ئیسپانیا پێدەچێت ببێت بە یەکەم وڵاتی ڕۆژئاوایی کە بە پێی پڕۆژە یاسایەکی پێشنیارکراو ڕێگە بە ژنان بدرێت لە ماوەی سوڕی مانگانەیاندا هەموو مانگێک بتوانن چەند ڕۆژێک لە کارەکەیان پشوو وەربگرن.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە پێدەچێت حکومەتی ئیسپانیا ئەو پڕۆژە یاسایە وەک بەشێک لە پڕۆژە یاسایەکی بەرفراوانتر لەسەر تەندروستی زاوزێ و مافەکانی لەباربردن پەسەند بکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بە تەواوەتی ئاشکرا بکرێت.
حکومەتی هاوبەندی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی سۆسیالیستەکان پڕۆژە یاسایەکی ئامادە کردووە کە ڕێگە بە ژنانی سەرووی 16 ساڵ دەدات بە بێ مۆڵەتی دایک و باوکیان یان سەرپەرەشتەکانیان بتوانن بریار بدەن بۆ لەباربردنی منداڵ و هەروەها ڕێگە بە ژنان بدات بە لایەنی کەمەوە سێ ڕۆژ لە کاتی سوڕی مانگانەدا پشوو وەربگرن.
ئەم پڕۆژە یاسایە دەتوانێت ئەو یاسایەی کە ساڵی 2015 لەلایەن پارتی پارێزگارەوە پێشکەش کرا بۆ ئەوەی ژنانی تەمەن 16 و 17 ساڵان بۆ لەباربردنی منداڵ ڕەزامەندی دایک و باوکیان هەبێت، هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕەشنووسەکە کە بە فەرمی بە یاسای مافی زاوزێ ناسراوە، تێیدا هەروەها یاسایەکی نوێ پێشکەش دەکات کە رێگە بەو کارمەندانەی بەشی تەندورستی کە دژی لەباربردنی منداڵن دەدات کە بتوانن ئەو کارە بۆ ئەو ژنانەی کە خوازیاری لەبەربردنی منداڵن نەکەن و بە کارمەندی دیکەی بسپێرن.
لە ئێستادا هەندێک لە ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ ناچارن بۆ دۆزینەوەی نەخۆشخانەیەکی گشتی گەشتی جێگایەکی دوورتر بکەن یان بۆ ئەو کارە ناچارن پارەیەکی زۆر لەگیرفانی خۆیان مەسەرف بکەن.
وەزیری ئیسپانیا بۆ یەکسانی جێندەر لە مانگی2دا رایگەیاند کە ئەرک و نیازی حکومەت پاراستنی مافی لەباربردنە لە سیستەمی تەندروستی گشتیدا و هەروەها لابردنی ئەو بەربەستانەی کە رێگری لەوە دەکات ژنان بتوانن بڕیار لەسەر جەستە و ژیانیان بدەن.