پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

خولی پیاوە دوو ژنەکانی پەرلەمان

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, داکۆکی, نوێکراوەتەوە, وتار,
-شادى نەوزاد
لەدوای دەیان جار هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و لابردنی هەندێک لەو مادانەی بە ئاشکرا جیاکاری ڕەگەزی بوون لە یاسای باری کەسێتیدا، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشێک لەم هەوڵانە بە ئامانج گەیشتن بە ڕێبەرایەتی سەرۆک مام جەلال و بە هەوڵ و ماندوبوونی بەشێکی زۆری چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بە درێژایی کارکردنیان هەوڵیان بۆ بەدیهێنانی ئەویەکسانییە بوو لەنێوانی ڕەگەزەکاندا و بە کردارەکی شەڕیان لەپێناودا دەکرد، ئەم هەوڵە بە ئەنجام گەیشت و لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەمواری ژمارە (١٥)ی یاسای باری کەسێتی تێپەڕی، ئەمەش دوای دژایەتییەکی زۆر لە زۆر لایەن و کەسایەتیەوە.
ئەم هەموارە بووە هۆکاری سەرنجی گەورە و دڵخۆشی زۆربەمان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری یاسایی بۆ ژنان، یاخود دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری یاسایی.
یەکێک لەو بابەتانەی کە بەجددی و زۆر بە باشی بۆ کاتی خۆی کاری لەسەر کرا و جێگیر کرا بابەتی فرەژنی بوو، کە لەوکاتدا دیاردەیەکی سەرەکی بوو لە هەرێمی کوردستاندا، یاساکە بووە هۆکاری ئەوەی بەشێک لەو دیاردەیە پەک بخات و ڕێژەی فرەژنی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و بیرلێکردنەوەیە لەم خولەی پەرلەماندا زیاتر لە ٦ ئەندامی پەرلەمان، چونەتە پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم یاخود سێیەمەوە (بەشێکی دیکەش بە زارەکی باسی لێوە دەکەن و بە ئاشکرا خزگەی بۆ دەخوازن)، هەرچەندە هەموارەکە بەتەواوەتی نەیتوانی فرەژنی قەدەغە بکات و نەیهێڵێت بەڵام مەرجەکانی ئەوەندە قورس کردوە کە ئەستەمە پیاوێک بتوانێت بەدەستیان بهێنێت تا بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم و سێیەمەوە.
بەشێوەیەکی گشتی ئاساییە کە کەسێک لەدەرەوەی پەرلەمان بەدوای بۆشاییەکانی نێوان دێڕەکاندا بگەڕێت تا بتوانێت هاوسەرگیری دووەم ئەنجام بدات، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە خودی ئەندامی پەرلەمان یاسا شکێنی بکات( بەوپێیەی بەهۆی هاوپیشەییمەوە دەزانم کە هیچ یەک لەو مەرجانەی ڕێگەی داوە بە هاوسەرگیری دووەم لەو ئەندامانەدا بونی نییە کە ژنی دووەم یان سێیەمیان هێناوە).
هەرچەندە ئەو ڕوئیایە بۆ من جێی شۆک بوون نییە، کاتێک پەرلەمانێک لەو هەموو ژورەی هەیەتی یەک لە تابلۆکانی ئاریان ئەبوبەکر لە ناو ڕێستۆرانتەکەی و شوێنی چێشتلێنان و نانخواردنەکەی هەڵبواسێت( کە بۆ گوزارشت لە ئازارەکانی ژن بوون کێشراوە و ژنێکی سکپڕە)، بەواتایەکی دیکە ڕوئیای شوێنی ژنان ئێرەیە، دەبێت ئاوا ئاسانیش بابەتی هێنانی ژنی دووەم و سێیەمی بەسەردا تێبپەڕێت.
ئەم دیاردەیەی نێو ئەندامە پیاوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە زویی و وەک میساقێکی شەرەف کاری لەسەر بکرێت لەلایەن سەرۆکایەتی حزبەکانەوە بۆ ئەو ئەندامانەی کە هەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان، لەپاڵ ڕاستگۆیی و کارکردنیان لەپێناوی خاک و هاونیشتمانی و پارێزگاری لە یاساکان، لەپێناو یەکسانی یاسا بۆ هەموان، لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری یاسایی، دەبێت سەرۆکایەتی حزبەکان بە جەوهەریانەتر کار لەسەر کێشەکانی ژنان بکەن گەر دەیانەوێت لەبابەتی یەکسانیدا زەڕەیەک هیوا بمێنێت و شانازییەک بە هەرێم ڕەوا ببینرێت.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: