پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

“رێگەی گەیشتن بە یەکسانی”

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

-مەجید حەقی

سارتێر دەڵێت: بۆ دۆزینەوەی دەریای نوێ دەبێت ئیرادەی بەجێهێشتنی کەنارت هەبێت، ئەم جیهانە جیهانی گۆڕانکارییە نەک چارەنووس! ئێسپینۆزا فەیلەسووفی ئاڵمانی دەڵێ: سروشت لە گەڵ هەمووکەس بە یەک شێوە هەڵسوکەوت دەکات، ئەوانەی یاسای سروشت دەناسن، دەزانن چۆن بە کەڵک وەرگرتن لە یاساکانی سروشتی دۆزینەوەی رێچارە بۆ هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەم یاسایانە گۆڕانکاری لە ژیان و ژینگەی خۆیاندا پێک بێنن.
کتێبی “رێگەی گەیشتن بە یەکسانی” لە نووسینی هاورێی خۆشەویست و ماندوو نەناسم “تووبا ئەلیاسی”یەوە بە وردی خوێندەوە. دەبێ بێژم تووبە لە ژیانی خۆیدا بێ ئەوەی لە سەردەمی مناڵی خۆیەوە ناوی سارتێری بیستبێت و نووسینێکی ئێسپینۆزی خوێندبێتەوە هەم یاساکانی سروشتی چاک ناسیوە و هەم شێوەی هەڵسوکەوت لە گەڵی بۆ گۆڕانی ژینگە. ئەو نەک دەریا کە ئۆقیانووسی ژیانی دۆزیوەتەوە و لەو بوارەدا شتێکم نیە جگەلەوەی پیرۆزبایی لە تووبا ئەلیاسی بکەم.
کتێبی “رێگەی گەیشتن بە یەکسانی” و ژیانی قاڕەمانی کتێبەکە بۆ ئەوە دەبێ فیلمێکی جوان لێی ساز بکرێت، فیلمێک کە دەتوانێت ڕاپۆرتێک بێت لە ژیانی نەتەوەیەکی بندەست و چیرۆکی سەرکەوتنی کەسانێک بێت کە لە هەموو بوارەوە سەرکوت کراون و تەنیا هیوا و باوەڕەکانییانە کە لەتاریکترین و ئەستەمترین سەردەمەکانی ژیاندا تیشكی هیوا دەبەخشنە ژیان و دەوروبەر و نەتەنیا بۆخۆیان سەرکەوتوو دەبن بەڵکوو دەبنە هێما بۆ خەڵکانی دیکە.
کچێک بە مناڵییەوە مەترسی تەنانەت لە دەستدانی ژیانی قبووڵ کردووە لە پێناو سەربزێوی و ویستی خوێندن، دواتر چالاک بوون و هاوکاری یەکتر کردن. چەند ساڵ لەمەوبەر چیرۆکی (Jonathan Livingston Seagull)م خوێندەوە و خۆزگە دەخوازم ڕۆژێک بتوانم بیکەم بەکوردی و پێشكەشێ جۆناتانەکانی کوردستان بکەم. جۆناتان باڵندەیەکی بچووکی ماسیگرە کە حەز دەکات بفرێتە بەرزایی، کەسوکار و عەشیرەی چونکە لە ئاسمانەکان دەترسن رێگەی لێ دەگرن و تەنانەت لە خێلی باڵندەکان دووری دەخەنەوە و سەر ئەنجام ڕؤژێک جۆناتان بڕیار دەدات بەتەنیا بەرەو ئاسمانەکان بڕۆت و لەوێ لە گەڵ مامۆستای خۆی فێری هەموو جۆرە تەکنیکێکی فڕین دەبێت و دواتر بۆ لەکاتێکدا لەوپەری سەرکەوتندایە خۆشەویستی باڵندەکانی دیکەی بۆی گرینگ دەبێت و دەگەڕێتەوە ناو باڵندەکان و نەتەوەی خۆی پەروەردە دەکات. تووبا ئەلیاسی هاورێ لە گەڵ کچانی دیکەی کەمپی ئەلتاش، هەموو مەترسییەکانی سەر رێگەی خۆیان قبووڵ دەکەن و بە دزییەوە و بێ ئاگادارکردنی باوانیان بەرەو باشووری کوردستان و بنکەکانی حیزبی دێموکرات دێن بۆ بەستنی کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات. ئەمە دەسپێکی فڕینی جۆناتانە بۆ بەرزترین ئاست. شکاندنی هەموو زنجیرەکانی بەردەمە.
کە دێتە نۆروێژ تەمەنی 26 ساڵە دەبێت، لە تەمەنی 26 ساڵەدا و دواتر پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و دوو مناڵ کە یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە پێویستی بەردەوامی هەیە بۆ پێراگەیشتن و بەخێوکردن، تووبای ئەلیاسی کە تەنیا پێنج پۆل یان بە قەوڵی ڕؤژهەڵاتییە فارسی زانەکان پێنج کلاس خوێندنی هەبوو، قووڵی هیمەت هەڵدەماڵێت و وێرای بەخێوکردنی مناڵان، کارکردن و بەرێوەبردنی ئەرکی سەرپەرەستی بنەماڵە زانکۆش دەخوێنێت و لیسانس لە دوو بواری زانستی سیاسی و “کۆمەڵ و کولتوور” ناسی وەرگرێت. بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکەقورساکانی بنەماڵەیی و کێشەکانی پێوەندیدار بە ژیانی کۆچىەری “سووپێر” مرۆڤ بوونی تووبا نیشان دەدات. تواناییەکی لە ڕادەبەدەر کە هیچ شتێک نەتوانێت بەچۆکی دابهێنێت.
جیا لە ژیانی تاکەکەسی بەشداری چالاکانەی تووبا لە ژیانی سیاسی و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و یەکسانی کۆمەڵایەتی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ژنانی کورد بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی چەندین قات زیاتر لە پیاوان دەبێ زەحمەت بکێشن، ئەوان دەبێ لەلایەک دژی زێهنیەتی کۆنەپەرەست و خۆسەپێنەری پیاوسالارانە خەبات بکەن و لەلایەکی دیکەوە بەو پیاوانە “یەکسانی خوازانە” نیشان بدەن کە ژن جگە لە کاری ئاشپەزی، خزمەتگوزاری ناو مقەر و بنکەکان و هەروەها خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ئاهەنگەکاندا خاوەنی توانای لە ڕادەبەدەری سیاسی و شارەزایی وپسپۆرین و تەنیا دەرفەتی یەکسانە دەتوانێت نیشان بدات، نیوەی دووەمی کۆمەڵ خاوەنی چ پۆتانسییەلێکی بەهێزە. تووبا ئەلیاسی لە کتێبی “رێگەی گەیشتن بە یەکسانی”دا زۆر بەجوانی ئەو کێشە و رێگرانەی لە ناو ریزەکانی حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات دا، لەبەردەم ژنان دادەنرا باس دەکات و دەسەلمێنێت کە کێشەی سەرەکیی بەرەوپێش چوونی پرسی یەکسانی و بەشداری ژنان لە خەباتی سیاسی و چەکداریدا زێهنیەتی پیاوسالارانەی بەرپرسان و رێبەران و بڕیاردەرانی ناو حیزبە کە تەنانەت رێگری لە ژنان و کچانی خۆیان دەکەن بۆ بەشداریی لە بڕیاردانی و رێکخراوەییدا. ژن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و “مەسلەحەتی” پیاو بەشداری کراوە لە ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی حیزبەکاندا.
ئێسپینۆزا لە فەلسەفەی خۆیدا باس لە پۆتێنشیا یان پۆتێنسیال دەکات، ئەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئازاد کردنی هەم بەختەوەر بێت و هەم بەختەوەری بۆ کۆمەڵگای خۆی وەدی بێنێت، تووبا ئەلیاسی پۆتێنشیای خۆی کردۆتە هەوێنی سەرکەوتن، بەهێزبوون و خاوەن ئیرادەبوون لە پێناو ژیانێکی مرۆڤانەدا.
خوێندنی کتێبە بە هەموو هۆگرێکی کۆمەڵگایەکی مرۆڤی و بەتایبەت کچان و ژنانی کوردستان پێشنیار دەکەم. تووبا نیشانی داوە کە شتێک بەناوی نەبوون و نامومکین بوون نیە، کاتێم مرۆڤ خاوەن ئیرادەبێت.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: