پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

جێندەر چییە؟

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, هەولێر, وتار,

د. هەتاو حمەساڵح حسێن
کاتێک داوا لە چالاکوانێکی کورد دەکرێت، پێناسەی جێندەر بکات، بە دڵنیاییەوە دەڵێت جێندەر بریتییە لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بوونی هەلی یەکسان بۆ ژن و پیاو، دیاریکردنی رۆڵی کۆمەڵایەتی بۆ ژن یان پیاو. بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار لە چالاکوانێکی ئینگلیز بکرێت، پێناسەی جێندەر بکات، بەبێ دودڵی دەڵێت جێندەر بریتییە یەکسانبوونی ژن و پیاو…. لە دواییدا زیاتر ڕۆدەچێت لە پێناسەکەیدا و دەڵێت، بریتییە هەستكردنی مرۆڤ بە خۆی بە نێربوون‌و مێبوونی.It’s how a person feels to be a male or a female.
بۆ ئەوانەی مەبەستیانە قوڵتر لە چەمکی جێندەر تێبگەن دەتوانن درێژەی ئەم بابەتە بخوێننەوە:
“سەرەتا دەمەوێت بڵێم هەموو ئەمانەی دەینوسم تەنها خوێندنەوەیەکی سادە نییە بۆ چەمکی جێندەر، بەڵکو بەرهەمی زیاتر لە ١٠ ساڵ خوێندنەوەی وردی هەردوو چەمکی فێمینیزم و جێندەرە، تەنها بە سەرچاوە کوردی و عەرەبییەکانەوە نەوەستاوم بەڵکو راستەوخۆ لە ئینگلیزییەوە گەڕاوم و عەوداڵ بووم بۆ تێگەیشتن لە چەمکی جێندەر یان راستتر بڵێم لە ئایدۆلۆژیای جێندەر. لەوانەیە رۆژانێک هەبووبێت کاتێک بەدوای دابینکردنی مافەکانی ئافرەتەوە بووم، ویستبێتم سوود لە جێندەر وەربگرم، بەڵام لە دوای بەدواداچونێکی قووڵ، تێگەیشتم ئایدۆلۆژیای جێندەر زۆر ئاڵۆزە و بەرهەمی شەپۆلی سێهەمی فێمینیزمی رادیکاڵییەکانە و، لە کۆنکلوژندا، وەستانەوەیە لە بەرامبەر سروشت و هەموو داب ونەرتێکی کۆمەڵگە، هەروەها ریئاکشنێکی زۆر توندە لە بەرامبەر هەموو یاسا رێسا و نۆرمێکی کۆمەڵایەتی”.
جێندەر چییە؟
د. هەتاو حمەساڵح حسێن
جێندەر یەکێکە لە زاراوە نوێیەکانی دنیای رۆژئاوا، ئەم وشەیە ئینگلیزییە و ئەوانیش لە (genus)ی لاتینییەوە وەریانگرتووە، وشەکە لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای (جۆر) دێت.
جێندەر چەمکێکی هێندە ئاڵۆزە بە ئاستەم دەتوانین بگەینە پێناسەیەکی تەواو بۆی چونکە کۆمەڵێکی زۆر پێناسەیان کردووە، بەجۆرێک کەسانی ئاسایی لە بەداواچونیاندا مەبەست لە ئەسڵی بابەتەکە ون دەکەن.
لەوانەیە بوترێت چۆن دەبێت وابێت؟ بەدڵنییایەوە دەڵێم، تێڕوانینەکان بۆ جێندەر هێندە زۆرە، بەئاستەم بە بۆچونێکی ڕون و ئاشکراوە لێی دەردەچیت. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم هەندێ هێڵی گشتی جێندەر بخەمەڕوو.
سەرەتا دەمەوێت بڵێم زۆرێک لەوانەی لە کوردستان کاتێک قسە لەسەر جێندەر دەکەن (مەبەستم چالاکوان و بانگەشەکارانی بوارەکەیە)، تەنها لە یەک گۆشەیەوە بۆی دەروانن ئەویش گۆشەی یەکسانی بەدیهێنانی ماف بۆ هەردوو رەگەز، یان زیاتر بڵێم مەسەلەی جیاوازی نەکردن لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی کچ و کوڕدایە، هەروەها رەتکردنەوەی هەموو ئەو نۆرم و بونیادە کولتورییەکەی کۆمەڵگەیە کە دەبنەهۆی دروستکردنی جیاوازی کۆمەڵایەتیی.
بێگومان ئەمە بەشێکە لە جێندەر، هەروەک زۆرێک لە کۆمەڵناس و فەلەسوفەکانی وەک (سیمۆن دی بۆڤوار، ئان ئۆکلی، وەک ئیلین شوارتەر، مارگرێت مید) جەختیلێدەکەنەوە. هەریەکە لەم زانایانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆکن لەەسەر ئەوەی کە جێندەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤە وبریتییە لە راڤەكردنی رۆڵ‌و پێگە‌ی ژن‌و پیاو لە کۆمەڵگەدا. هەریەکە لەمانە جەخت لەوە دەكەنەوە كە ژن و پیاو دەتوانن لە هەموو کارێکدا و لە هەموو بوارێکدا کار بکەن، بەڵام ئەوە یاسا و رێسای کۆمەڵگەیەو کە هەژموونی بە پیاو داوە و نەیهێشتووە ئافرەت رۆڵی یەكسانی لە بەرامبەری پیاودا هەبێت.
گەڵالە بوونی ئەم ئایدۆلۆژیایە نزیکی حەفتا ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، کاتێک “سیمۆن دی بۆڤوار” ژنە فەیلەسووفی فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٤٩، لە کتێبی (ڕەگەزی دووەم)دا، دەڵێت: “هیچ کەسێک وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن.”
بە دوای ئەودا ئان ئۆکلی دێت و بە یەکەم کەس دادەنرێت کە چەمکی جێندەری بەکارهێنا، وتی “جێندەر جیاوازە لە ڕەگەز” بەو واتایەی ڕەگەز جیاوازی بایەلۆجییە و جێندەر جۆری کۆمەڵایەتییە. پێناسە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت: ڕەگەز بەرهەمی سروشتە و جێندەر بەرهەمی کولتور، بە ئاشکرا پێمان دەڵێت مەبەست لە جێندەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکەی بوونی مرۆڤە.
ئەگەر جێندەر هەر ئەمە بێت گرفتەکەی لە کوێدایە ؟
جێندەر هیچ کێشەیەکی نەدەبوو ئەگەر هەر بەمجۆرە داوای یەکسانی و دادپەروەری نێوان هەردوو رەگەزی بکردایە، یان داوای پەروەردەیەکی یەکسانی کچ و کوڕ بکردایە بۆ ئەوەی وەک یەک و بە کەسایەتی بەهێز گەورە ببن.
ئەی گرفتەکە لە کوێدایە ؟
وەک وتم پێناسەکان لە لای ئێمە جیاوازە لەگەڵ چالاکوانەکان و دارێژەرانی ئایدۆلۆژیانی جێندەر لە رۆژئاوادا، لە ئینسكلۆپیدیای بەریتانی پێناسەی جیندەر لە رووی شوناسی جێندەرییەوە بەم شێوەیە کراوە.
بریتییە هەستكردنی مرۆڤ بە خۆی بە نێربوون‌و مێبوونی. It’s how a person feels to be a male or a female.
هەروەها دەڵێت: “ناسنامەی جەندەری بە لەدایکبوون جێگیر نییە بەوەی نێر بێت یان مێ، بەڵکو لە ژێر کاریگەری فاکتەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکاندا دیاریدەکرێت”. Gender identity is not fixed by birth, but is influenced by psychological and social factors.
شیکردنەوەی ئەم پێناسەنەو روونکردنەوەی ئایدۆلۆژیای جێندەر دەخەینە بەشی دووەمی ئەم باسە.
لە کۆتاییدا دەڵێم و پرسیار دەکەم ئەگەر جێندەر ئەو مانا سادە و ساکارەی هەیە و تەنها باس لە مافەکانی یەکسانی ژن بە پیاو دەکات، بۆچی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای جێندەردا بە دەیان تێرمی تازەی سەرسوڕهێنەر هاتونەتە ناو فەرهەنگ و زمانەوە، ئێستاکە لە ئەوروپا هەموو ئەو تێرمە نوێیانە کراون بە واقع سەپێنراون بەسەر هەموو دەزگا و دامەزراوە حکومی نا حکومییەکاندا.
بفەرموون لەگەڵ بەشێکی کەم لەو تێرمە نوێیانە:
Sexual orientation
Transgender
Pansexuality/ Queer
Gender Identity
Homosexuality
Homophobia
Asexuality
Bisexuality
Binary
Non-Binary
لەبەر لیمیتی وتارەکە باسکردنی ئەم تێرمانە دەکەمە زنجیرەیەک و هەوڵدەدەم لەمەودوا هەرجارەی قسە لەسەر یەکێک لەو تێرمانە بکەم.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: