حەمەسەعید حەسەن
ئەمساڵ ٢٠٢٢ خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا، بەر خاتوو: (ئانی ئێرنۆ) کەوت. ئەوە یەکەمین جارە، بازی ئەو خەڵاتە، لەسەر شانی خاتوونێکی فەرەنسایی بنیشێتەوە. تا ئێستا شازدە خاتوون خەڵاتی نۆبڵیان لە ئەدەبدا وەرگرتووە، یەکەمینیان (سەلما لاگەرلۆف)ی سوێدی بوو. خەڵاتی نۆبڵ دەوروبەری میلیۆنێک دۆلارە، کە لێی دەپرسن: چی لەو پارەیە دەکەیت، ئانی ئێرنۆ دەڵێت: هێشتا بیرم لێ نەکردووەتەوە، هەرگیز پارە ئامانجی من نەبووە.
ئانی ئێرنۆ هێندە بوێرانە ژیاننامە و بیرەوەری و ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە، خوێنەران و ڕەخنەکارانیش سەرسام دەکات. جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و غەریبی و پێوەندییە گەرموگوڕەکانی نێوان ژن و پیاو، ئەو سێ تێمایەن کە زیاتر جێی بایەخی ئەو خاتوونەن کە ١٩٤٠ لە نۆرماندی لەدایک بووە، پرۆفیسۆری ئەدەبە و پەنجا ساڵ زیاترە سەرقاڵی نووسینە، نووسینگەلێکی ڕاشکاوی سازشنەناس تا ئاستی بریندارکردن. ئانی ئێرنۆ بە ئاسانترین شێواز، باسی ئاڵۆزترین کێشە دەکات و ژیاننامە وەها دەنووسێتەوە، هەم تایبەتن بە خۆی و هەم ئەوانی تریش خۆیانی تێدا دەبیننەوە.
بە بیرەوەرییەکانییەوە دیارە، چەپێکە خوێنەران بە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی ئاشنا دەکات، لە دژی ستەمکاریی چینایەتی، نووسین وەک چەقۆ بۆ دڕاندنی پەردەی وەهم وەگەڕ دەخات و بەبێ پێچ و پەنا و شەرم، بەبێ ئەوەی هانا بۆ تەمومژ ببات، ئەزموونە سۆزدارییە ئاگرینەکانی خۆی دەداتە بەر ڕووناکی. بە ڕستەی ڕوون وێنەی ژیان دەکێشێت، وێنەیەک لەوە دەچیت هەرگیز کاڵ نەبێتەوە. لە نیشتمانی خۆیدا دەژی و باسی غەریبی دەکات. ئەزموونی ژن لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالاری چینایەتیدا دەگێڕێتەوە، کۆمەڵگەیەک کە هاوزەمان هی ڕابردووە و هی ئێستایش.
ساڵەکان، یادەوەرییەکانی کیژێک، باوکم، ژنەکە، بارودۆخەکان، هەندێکن لە ڕۆمانەکانی. لە (ژنەکە)دا باسی دایکی دەکات و لە (ڕووداو)دا کە کراوە بە فیلم و لە ٢٠٢١دا لە فێستیڤاڵی ڤینیسیادا خەڵاتی شێری زێڕینی پێ بەخشراوە، باسی منداڵ لەباربردنێکی نایاسایی دەکات. بۆچی ئانی ئێرنۆ نووسەرێکی مەزنە؟ (چونکە لە ناخی خۆی و لەو دونیایەی تێیدا گەورە بووە، بۆ حەقیقەت دەگەڕێت.)
گەلێک نووسەری مەزنی ئینساندۆستی لە چەشنی تۆلستۆی، هەنریک ئیبسن، مارک توین و کازانزاکی نۆبڵیان بە نسیب نەبوو، کەچی ئەکادیمیای سوێد ٢٠١٩ ئەو خەڵاتەی بە نووسەری نەمسایی: (پیتەر هاندکە)ی دیکتاتۆردۆست بەخشی، ئاخر هاندکە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو لە (سلۆبۆدان میلۆشڤیچ)ی دیکتاتۆری سەربیا.