پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,
ئاڵنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا
* کەڤین بەگیخانی (پۆستمۆرتم – دوای کۆچی دوایی)
هزری خێڵەکیی پشتئەستوور بە پیاوسالاری، لە بابەتگەلێکی هەستیاری وەکو تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف، کۆسپ دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی یاسا.
سێ لەسەر یەکی ژنان لە جیهاندا تووشی تووندوتیژیی جەستەیی، سێکسی و دەروونی بوونەتەوە، تەنانەت لە کاتی تەنگژەکاندا ئەوە ژنانن بەهۆی پێگە لاوازەکەیانەوە لە بەشێکی زۆری جیهاندا زۆرترین ئازار دەچێژن. لێرە تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بەشێکە لە مۆدێلە گەورەکەی تووندوتیژیی رەگەزی و لە هەردوو فۆرمی جەستەیی و دەروونییدا دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پیادە دەکرێت.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە زیاد لە 5000 ژن لە جیهاندا بە بیانوووی شەرەفەوە دەکوژرێن. لەم توێژینەوەیەدا تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەسەنگێندرێت، چونکە تووندوتیژی مشتومڕێکی نەبڕاوەی ئەم کۆمەڵگە پیاوسالارییەیە. سەرەتا تووندوتیژی لەژێر ناوی شەرەف شی دەکرێتەوە، دوابەدوای ئەمە کێشەکە لە جەستەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا وێنا دەکەین. دواتر باسی دامەزراوە یاساییەکان، کاریگەییەکانی یاسای سزاکانی عێراقی فیدراڵ و لایەنە ئیسلامییەکان لەسەر یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکەین. بە پشتبەستن بەمانە، هەوڵ دەدەین زانیاری دەربارەی حەقیقەتی کرانەوەی یاسای هەرێمیی بخەینەڕوو، بۆچی دەستبردن بۆ چاکسازیی یاسایی لەم ژینگە تەواو پیاوسالار و خێڵەکییە کێشەیە؟ بەگوێرەی زانیارییەکان، دەگوترێت سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتی و چاکسازییە یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو کۆسپانەی لەو کۆمەڵگە پڕ تەگەرە، پیاوسالاری و خێڵەکییەدا رەگی داکوتاوە، تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف هێشتا وەکو کێشەیەکی گەورە ماوەتەوە. هەروەها نەبوونی خۆتەرخانکردنی سیاسەتێکی گشتی بەکۆمەڵ لەلایەن دامودەزگە دەوڵەتی و نادەوڵەتییە جۆراوجۆرەکانی وەکو دادگە و پۆلیس، فاکتەرێکی دژوارە و لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هزری خێڵەکیی کوردی سەرچاوەی گرتووە.
ئەمڕۆ تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بە زۆری بە ناوچەکانی وەکو باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدات. لە کار و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، گرنگە خۆمان لە حوکمی پێشوەخت و ستیگماتیزەکردن بەدوور بگرین، چونکە توێژینەوەکان دەریدەخەن تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و کولتوورێکی دیاریکراوەوە نییە. لە راستیدا ئەم تووندوتیژییە لە سەردەمی رۆمە کۆنەکان، ئەوروپای سەدەکانی نێوەڕاست، ئەمریکای لاتین و باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا هەبووە. تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بریتییە لە کۆنترین بەشی مۆدێلە گەورەکەی تووندوتیژی جێندەری و لە هەردوو فۆرمی جەستەیی و دەروونییدا دژی ژنان پیادە دەکرێت. ئەم تووندوتیژییە بەزۆری لەلایەن ئەندامانی خێزانی قوربانییەکەوە پیادە دەکرێت، وەکو مامەکان، خاڵەکان، باوکەکان و برایەکان، مەبەستەکەش [بەپێی تێگەیشتنی هەڵەی ئەوان] پارێزگاریکردن و گەڕاندنەوەی شەرەفە بۆ خێزان یان عەشیرەت و گرووپ. رەهەندێکی گرنگی جیاکەرەوەی ئەم تووندوتیژییە ئەوەیە کە لە لایەن گرووپەوە ئەنجام دەدرێت و بە بیانووی “کۆدی شەرەف” لە ژینگەی ئەو خێزان و کۆمەڵگە پیاوسالارییانەدا بەردەوامی و گرنگی پێ دەدریت. لەبەرئەوە گرنگە بڵێین پیاوسالاری دیاردەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە تێیدا پیاو بە شێوەیەکی ریشەیی لە کۆمەڵگەدا باڵادەستە. پیاوان وێڵی پاساوهێنانەوەن تا مافی ئەوە بەخۆیان بدەن دەسەڵاتیان بەسەر ژناندا هەبێت و ترسناکانە پارێزگاری لەو دەسەڵاتە بکەن لە رێگەی بەکارهێنانی چەندین جۆری جیاوازی تووندوتیژی دەروونیی و جەستەیی دژی ژنان.
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە لە ژنان ئەوەیە کە رووناکبیر بن و دواییش ببن بە هاوسەرێکی گوێڕایەڵ و دایکێکی ئەرکگران کە دەبێت خزمەتی تەواوی خێزانەکەی بکات. بە پێچەوانەوە، زۆرینەی پیاوان لە باوکە دەسەڵاتدارەکانیانەوە فێردەبن کە گرنگە پیاو ببێتە رابەرێکی بەهێز و جڵەوگیری خێزانەکەی خۆی. لەمەش گرنگتر، ببن بە پارێزەری “شەرەف”ـی خێزان و خێڵەکەیان. شەرەفیان لە جەستەی ژن و رەفتاری کۆمەڵایەتی و سێکسیدا کورت کردووەتەوە. لەبەرئەوەیە لە زۆرینەی خێزانەکاندا ئازادیی ژن بە لادان لە بەها نەریتییەکان و نۆرمەکان لە قەڵەم دەدرێت. هەروەها خێڵگەرایی لە کوردستاندا زۆر بەربڵاوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردی هەیە، بەمەش ژنان سنوردار دەکرێن لەنێو ئەم پێکهاتە دەستەجەمعییانە و بەرەو پووکانەوەی تواناکانیان دەچن. لەبەرئەوە تووندوتیژیی رەگەزیی تەنها لە جەستەدا نامێنێتەوە بەڵکو چالاکانە و دەستەجەمعییانە بۆ کایەی کولتووری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە پەل دەهاوێت، دواجاریش بە ئەسپایی ئەم بەناو “کۆدی شەرەف”ـەی لێ بەرهەمدێت.
پێش ئەوەی باسی ژێرخانی یاسایی هەرێمی کوردستان بکەین، پێویستە زیاتر دەربارەی دەرئەنجامە فراوانەکانی خێڵگەرایی بدوێین. خێڵگەرایی لە کوردستان بریتییە لە ئامرازێکی بەرگریی بەکۆمەڵ لەپێناو مانەوەدا لەکاتی بەربەرەکانێ، ناسەقامگیری و کێبڕکێی سیاسی. لەڕاستیدا خێڵگەرایی لە کوردستاندا لەم 30 بۆ 40 ساڵەی رابردوو سەری هەڵنەداوە، بەڵکو پێشتریش لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی، یەکخستن و خۆئامادەکردنی سەربازی و جۆرەها پرۆژەی دیکەدا سوودی لێبینراوە. هەر وەک چۆن لە توێژینەوەکەی ویلیام چامبلیس سەبارەت بە یاسای بێلانەیی باسکراوە، دەکرێت “گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش” رۆڵێکی گرنگیان لە “یەکگرتنی یان گۆڕینی یاساکان” هەبێت. دەکرێت چەمکی “گرووپەکانی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەش” لە هەرێمی کوردستان بە پێکهاتە خێڵەکی و پیاوسالارییەکان پێناسە بکرێت، کە ئامانجیان لە کۆمەڵگەدا جڵەوگیری هێز و دەسەڵات بووە. هاوکات دەشێت پیاوان لە هەندێک کردەوەدا بەکۆمەڵ هاوکار و پشتگیری یەکتر بووبێتن و لەم کۆنتێکستەشدا تووندوتیژی بە بیانوووی شەرەف پیادە دەکرێت، ئەویش لە ترسی ئابڕووچوون و دەرکرانیان لەو  ژینگەیەی تێیدا دەژین لە پێناوی پارێزگاریکردن لە چەمکی شەرەف بەو شێوەیەی ئەوان تێی گەیشتوون. سەرەنجام هەمیشە ئەوانەی هەوڵی چاکسازی و ریفۆرم دەدەن، هەر لەبەر هەمان بابەتی ئابڕووچوون و سەلامەتی پێگەیان لەژێر گوشارێکی زۆردان. دەکرێت ئەمە بە بنچینەییترین ئاڵنگاری دابنرێت لە هەوڵی جێبەجێکردنی یاسا، چونکە زۆرینەی دامەزراوەکان کاریگەرن بە پیاوانی خێڵگەرا و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن.
بەپێچەوانەوە، لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لە کۆنەوە ژنان دەرفەتی گەیشتنیان بە دونیای دەرەوە کەم بووە [باسی لادێکان ناکەین کە بە هۆی کاری کێڵگە و زەویوزار ئافرەت ئەرکێکی قورسی کشتوکاڵی لە ئەستۆدا بووە]. لەبەرئەوە قورسە بۆ ژنان لەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەدا [وەک بکەر، نەک پەراوێزخراو] بگەنە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یان کەمپینی کاریگەر [لە شێوەی MeToo) لە فێرگە و سۆشیاڵمیدیا رابگەیێنن تا هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و داوای گۆڕانکاری ریشەیی بکەن. هەروەها لەبەرئەوەی تووندوتیژی پیاوان لە ژیانی خێزانی و گشتیدا زۆر باوە، زۆرینەی ژنان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن لەوەی بەرەو وروژاندنی پرسی ئازادی هەنگاو بنێن. ئەم دابڕینەی ژنان لە تواناکانیان کارەکەی لەسەریان قورستر کردووە، ئەگەر نەیگەیاندبێتە نزیک لە ئەستەم، تا لە رەگ و ریشەوە بەرەنگاری پیاوسالاری ببنەوە. زۆرینەی ژنانی کوردستان تاوەکو ئێستاش لەودیو پەردەدا ژیان دەگوزەرێنن، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ژیان دابڕێندراون، هەرچەندە ژنانێکی زۆر هەن وەکو کارمەند و مامۆستا کار دەکەن، هێشتا دەبێت گوێڕایەڵ بن و ملکەچی یاسا نەنووسراوەکانی کۆمەڵگە بن. هۆکارێکی دیکەی ئەم بارودۆخە دژوارە کەمی هۆشیاری یاساییە لەلای ژنان، هەروەها چونکە ترسیان لە ئابڕووچوون و دەرئەنجامە قورسەکانی هەیە، کە لە پرۆسەی سکاڵا تۆمارکردن و هەڵوێست وەرگرتنی ژنان رەنگ دەداتەوە.
سەبارەت بە تێگەیشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، [توێژەرێکی ئەم بوارە بەناوی] یەنگ لە توێژینەوەکەیدا باسی هۆکارەکانی قالبوەرگرتنی “کردەوە، تێگەیشتن و باوەڕ لەڕووی یاساوە” دەکات. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە یاسا بەشێوەیەکی ریشەیی وابەستەی نەریتە کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆڵۆجییەکانە، هەروەها ئەم تێگەیشتنە کاردەکاتە سەر “رەفتاری تاک بەرامبەر یاسا، ویستی رێکخستنی یاسا، گریمانەکردن و ئەزموونکردنی یاسا.” جێبەجێنەکردنی “یاسای تایبەت بە چاکسازی تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف” رەهەندێکی دیکە دەخاتە سەر ئەو ناشەرعییەت و دەرککردنە بە ژنان کە بەتەواوەتی بە پێی یاسا پارێزراو نین. لەبەرئەوە، ئەم ئاڵنگارییانە خزمەت بەو بەناو “کۆدی شەرەف”ـە پەنهانە دەکەن کە بەکۆمەڵ –بەبێ ویستی ژنان خۆشیان- بەردەوامی پێدەدرێت.
لە چەند دەیەی رابردوو تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف بە رێژەیەکی بەرچاو پیادە کراوە، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی کوردی دەستیان کرد بە ریفۆرمی یاسایی و سیستمی دادوەری کوردستانیان لە تەواوی عێراق جیاکردووەتەوە. پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە ئەم ریفۆرمە یاساییانە لەلایەن “کولتووری کۆمەڵایەتی و دامەزراوەی نافەرمی و ناکاریگەر” دژایەتی دەکرێت. ئەم دامەزراوە نافەرمییانە هاوشێوەی سیستمی دادوەریی هاوبەش و ناسراو بە ‘گا چا چا’ وڵاتی روواندا-یە؛ لە هەرێمی کوردستان پێی دەڵێن “سوڵحی عەشایری”، واتە سیستمی دادوەری بە شێوازێکی نافەرمی و خێڵگەرایی پیادە دەکرێت، کە خۆی لە دامەزراوەی بەڕێوەبردن و دەستتێوەرداندا دەبینێتەوە کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پتەوکردنی زیاتری خێڵگەرایی و رەنگدانەوەی لە کۆمەڵگەدا. بە هەمان شێوەی سەردەمی پێش کۆلۆنیاڵی روواندا، سوڵحی عەشائیری  بۆ چارەسەرکردنی “دەمەقاڵێ و کێشەی خێزانی، مافی موڵکداری و هەندێک شتی دیکەی ناوخۆیی” بەکاردێت، هەروەک سیستمی دادگەکانی ‘گا چا چا’ لە روواندا، لە هەرێمی کوردستانیش دادوەرەکان لەم بارەیەوە لە رووی یاساییەوە شیاو نەبوون، قوربانی و تاوانبار پارێزەریان نەبوو، رەنگە پرۆسەکە تەواو لەژێر کاریگەری گەواهیدانی كەسیی و دادوەردا بووبێت، رەگی ئەمانەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ترس لە ئابڕووچوون و گوشاری کۆمەڵایەتی، کە پێشتر باسمان کرد. ئەم فاکتەرانە کاریگەرییان هەیە لەسەر یاسا ریفۆرمکراوەکان و جێبەجێکردنێکی ناکارا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بەپێچەوانەوە، دەشێت سوڵحی عەشایەری وەک سیستمێکی خۆجێیی “دادپەروەری” بچێتە خانەی دەرهاویشتە زیانبەخشەکانەوە، ئەمەش لە دژی گرووپێکی ئێتنکی دیارکراو نا، بەڵکو لە روانگەی جێندەرییەوە دژ بە رەگەزی ژنان، کە لە کۆمەڵگەدا پەراوێزخراون.
هەرێمی کوردستانی عێراق هەرێمێکی ئۆتۆنۆمە لەنێو دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا. کوردەکان گەورەترین نەتەوەن لە جیهاندا، کە دەوڵەتێکی سەربەخۆیان نییە نوێنەرایەتیان بکات. لە ئەنجامدا، چەندین دەیەی پڕ لە چەوساندنەوە و جینۆسایدیان لەو ناوچە ئاڵۆزەیاندا لە رۆژهەڵاتی ناوین بەسەردا سەپێندراوە. کوردستانی عێراق بەفەرمی و بەپێی دەستووری عێراقی دانی پێدانراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەیە ریفۆرمی یاسایی بکات و یاسای نوێش دابڕێژێت. هەر لەبەرئەمەش بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی هەندێ بڕگەی یاسای سزای عێراقی ریفۆرم بکات، لە نێویاندا ئەوانەی دژی تووندوتیژین بە بیانووی شەرەف. ئەم چاکسازییە یاساییانە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە مەبەستی بەهێزترکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون و لە هەمان کاتیش هاوئاوازن لەگەڵ رێکەوتننامە جیهانییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.
تا ساڵی 2002 تاوانەکانی شەرەف بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە قەڵەم نەدەدرا، بەڵکو زیاتر وەکو بابەتێکی کوولتووری سەیر دەکرا. لەمەش خراپتر، تووندوتیژی بە بیانووی شەرەفەوە نەخرابووە نێو بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1993 لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنان بەناوی “پەیماننامەی تایبەت بە نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان.” هەرچەندە وەکو وەڵامێک بۆ توێژینەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی توێژەران و چالاکوانان، لە ساڵی 2003 دا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوڕی لە تاوانەکانی شەرەف دایەوە و لە بڕیارێکی تایبەتدا بەناوی “کارکردن بەرەو نەهێشتنی ئەو تاوانانەی لەژێر ناوی شەرەفدا دژی ژنان ئەنجام دەدرێن” بڕیاری دەرکرد. ئەمە بووە هۆی بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی بۆ نەهێشتنی تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف فراوانتر کرد. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بگوترێت سیستمی دادوەری عێراقی سەرچاوەکەی یاسای ئیسلامییە و بە روونی راسەری داوە بەو یاسا ئایینیانەی لەلایەن کەمینە ئایینییەکانەوە پیادەکراوە. هەر وەکو بەگیخانی لە توێژینەوەکەیدا پشتڕاستی کردووەتەوە، “یاسای سزادانی عێراقی هەڵقوڵاوی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتەکانە کە تێیدا شەرەفی ژن بەرامبەرە بە (شەرەفی خێزان) و پاراستنی ئەم شەرەفەش بە یاسا نووسراوەتەوە.”
نموونەیەک کە جێگەی نیگەرانییە، یاسای 41ـی یاسای سزادانی عێراقییە کە رێگە دەدات بە “ئەنجامدانی تووندوتیژی لەژێر ناوی تەئدیب وەکو مافێکی یاسایی. ئەم یاسایە ماف دەدات بە مێرد یان باوک لە ژن یا منداڵەکانی بدات بە ناوی تەمبێ کردن.”
لە وەڵامی ئەم یاسایەدا، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان ژن بوون، لۆبییەکیان بۆ حکومەت کرد تا ئەم یاسایە بگۆڕن، لەبەرئەوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدایە و بە روونی رێگەی بە تووندوتیژی خێزانی دەدات. سەرەڕای هەوڵەکانی چاکسازی لە یاسای سزادان لە عێراقدا، حکومەتی تیۆکراتی – ئایینی بەغداد داواکارییەکەی ئەو ژنانەی رەتکردەوە. سەرەڕای ئەم لەمپەرانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی چەند چاکسازییەکی یاسایی باش ئەنجام بدات، گرنگترینیان بریتی بوو لە یاسای 409 لە یاسای سزادانی عێراقی. وەکو [نەزەند] بەگیخانی دەڵێت، “یاسا هەموارکراوەکە بەدیاریکراوی دەڵێت ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی ببینێت سێکس لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەکات یان لەسەر هەمان پێخەف بیانبینێت و ژنەکەی بکوژێت، ئەوا بە بکوژ لە قەڵەم دەدرێت و سزاکەی لەژێر هیچ بارودۆخێکدا سووک ناکرێت.” لە کاتێکدا پێش چاکسازییەکە سووککردنی سزای بۆ دەکرا و ئەوپەڕی سێ ساڵ زیندانی دەکرا. لە پاڵ ئەمانەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان [لە ساڵی 2011] یاسای “بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی” دەرکرد. بەمە [ژنان و پێشکەوتوخوازان] و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هیوایەکیان بۆ گەڕایەوە، چونکە بەرەوپێشچوونێکی مەزن بوو لە رووی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کەسانی پێشکەوتوو لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیدا نیازباشن و دەیانەوێت چاکسازی مانابەخش بکەن و پێگەی ژنان بەهێز بکەن و هاوتەریبی ئەنجامدانی چاکسازی، سەروەری یاسا بچەسپێنن. وەکو پێشتر روونمان کردەوە، لایەنە خێڵەکییە پارێزگارەکان لەنێو ئەم کۆمەڵگە تەواو پیاوسالارییەدا، جۆرەها کێشەیان بۆ جێبەجێکردن و پیادەکردنی ئەم یاسایانە دروستکردووە. دواجار داخوازی و ویستی پیاوسالاران لە یاسا لەناو سوڵحی عەشایەریدا خۆی دەبینێتەوە و دەبێتە جێگرەوەی یاسای فەرمی بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا. خزمەتکردنی ئەم بازنە نەرێنی و دزێوە دەگەڕێتەوە بۆ یەکگرتنی توخمە تووندڕەو و فەندەمێنتاڵەکانی کۆمەڵگە، کە ئەویش هۆکارەکەی هزری پیاوسالاریی و لاوازی پێگەی ئابووری و کۆمەڵاتییە. ئەمە بووەتە هۆی لێکەوتنەوەی هاوسەنگییەکی نەرێنی، کە تێیدا پیاوسالاری و نۆرم و نەریتە خێڵەکییەکان یەکتریان گرتووە و لەمپەرێکی بەهێزیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان دروستکردووە.
ئەوەی پێشتر باسمانکرد دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە هزری خێڵەکی، پشتئەستوور بە پیاوسالاریی، کۆسپ دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی یاسا لە بابەتگەلێکی هەستیاری وەکو تووندوتیژی بە بیانووی شەرەف. هەروەها، ژنانی پێشکەوتوو لە کۆمەڵگەدا مەترسی ئابڕووچوون و وەدەرەنانیان لەسەرە، ئەم مەترسییانە خراپتریشن بۆ ئەو ژنانەی خەبات بۆ گۆڕانکاری لە ئەقڵیەتی گشتی و هزری کۆمەڵگەدا دەکەن. کاربەدەستانی حکومیش مرۆڤن و لەو کۆمەڵگەیەدا دەژین، ترسیان لە لەدەستدانی کار و ئابڕوویان هەیە، بۆیە ویست و خۆتەرخانکردنی سیاسیی کورت دەهێنێت. لەبەرئەوە پێویستە رێگەیەکی بنچینەیی و ریشەیی بگیرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە پیاوسالارییە رەگداکوتیوەکان لەنێو کۆمەڵگدا و بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە نۆرم و بەهاکانی کولتووری کوردی سەبارەت بە تێگەیشتن لە چەمکی “شەرەف” و بابەتە پەیوەندیدارەکانی.
چەسپاندنی چاکسازیی یاسایی تەنیا لە کاتێکدا سوودی دەبێت کە ئەم کۆمەڵگە گرووپگەرایانە بیر و هزریان بگۆڕن، هەموویان کۆک بن کە هەندێک رەفتار و بیرکردنەوە و نۆرمی ناڕەوا و قێزەون هەن رێگرن لە چەسپاندنی سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و دەبێ بنبڕ بکرێن.
*کەڤین بەگیخانی گەنجێکی کورد بوو لە هۆڵەندا گەورە ببوو، دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. ئەم وتارەی بە ئینگلیزی بۆ زانکۆی لێیدن کە لێی دەخوێند ئامادە کردووە. ئەندامانی خانەوادەکەی کار لەسەر دەستنووسەکانی دەکەن و وردە وردە بڵاویان دەکەنەوە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: