تاڤان سه‌رکه‌وت رضا
شاناز و مه‌هناز دوو خوشکن، دووای تەواوکردنی خوێندن خەونیان ئەوەبوو کار بکەن و خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن. ئەوان له‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی تاڕاده‌یه‌ک کراوه بوون کە داهاتێکی مامناوه‌ندی هەبوو. له‌و شاره‌ی ئه‌وانی تێدا بوون که‌مترین کاری تێدا بوو، بۆیه دوای قسه‌کردن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خانەوادەکەیاندا بڕیاریاندا بچنه شارێکی تر ده‌ست به‌کارکردن بکه‌ن.
شاناز دووساڵ لە مه‌هناز گەورەتر بوو، بەشی کارگێری تەواو کردووە له‌زانکۆیه‌کی ئه‌هلی و مه‌هنازیش خوێندنی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان تەواوکردووە، کە په‌یمانگەیەکی حکومییە.
هەردوو خوشکەکە بیریان لە زۆر ئیش کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریاندا کاری ڕێکلام بکەن. وه‌ک خۆیان ده‌گێڕنەوە پێیان وابووه کارەکە ماندوبوونی که‌مترو داهاتێکی زۆرتریان دەست بکەوێت؛ له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بەهۆی کارەکەیانەوە لە بازاڕی کاردا ده‌ناسرێن. ئیتر چیرۆکی کارەکەیان لە کۆمپانیایەک وەک کاری ریکلام دەست پێدەکات.
لەم بارەیەوە شاناز دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ”هەموو رۆژێک دەچووینە سەر کاری خۆمان و هیچ کێشەمان نەبوو، ئیشەکەمان زۆر خۆش دەویست، کڕیارێکی باشمان بۆ کۆمپانیا دۆزییەوە”. زۆری پێ ناچێت و گۆڕانکارییەک لە ڕەفتاری خاوەن کاردا ڕوودەدات، رۆژێکێک داوا لە شاناز‌و خوشکەکەی دەکات تەنورەی کورت لەبەر بکەن. ئەمە جێگەی سەرسووڕمانیان دەبێت و پێی ڕادەگەیەنن کە ئەوان ڕێکلام بۆ کەرەستە دەکەن نەک بۆ جەستەی خۆیان.
خاوەن کار سوور دەبێت لەسەر قسەی خۆی و ئەوەیان بەسەر دەسەپێنێت کە کاری ریکلام وایەو ئەبێت سەرنج راکێش بن. <خۆتان برۆن جل بکڕن و من پارەکەی دەدەم> ئەمە دوو قسەی خاوەن کار دەبێت. شاناز ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام مه‌هناز پێی ڕادەگەیەنێت کە نابێت ئیشەکەیان لەدەس دەربچێ و با ئەوەی خاوەنکار پێشنیاری دەکات جێبەجێی بکەن و ئەوەندە قورس نیە. هەرچەندە مه‌هناز لە شاناز بچوکترە لەتەمەندا، بەڵام بە لەش و باڵا گەورەتر دەبێت.
مه‌هناز دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ”رۆژێک خاوەن کۆمپانیا بانگی کردم هەندێ قسەی کرد سەیر بوو! منیش خۆم تێنەگەیاند بەڵام لە کۆتاییدا وتی ڕۆژی هەینی میوانمان دێت و دەرۆین بۆ باخ، دەبێث ئێوەش لەگەڵمان بن. ئێمەش بەشێوەیەکی ئاسایی وەرمانگرت و وەک بەشێک لە کارەکانی کۆمپانیامان زانی. کە رۆشتین، لەوێ چەند هاورێیەکی خۆی هاتبوون، دەیان خواردەوەو بە جۆرێکی زۆر ناشرین سەیریان دەکردین”.
مه‌هناز چاوه‌کانی سوربووبوونه‌وه‌و یاری به په‌نجه‌کانی ده‌ستی ده‌کردو وتی: ”لێگه‌ڕێ ئه‌و شه‌وه چی ڕوویدا با له‌دڵی خۆمدا بمێنێته‌وه” لەوە زیاتر هیچی نەووت.
ئەو ڕۆژە دەبێتە دەسپێکی ڕۆژە ناخۆشەکانی تر، هەرچەندە لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو دەبن و خەڵک زۆر کاڵاو شتوو مەکەکانی کۆمپانیا دەکڕن، بەڵام خاوەن کار جگە لەوەی هەر گلەیی دەکات، سنووری کاریش دەبەزێنێت.
شاناز باسی ئەوە دەکات کە رۆژێک خاوەن کۆمپانیا باسی سەفەر دەکات و دەیەوێت لەگەڵ خۆی بیبات بۆ سەفەر. ”خۆی لێ نزیک کردمەوەو دەستی لەسەر شانم دانابوو، هەستم کرد دەیەوێت شتێک بکات، دەستی ئەهێنا بەقژما، دواتر دەستی خستە سەر ڕانم و منیش هەستام وتم ئیشم هەیە و هاتمە دەرەوە، بەڵام ئەمەم بۆ خوشکەم باس نەکرد”.
مه‌هناز دەڵێت” ئێوارەیه‌کی درەنگ بوو خوشکەم ئەو رۆژە نەهاتبوو بۆ کار، خاوەن کۆمپانیا وتی ئێوارە بەیەکەوە نان دەخۆین، رۆشتین بۆ رێستۆرانتێکی راقی و دانشتین نانمان خوارد ، لە کاتی نان خواردن هەندێ قسەی وروژێنەری کرد، کە گەراینەوە وتی تۆ شۆفێری بکە، ئەویش خۆی نزیک دەکردەو دەستی خستبوە سەر ڕانم ، لە شوێنێک وەستاین و ماچی کردم، ئیتر منیش سەیارەکەم وەستاندوو وتم دادەبەزم بەڵام هەتا هێزی تێدابوو زلەیەکی لێدام و منیش هاوارم کرد و یەکسەر دابەزیم”.
مه‌هناز لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی و وتی، ”ئەو شەوە وەک کەسێکی شێت بەسەرجادەکانا دەڕۆشتم و دەگریام”. ئەو دەپرسێت بۆ دەبێث کچان هەمیشه بۆ مەرامی تایبەت بەکاربهێنرین، وەک کاڵایەک تەماشا بکرێن و تەنها لە سنووری سێکسدا تەماشا بکرێن.
دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، چیرۆکەکە بۆ شانازی خوشکی باس دەکات، ئیتر هەردووکیان بریار دەدەن واز لەو کارە بهێنین، چونکە ”بۆمان دەرکەوت بەناوی کاری رێکلامەوە دەمانکەنە کاڵا”. مەهناز وا دەڵێت.
خورشید ئەحمەد کە ناوی خوازراوی کارمەندێکی کۆمپانیایی ڕیکلامە لەبارەی بەکارهێنانی کاری ڕێکلامەوە بۆ هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسییەوە دەڵێت: ”زۆربەی کات ئەوکچانەی ڕوو دەکەنە کۆمپانیاکەمان هیچ هۆشیارییەکیان نیه و بەبێ بوونی گرێبەست، ڕاستەوخۆ کاردەکەن یاخود بەهۆی ئەوەی بەشێک لەکچان خوێندنیان تەواوکردووە و دانەمەزراون، یاخود هەندێکیان بژێوی خانەوادەکانیشیان لەسەرشانە، بەناچاری بەهەموو مەرجێک ڕازی دەبن”.
ئەوەی ئاشکرایە کە زۆربەی جارەکان کێشەی لەم جۆرە نابرێتە دادگاکان و لەدەرەوەی دادگا کۆتایی پێدێنن، سەبارەت بەو بابەتە پارێزەر ئاکام تەها وتی: زۆربەی کەیسەکانی دادگا بەداخەوە لەسەر توندوتیژیە کەبەرامبەر بە کچان و ژنان کراوە لە شوێنی کاردا نەک تەنها کاری ڕیکلام زۆربەی بوارەکانی تریش وەک (تەندروستی، پەروەردە، دەزگا میدیاییەکان….. هتد .
ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: ”کە کچان زۆرکەم ڕوودەکەنە دادگاکان و لە کێشەی لەم جۆرەدا بێدەنگ دەبن، ئەویش بەهۆی ئەوەی ناویان نەزڕێت یاخود لەترسی خانەوادەکانیان یان ترس لەخاوەن کار”. ئەو پارێزەرە باس لەوەش دەکات کە کچان ترسیان لەوە هەیە ژیانیان لە لایەن کەسانی تاوانبارەوە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بۆیە بەڕای ئەو دەبێت ڕێکخراوەکان و سەندیکای کرێکاران و میدیاکان گرنگی بەم بابەتە بدەن و کچان هانبدەن کە لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بێ ده‌نگ نه‌بن، ئه‌رک و مافەکانی خۆیان بزانن و پێشتر زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆک وسیستمی ئه‌و شوێنه وه‌ربگرن کە کاری تیا ده‌که‌ن، چونکه ته‌نها کار دۆزینه‌وه گرنگ نیه، به‌ڵکو سه‌لامه‌تی و ناو ناوبانگ و خۆپارێزی له‌که‌سانی به‌رژه‌وه‌ند خواز‌و تەماشا نەکردنیان وەک کاڵا له‌سه‌رووی کارکردنه‌وه‌یه.
مه‌هناز بەدەم چاککردنی پرچەوە وتی: ”هه‌رچه‌نده بۆماوه‌یه‌کی زۆر من و شاناز توشی خه‌مۆکی بووین، دڵگران بووین، به‌ڵام وتمان ئه‌مه کۆتایی ژیان نیه ده‌بێت به‌رده‌وام بین له‌کارکردن و تاکو بژێوی خانەوادەکەشمان دابین بکه‌ین، بۆیه ئه‌مه کۆتایی خۆم و خوشکەکەم نەبوو هەردووکمان هه‌ستاین به‌دانانی دوکانێکی جوانکاری خانمان، به‌وبڕه پاره‌یه‌یی که هه‌مان بوو له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک که‌ل وپه‌لی ماڵیشه‌وه‌مان فرۆشت، پرۆژەکەمان سەری گرت”. پەنا بۆ هیچ که‌سێک نابەن بۆ هاوکاری و هەروو خوشکەکە، ڕووبەڕووی کێشەکە دەبنەوەو نه‌یانهێشت که‌س پێی بزانێت، ته‌نانه‌ت خانەوادەکەشیان.
ئێستا لەپاڵ کاره‌که‌ی خۆیاندا لەگەڵ ڕێکخراوێکی گەنجان کاردەکەن بە خۆبەخش و سیمینار و کۆڕ لە پێناو هۆشیارکردنه‌وه‌ی خوێندکارانی خوێندنگەو زانکۆ‌و پەیمانگاکان ڕێکدەخەن. ئەویش بۆ ئەوەی دوای ته‌واوکردنی خوێندن به هۆشیاریه‌کی زۆره‌وه مامه‌ڵ بکه‌ن و کارێک بکەن مافیان تیایدا پارێزراو بێت، تەنانەت گه‌ر مووچه‌یه‌کی که‌میش بێت به‌ڵام کارێکی ئازادیان هه‌بێت و ئه‌رک و مافه‌کانی خۆیان بزانن. مەهناز دەڵێت ”ئێستا زۆر دڵخۆشین بەوەی کەتوانیمان لە هەڵەیەکی ژیانمان دەرس وەرگرین و بڵاوی دکەینەوە لەگەڵ کچاندا بۆ ئەوەی کەس توشی لەو هەڵەیەیی هاوشێوەی ئێمە نەبن. ئەو هەر کاتێک ڕیکلامێک دەبینێت، یان بە نزیکی ئەوشوێنەدا تێدەپەڕێت کە کاری تیاکردوە، خەمی ئەوە دایدەگرێت چۆن کچان لەم کۆت و بەندەی کار‌و بەکارهێنانیان ڕزگار بن؛