پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بە ڕوونی دادگای ئیتحادی بڕیارێک دژ بە ژن لە دوو هەفتەی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژیدا

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, هەولێر, وتار,

کاوە محمود
لە 25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک تا 10ی دیسەمبەر، نەتەوە یەکگرتووەکان دوو هەفتەی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، وەک بۆنەیەکی جیهانی ڕادەگەیەنێت و، لەم بۆنەیەدا رێکخراوەکانی فیمینستی و داکۆکیکەر لە مافی ژنان و مافی مرۆڤ و، ڕێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی، کە لە بواری گەشەپێداندا کار دەکەن، چەندین چالاکی جۆراجۆر لە وڵاتانی جیهاندا سازدەکەن و، حکومەتی پێشکەوتووی مۆدێرن لە جیهاندا، بەتایبەتی ئەو دەزگا و دامەزراوانەی لە بواری قانوندا کاردەکەن، نەخشە بۆ پێداچوونەوەی ئەو قانون و رێنمایی و رێشوێنانە دادەنێن، کە لە بواری قانون و پراکتیکدا ڕووبەڕووی دیاردەی توندوتیژی دژبە ژنان ببنەوە و، ببنە هێزی پاڵپێوەنەر بۆ ئەوەی دەسەڵاتی یاسادانان لە رێگای هەموارکردن و بڕیاردانی قانونی نوێ و، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش لە ڕێگای دانانی نەخشەی کار، سەرجەم ئاراستەکان بۆ نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگادا بێت، بەڵام ئەوەی لە دەوڵەتی عێڕاق و دادگا بەناو ئیتحادییەکەی ڕوودەدات بە پێچەوانەی ئەم ئاراستە شارستانییەیە.
لە 30ی نۆڤەمبەری 2022 دادگای ئیتحادی لە دەوڵەتی عێڕاق بڕیارێكی دەرکردووە، کە ماددەی 18 لە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2008 باری کەسێتی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بڕگەی پێنج، کە شوێنی ماددەی 40 لە یاسا عێڕاقییەکە دەگرێتەوە، بە نادەستووری دادەنێت.
دەقە هەموارکراوەکەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرەیە:
ماددەى چلەمین:
بۆ هەریەکە ، لە ژن و مێرد هەیە داواى لێکجیابونەوە بکەن ئەگەر یەک لەم هۆکارانەى خوارەوە لە ئارادا بێت:
1ـ ئەگەر یەکێک لە هاوسەرەکان زیان بە ئەویدى یان بە منداڵەکانیان بگەیەنێت بەشێوەیەک نەتوانن لە ژیانى هاوسەرێتى بەردەوام بن، خوو پێوەگرتن بەسەرخۆشکەرو هۆشبەرەکان، بە زیانگەیاندن دەژمێردرێت، بە مەرجێک خوو پێوەگرتنەکە بە ڕاپۆرتێکى ڕەسمى لیژنەیەکى پزیشکى پسپۆڕ بیسەلمێنێت، هەروەها قومارکردن لە ماڵى هاوسەرێتیدا لە خانەى زیانگەیاندن دادەنرێت.
2ـ ئەگەر هاوسەرەکەى دیکە ناپاکى هاوسەرێتى ئەنجام بدا، جوتبونى پیاوەکەش لە دواوە لەگەڵ ژنەکەیدا (لواتە)، بەهەر شێوەیەک بێت، بەناپاکى هاوسەرێتى دەژمێردرێت.
3ـ ئەگەر گرێبەندى هاوسەرگیرى، بەرلەوەى یەک لە هاوسەرەکان هەژدە ساڵى تەواو کردبێت ، بەبێ ڕەزامەندى دادوەر ئەنجامدرابێت.
4ـ ئەگەر هاوسەرگیریەکە لە دەرەوەى دادگا، بەشێوەى زۆرە ملێ ئەنجامدرابێت و جوتبونیشى لەگەڵدا کرابێت.
5ـ ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى داواکردنى لێک جودابونەوەى دەبێ.
یاسای هەرێمی کوردستان لە بڕگەی پێنجەمدا ماف بە ژن دەدا، کە داوای لێکجودابوونەوە لە دادگا بکات ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی بەسەردا هێنا. لە هەمان کاتدا بڕگەی یەک یەکسانی نێوان هاوسەرەکان دابین دەکات بۆ داوای لێکجیابوونەوە لە کاتی زیان گەیاندن.
بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی ماف بە ژن نادات کە داوای لێکجیابوونەوە بکات لە کاتێکدا مێرد ژنی دووەمی بەسەردا هێنا و، بۆ ئەم ئاراستەیەش پشت بە بڕگەی یەک لە ماددەی دوو لە دەستووری عێڕاق دەبەستێت، کە دەڵێت: ئیسلام ئاینی فەرمی دەوڵەتە و سەرچاوەی یاسادانانە و، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بڕگەیەش خودی دەستوور باس لەوە دەکات کە نابێت یاسایەک دابنرێت لەگەڵ جومگە جێگرەکانی ئیسلام ناتەبابێت و، نابێت یاسایەک دابنرێت لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکان ناتەبابێت و، نابیت یاسایەک دابنرێت کە ناکۆک و ناتەبا بێت لەگەڵ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە لەم دەستوورەدا هاتوون.
یەکێک لە بیانووەکانی دادگای ئیتحادی بۆ بڕیاری نادەستووری بڕگەی پێنچ لە قانونی هەموارکراو لە هەرێمدا کە لە ساڵی 2008وە ئەنجام دراوە، واتە زیاتر لە چواردە ساڵ پێش ئەمڕو هەموارکراوە و کاری پێکراوە، ئەوەیە کە لە گەڵ جومگە جێگیرەکانی ئیسلام ناتەبایە و، بەم جۆرە دەسەڵاتی بڕیاردانی حوکمی شەرعی بە خۆی دەبەخشێ و، وەکو دادگاکانی پشکنینی سەدەی ناوەڕاست خۆی دەنوێنێ، بێ ئەوەی تەنانەت لێکۆلێنەوە لە خودی بنەماکانی سەرچاوەیەکی سەرەکی لە کار و هەڵسوکەوتی سەرەتاکانی ئیسلام بکات و، بۆ ئەم بابەتەش ئاماژە بۆ ئەم ڕووداوە دەکەم کە پەیوەندی بە خودی پێغەمبەری ئیسلامەوە هەیە لە بابەتی داوای جیابوونەوە ئەگەر مێرد ژنی دووەم بەسەر ژنی یەکەمدا بێنێ، چونکە ئەو ژن هێنانە ئازاری دەروونی نەک تەنیا بە ژنی یەکەم دەبەخشێ، بەڵکو زیانگەیاندنە بە کەسوکاری ژنی یەکەم.
پێغەمبەر لە ژیانی خۆیدا قایل نەبوو علی کوڕی ئەبوتالیب کە ئامۆزای خۆی بوو، ژن بە سەر فاتیمەی کچی دا بهێنێت، کە ژنی علی بوو. چونکە دەیزانی لە ئاکامی ئەو ژن هێنانە فاتیمەی کچی دڵی دەشکێ و خەفەت دەخوات. بۆیە دەتوانین بڵێن ئەگەر مەسەلەکانی فرەژنی تەنیا لە چوارچێوەی عەدالەتی مادی بێت و پەیوەندی بە باری دەروونی ژنەوە نەبێت، ئەوا پێغەمبەر بەدەنگ بانگەوازی کچەکەیەوە نەدەهات، کە بە گریانەوە بە باوکی خۆی ووت: دەڵێن تۆ لە پێناوی بەرژەوەندی کچەکانت توڕە نابیت و داکۆکی لە کچانی خۆت ناکەیت. پێغەمبەر زانی کچەکەی چیی دەوێ.
“دەگێرنەوە کە گوێیان لە پێغەمبەری خودا بوو لە سەر مینبەر ووتی: بنی هاشمی بنی مغیرە، داوایان لێکردووم قایل بم، کە کیژی خۆیان بە عەلی کوڕی ئەبوتالیب بدەن. من قایل نیم، جارێکی دیکەش قایل نیم و، قایل نابم، ئەو کاتە نەبێت کە علی کوڕی ئەبوتالیب کچی من تەڵاق بدات و، کچی ئەوان مارە بکات. کچی من بەشێکە لە خۆم. هەر شتێک دڵگرانی بکات منیش دڵگران دەبم. هەر شتێک ئازاری بدات، ئەوا ئازاری منیش دەدات”.
ئەم دەقەی سەرەوە لە فەرموودەی 2449 لە کتێبی (سحیح مسلم) کە یەکێکە لە شەش کتێبە باوەڕپێکراوەکانی فەرمودەكان و، لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، جێگای باوەڕی ڕەھایە.
یەکێک لە بابەتەکانی دیکەی دادگای ئیتحادی فەرامۆشكردنی خاڵی (ب و ج)ــە کە شیکردنەوە بۆ بڕگەی یەک لە ماددەی دووی دەستوور دەکات و، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نابێت یاسایەک دابنرێت لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکان ناتەبابێت و، نابیت یاسایەک دابنرێت کە ناکۆک و ناتەبا بێت لەگەڵ ماف و ئازادییە بنەڕەتیییەکان کە لەم دەستوورەدا هاتوون. ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحادی وا دەگەیەنێت کە حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام ناکۆکە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە لە دەستووردا هاتوون.
لەهەمان کاتدا دادگای ئیتحادی ماددەی 41ی دەستووری فەرامۆش کردووە کە دەڵێت: عێڕاقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسێتی بەپێی ئاین و ئاینزاو و بیروباوەڕ و هەڵبژاردەی خۆیان و، ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێت. هەرێمی کوردستانیش ئەمەی بە یاسا رێکخستووە و یاسای باری کەسێتی بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ نییە.
ماددەی 115 لە دەستووردا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەگەر ناکۆکی درووست بوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە، کەچی ئەم بابەتە دەسەلاتی هاوبەشیش نییە.
بەم جۆرە دادگای ئیتحادی دەستوور پێشێل دەکات و، ئەگەر خاتری بگرین ئەوا بە هەڵە شیدەکاتەوە و، دەبێ پەنا بەرینە سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستوورە بزانین ئەو بۆ داکۆکیکردن لە ژنان چی دەکات.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: