پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

ژینا پێشەنگی شۆڕشێکە ئەناو ئەشکەفتی جمھوری ئیسلامی ئێراندا

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

هەندرین ئەحمەد

لە ئەفسانەی جەنگەکانەوە بۆ فەلسەفە، لە دونیا دینە زەمینییەکانەوە بۆ دیدە عەلمانییەکان ژن چ وەک دایک و چ وەک چوواندنێک بە خاک ھەمیشە بوونەوەرێک لە سۆز بەرھەمھێنەری پیاوی پاڵەوان و شۆڕشگێڕەکان سەیر کراوە، ھەروەک لە کاتی جەنگە مەزنەکاندا پیاوە گیان فیدا پاڵەوانەکانیان لاواندۆتەوە.
لێ رەنگە لە مێژووی کۆمەڵگە جیاوەزەکانی دونیادا بە دەگمەن نموونەی وەک ژینا ئەمینی، -بێجگە لە کیژانی رۆژێاڤا، – بدۆزینەوە کە ببێت بە پێشەنگی شۆڕشێک و نەک ھەر ژن و پیاوی کورد و ئێران، بەڵکە کۆی دونیا رابسێنێت و نەک ھەر ژنان، بەڵکە پیاوەکانی ئەوێ و ئێرە و کۆی دونیا بە لاواندنەوە و ستاییشی پاڵەوانێتییە گیانفیداییەکەی سەرقاڵ و دۆشداماو بکات.
ژینا ئەمینی ئەو کیژە سنەییە لاوە، ھەروەک بۆ دڕداندان و شۆڕشێک بە دژی پاسەوانەکانی ئەو ژیانە نووتەکە ئەشکەفتییەی رژێمی ئێران کە سی ساڵ زیاترە بە وەھم و زۆرەملێ دەم و سەری پیاو ژنانی داپۆشیوە لە سنەوە بۆ تاران سەری ھەڵگرتبێت.
ئەوھا ئەوەی لەم ساتە وەختەدا دڵ شاد بەخشە، کیژە کوردێک وەک ھێمای قارەمانێتییەک لە بری حیزب و پیاوەکانی نەتەوە سەرکووتکار و بێچارەکانی و بگرە کۆمەڵگەی ئێرانێکی خۆ بە خاوەن شارستانی و سەردەستی، پێشەنگایەتی شۆڕشێکی بەرفرە بە دژی ئەو ئەشکەفتە نووتەکەی مەلایەکانی ئێراندا دەکا و ناخی پەنگخواردووی خەلک دەتەقێنێنێتەوە.
ژینا ئەو بێدەنگییە قووڵەی خەلکی ئێرانی تەقاندەوە، لەمە بە دواوە ئەوە ئەرکی ئەو خەڵک و ھێزە کوردیی و ئێرانییەکانە کە ئەو خرۆشان و راسانە سەرتاسەرییەی ئێران بەرەو ئامانجێک بەرجەستە بکەنەوە، ئەو ئامانجەیش دەستەبەرکردنی مافی خۆسەری کورد و ئێرانێکی ئازادە.
ھەرچەند سیاستزانییەکی فرەمان گەرەک نییە چاوەڕوانی ئەوە بین کە رژێمی ئاخوندەکانی ئێران ھەموو رێگەیەکی دڕندانە و مانۆڕەکانی بە دژی خەڵکی راپەڕیوی بگرێتەبەر.
لەوەیش زیاتر وەک دەزانین ھەروەک چۆن ئیسلامی ئێرانی لە سەرەتاوە ئایدیۆلۆژی خۆی ھەناردەی دەرەوەی خۆیەوە کردووە، لەدوێنێوە خەریکی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانە. رژێمی ھۆقبازی ئێران دەزانێت لەودەمەدا ئەمەریکا ئەورووپا بە ھۆی سەرقاڵبوونیان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرینەوە توانای رووبەرووبوونەوەی ھەڵەپاسییەکانی ئەویان نییە و دەشزانێت حکومەتی ھەرێم و بەغدایش ناتوانن وەڵامی بدەنەوە، بەمەیش دەخوازێ خەڵکی راپەریو بەو ھەناردەکردنی کێشەکانییەوە کپ بکاتەوە.
گەرەکە ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە نە کورد بە تەنیا و بگرە بە فارس و نەتەوەکانی دیکەشەوە بێ ھاوکاری ھێزێکی بەھێزێ دەرەکیی بتوانێت رژێم برووخێنن.
دواجار وێڕای ھەموو نیگەرانیی و گومانەکان لە ئەنجامی ئەو راپەڕینەی ھاوسۆز، ھاودەرد و میراتگرانی ژینا ئەمینی، لێ لەو دۆخە مردەنییە جیھانییەدا، ئەو رژێمە ئەشکەفتییەی ئێران کە سی ساڵ زیاترە خەڵکی تئیدا بە سێببەری وەھمەکانییەوە دەمکوت، سەرپۆش و سەرکووت کردووە، بە زایەڵەی ژن ژیان ئازادی ئاوەڵا کردەوە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: