پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

پەروەردەی جوانی

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,
سولماز دروودی
باسی پەروەردەیەک کە ژنانی ئازاو بوێر کە متمانەیان بە خۆیان و خواستەکانیان بێت، باسێکی بەردەوامی لایەنگرانی یەکسانی و مافی ژنانە. ئەوەی کە ژنان دەبێ هۆشیار بکرێنەوە بۆ ئەوەی ئامادە نەبن بێمافی و زۆر قەبووڵ بکەن و پێداگربن لەسەر ئەستاندنی مافەکانیان، ئەوەی کە باوەڕیان بە خۆیان بێت و خۆیان بەو شێوەی کە هەن قبووڵ بێت و دەیان قسەی تر…
بەڵام ئەو هەوڵە چۆن دەگاتە ئاکام لە کاتێکدا کە هەوڵی فەرهەنگسازی بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە هەڵاواردن زۆر بە زەحمەت و بەئاسپایی دەچێتە پێش؟ ئەی تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا چیان لێدێ و هۆشیارکردنەوەی ئەوان بەرامبەر بە ماف و ئەرکی خۆیان و کەسانی دیکە بەشێکی ئەو پرسە نییە؟
ماوەیەک لەمەوبەر تماشای دایکیومێنتێکی سویدیم دەکرد کە باسی مەسەلەی جوانکاری (هەندێ کەس بە دەستدرێژی کردن بۆ سەر لەش بە پێی خواست و پێوەرەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری پێناسەی دەکەن) دەکرد. لە ناو فیلمەکە دکتۆرێک باسی ئەوەی کرد کە ساڵانی پێشوو خواستی تاکەکان بۆ نەشتەرگەری جوانکاری بە پێی وێنەی خودی خۆیان لە کاتی گەنجیدا بووە بەڵام ئێستا وێنەیەکی فۆتۆشاپکراوی گونجاو لەگەڵ خواستی سیستەمی سەرمایەداری ــ کە رۆژانە لە گۆڕاندایە ــ دەهێنن بۆ ئەوەی دوکتۆرەکە بەو شێوەیە “جوانکارییان” بۆ بکات. دوای بینینی ئەو دایکیومێنتە و خوێندنەوەی ڕا و بۆچوونی چەن فێمینیستێکی سویدی، چاوێکم بە سایتە کوردییەکاندا خشاند و گەیشتم بەوەی کە بەداخەوە لای زۆر تاکی کورد ئەوەندە ئەو بیر و باوەڕە دواکەوتووە پیاو/باوکسالارانە نۆرمالیزە کراوە کە ڕۆشنبیر، نووسەر و تەنانەت چالاکوانی مافەکانی ژنانیش هەر بە هۆی کاریگەریی ئەو ڕوانینە لەسەریان، ئەو هەوڵەی کە ئەبێ بۆ کاڵکردنەوە و لەناوبردنی ئەو نۆرمانە لەسەر پێناسەی “جوانی” هەیە، نەیانداوە و تەنانەت هەندێک جار خودی چالاکوانانی بواری ژنان دەکەونە داوی ئەفسانەی جوانییەوە و هەوڵ دەدەن ڕوخسار و لەش و لاریان لە شێوەی باوی سەردەم بچێ و فیلم و وێنەکانیان لە دنیای مەجازیدا لەگەڵ ئەو نۆرمانە بێنەوە.
دەیان پۆستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و… باشی تاکی هۆشیاری کوردم خوێندەوە کە لەگەڵ وێنەیەکی خۆیان بڵاوکراوەتەوە کە بە نەشتەرگەری و فیلتەر هەوڵیاندابوو بگەنە ئەو پێناسەیەی کە قبوولکراوی سیستەمی سەرمایەداریی بۆ کەسێکی بەهێزە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازیی متمانەبەخۆ لای خۆیان و ئەو کەسانەی کە ئەوان وەک نموونە دەبینن. بە دڵنیاییەوە هەر مرۆڤێک خاوەن شێوازی ڕوخسار و لەشی خۆیەتی و بۆی هەیە بڕیاری لەسەر بدا بەڵام گرینگە بەوە بگەین کە هەر کەسێک بۆ خۆی و وەکوو خۆی جوانە و دەبێ خۆی قەبووڵ بکات و پێویست ناکا خۆی بخاتە ناو چوارچێوەیەکی نامۆ لەگەڵ خۆی کە بەرهەمی ئەو شێوە پەروەردە و بیرکردنەوەیەیە کە پەسەندی ڕوانینی سیستمی باوکسالارییە کە سیستمی ئابووری کاپیتالیستی لە خولقاندن و پەرەپێدانیدا دەوری هەیە.
بۆ ئەوەی بتوانین فەرهەنگسازی بکەین و هەڵگری دروشمێکی نوێ بین و بتوانین تاکی خاوەن بڕوا بەخۆ پەروەردە بکەین، دەبێ لە خۆمان و ڕوانینی خۆمانەوە دەستپێبکەین و هەوڵی بەردەوام بۆ کاڵکردنەوەی ڕوانینی باوکسالارانە کە بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی گەوجاندن و کۆیلەکردنی تاک دەدات، بدەین.
پ.ن. لەم نووسینەدا کە باسی جوانکاریم کردووە، مەبەستم لە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگایە بە بێ جیاوازی ڕەگەزی، دیارە زۆربەی جار ڕوخسار و لەش و لاری ژنان لە ژێر چاوەدێریدا بووە و ئەویش بە هۆی پێناسەی جیاواز کە بە پێی کات و شوێن بۆ ژنانیان کراوە، ئەگینا زۆرن ئەو پیاوانەش کە کەوتوونەتە داوی ئەفسانەی جوانیەوە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: