پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

روانگەی فێمینیستی؛ دەربارەی توندوتیژی خێزانی

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
پاراستن, جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, داکۆکی, دەربڕینەكان, نوێکراوەتەوە, وتار,

لازۆ ئازاد
“لە هیچ شوێنێکدا وویست و ئارەزووی پیاوانە هێندە ئاشکرا و سیستەماتیک نییە کە لەو توندوتیژییە پیاوانەیەدا دەبینرێت کە بەرامبەر ژنان دەکرێت” (ئێدوارد ١٩٩١، هاروەی و ئۆونیل، ١٩٩٩).
فێمینیستەکان لەو باوەڕەدان کە توندوتیژی خێزانی لە دەرئەنجامی چەوساندنەوەی ژنان لەلایەن پیاوانەوە درووستبووە، لە سیستەمی سەرمایەداریدا کە پیاو تێیدا تاوانباری سەرەکییەوە و ژنانیش قوربانی. (دۆباش و دۆباش، ١٩٧٩؛ واڵکەر، ١٩٧٩ لە مێکفیل و ئەوانیتر). بەپێی ئەم تێڕوانینە توندوتیژی پیاوانە لە پەیوەندیی خێزانیدا پەیوەندی بەو جیاوازییە مێژوویی و چینایەتی و ڕەگەزیی و هەنووکەییانەوە هەیە کە پەیوەندە بە هێز و دەسەڵاتەوە، کە ژنان تیایدا بە پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها لە ڕێگای کۆنتڕڵکردنیانەوە لە ڕێگەی سێکس، ئابووری، زەبر و ئازاری دەروونی، شکاندنەوە و گۆشەگیرکردنیانەوە پەراوێز دەخرێن. فێمینیستەکان زیاتر لەوەیان کرد کە سەرنجی کۆمەڵگا ڕابکێشن بۆ توندوتیژی پیاوانە بەرامبەر بە ژنان، ئەوان ئەو جۆرە توندوتیژییەیان کردە سەنتەر بۆ کار و چالاکییەکانی بزووتنەوەی ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا. نووسین و تیۆرە فێمینیستییەکان هۆکاری ئەو گۆڕانکارییانە بوون لەو توێژینەوە و زانستانەدا کە هەوڵیان دەدا خوێندنەوە و تیۆریزەکردنی فۆرمە زۆر و جیاوازەکانی توندوتیژی بکەن بەرامبەر بە ژنان . لەهەمان کاتدا فێمینستەکان داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانیان لەلایەن پیاوانەوە وەک هۆکار و پێوەری توندوتیژی و نادادپەروەی دەزانی، نەک تیشکخستنە سەر هێز و بونیادی بایۆلۆژی وەک هۆکار. بە بڕوای ئەوان توندوتیژی پیاوان بەرامبەر بە ژنان کۆنترۆڵکردنێکی کۆمەڵایەتی و هەرەوەزییە بۆ هێشتنەوەی ئەو ستاتۆ سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە ژن لە پلە دوودا-پلەییەکی نزمتر سەیر دەکات و دەیهێڵێتەوە. (هاروەی و ئۆونیل، ١٩٩٩)
فێمینیستەکانی شەپۆلی دووەم؛
هەستان بە خۆڕێکخستن و درووستکردنی، شێڵتەر و پرۆگرامی گەشەی کۆمەڵایەتی، کۆدەنگی بۆ کارکردن لەسەر یاسا و ڕێساکان، هەروەها هاوکاریکردن بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی داد و هەروەها سیستەمی تەندرووستیدا. ئەمانە جگە لەوەی کاریان کرد بۆ گەشەپێدان بە تێگەیشتنێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە فرەڕەهەندە بێت کە لە ژیانی ژناندایە. (کۆس، هەیس و ڕوسۆ، ١٩٩٤). هەروەها یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی شەپۆلی دووهەمی فێمینیزم، هەوڵەکانیان بوو بۆ دروستکردنی نێتۆرکێکی بەهێزی هاریکاردنی ژنان بۆ یەکتری لە دەرەوەی کایە سیاسی و دامودەزگا دەمەزراوەییەکانی دەسەڵات. (هانەم، ٢٠١٢)
تەندروستی؛
سەنتەرەکانی تەندرووستی ژنان هانی خود هۆشیاری ژنانیان دەدا دەربارەی جەستەی ژن و سێکسوالیتییان، هاوکات سەنتەرەکانی فریادگوزاری خێرا لەگەڵ قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی هاوکاری ژنانیان دەکرد لە ڕووی یاساییەوە. لە ساڵی ١٩٧٢ یەکەم شێڵتەری ژنان لە هەموو جیهاندا لە بەریتانیا بۆ ژنانی ستەملێکراو و قوربانی توندوتیژی دامەزرا. (هانەم، ٢٠١٢).
دەستدرێژی سێکسی؛
لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا دەستدرێژی سێکسی بووە بابەتی سەرەکی لای فێمینیستەکان، ئاکادیمیستەکانیش لەم سەردەمەدا نیگەرانبوون بە کێشەی توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توێژەران نووسینەکانیان سنووردار بوون، چونکە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر خەسڵەتە دەرووناسییە تاکە کەسییەکان کەسی توندوتیژ\قوربانی و هەروەها پەیوەندییە خێزانییەکان بونیاد دەنا. ئەوان سەرنجیان نەدەخستە سەر ڕەگەز، دەسەڵات و شێواز و فرەرەهەندی توندوتیژی،(هاروەی و ئۆونیل، ١٩٩٩). بەڵام نووسەرە فێمینستەکان لە بەرامبەردا سەرنجەکانیان قوڵکردەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تێگەیشتنی پێشووتر، بۆ دیاردەی دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی پیاوانەیان گۆڕی بۆ “توندوتیژییەکی پیاوانە لە ڕێگەی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنەوە” (براونمیللەر،١٩٧٥ لە هاروەی و ئۆونیل، ١٩٩٩).
تا ساڵی ١٩٨٠ کانیش توندوتیژی پیاوانە بەرامبەر بە ژنان وەک کێشەیەک و وەک هۆکارێکی خراپ-تەندروستی ژنان لە لایەن سیستەمی تەندرووستی گشتی ئەمریییکیەوە دیارینەکرابوو (کۆپ، ١٩٨٥ لە هاروەی و ئۆنیل، ١٩٩٩). تا پێش ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامدانی (سێکس بەزۆر) لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا نایاسایی نەبوو، پیاو دەیتوانی هەر شتێک بکات کە دەیخوازێت لەو پەیوەندییەدا بەبێ ئەوەی تۆمەتباربێت بە تاوانێک، بەپێی ئەو باوەڕەی کە ژنان ڕەزامەندی بەردەوامی خۆیان نیشانداوە هەر لەو کاتەوە کە ڕەزامەندبوون بچنە ناو ئەو پەیوەندییەوە.
یەکەمین کەیسی دەستدرێژی لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩١ دا خرایە بەردەم سیستەمی داد و بووە هۆکاری پێداچوونەوە و دەستکاریکردن و هەروەها ئەوەی کە “بەڵێ دەکرێ پیاو لە گرێبەستی هاوسەرگیریشدا دەستدرێژی بکاتە سەر ژنی خۆی”. هەر بۆیە دەزگای دادی بەریتانیا بڕیاریدا لە پەیوەندی هاوسەرگیریشدا نەبوونی ڕەزامەندی بەرامبەر بۆ هەر چالاکییەکی سێکسی دەبێتە دەستدرێژی سێکسی. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ دا “سێکسواڵ ئۆفێنس ئاکت” بە ووردی باس لە تاوانی دەستدرێژی دەکات لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا.
فێمینیستەکان ئەوەیان خستەڕوو کە توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی تەنیا کردەیەکی تاکێکی توندوتیژ نییە، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو بونیاد و چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییە درووستبوون کە دەربارەی ڕۆڵی ژن و پیاو لە کۆمەڵگاکاندا باون و هەن. (هانەم، ٢٠١٢). هەربۆیە هاوڵیاندا کار بۆ ئەوە بکەن کە هاوکاریی و خزمەتگوزاری لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە دروست بکرێن. هەروەها پرسیاریان لەسەر توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ئەو سەردەمە درووستکرد و داوایان لێکردن کە ڕوئیا و ئارگیومێنتی جیاوازتر و ئاڵتەرناتیڤ بدۆزنەوە بۆ تێگەیشتن، پێشبینیکردن و ڕێگریکردن لەو توندوتیژییە پیاوانەیەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، (هاروەی و ئۆونیل، ١٩٩٩). هاوکات بە بڕوای ئەوان دەبوو زمانێکی نوێ بەرهەم بهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو هەموو نادادپەروەری و نایەکسانی و جیاکاری ڕەگەزییەی پێ بگێڕێتەوە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەوان ئارگیومێنتی ئەوەیان دەکرد کە سێکسیزم تەنیا لە بوونیادی درووستبوونی دامودەزگا و شوێنی کار و خێزاندا نیە، بەڵکو لەو ڕۆڵ و وێنە داتاشراوانەشدایە کە بۆ ژنان و پیاوان، بۆ ژنێتی و پیاوەتی لەلایەن میدیا و ڕیکلام و زمانی رۆژانەدا درووستکاراون و بەکاردێن و دەبنێرێن. (هانەم، ٢٠١٢).
گرنگترین دیوی هەوڵ و چالاکییەکانی شەپۆلی دووهەمی فێمینیستی لە ساڵانی ١٩٧٠ ئەو گۆڕانکارییە بوو کە لە دیبەیتەکاندا دەربارەی پرسی ژن درووستیان کرد، هاوکات هاندانی ژنان بۆ جیاواز بیرکردنەوە لە خۆیان و لە شوێنگەیان لە دونیادا. (هانەم، ٢٠١٢).
لە ناوەڕاستی سەدەی بیست’دا، گەشەکردنی بزووتنەوەی ئازادی ژنان؛
داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی کەمپینەکانیاندا:
– موچەی یەکسان بۆ ژن و پیاو، یەکسانی لە خوێندن و کارکردندا.
– ٢٤ کاتژمێر دایەنگای بێ بەرامبەر، منداڵ لەباربردن و ئامرازەکانی ڕێگریکردنی بێ بەرامبەر لە هەر کاتێکدا ژن پێویستی بێت.
– دارایی و یاسایی سەربەخۆ.
– کۆتایهێنان بە جیاکاری ڕەگەزیی بەرامبەر ژنانی هاوڕەگەزخواز و مافی ژن کە هەر چۆن بیەوێت سێکسوالیتی خۆی بخاتەڕوو.
(جێنایەناتی و گرۆڤس، ٢٠٠٧)
لە زۆربەی زۆری وڵاتاندا بزووتنەوە فێمێنیستییەکان بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو لە گۆڕین و دەستکاری کردنی یاساکان و شوێنگەی ژنان هەر لە ڕووی مافی یەکسان بۆ موچە، یاسای جیاکاری رەگەزیی سێکسی و لە هەمووشیان گرنگتر یاسای لەبەربردنی منداڵ (هانەم، ٢٠١٢).
فێمێنیستەکان لە مێژە بەرەنگاریی ئەو دەسەڵات و پێگە و ئیمتیازانە دەبنەوە کە پیاوانی کردۆتە سەردەست و مرۆڤی توندوتیژ و چەوسێنەر. هەروەها ئەو بیرکردنەوە هەرەوەزییەی کە گوایە توندوتیژی خێزانی کێشەیەکی تایبەت بە خێزان خۆیەتی و نابێت لە دەرەوەی خۆی قسەی لە بارەوە بکرێت. هەر لەبەر ئەمەیە فێمێنیزم داوای چارەسەری کۆمەڵایەتی و درووستکردنی پرۆگرامی تایبەتی و دامەزراوەی تایبەت دەکات، بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژی خێزانییان بەرامبەر کراوە. هاوکات چارەسەر بۆ ئەو پیاوانە و بەشداری سیستەمی داد کە پیاوان بەرپرسیار بکات لە بەرامبەر ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت کردنە. بڕوایان وایە زۆربەی ئەو کێشانەی ژنان هەیانە بە توندوتیژیشەوە بەهۆی کۆمەڵگە و کلتوور و هێزی سیاسییەوەیە کە پێویستی بە کردارە لە ئاستی گۆڕینی یاساکاندا.
سەرچاوەکان
– A Brief History of Feminism (Patu/Antje Scherupp), 2017.
– Introducing Feminism (Cathia Jenainati and Judy Groves) 2007.
– Feminism (June Hannam) 2012.
– What causes Men’s violence against women? (Michele Harway and James M.O’Nile) 1999.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: