پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

تاوانى رێکخراو دژ بە ژن

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, داکۆکی, نوێکراوەتەوە, وتار,
د.رێبوار فەتاح
لندن
خانمێك لە کەناڵێکی تەلەفیزیۆن، لە وەڵامی پرسیارێکدا، زۆر بە جوانی و هێمنی بیر و بۆچوونی خۆی لەسەر هەندێك بابەتی ڕۆژ دەردەبڕێ. هیچ شتێك لەمەدا نیە. چەند خولەکێك بوو، گوێم لێ گرت. هەڵبەت سەرم لە کۆمێنتەکان سوڕما.
کۆمەڵێك پیاو لە هەموو تەمەنێك، بە پەیجەکەدا دەڕشێنەوە، ئەوەی دەیڵێن نایڵێنەوە. یەکیەکیان بە خانمەکە دەڵێ – بمبەخشن ئەمە دەنووسم، “تۆش بێوەژنیت بۆیە وا دەمدرێژیت”. ئەم نەفسنزمە، دەیەوێ خانمەکە بشکێنێ و هاوکات هەموو ئەوانەش، بە هەرچ هۆکارێك بووە، لە ژیانی خێزاندا جێیان نەبووەتەوە. وازم لەم هێنا چووم بۆ یەکیەکی دیکە، ئەویش دەروونی لەم بۆگەنتر. ئیدی بەوجۆرە جنێوی سوك بەو خانمە نازدارە بەردەوام بوو.
ویستم بزانم ئەمانە کێن. کە سەیری پەیجیانم کرد، بە ئایەتی قورئان و دەرسی ئیسلام داپۆشرابوون. بە شانازیەوە دەڵێم، من لەو کولتوورە نزمەوە نەهاتووم. کە من لاو بووم، تەنانەت ئاینیش بەشێك بوو لە بەهای کۆمەڵ، فێری هاوکاری، ڕێز و بەهای جوانی کۆمەڵایەتی دەکردین.
هەموو ئەو پیاو و کوڕانە بە بۆگەنترین شێواز دەیانەویست کەسایەتی ئەو خانمە تێرۆر بکەن، تا بشکێ و جارێکی دیکە نەیەتەوە سەکۆی گشت. ئەمانە هەموویان لافی ئیسلامی لێ دەدن. گەر ئەمە ئیسلامە، ئەوا ئیسلام گرفتێکی زۆر گەورەیە. خۆ گەر ئەمانە کاریان سووککردنی ئیسلامە، ئەوا ئیسلام گرفتی زۆر گەورەی هەیە.
لەم وتار کورتەدا دەرفەتی ئەوەم نیە شی بکەمەوە چۆن گەیشتینە ئێرە. هەڵبەت ئەوەی ڕوودەدات کامپەینی ئیسلامی ئسوڵیە دژ بە خانمان، دەیانەوێ هەموو خانمێك لە سەکۆی گشت دوور بخەنەوە، چونکە لای ئەمان ژن ئەقڵسوكە و جێی ناوماڵە، کاری تێرکردنی ئارەزووی پیاوە، بۆی نیە لە ماڵ بێتەدەر. لای ئەمان ژن لە ڕیزی وشتر و ماڵکوماڵە.
سوکایەتی کردن بەرلەوەی بێ قانونی بێ، بێ مۆڕاڵیە.
سوکایەتی کردن بە مرۆڤ، جا هەرچ ڕەگەزێك بووە، نزمی بەهای بکەر دەردەخات. ئەگەر بە لێشاو سوکایەتی کرا، ئەوا بێ گومان کۆمەڵ لە قەیرانێکی مۆڕاڵی زۆر قووڵدایە. ئەگەر وەك کامپەین ڕێكخرابوو، دیارە ئەو لایەنەی ڕێکیخستووە، ئامادەکراوە بەهای کۆمەڵ تێكبشکێنێ و کۆمەڵێکی بێمۆڕاڵ دابمەزرێنێ. گەر ئەو لایەنە بە پووڵی دەرەکی ئەوە بکات، ئەودەم دەچیتە خانەی خۆفرۆشتن و کارکردن بۆ داڕمانی کۆمەڵی کوردەواری. ئەمانە تاوانی گەلێك قورسن، گەر ئەمڕۆش نەچنە بەردەم دادگا، ڕۆژێك هەر دەچن.
ئەم دیاردەیە جێی نیگەرانیە و دەبێ لە ئاستێکدا بووەستێ. ئەوانی دەیانەوێ نیوەی کۆمەڵ لە ژیان دوور بخەنەوە، تاوانی گەورە لە ئەستۆ دەگرن. خۆ گەر سەلمێنرا ئەمە کامپەینێکی ڕێکخراوە لەلایەن ئیسلامی ئیسوڵیەوە – جا هەرچ کامێکیان بێ، ئەودەم دەچێتە خانە “تاوانی ڕێکخراو”ەوە و سزای هێجگار سەختە.
کوردستان خلیسکاوەتە زۆلکاوێکی بۆگەنەوە. دەنا ئەو پەیجە پێویست بوو ئەو نەفسنزمان بلۆك بکات. دەسەڵاتیش پێویست بوو، تومەت بخاتە پاڵ هەموو ئەوانەی ئەو کۆمێنتە ناشیرینەیان بۆ ئەو خانمە نووسیوە. خۆ گەر دەرکەوت ئەمە کامپەینێکی ڕێکخراوە، ئەودەم دەبێ هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەو کارەدا تاوان بخرێتە پاڵیان.
ئاین پێویستە ئەقڵمان دەوڵەمەند بکات و دەروونمان ئارام بکاتەوە. گەر ئەوەی پێناکرێ، جێی لە کۆمەڵی ئەمڕۆدا نیە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: