پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

ژن و سیاسەت

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
بڵاوكراوەكان, نوێکراوەتەوە, وتار,

-راز قادر

لە ڕۆژگارێکدا کە پێشکەوتن و تەکنەلۆجیا لە لوتکەی گەشەسەندنی خۆیدایە، مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ژنان بە تایبەتی دەکەوێتە کوێی ئەم پێشکەوتنە جیهانییەوە؟ ئەوەی دەیبینین، سیستمەکانی ئەمڕۆی جیهان و بە تایبەت سیستمی سەرمایەداری زۆرینەی مافەکانی لە مرۆڤەکان زەوت کردووە، بەڵام بە بەراورد لە نێوان ژن و پیاودا، هەمیشە مافەکانی ژن زیاتر خوراون و زیاتر بونەتە قوربانی ستەمکارییەکانی ئەم سیستمانە. گەر وردبینەوە لە ژمارە و ئامارەکان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا (بە پێشکەوتوو و پێشنەکەوتووەوە)، دەبینین ڕێژەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا بە پێی پێویست نییە. لەگەڵ ئەوەی بەشداری کردن لە هەموو جومگەکانی ژیان جگە لەوەی کە ئەرکە مافیشە.
زۆر بە ئاسانی لە داتای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ڕێژەی بەشداری سیاسی ژنان دەتوانین بدۆزینەوە:
لە وڵاتانی عەرەبی ڕێژەی بەشداریان (٢٢٪) و ڕێژەی بۆشایی بەشداری لەنێوان ژن و پیاودا بە نزیکی (١٥.٢٪)ـە. هەروەها لە جیهانیشدا (٢٦.٥٪) لە پەرلەمانەکان ژن بەشداریان هەیە و ژنان (٢٢.٨٪) ی وەزیرەکانیش پێکدەهێنن. ئەم ڕێژانە دوای چەندین پڕۆژە بەدیهاتوون کە جێبەجێکراون، نەتەوە یەکگرتوەکان خۆیان ڕۆڵیان لەبەشی زۆربەیاندا هەبووە و کاریان تێداکردوون، ئەوەش لە پێناو بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری سیاسی ژناندا بووە لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەی لە کوردستان چی دەگوزەرێت! ڕێژەکان بەراورد ناکرێن، بەشداری ڕاستینەی ژن لە کاری سیاسیدا لە(٩٪) تێناپەڕێت و تەنانەت پۆست و پلەو پایەکانیش کە وەریان دەگرن لەژێر ڕەحمەتی پیاواندایە، هەر بڕوانە پێکهاتەی دوا کابینەی حوکمەتە ماوە بەسەرچووەکەی هەرێم، تەنها ژنێکیشی تێدا نەبوو.
بەشداری ژنان لە کاری سیاسیدا لە کوردستاندا لەبەردەم دوو قەیران و کێشەی گەورەدایە، جگە لەوەی لە ژێر ڕەحمەت و نەفەسی پیاوانی حیزبدایە، ئەوانەی بەشداریش دەکەن بە داخەوە بەشدارییەکی پیاوانەیان هەیە. جگە لەوەش هۆشی پیاوسالاری هێشتا باوە و بەو هەژموونەوە کاردەکەن. کەمترین کات لە ناوحیزبەکانەوە کارێکی تایبەت بۆ ژنان بەدی دەکرێت، ئەوەشی دەکرێت هیچ نابێتە جێی سەرنج و کێشەیەکی گەورە چارەسەر ناکات، ئەمە بەدەر لەوەی کە کار کراوە بەڵام نەتوانراوە ژنانی هەموو حزبەکان لە دەوری پرسێک کۆببنەوە و کاری بۆ بکەن دوور لە جیاوازی بیروڕاکانیان، چونکە هەمیشە جێبەجێکردنی ئەجیندا حزبییەکانیان لە ژن بونیان گرنگتربووە و گرنگتر کراوە.
دەرئەنجامی ئەم ڕاستییە گوزەرانە زۆر بە جوانی لە کۆنگرەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدی دەکرێت، با کەمێک بەراورد بکەین لە نیوان قسە و کردارەکانیاندا؛ ئەوەی یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکات، کە گوایە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و هەر بوونی لە ناو ئەم بەرەیەدا، هۆکارە بۆ ئەوەی ڕێژەی ژنان و کاریگەرییان لە هەموو حزبەکانی تری کوردستان زیاتر بوایە، بەڵام بە داخەوە، ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و تەنانەت کۆنەپارێزترین پارتە سیاسییەکان لەوان باشترن، چ لە ڕووی چۆنێتی و چ لە ڕووی چەندایەتی بەشداریانەوە. بینیمان لە ماوەی پێشوودا کارکرا بۆ بەرزکردنەوەی ئەم ڕێژەیە هەتا نزیک ببێتەوە لە (٢٥٪)! لەم کۆنگرەیەشدا ئەگەرچی وتەبێژەکەی ژنێکی کارا و چالاکی ناو حیزبەکە بوو، ڕاگەیاندنەکانی بە جۆرێک تێگەیاند کە سەرکردایەتی یەکێتی (٢٥٪)ی ژنە و دڵخۆش بوو بە ڕێژەکەی، کەچی ئەوەی بینیمان لە کۆی (٦١) ئەندامی سەرکردایەتی تەنها (٩) یان ژن بوون، ئەمەش بە وردی دەکاتە (١٤.٧٥٪). ئەم ئەنجامە جگە لە ئاماژەیەکی ڕوون و دیار بۆ پەراوێزخستنی ژنان هیچی تر نییە!
دوا سەرنج و تێبینیش ئەوەیە هۆشمەندی نێرسالاری تەنیا ژنان پەراوێز ناخات، بەڵکو کۆی توانای گەنجانیشی پەراوێز خستووە و لە ئەنجامەکانی کۆنگرەکەوە بە ئاشکرا دیار بوو، لەگەڵ ئەوەی کە لە بانگەشەدا باس لە بەشدارییەکی کارای گەنجان دەکرا، ئەنجامەکانی بەو جۆرە نەبوون. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بونی تەکەتولاتێکی زۆر، کە هۆشمەندی نێرسالاری بەسەر ئەو جۆرە لە تەکەتوولاتدا زاڵە و خۆی خزاندووەتە هەموو جومگەکانی، هەر ئەمەشە وای کردووە بۆشاییەکی گەورە لە نێوان قسە و کرداریاندا هەبێت، وەک سەرئەنجامیش بۆشایی دەخاتە نێوان خەڵک و حیزبە سیاسییەکانەوە. گرنگە هەمیشە پێش ئەنجامدانی هەر کارێک پلانێکی تۆکمە هەبێت، هەتا لێدوان و کردارەکان چوونیەک بن، چونکە بەڕاستی چیتر خەڵک لە زەمەنی دروشما نەماوە و بە ئەنجام و کردار هەنگاوەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن redcode
Image
jkbkbnllknl

بابەتە هاوشێوەكان: