یانەی کوردی لە رۆتردام ‘میدیا ‘ ، رۆژی شەممەی رێکەوتی 2022 / 07 / 30 لە شاری دەنهاخ ( لاهای ) لە هۆڵەندا سمینارێکی بە ناونیشانی ( ئالەنگارییەکانی ژنی کوردی لە باشووری کوردستان ) بۆ خاتو ( کنێر عەبدوڵڵا ) نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری تەوار کە لە کوردستانەوە هاتبوو ساز کرد. سەرەتا خاتوو پەیمان سەرهەنگ بەرپرسی یانەی کوردی میدیا لە رۆتردام و یەکێتی ژنانی کوردستان لە ھۆڵەندا، بەخێرهاتنی گەرمی کنێر خان و ئامادەبووانی کرد، داوای لە شاعیر و نووسەر ڤینۆش فایەق کرد کە کۆڕەکە بەڕێوە ببات.
کنێر خان بە تیروتەسەلی باسی لە ئاڵەنگارییەکانی ژنی کوردی لە باشووری کوردستان کرد، تیشکی خستە سەر رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان بە گشتی و یەکێتی ژنانی کوردستان بەتایبەتی سەبارەت کارو پرۆژەکانی ئەنجامیانداوە بە ئامانجی دادپەروەری و هێنانەدی مافەکان لە پێناو کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆست و خۆشگوزەران بە شێوەیەک کەڕامەتی مرۆڤ تیایدا پارێزراو بێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە یەکەم ئاڵەنگاری لە خودی ژنان خۆیانەوە دەست پێدەکات بۆ ناسینی خۆی و زانینی ئەرک و مافەکانی، بەدەر لە یاساکان و کلتوری باوی کۆمەڵ کە بەشێوەیەک نەک تەنها ژن؛ بەڵکو خودی پیاوانیش قوربانی کلتورێکی پەروەردەیین کە تاکەکان وەک مرۆڤ ناناسێنێت. پاش گفتوگۆیەکی زۆری ئامادەبووان و ژمارەیەکی زۆری بەشداربووانی سمینارەکە باس لە چارەسەرییەکان کرا و گرنگی سەروەریی و جێبەجێکردنی یاسا خرایە روو کە لە کۆمەڵگەکانی ئەوروپا بە گشتی فریادرەسی یەکلاکەرەوەیە بۆ پاراستنی ژیانی تاکەکان بێ جیاوازی. ئەمانەو چەندین باسی هەوڵ و چالاکییەکانی رێکخراو بوونە جێی باس و قسەکردن لەسەر ئەوەی پرسی ژنان پرسێکی جیهانییە و تەنها ژنان بەهۆی ژنبوونیانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا بە هۆکاری جیاواز جیاکارییان لە ئاستدا دەکرێ و تەنانەت لە ولاتانی ئەوروپاش. جێی باسە کنێر عەبدوڵا 19 بەرهەمی کتێبی چاپکراوی هەیەو ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستانە.
شایانی گوتنە بابەتی کۆڕەکە بووە جێی دڵخۆشی ئامادەبووان و لە کۆتاییشدا بە خواردنی کوردی کۆتایی بە سمینارەکە ھات.