکە کردووەو نەیهێشوە بگاتە ئەنجام.
لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، دووای ڕێگریش لەوەی شوو بە (ه) بکات، شیرین بەردەوام دەبێت لەپەیوەندی خۆشەویستیدا لەگەڵیداو تەنانەت دوو گیانیش دەبێت، لەلایەن باوکی و براکانییەوە بە زۆر دەدرێت بە کەسێکی تر. ئەم زۆر بەشوودانە، نهێنییەکەی شیرین ئاشکرادەکات و باوکی و براکانی بەوە زانیوە کە سکی هەیە لەو گەنجەی چەند جارێک خوازبێنی کردوەو بڕیار دەدەن لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بیکوژن و بیشارنەوە. شیرین هەر زوو لە ماڵ ڕادەکات و لەلای پوری خۆی دەشارێتەوە. دواتر بە هۆی نەبوونی شێڵتەر لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژی، دادوەر ناچار دەبێت بۆ ماوەی ٣ مانگ زیندانی بکات، بەو شێوەیەش لە کوشتن ڕزگاری دەبێت. لەبەرنەبوونی هیچ شتێک زمانی ژیانی بکات و مەحاڵبوونی مانەوەی لە زینداندا لەو ماوەیە زیاتر، لە ڕێگەی بنکەی پاراستنی ناوچەکەوە ڕەوانەی شاری سلێمانی دەکرێت و لە یەکێک لە شێڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنانی ڕاکردوو لەدەست توندوتیژیی دەمێنێتەوە.
دوور لەچاوی باوک و براکانی لەگەڵ (ه)دا دەچێتە دادگاو بە بڕیاری حاکم بەشێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیریی دەکەن. دووای ئەم هەنگاوە یاساییە، هەردووکیان بڕیار دەدەن بە بێ ئاگاداری خێزانەکانیان عێراق بە جێبهێڵن و بڕۆنە یەکێک لە وڵاتە دراوسێکان، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ڕۆشتنەکەیان، (ه) لەلایەن باوک و براکانی شیرینەوە دەکوژرێت و خەونی پێکەوەنانی ژیانێکی ئاسایی و بێ مەترسیی لای شیرین، بۆ یەکجارەکی لەناو دەچێت. ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنەکەش بە بێ سزای یاسایی ڕزگاریان دەبێت، ئیتر لێرەوە ژیانی شیرین قورستر دەبێت کە بۆ ماوەی ٧ ساڵی تەواو (2013-2020) لە شێلتەردا دەمێنێتەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەندین هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ڕێگای پێبدەن شێڵتەر بەجێبهێڵێت و هەموو کۆششەکانی بێ سوود بوون، چونکە لەلایەن خێزانەکەیەوە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە.
حەوت ساڵ لە ژیانی ناو شێلتەر، پاڵی پێوە دەنێت ڕۆژێک بە ناچاری لە سەربانی شێڵتەرەکەوە لەگەڵ منداڵەکەی ڕابکات و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی نیشتەجێ بێت. بۆ پەیداکردنی بژێوی و دەرامەتی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و منداڵەکەی دەست بەکارکردن دەکات، بەڵام ناسنامەی خۆی شاردۆتەوەو بۆ هەر چونە دەرەوەیەکش لە ماڵەکەی خۆی، ناچارە شێوەی خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەر براکانی بیناسنەوە و لە هەر شوێنێک بینینن، هەر زوو خۆشی و مناڵەکەشی دەکوژن. شیرین دەڵێت، < بەشێکی زۆری هۆکاری هاتنە دەرەوەم لە شێڵتەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داهاتووی منداڵەکەم نەفەوتێت و بتوانێت وەک هەر منداڵێکی دیکە بچێتە قوتابخانە و بخوێنێت>. لەگەڵ ئەوەشدا ترسی خۆی ناشارێتەوەو باسی ئەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە شێڵتەر بووە، چەندین کچ لە دوای هاتنە دەرەوەیان لە شێڵتەر بە ماوەیەکی کەم کوژراون و بکوژەکانیش زۆرینەیان لە دەست یاسا هەڵهاتوون و ڕزگاریان بووە
شیرین هەوڵێکی زۆری داوە بچێتە دەرەوەی وڵات و لەم ژیانەی ڕزگاری بێت کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ناتوانێت منداڵەکەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات، کێشەی بۆ دروست دەبێت و تا ئێستاش کێشەکەی هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. ئەوەی توانیویەتی بۆ مناڵەکەی بیکات، بە یارمەتی و پشتگیریی بەرپرسانی ئەو شێڵتەرەی کە پێشتر تێیدا بووە، توانراوە لەڕێگەی دادگاوە ناسنامەیەک بە ناوێکی دیکەوە بۆ منداڵەکەی دروست بکرێت تا بتوانێت وەکو هەر هاو تەمەنێکی خۆی، بچێتە قوتابخانەو بەردەوام بێت لەسەر خوێندن، بەڵام وەک دایکی دەگێڕێتەوە، <هێشتا ڕوون نییە تا چەند ساڵی دیکە دەتوانێت بەو ناسنامەیەوە بەردەوام بێت کە ئەوەش پەیوەندیدارە بە چارەسەر بوونی کێشەکەوە>. یەکێکیتر لە و کێشانەی کە بە هۆی ناسنامەی کچەکەیەوە ڕووبەرووی بۆتەوە ئەوەیە کە کە خێزانی هاوسەرە کوژراوەکەی، خۆیان لە کچەکەیان بێبەریی کردووەو لە هەموو سەروەت و سامانێکی باوکی بێبەشیان کردوە. وەک باسی دەکات ئەم کارەش بەشێوەیەکی یاسایی کراوە و هیوایەکی کەم هەیە بۆ چارەسەر بوونی. <ئەوەی زیاتر کێشەکان دووادەخات و نایەڵێت چارەسەر بن، ئەوەیە کە من وەخۆم ج ناتوانم لە دادگا ئامادە بم و بەرگری لە مافەکانی خۆم و کچەکەم بکەم، ئەوەش لە ترسی کەسوکارەکەم> ئەمە قسەی شیرینە.
چاوان زەنگەنە یەکێکە لەو پارێزەرانەی کە لە دادگای سلێمانی کار دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ چارەسەربوونی کێشەی ئەم جۆرە کەیسانە چەندین ڕێگرییان ڕووبەڕوو دەبێتەوە بە هۆی ئەوەی زۆرجار ناسنامەی ژنەکان لەلای خێزانەکانیان دەمێنێتەوەو ئامادە نابن بیانگەڕێننەوە، یاخود بە هۆی بوونی مەترسی بۆسەر ژیانیان، ژنەکان ناتوانن لە کاتی دانیشتنی دادگادا ئامادە بن و بەرگری لە خۆیان بکەن، بەو هۆیەشەوە پارێزەرەکان بە ئاسانی ناتوانن ئیش لە کەیسەکاندا بکەن و هەندێک لە کێشەکان چەند ساڵێک دەخایەنن تا بە کۆتا دەگەن.
بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە دۆخی ئەو ژنانەی کە پێشتر لە شێڵتەرەکان بوون و بە هۆکاری جیاواز چوونەتە دەرەوە سەردانی یەکێک لە شێڵتەرەکانی شاری سلێمانیمان کرد. سروە ئەحمەد کە توێژەری کۆمەڵایەتییە لە یەکێک لە شێڵتەرەکان باس لەوە دەکات کە ئەو ژنانەی دێنە شێڵتەرەکان بەڵگەنامەیان پێ پڕ دەکرێتەوە. لەو بەڵگەنامانەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەم ژنانە بە ویستی خۆیان هاتوونەتە شێڵتەرەکەو تا کۆتایی هاتنی کێشەکانیان نابێت شێڵتەر جێبهێڵن، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر ژنێک چارەڕێی چارەسەربوونی کێشەکەی نەکات و بیەوێت بچێتە دەرەوە، ئەوە دووبارە بەڵگەنامەی پێ پڕدەکرێتەوە کە بە ویستی خۆی چووەتە دەرەوەو لە هەر شتێک کە لە دەرەوە تووشی دەبێت شێڵتەر بەرپرسیار نابێت. بەگوێرەی سروە ئەحمەد، ژنەکان زۆرینەیان هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرەو لەلایەن خێزانەکانیانەوە بێبەری کراون و لە ئەگەری ئاگاداربوونی خێزانەکانیان لە ڕۆشتنە دەرەوەی ئەو ژنانە لە شێڵتەر، هەوڵی کوشتنیان دەدرێت.
لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەو ژنانە لە هەر کاتێکدا پێویستیان بە یارمەتی بێت ئامادەن هاوکاریان بکەن و پارێزەر بۆ هەر کەیسێک دابین بکەن تا کێشەکانیان چارەسەر دەبن، بەڵام تا خۆیان پەیوەندی نەکەن ئەوان وەکو شێڵتەر ناتوانن بەدواداچوون بۆ هەر یەکێک لەو کەیسانە بکەن و لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکیش ئەمان بەرپرسیار نابن.
بەپێی قسەکانی سروە ئەحمەد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە ویستی خۆیان شێڵتەریان بە جێهێشتووە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، هەندێکیان دوای چوونە دەرەوە لە شوێنێکی دوور لە چاوی خێزانەکانیان، هاوسەرگیرییان کردووەو دەستیان بە ژیانی ئاسایی کردووەتەوە. هەندێکیشیان بە ناوی چارەسەر بوونی کێشەکانیان گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان و پاش ماوەیەک لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی شکۆی خێزانەکەیان کوژراون. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە تا ئێستا نزیکەی 5 حاڵەتە، ئەم ئامارەش بە تەنیا لە یەک شێڵتەردا تۆمار کراوەو بە وەرگرتنی ئاماری سەرجەم شێڵتەرەکان ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێت.
لە زۆرینەی حاڵەتی کوشتنەکاندا، ئەنجامدەرانی تاوان، کە ئەندامانی خێزان و کەسوکاری ژنەکانن، لەرێگەی چارەسەرو ڕێککەوتن لەسەر کێشەکان لە دەرەوەی یاسا، بەبێ سزا یاخود بە سزایەکی کەم ڕزگاریان دەبێت، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمنەبوونەوەی ڕێژەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و هەڕەشەی بەردەوامیشە لەسەر ئەو ژنانەی کە ماڵەوە بەجێدەهێڵن و ڕوو لە شێڵتەرەکان دەکەن.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: