پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

دەرووندروستی

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
بڵاوكراوەكان, نوێکراوەتەوە, هاوکارى تەندروستى دەروونى( MHPSS), وتار,
-د.زمناكۆ خوسرەو
نێربوون و مێبوون، زۆربەیان، وەکوو دیکتاتۆر هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ وێنە و سرووشتێك لە دەرێی خۆیان قبووڵ ناکەن. جەنابانی نێر و مێ، زۆرینەیان، وەها ئەدگار (تەسەوڕ) دەکەن و وەهاش لە هەمووان دەگەیەنن کە جگە لە نێر و مێ، هیچ شێوەیەکی دیکەی بەشەر بوونی نییە. ئەو دووانە، زۆربەیان، بێجگە لە ناوگەڵی خۆیان، نازانن کە شێوە و دەرکەوتنی دیکەی ناوگەڵ هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا، چلۆن نیشانمان دا کە، لە ڕووی کڕۆمۆسۆمەوە، تەنها دوو جۆر سێکس (ڕەگەزیشی پێ دەڵێن) (کە نێر (XY) و مێیش (XX)ە)ی بنیادەممان نییە، بەڵکوو دەیان جۆر ڕەگەزمان هەن، سەبارەت بە ناوگەڵیش هەروا. لەو بەشە پتر ئەوە نیشان دەدەین.
تاوەکوو ڕوونتر لەو بەشە بگەی، هانت دەدەم دووبارە دوو بەشی ڕابردوو بخوونیتەوە.
جۆر و چەشنی دەرکەوتنی کۆئەندامی زاووزێ:
یەك. نەبوونی یان تەسکبوونی جۆگەی هێلکە.
دوو. ناڕێكی و ناتەواوی لە منداڵدان، وەکوو، دیوارەك منداڵدان دەکاتە دوو بەش. بەشێوەیەکی گشتی ناتەواوییەکانی منداڵدان ڕێژەکەی (٧.٧٪)ە.
سێ. نەبوون یان تەسکبوونی ملی منداڵدان (Cervix Atresia).
چار. باسی سولاوکەی بەخێوەکەر (Mullerian Duct)مان کرد. لەوێندەر، ئەگەری هەیە، لەو پڕۆسەیە گۆڕان درووست بی. بە نمونە، نەبوونی دوو لەسەر سێی بەشی ژۆرێی زێ، کە پێی دەگۆترێ زێی داخراو (Blind Vagina)، یان نەبوونی یەك لەسەر سێی بەشی دەرێی زێ.
پێنج. زیاد-گەورەبوونی لێوی گچکە لە مێدا.
شەش. نەبوونی قیتکە (دەبیتە هۆی کێشەی سێکسی).
حەفت. نەبوونی کون لە پەردەی کچێنی (ئەوەش دەبیتە هۆی ئەوەی کە خوێنی سووڕی مانگانە نەهێتە خوارێ و کێشە درووست بێ).
هەشت. بە هۆکاری جیاواز، ئەو بارانە تۆمار کراون:
١. کڕۆمۆسۆمی کەسەکە (46XX)ە، ئەو دەرکەوتنانە تۆمار کراون: بنەکونی چووك (Hypospadias) کە کونی میزی لە قەدی چووکە، نەك لە سەرەکەی؛ هەناوەگون (Undescended testes). لێرەدا، تورەگەی گون گونەکانی تێدا نییە؛ زڕە-نێوانەسێکس (Pseudohermaphrodite).
٢. کڕۆمۆسۆمی (45X/46XY): لێرەشدا، ئەوانە تۆمار کراون: بنەکونی چووك، هەناوەگون، زڕە-نێوانەسێکس، و فتقی ناوگەڵ.
٣. ئەگەر خانەی لایدیگ (لە بەشەکانی ڕابردوو باسی خانەی لایدیگمان کردییە) نەیتوانی هۆڕمۆنی نێرەکی درووست بکا، بەڵام کڕۆمۆسۆمی وای Y وجودی هەبوو، ئەوا، لەو بارەدا: ئەندامە سێکسییەکانی دەرێ دەبنە ئەندامی سێکسیی کچ، بەڵام ئەندامە سێکسییەکانی ناوێی نابن. دەکا، ئەو کەسە بە کڕۆمۆسۆم نێرە. بە ئەندامە سێکسییەکانی دەرێی مێیە. لە ژۆرێش، ئەندامە سێکسییەکانی ناوەوە، هیچیانی نییە. لەوانەیە بە پشکنینی تێشك یان سۆنەر، گونەکان “لەناو هەناو، ناو زگ” ببینرێن. جاری واش هەیە نازانرێ داخۆ گونە یان هێلکەدان. لۆیێ، کە بەچاوی ماددی تەماشا دەکرێ و بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێ کە کچە، ئەو کچە سووڕی مانگانەی نابی و منداڵدانیشی نییە تا منداڵی ببی. ئیدی، منداڵیشی نابی.
٤. توێژینەوە ئەوە پێشبینی دەکا کە ئەگەر دایکێك لە کاتی زگهەبووندا دەرمانی هۆڕمۆنی مێینەیی وەرگرت، ئەگەر هەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکەی ناو زگی، ئەگەر کوڕ بێ، حالەتی بنەکونی چووکی هەبێ.
٥. لە توێژینەوەیەك کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وەشان کرایە، لە نەخۆشخانەیەکی عەممانی پایتەختی ئوردن چاودێری ئەو کەسانە کرایە کە دەستنیشان کرابوون بە ئەستووربوونی ڕژێنی سەرگورچیلە (Congenital Adrenal Hyperplasia). بە کڕۆمۆسۆم، ٣٩یان کچ بوون و ٣٤یشیان کوڕ بوون. پشکنینیان لۆ کرا لە تەمەنی پێنج مانگی و هەژدە ساری.
لەو ٣٩یە، کە بە کڕۆمۆسۆم کچ بوون، ٢٧یان ناتەواوی لە ئەندامی دەرێی سێکسیان درووست بوو (ئەندامی دەرێی سێکسیان گۆڕانی بەسەردا هات). لە ٣٩ کچەکە، ١٤یان بەهەڵە، دوای لەدایكبوون، وەکوو کوڕ دەستنیشان کرابوون. لەو چاردەیە، حەفتیان، بە نەشتەرگەری منداڵدان و هێلکەدانەکانیان لێ کرایەوە. هەر لەو حەفت دانەیەیان، شەشیان کێشەی شوناسی ڕەگەزی (Gender Identity)یان نەبوو، تەنها قلەکیان هەیبوو. حەفتەکەی دی، پاشان ڕەگەزیان کرایەوە کچ. لەو حەفتیەش، پێنجیان وەکوو کچەکی کوڕانە (Tomboy) ڕەفتاریان دەکرد و خۆیان دەنواند. لەو ٣٩یە، بیستیان نەشتەرگەریی دەستکاریکردنی کۆئەندامیی دەرێی زاووزێیان لۆ کرا.
٦. لە توێژینەوەیەك ئەوە نیشان درایە کە کە لە بیست ملیۆن منداڵی لەدایکبووی کوڕ، قلەکیان چووکی نییە، بەس تورەگەی گون و هێلکەی-گونی هەیە. بەوە دەگۆترێ بێچووکی (Aphallia). لە هەمان توێژینەوە، وارێ کە لە پێنج ملیۆن و نیو کوڕی لەدایکبوو، قلەکیان دووچووکی (Penile Duplication)یان دەبی.
٧. ناهەستیاریی هۆڕمۆنی نێرەکی (Androgen Insensitivity Syndrome)
ئەوەمان لە ڕابردوو باس کردییە، بە کورتی باسی دەکەینەوە. پێشترێ بەو حالەتە دەگۆترا بەمێبوونی گونەکان (Testicular Feminization). کڕۆمۆسۆمی کەسەکە ئێکس-وای (XY)یە. دەکا، بە کڕۆمۆسۆم کوڕە. ئەوانەی ئەو حالەتەیان هەیە، خانەکانیان ناتوانن هۆڕمۆنی نێرەکی (Testosterone) بەکار بهێنن. لەبەر هەندێ، کە زارۆن، وەکوو کچ دەردەکەون و وەکی کچان گەورەیان دەکەن. کە دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری، نیشانە سێکسییە دووەمییەکانیان وەکی ئی کچان دەبی. بەزۆری، هەستی مێینەیی و کچانەیان لۆ خۆیان هەیە. کەچی هەندەکیشیان ناڕەحەتیی ڕەگەزی (Gender Distress) و ململانێی ڕەگەزی (Gender Conflict)یان دەبی. دەکا، ناڕەحەتن بەو ڕەگەزەی پێی گەورە بووینە و پێی دەناسرێنەوە.
٨. کوڕی (XX): حالەتەکی دەگمەن هەیە دەستنیشان کرایە. لە بیرتانە باسی بۆهێلی دەستنیشانکردنی سێکس (SRY)مان کرد. ئەو بۆهێلە لەسەر کڕۆمۆسۆمی وای Y هەیە. کەواتا، ئەگەر ئەو بۆهێلە هەبوو، ئەوا کەسەکە کۆئەندامی زاووزێی نێری لۆ درووست دەبی. لەو حالەتە دەگمەنە، پارچەیەك لە کڕۆمۆسۆمی وای دەقرتێ و دەچیتە سەر کڕۆمۆسۆمی ئێکس. ئەو کڕۆمۆسۆمە ئێکسە (کە SRYی تێدایە) لەگەڵ کڕۆمۆسۆمی ئێکسی هێلکەی ئافرەت یەك دەگری و منداڵ درووست دەکا. کەواتا، بە کڕۆمۆسۆم، دوو کڕۆمۆسۆمی ئێکس (XX) یەکیان گرتییە. دەکا ئەو منداڵە بە کڕۆمۆسۆم کچە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە بۆهێلی (SRY) هەیە، ئەوا کۆئەندامی سێکسیی نێری لۆ درووست دەبی (گونەکان، چووك، پڕۆستات، نیشانە سێکسییە دووەمییەکانیش ئی نێرانە دەبن). ئەو کەسانە، گونەکانیان گچکە دەبن و دەپوکێنەوە. منداڵیان نابێ.
٩. کچی (XY): پێچەوانەی حالەتی خاڵی هەشتەم، حالەتەکی دیکەی دەگمەن تۆمار کرایە. ئەویش ئەوەیە کە بۆهێلی (SRY) لەسەر کڕۆمۆسمی وای کار ناکا. کاتەك ئەو کڕۆمۆسۆمەی باوك لەگەڵ کڕۆمۆسۆمی ئێکسی دایك یەك دەگرن، ئەوا هەردوو کڕۆمۆسۆمی ئێکس-وای (XY) درووست دەبی. دەکا، ئەو کەسە بە کڕۆمۆسۆم کوڕە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە بۆهێلی (SRY) کار ناکا، کەواتا نیشانە سێکسییە یەکەمی و دووەمییەکانی کوڕانی نابی. کەواتا، ئەو کەسە بە جەستە کچە. ڕووخساری جەستەیان وەکوو کچ دەردەکەوێ. ئەو کەسانە، زێ و ملی منداڵدان و منداڵدانیان دەبی. هێلکەدانەکانیان گچکەن. منداڵیان نابی.
١٠. وەك لە بەشەکانی ڕابردوو باسی هۆڕمۆنە سێکسییەکانمان کردییە، هەردوو جەستەی نێر و مێ، هەردوو هۆڕمۆنی مێینەیی و نێرەکی درووست دەکەن. لۆ نمونە، ڕژێنی سەرگورچیلە ئەو کارە دەکا. توێژینەوە ئەوەی نیشان دایە ئەگەر دایك لە کاتی زگپڕی، کێشە و نەخۆشی لە ڕژێنی سەرگورچەی هەبوو، لەوانە شێرپەنجەی ڕژێنی سەرگورچیلە (Adrenal Tumor)، ئەگەر منداڵەکەی ناو زگیشی کچ بوو، دەشێ بەهۆی زۆر درووستبوونی هۆڕمۆنی نێرەکی لە ڕژێنی سەرگورچیلە، کچە کۆرپەکەی ناو زگی، کۆئەندامی دەرێی زووزێی گەورە بی و وەکوو ئی کوڕان دەرکەوی، کە بەوە دەگۆترێ بەنێربوونی کۆئەندامی دەرێی زاووزێ (بەنێربوونی کارمامز) (Masculinization Genitalia).
لێرەدا، پوختەی درووستبوونی کۆئەندامی زاووزێی دەنووسین:
ئەلف، ئەگەر کڕۆمۆسۆمی وای هەبوو و بۆهێلی دەستنێشانکردنی سێکس (SRY)یش هەبوو و هیچ کێشەیەك لەو بۆهێلە نەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ کۆئەندامی زاووزێی نێر درووست دەبی.
بێ، ئەگەر کۆڕمۆسۆمی وای نەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ بەهۆی هۆڕمۆنی ئیستڕۆجینەوە کۆئەندامی زاووزێی مێ درووست دەبی.
پێ، ئەگەر کۆڕمۆسۆمی وای هەبوو و منداڵەکە کوڕ بوو، بەڵام بۆهێلی (SRY) ئیشی نەکرد، ئەوا ئەو منداڵە کۆئەندامی زاووزێی مێی لۆ درووست دەبی. دەکا، بە کڕۆمۆسۆم کوڕە و بە جەستەش کچ.
تێ، ئەگەر کڕۆمۆسۆمی ئێکس هەبوو و بۆهێلی (SRY) هاتبێتە سەری، ئەوا ئەو منداڵە کۆئەندامی زاووزێی کوڕی لۆ درووست دەبی. دەکا، ئەو منداڵە بە کڕۆمۆسۆم کچە و بە جەستەش کوڕە.
جیم، ئەگەر منداڵەکە بە کڕۆمۆسۆم کچ بوو، بەڵام جەستەی دایك هۆڕمۆنی نێرەکی (تێستۆستیڕۆن)ی زۆر درووست کرد، ئەوا ئەو منداڵە بە کڕۆمۆسۆم کچ دەبی و بە جەستەش کوڕ.
چیم، ئەگەر منداڵەکە بە کڕۆمۆسۆم کوڕ بوو، بەڵام جەستەی دایك هۆڕمۆنی مێینەیی (ئیستڕۆجین)ی زۆر هەبوو، ئەوا ئەو منداڵە بە کڕۆمۆسۆم کوڕ دەبی و بە جەستەش کچ.
حێ، لە ماوەی درووستبوونی منداڵ و کۆئەندامی زاووزێ، لە کاتی زگهەبووندا، دەشێ بە هۆکاری جیاواز گۆڕان لە دەرێ یان ناوەوەی کۆئەندامی زاووزێ درووست بێ.
خێ، لەبۆ سەرجەم حالەتە جیاوازەکانی هەبوونی ژمارەی جیاوازی کڕۆمۆسۆمە سێکسییەکانیش، تکایە بگەڕێوە بەشەکانی دی. لەوێندەر هەموویانمان بەڕوونی باس کردییە.
دال، ئەگەر مندارەك بە کڕۆمۆسۆم کچ بوو، بەڵام لە جەستەیدا، بەتایبەتی لە ڕژێنی سەرگورچیلە، زۆر هۆڕمۆنی نێرەکی درووست کرد، ئەوا کۆئەندامی دەرێی زاووزێی وەکی کوڕانی لێ دێ.
رێ، ئەگەر زارۆیەك بە کڕۆمۆسۆم کوڕ بوو، بەڵام هۆڕمۆنی نێرەکی کاری نەکرد، بە هەر هۆکارێك، ئەوا کۆئەندامیی زاووزێ و جەستەی وەکوو کچان دەبی.
ڕێ، لە کاتی درووستبوونی ئەندامە سێکسییەکان، لە کاتی زگهەبووندا، ئەگەر کڕۆمۆسۆمی منداڵەکە کوڕ بوو، ئەگەر بە هۆکارەك گۆڕان لە سولاوکەی پەیداکەر (Wolffian Duct) درووست بوو، دەشێ گۆڕان لە هەر بەشێك یان هەموو کۆئەندامی زاووزێ درووست بی.
زێ، لە کاتی درووستبوونی ئەندامە سێکسییەکان، لە کاتی زگهەبووندا، ئەگەر کڕۆمۆسۆمی منداڵەکە کچ بوو، ئەگەر بە هۆکارەك گۆڕان لە سولاوکەی بەخێوکەر (Mullerian Duct) درووست بوو، دەشێ گۆڕان لە هەر بەشێك یان هەموو کۆئەندامی زاووزێ درووست بی.
ئامانج و سێرە و پوختەی بەشەکانی ڕابردوو
لە نۆ بەشی ڕابردوو باسی پێناسەی سێکسمان کرد. سێکس واتا داخۆ جەستەی کەسێك (نێرە، مێیە، نێوانەسێکسە، تێرنەرە، کڵاینفێڵتەرە، نێرەمێیە، مێیەنێرە، مۆزەیەسیزمە، یان هەرچییەکی دی). لەو نۆ بەشە بەوردی باسی کڕۆمۆسۆمەکان و جۆرە جیاوازەکانی کڕۆمۆسۆمی سێکسی لە مرۆڤە جیاوازەکانمان کرد. پاشان باسی درووستبوونی کۆئەندامی زاووزێمان، لەکاتی زگهەبووندا، کرد. ئەوجا پاشان باسی تەمەنی هەرزەکاریمان کرد کە چلۆن گۆڕانە جیاوازەکان، لە ڕووی سێکسییەوە، بەسەر جەستەی بەشەردا دێ. پوختە، ئەوەمان نیشان دا کە لە ڕووی سرووشتییەوە، مرۆڤ کە لەدایك دەبی، پێکهاتەی جەستەی، لە ڕووانگەی سێکسییەوە، چلۆن دەرکەوتنی جیاوازی دەبی.
پاش ئەوەی کە ئەوەمان نیشان دا کە بە کڕۆمۆسۆم ناتوانرێ بڵێین کە تەنها دوو جۆر سێکس (ڕەگەز)ی مرۆڤمان هەیە، بەڵکوو زۆر جۆری هەیە. ئێمە تەنها دوازدە (١٢) جۆرمان نیشان دا. هەروەها، بەگوێرەی ناوگەڵ، دیسانەکە، ناتوانین ئەوە بڵێین کە تەنها دوو جۆری دیاری ناوگەڵی دوو جۆر سێکس، نێر و مێ، هەیە. هەروەها، ئەوەمان نیشان دا کە مەرج نییە کە کۆئەندامی دەرێی زاووزێ وەکوو نێر دەرکەوت دەکا ئەو کەسە نێرە. یاخود ئەگەر کۆئەندامی دەرێی زاووزێ وەکوو مێ دەرکەوت دەکا ئەو کەسە مێیە. نیشانمان دا کە دەستنیشانکردنی ڕەگەز (سێکس)ی کەسێك ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون، هەموو جاران درووست و ڕاست نابی.
ئامانجی ئەو نۆ بەشە ئەوەیە کە نیشانی دەین مرۆڤی جیاواز لە کۆمەڵگە هەیە. نیشانی دەین کە دیکتاتۆرییەتی زۆرینەی نێر و مێ لە کۆمەڵگە و ڕەتکردنەوەی کەسانی دیکە ناڕاست و نادرووست و چەوتە. ئامانجی ئەو نۆ بەشە ئەوە بوو کە بەزانست، بەشێوەی سرووشتی، نیشانمان دا کە خوای گەورە درووستکراوەکانی بەشێوەی جیاواز درووست کردییە. ئەو جۆرە جیاوازانە هەموویان درووستکراوی خودان. هەموویان بەشێوەیەکی سرووشتی لەدایکبوونە. بێ خواست و دەسەڵاتی خۆیان هاتوونەتە دنیا.
سەبارەت بە نەشتەرگەری کۆئەندامی زاووزێ
لە حالەتی نێوانەسێکس (نێرەمووك) باسی نەشتەرگەری و چارەسەرمان کرد لۆ وان. باسی وان ناکەینەوە. لە جۆر و حالەتەکانی دی، چارەسەر و نەشتەرگەریی (گۆڕین)، (ڕاستکردنەوە)، (چاککردنەوە)، و (دەستکاریکردن)ی کۆئەندامی زاووزێ (ئەندامە سێکسییەکانی دەرێ یان ناوێ) کاری پزیشکن. ئەو چارەسەر و نەشتەرگەرییانە (بڕیار)ی ئەو کەسانە خۆیانە. ئەو چارەسەر و نەشتەرگەرییانە نازانستی نین، گوناحە نین، تاوان نین، و دژی دین و خوا و ئایینە سەماوییەکان نین. چۆن بەشەر نەشتەرگەری لۆ هەر ئەندامەکی جەستەی دەکا و هیچ پرسی گوناح و ئایینی نایێتە گۆڕێ، دەبی ئی کۆئەندامی زاووێیش وەها بن. ئەوە تێگەیشتنی بنیادەمانەی خۆمانە وا بیر دەکەینەوە کە دەتوانین نەشتەرگەریی چاو و دەست و پێ بکەین، بەس ئی کۆئەندامی زاووزێ نا. هەروەها، ئەو چارەسەر و نەشتەرگەرییانە کار و دەستنیشانکردن و بڕیاری پزیشکی و پزیشکانی تایبەتمەندن (بێگومان بە بڕیار و ویستی کەسەکە خۆی) نەوەك کەسانی ناشارەزا و ناپسپۆڕ و ئایینی (لە هەر ئایینێك بێ).
لە بەشەکانی دادێ، هەندەك کەسانی دیار و جیاواز دەناسێنین. پاشان دەست بە تەوەرەی دووەم دەکەین کە شوناسی ڕەگەزی (Gender Identity)یە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: