عزالدین عبداللە یاسین- راوێژکاری یاسایی
سەبارەت بە #گەواهیدان`ی ژن بۆ #سەلماندن لەڕووی یاسایی لەڕابردوو و لەئێستادا ئهوهی باوه لهناو خهڵك گەواهیدانی دوو ژن لەبەرامبەر یەک پیاوە، ئەمەش پاڵپشتە بەفەرمایشتی خودای گەورە لەسورەتی (#البقرە) ئایهتی (٢٨٢) ، دوو #پیاو گەواهی بدەن ئەگەر نەبوو یەک پیاو و دوو #ژن ئەوانەی بەگونجاویان دەزانن بۆ گهواهیدان ئەگەر یەکێکیان بیری چوو ئەوەی تریان بیری بخاتەوە، ئەم رێسایە لەلایەن خودای گەورە دانراوە و پەیڕەوکردنی لەڕووی ئایینی ئەرکە و له بابەتی قەرز هاتوە. ئەمەیان بابەتێكی #شهرعی یه بۆ شارهزایانی بوارهكه ههیه قسهی لهسهر بكهن نهك ئێمه.
لهم بابهتهمان تیشک دەخەینەسەر گهواهیدان لەڕووی #یاسایی، سهرهتا جۆرەکانی گەواهیدان لەیاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی ژمارە (٢٣) ی ساڵی (١٩٧١) هەموارکراو بهركار لهههرێمی كوردستان لهماددەی (٥٨) ی یاساكه باس لهجۆرهكانی گهواهیدان دهكات بهم شێوهیهی لای خوارهوه:
١/ گەواهیدانی سەلماندن: بریتیە لەوەی دادگا داوای دەکات یان سکاڵاکار لەکاتی وەرگرتنی ووتەکانی داوای دەکات بۆ سەلماندنی راستی رووداوەکە کەبابەتی سکاڵاکەیە، ئەم گەواهیدانە لەبەرژەوەندی #سکاڵاکارە و پێویستە گەواهیدەر خۆی بینیبێتی بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ بڕیاردان.
گەواهیدانی #تۆمەتبار: گەواهیدانی تۆمەتبار وەردەگیرێت کاتێک ووتەی هەبێت لەدژی تۆمەتبارێکی تر کەبەشدار بوە لەگەڵیدا لەتاوانەکە.
گەواهیدانی هەر کەسێک سوودی هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە: گەواهیدانی هەر کەسێک تۆماردەکرێت کەلەخۆڕا بێتە پێش بۆ پێدانی زانیارییەکانی لەبارەی رووداوەکە ئەگەر سوودی بۆ لێکۆڵینەوە هەبێت و گەواهیدانی ئەو کەسانەی دادوەر یان لێکۆڵەر ئاگاداردەکرێنەوە کەزانیارییان هەیە پەیوەست بەڕووداوەکە.
بەگەڕانەوە بۆ دەقەکانی یاسای سەلماندن ژمارە (١٠٧) ی ساڵی (١٩٧٩) بەرکار كههیچ دەقێکی دیاری کراو بوونی نییە بۆ ئەوەی رهگهزی مرۆڤ ( نێر یان مێ) بکاتە پێوەر بۆ باوەڕهێنان بەکەسی گەواهیدەر یان قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی گەواهیدانەکە، چونکە گەواهیدان بریتییە لەهەموو ئەوەی کەسێک دەیبینێت یان هەستی پێ دەکات بەیەکێک لەهەستەوەرەکانی خۆی یان گەواهیدانی گوێبیستی وەک ئەوەی کەسێکی تر بۆی دەگێڕێتەوە یان گوێبیستی بوه خهڵك لهناو خۆیاندا باسی دهكهن.
یاسادانەر دەقی لەسەر مەرجە گشتیەکانی گەواهیدان دانەناوە، بەڵکو دەقی گشتی داناوە بۆ سەلماندنی مافە شارستانی و بازرگانیەکان، بۆیە دەقێک نییە رێگری لەژن بکات بۆ گەواهیدان ئەگەر بەتەنها بێت یان لەگەڵ ژنیكی تردا، بەڵکو دەسەڵاتی خەمڵاندنی ئەم پرسەی دراوە بە دادگا بۆ هەڵسەنگاندنی گەواهیدانەکە، هەروەها مافی پێداوە گەواهیدانێک لەسەر یەکێکی تر پەسند بکات بەبێ رهچاوكردنی رەگەزی کەسی گەواهیدەر، ئەمەش بەپێی دەقی ماددەی (٨٢) لەیاسای سەلماندن کەتیایدا هاتوە (دادگای بابەت خەمڵاندنی گەواهیدانی بۆ هەیە لەهەردوو رووی بابەتی و کەسی وبۆی هەیە گەواهیدانێک لەسەر یەکێکی تر بەپەسندتر بزانێت بەپێی ئەوەی لەهەلومەرجی دادخوازییەکە بۆی بەدەردەکەوێت، بەڵام دەبێت ئەو هۆکارە لەکۆنووسی دانیشتنەکە دیاری بکات).
هەروەها لەدەقی ماددەی (٨١) هەمان یاسادا هاتوە، دادگا بۆی هەیە بانگهێشتی هەر کەسێک بکات کەبەپێویستی دەزانێت بۆ گوێگرتن لەگەواهیدانەکەی بەبێ دیاری کردن و رهچاوكردنی رەگەزی کەسەکە، بۆیە جیاوازی نییە لەكهسی گەواهیدەر ئەگەر نێر بێت یان مێ، چونکە دەقەکە دەڵێت: دادگا بۆی هەیە لەخۆڕا بانگی هەر کەسێک بکات کەبەپێویستی دەزانێت بۆ گوێگرتن لە گەواهیدانی لەو حاڵەتانەی یاسای سەلماندن رێگە ئەدات بەگەواهیدان، هەرکاتێک پێی وابێت سوودێک لەمەدا هەیە بۆ گەیشتن بەڕاستیەکان بەبێ دیاری کردنی رەگەزی گەواهیدەر.
لەم روانگەیەوە لهبڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی #عێراق ژمارە (٣٢) لە ١٩/٢/١٩٨٩ هاتوە: (دادخوازی داواکار رەتناکرێتەوە بەبیانووی تەواونهبوونی رێژەی گەواهیدان، ئەگەر هاتوو هەردوو گەواهیدەرەکان یەک پیاو ویەک ژن بن، چونکە یاسای #سەلماندن رەگەزێکی دیاری کراو ناخوازێت بۆ گەواهیدەر، بەڵکو دەقەکانی بەڕەهایی هاتوون لەکاتی ئاماژەکردن بەگەواهیدان وەک ئامرازێک لەئامرازەکانی سەلماندن، بۆیە رەها بەڕەهایی کاری پێدەکرێت ئەگەر کۆت نەکرابێت). هەروەها لەبڕیارێکی تردا بهژمارە ٣٦٨/م گوازراوە ٩٩/ لە ٢٩/٥/١٩٩٥هاتوە: (#بەڵگە`ی پەسندکراو لەسەر جۆری #رەگەز بنیات نانرێت).
کەواتا جۆری رەگەزی گەواهیدەر نێر بێت یان مێ بەهەند وەرناگیرێت، بەڵکو باوەڕی دادگا و دڵنیابوونی بەگەواهیدانەکە بەهەند وەردەگرێت.
بۆیە کاتێک دادوەر دڵنیادەبێت و باوەڕی تەواوی بۆ دروست دەبێت لەکاتی روونکردنەوەی راستیەکان، دەکرێت پشت ببەستێ بەگەواهیدانی دوو پیاو و دوو ژن یان یەک پیاو یان یەک #ژن، چونكه جۆری رەگەزی گەواهیدەر هیچ گرنگیەکی نییە لەبارەی گەواهیدان بۆ دەرخستنی راستیەکان.
بەڵام سەبارەت بەپرسە شەرعییەکان دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی/ باری کەسی بەبڕیاری ژمارە ٢١٦٦/گەواهیدان ٢٠٠٨ لە ١٢/٨/٢٠٠٨ دەڵێت: (ناکرێت گوێ لەگەواهیدانی ژنان بگیرێت بەتەنها لەسەلماندنی #پرسە شەرعییەکانی تایبەت بەباری کەسی، بەڵکو پێویستە گوێیان لێ بگیرێت بەشێوەی دووان پێکەوە).
ئەم بڕیارە تایبەتە بەپرسە شەرعییەکان لەباری کەسی، بەڵام لەهەرێمی کوردستان بەیاسای ژمارە (١٥) ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای جێبەجێ کردنی هەمواری یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨) ی ساڵی ١٩٥٩ ماددەی شەشەم بڕگەی (١) خاڵی (ء) لەکارخراوە و جیاوازی نەماوە لەنێوان ژن و پیاو بۆ ئەوەی گەواهی بدەن لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیری لەنێوان دوو هاوسەر، واتا جياوازى رهگهزی بهههند وهرناگیرێت و لهمهدا ژن و پیاو یهكسانن.
بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی تێبینی دەکرێت لەپرسی گەواهیدان لەیاسای سەلماندن هیچ دەقێک بوونی نیە بۆ جیاوازی کردن لەنێوان ژن و پیاو، بەڵام ئەوەی هەیە یان وەک زانیاری یاسایی بەخەڵک گەیشتوە گەواهیدانی ژن نیوەی پیاوە، واتا پێویستە هەمیشە #دوو_ژن_هەبێت بۆ گەواهیدان تاکو لەبەرامبەر یەک پیاو رێژەی یاسایی گەواهیدانەکە تەواو ببێت، ئەمەش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بەڵکو ژن و پیاو #یەکسانن لەگەواهیدان، تەنانەت لەحاڵەتەکانی پەیوەست بە: (دووگیانی، سوڕی مانگانە، پاکبوونەوە) گەواهیدانی ژن وەردەگرێت نەک پیاو.