پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بۆچی لە هەرێمی کوردستان کەس ناوێرێت باسی گێچەڵی سێکسی لە کارکردن بکات؟

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
پاراستن, لێكۆڵینەوەكان, نوێکراوەتەوە, وتار,

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەزگایەک نییە بۆ ئەوەی خانمان لە کاتی هەراسنکرد یاخود گێچەڵکردنی سێکسیدا پەنای بۆ ببەن، ئەگەرچی بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و چالاکوانانی ژنان گێچەڵی سێکسی لە هەرێمی کوردستاندا ڕوو لەزیادبوونە چ لە ناو کەرتی تایبەت چ لەناو کەرتی گشتی و تەنانەت ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان.

ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “لە کوردستان دەزگایەکی تایبەتمان نییە بۆ (ڕووبەڕووبوونەوەی) هەراسانکردنی سێکسی، بەڵام یەکەی جێندەریمان هەیە لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەکان ئەو یەکەیە کار دەکات لەسەر پاراستنی بنەماکانی پاراستنی جێندەری و دابینکردنی پۆست و پلەکان و پەیوەندی فەرمانبەران بە حکومەتەوە.”

ئاری ڕەفیق
ئاری ڕەفیق
ئاری ڕەفیق ڕایگەیاند کە دەزگاکە “ڕەنگە تا ئێستا وەک پێویست نەیانتوانیبێت لە ئاست ناوەکەدا بێت،” بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی کە لە دامودەزگاکانی هەرێم کاردەکەن هەرکات ڕوبەڕووی توندوتیژی بوونەوە، لە نێویشیاندا هەراسانکردنی سێکسی، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو دەزگایەوە سکاڵا تۆماربکەن.

ئاری ڕەفیق وتیشی، “بەداخەوە یاسای توندوتیژی ئێمەی کۆتکردووە بەوەی تەنها لێکۆڵینەوە و چارەسەری کەیسی ژنان لەچوارچێوەی خێزاندا بکەین. بەڵام لە درافتی ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمانە ئەو بابەتەشی تێدایە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەتوانێت کار لەسەر گێچەڵی سێکسی وەک کەیسێک بکات.”

چالاکوانێکی مافی ژنان، ئاڤان فارس، ئاماژەی بەوە دا کە بەدواداچونەکانی دەریدەخەن لەکەرتی گشتی و کەرتی تایبەت گێچەڵی سێکسی لە بەرزبوونەوەدایە. ئەو بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “ئێستا لە زانکۆکانیش زیاتر بووە چونکە، بۆ نمونە، هێز و نمرە لای مامۆستا پیاوەکانە کە لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن.”

ئاڤان جاف
ئاڤان جاف
ئەو چالاکوانە ڕایگەیاند، “خوێندکار هەبووە داوای سەرچاوەی زانستی کردووە بۆ توێژینەوە زانستییەکەی کەچی بەوجۆرە وەڵامدراوەتەوە، ‘وەرە ماڵەوە ئەمڕۆ کەس لەماڵ نییە لەوێ یارمەتیت دەدەم.”

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبوون بۆ دەستکەوتنی ئامارێکی فەرمی ساڵانە یان مانگانە لەسەر ژمارەی تۆمارکراوی کەیسەکان.

بەرپرسانی پەیوەندیدار بە دەنگی ئەمەریکایان گوت کە سەرەڕای ئەوەی کە گێچەڵی سێکسی ڕووی لە زیادبوونە، بەڵام هیچ ئامارێکی ورد بەدردەست نییە. ئەوان دەڵێن یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان ئەوەیە کە کەسی تاوانلێکراو نایەوێت سکاڵا تۆماربکات لە ترسی لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی.

پەروین حەسەن
پەروین حەسەن
پەروین حەسەن لە ئەنجومەنی خانمان ڕایگەیاند، “لە هەرێمی کوردستاندا گێچەڵی سێکسی هەیە بەڵام داتایەکی وردمان نییە چونکە هەندێکجار سکاڵا ناکات، لەبەرئەوەی خێزانەکەی توشی ڕوبەروی کێشەی کۆمەڵایەتی نەبێتەوە، یاخود بەڕێوەبەرەکەی هەڕەشەی دەرکردنی لێدەکات، یا لەبەر سومعەی خۆی ناتوانێت قسەی لەسەر بکات چونکە دەبێتە لەکە بۆی لە کۆمەڵگادا. خۆ کاتێکیش سکاڵا دەکرێت، دامودەزگایەکی تایبەت لە هەرێم نییە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گێچەڵی سێکسی تا خانمەکە پەنای بۆ ببات.”

ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر گرنگی بوونی ڕێوشوێنی لەو شێوەیە کردەوە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ئافرەتان لەسەر کار، بە شێوەیەک کە بتوانرێت سکاڵاکان بە نهێنی بمێننەوە.

پەروین حەسەن ڕایگەیاند، “ئەگەر شوێنێک هەبێت کە سکاڵاکار نەکەوێتە بەردەم کۆمەڵگا وەک دەزگایەک ئەوە باشترە، چونکە بەداخەوە لەدامودەزگاکانی ئێمە ئەو نهێنییە ناپارێزرێت تا خانمێک بچێت سکاڵا لەسەر گێچەڵی سێکسی تۆما بکات. بۆ نمونە هەندێکجار کەسێک دەچێت بۆ سکاڵا لە بنکەیەکی پۆلیس، کەچی کەیسەکەی لە بەرزترینەوە تا پۆلیسی بەردەرگاکە دەگات و بڵاودەبێتەوە.”

ئاڤان فارس جاف، چالاکوانەکەی ژنان، پێیوایە کە باروودۆخی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێگربووە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە. ئەو دەڵێت ئافرەتان لەوە دەترسن کە دوای سکاڵا تۆمارکردن دەترسن “قوڕەکە خەستر ببێتەوە.” ئەو هۆکارێکی تری گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یەکگروویی لە نێوان ئافرەتان و کەمی زانیاری تەواو، بەتایبەت کە بەشێک لە ئافرەتان “نازانن کە نامەو قسەش هەراسانکردنە.”

ئاڤان فارس هەروەها ئاماژەی بە زاڵبوونی دیاردەی نێرسالاری کرد لە دامودەزگاکانی حکومەت بە شێوەیەک کە “پیاوەکان زیاتر پشتگیری یەکتر دەکەن.” بۆ نمونە، “کاتێک خانمێک پەنا دەباتە بەر سەروو خۆی لەسەرئەوەی گێچەڵی سێکسی پێکراوە، بەخانمەکە دەڵێن ڕەنگە خەتای تۆ بێت جل و بەرگەکەت ئەو کەسەی وروژاندبێت. جا ئەمە تەنها بۆ سفورەکان نییە، باڵا پۆشەکانیش هەراسان دەکرێن. من هاوڕێم هەبووە باڵاپۆش بووە وتویەتی ئێمە زیاتر هەراسان دەکرێین چونکە ڕەنگە لەبەرئەوە بێت کە بڵێن ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی جیاوازن و ناتوانن دەنگ هەڵبڕن.”

ئاڤان دەشڵێت کەرتی تایبەت “وێرانترە” بۆ هەراسانکردنی سێکسی بەهۆی ئەوەی یاسای کەرتی تایبەت کارانییە و “بەڕێوەبەرەکە دەڵێت ‘من خۆم بەڕێوەبەرم و یاسا دادەنێم.’ تەنانەت بەشێکی زۆرییان کچ لەسەر بنەمای جەستە و جوانی وەردەگرن، بۆ نمونە وتویانە تۆ دێییتە دەوام پێویستە تەنورەی کورتت لەبەربێت و ڕۆژانە ماکیاژ بکەیت چونکە ئەمە لەگەڵ شێوازی کاری کۆمپنیای ئێمە دەگونجێت.”

چالاکوانەکەی ژنان لە کۆتاییدا بە دەنگی ئەمەریکای وت، ” ئەگەرچی دەسپێشخەری کاری تر بە پلەی باشتر و موچەی باشترم بۆ هاتووە بەڵام من کار لە دەزگایەک دەکەم کە هەمووی ژنن تەنها لەبەرئەوەی توشی ڕووبەڕووی سێکسی نەبمەوە.”

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: