پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

کوشتن بە بیانووی شەرەف و پرۆسێسێکی بەردەوام

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

شادی نەوزاد

کوشتن بە بیانووی شەرەف هەر پێناسەیەکی هەبێت و هەرجۆرێکی کوشتن بێت، لە هەندێک کلتوردا پرۆسێسێکی بەردەوامە.
ئەم کوشتنە تەنیا کوشتنی فیزیکی نییە و تەنیا بردنی ڕۆحێک نییە لە جەستەی مرۆڤێک، بەڵکوو پرۆسێسێکی بەردەوامە بۆ دەیان جار کوشتنەوە لە دەیان کاتی جیاوازدا درێژە دەکێشێت.
ئەوەی لەم رۆژانە دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەو مامەڵەیەیە کە(کۆمەڵگا، میدیا، چالاکوانان، دادگاکان) دەیکەن بەرامبەر هەر جۆرە کوشتنێک بە بیانووی شەرەف.
کاتێک تاوانێکی هاوشێوە ڕوو دەدات و میدیاکان پێشبڕکێیانە کامیان بتوانێت یەکەم دەزگای میدیایی بێت شوێنی ڕودانی تاوانەکە بگوازێتەوە، بێ لەبەرچاوکردنی کۆمەڵێک خاڵی دیاریکراو کە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە داهاتوودا.
دواتر هێنانە سەر شاشەی کەس و هاوڕێ و نزیکەکانی قوربانییەکە یاخود تۆمەتبارەکە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کە ئەمەش دوبارە دەبێتە هۆی تێکدانی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و لە داهاتووی کەیسەکە ئەو وردەکارییانە هەستیان پێ دەکرێت.
بەشێکی دیکەی ئەم دیمانانە بەهۆی نەشارەزایی میدیاکارەکانەوە و وەرنەگرتنی تایبەتمەندی لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی هاوشێوە دەکەونە هەڵەی پرسیارە زۆر باوەکە کە ئەویش (بۆ کوشتت؟)، جگە لەوەی ئەم پرسیارە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەوایەتی دانە بەو جۆرە کوشتنەی کە هۆکارێکی باوەڕهێنی کۆمەڵایەتی لە پشتەوە بێت، هۆکارێکە بۆ دروستکردنی ئەو ڕا کۆمەڵایەتیەی کە کوشتن لە ژێر ناوی شەرەفدا ڕەوایەتییەکی هەیە، بەوپێیەی کۆمەڵگای ئێمە تاکوو ئێستا ڕوانینێکی ڕوونی نییە بۆ کوشتن لە ژێر ناوی شەرەفدا، ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەوایەتیدانە بەو جۆرە کوشتنە و هێشتا کارایە.
ئەو مامەڵەیەی میدیا دەبێتە هۆکاری دروستبوونی هاوسۆزییەک بۆ تاوانکار و ڕوئیایەکی بۆ دروست دەبێت کە قوربانییە(هەر وەک لە کەیسی ماریادا ڕووی دا)، یاخود دروستبوونی پێچەوانەکەی کە بکوژ پاڵەوانەکەیە، کە لە ڕاستیدا هیچیان نییە جگە لە تاوانکارێک.
ئەمە لە کاتێکدایە بەشی زۆری ئەو میدیایانە بەسەر لایەنە جیاوازە سیاسییەکاندا دابەش بوون، لە دور مەودادا ئەو ڕایە دروست دەکات کە لایەنێکی دیاریکراوی سیایسی ئەو بیروبۆچوونە کۆمەڵایەتییەی قبوڵە و ئاکاری لایەنە سیاسییەکەیە ڕەنگدانەوەی هەبووە بۆ ناو میدیاکەیان.
دادگاکانی هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا بەهۆی زۆری ڕێکاری ئیداری و بەشێک لە ڕوانینی هەڵە بەرامبەر بە کەیسی کوشتنی ژنان(کە لە چەند نوسینێکی دیکەدا ئاماژەم پێداوە) نەیانتوانیوە دادپەروەری بەدیبێنن بۆ کۆی کەیسەکانی کوشتنی ژنان..
ئەوەی لە کۆتایی هەموو کوشتنێک لە ژێر ناوی شەرەفدا بێ جیاوازی ڕوو دەدات، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی بەشێکن لە هۆکار، نەک بەشێک بن لە گەڕان بەدوای چارەسەردا.
ئەم تەوەرەش بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرێت لەناو کۆمەڵگادا چونکە ئەم ڕێکخراوانە هەمیشە کارەکانیان وا لێکدراوەتەوە کە لە دژی سیستمی خێزان و باڵادەستی خێزان دژی بەرژەوەندی تاک لەلایەک و کۆمەڵ لەلایەکی دیکە کاریان کردوە، کە ئەمە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە و کاری ڕێکخراوەکان هەمیشە لە پێناو پاراسنی کۆمەڵگادا بووە لە زۆربوونی ڕێژەکانی تاوان و بەرگرتن بەو شەپۆلە ترسناکەی توندوتیژی کە لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە، ئەمەش وادەکات زۆربەی کات ڕێکخراوەکان بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستیەی کە چ تەوژمێکی گەورەی توندوتیژی لەناودایە و پەردەپۆشە هەندێک کات ناوی ژنە کوژراوەکان بەکار دێننەوە، لەکاتێکی گونجاودابێت یاخود نا.
ئەم هۆکارانە و دەیانی دیکە وادەکەن پرۆسەی کوشتن لە ژێر ناوی شەرەفدا پرۆسەیەکی بەردەوام بێت بۆ خودی قوربانیەکە و زۆرینەی کات نابێتە هۆکارێک بۆ باشتر کردنی دۆخی ژنان، بە پێچەوانەشەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی تەوژمەکە بەهێزتر لە قوربانی دواتر بدات.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: