پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

«جەنگ، هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نیە»

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, هەولێر, وتار,

-ئارەزوو موحەمەدی
«ئێمە پێکەوە کتێبی کات و زەمەن دەنووسینەوە، هەر مرۆڤێک حەقیقەتی خۆی هاوار دەکات و پێویستە هەموو ئەم دەنگانە ببیسترێت.»
لە باسکردنەکانی دایک و باوکمەوە پێشمەرگەم ناسی. کاتێک خۆیان بوونە پێشمەرگە زیاتر لە پێشمەرگەم زانی.
کاتێکیش لە تەمەنێک بەولاوە لە سەنگەری ئەواندا لەبەشی ڕاگەیاندن چالاک و هاوکاریان بووم و لەگەڵیان ژیام، زیاتر لە ئەزموون و خەباتیان تێگەیشتم. لە کوردستان تا دیاسپۆراش لە سۆنگەی خەباتی هەر ژنێک و هەر ئینسانێکەوە بۆ ڕزگاری و بەرابەری تا ئامانجەکانی ژنە پێشمەرگەی کوردستان، خەبات تا سەرکەوتن بەردەام کراوە.
لێرە هەلێک وەردەگرم و ئەمەوێت ئاماژە بە کتێبێک بکەم بەناوی «جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نیە» لە نووسینی سڤێتلانا ئەلیکسیڤیچ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بێلاڕووس کە ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیی وەرگرت.
من ئەم کتێبەم بە سوئێدی گوێ گرتووە بەڵام دواتر ئاگاداربووم بە کوردییش هەیە و لە وەرگێڕانی هاوڕێی بەڕێز هیوا قادرە.
ئەم کتێبە گفتوگۆو و گێڕانەوەی ژنە خەباتکارەکانی جەنگی جیهانیی دووهەم و خستنەڕووی بارە نێگەتیڤەکانی جەنگ بە گشتیی و باسکردنە لە خەباتە ونبووەکەی ژنانی شۆرەوی بەهەر ڕوواڵەت و لە هەر بەشێکدا کە بوون.
«تا چەندین ساڵ ترسم هەبوو کە ببمە دایک»
ئەم کتێبە ورد ڕووانیینە لە خەبات و هاوکات بەسەرهاتەکانی ژنان کە گوم بوون و باس نەکران یان نۆرمە سەپێنراوەکانی نێو کۆمەڵگە ڕێگربووە لە باس کردنییان. ئەزموونی پڕ قارەمانێتی و هاوکات تاڵەکانیان کە هاوشێوەی خەباتی ژنە پێشمەرگەکانی کوردستانە.
کاتتان بوو گوێی لێ بگرن یان بیخوێننەوە. بۆ هاوڕێیانی سوئێد من لە Storytel گوێم لێگرت.
پێشمەرگە، خەباتکاری ڕزگاری و ئازادیە! بەڵام بۆ ژنە پێشمەرگە، خەبات هاوکات ڕەچەشکێنی و بازدانە بەسەر لەمپەردا و مافخوازی و ڕزگاری بۆ تاکی وەک خۆی و ئازادیی لە نیشتمان و بۆ نیشتمانە.
کەم نین ئەو ژنە پێشمەرگانەی کە دەیانناسم. بەشێکیان هەم دایکن هەم خەباتکار. خەباتکاری ژیانی خۆیان و خەباتکاری ڕێی ڕزگاری تاک و خاک. ئەم تێکهەڵکێشە ڕەنگە بە قەڵەم ئاسان بێتە نووسین بەڵام لە ڕاستیدا پڕ هەوراز و نشێوە.
کەم نەبوون ئەو ژنە پێشمەرگانەی کە لە کلتووری دژە ژنەوە خۆیان ڕزگارکردبوو بەڵام تاسەی دووری و لۆمەی بێ سەروبەری کۆمەڵگەیەکی پیاومەزن، دەیبردە خەیاڵەوە.
ئەو ژنە پێشمەرگانەی من دەیانناسم، خەباتکارێکی دێرینەی بن شاخەکان و ماندوونەناسێکی ئەوڕۆی مەیدانی شۆڕشن. ئەوان لە شەڕی ئازادی و لە سەنگەری ئاوەدانی دان.
ئەوان بازدەدەن بەسەر تەوژمەکانی دەسەڵاتدا. چ تەوژمی هێزی سروشت وەک لە تێپەڕاندنی سووڕی مانگانەو دەورانی دووگیانیی و دایکایەتی و خستنەژێر کاریگەرییانەوە لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و چ لە دەرەوەی هێزی سروشت و بە ویست و هێزی تاک و دین و ئایدۆلۆژیای دژە ژن.
ژیان و خەباتی پێشمەرگەی ژن هیستووریایەکی پڕ ئەزموون و هاوکات ونە، کە دەبێت وەک خۆی بنووسرێت و بخوێنرێتەوە، هەر لە جلوبەرگەوە تا خەباتییان.
خەباتی کوردستان بێبەریی نییە لە خەباتی ژنان بە گشتی و خەباتی ژنانی پێشمەرگە بە تایبەتی. ئەوان ڕزگاریی کەری بەرەی جەنگ و شەڕکەریی مافخوازانەی بەرەی ژیان و پێشکەوتوویین.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: