پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بۆ تێگەیشتنێکی وردتر جێندەر پەیوەندیی بە جۆری حەزی سێکسیەوە نیە

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, نوێکراوەتەوە, وتار,

سەروەر پێنجوێنی
جێندەر پێگەی کۆمەڵایەتیی نێر و مێیە، و نەبەسراوەتەوە بە ناهاوڕەگەزخوازی و هاوڕەگەزخوازیەوە.
جێندەر جیاوازیە کۆمەڵایەتی و مرۆڤکردەکانی نێر و مێیە لە کۆمەڵگادا، و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی هەر ڕەگەزێک، وەکوو شێوازی دەرکەوتن و خۆگۆڕین و خۆناساندن لە کۆمەڵگادا، و مافە مەدەنیەکان کە زۆر کولتوور لەم مافانەدا جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا دەکات.
لە باسی “جێندەر”دا باسی نێر و مێ سەرەکیە، و پەراوێزێکیش ئەمێنێتەوە بۆ نێرەمووک (کە ئەمیش “خوا دروستی کردووە”)، ئەوەی نە نێری تەواوە و نە مێی تەواوە، کە ئیسلامیش حسابی تایبەتی کردووە بۆ نێرەمووک “خنثی” و نێرەمووکی ناڕوون “خنثی مشکل” کردووە (لە بابی “طەهاڕەت” لە فیقهـ هەندێک “ئەحکام”ی جیاوازیان باس کراوە)، جا نێرەمووکیش دەکرێت وەکوو جۆرێکی کۆمەڵایەتی دەرکەوێت و بار و دۆخێکی یاسایی تایبەتیان هەبێت، یان ـ ئەگەر بکرێت ـ بلکێنرێن بە یەکێکەوە لەو دوانەی یەکەم.
جا “ناسنامەی جێندەری” gender identity ئەو پۆلێن و خۆناساندنەیە کە تاک لە کۆمەڵگادا بۆ خۆیی دەکات، کە خۆی بە “نێر” یان “مێ” (یان “نێرەمووک” و جۆرەکانی) ناودەبات. بەدوای ئەمەدا؛ “ڕۆڵی جێندەری” gender roleـیش هەیە، کە بریتیە لەو شێوازانەی هەڵس‌وکەوت و بیرکردنەوە و هەست و خۆگۆڕین و خۆدەرخستنەی کۆمەڵگا چاوەڕێیان دەکات لە تاک بەپێی ڕەگەز یاخود جۆری بایۆلۆجیی تاکەکە، ئەگەر نێرە یان مێیە، چاوەڕێی شێوازێکی تایبەت لە هەڵس‌وکەوت و خۆدەرخستنی لێ دەکرێت.
ئیتر جێندەر نەبەسراوەتەوە بەوەوە: پیاوەکە حەزی لە ڕەگەزی مێیە، یان “گەی”ـە، و ژنەکە حەزی لە ڕەگەزی نێرە، یان “لێزبیەن”ـە. پیاو لە ڕووی یاسایی و مەدەنیەوە هەر پیاوە، ئەگەر “گەی”یش بێت، و ژن لە ڕووی یاسایی و مەدەنیەوە هەر ژنە، ئەگەر “لێزبیەن”ـیش بێت.
پوختەی قسە: جێندەر جۆرە کۆمەڵایەتیەکەی مرۆڤە، لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەی: نێر و مێ (و نێرەمووک)، کە ئیتر هەر یەکە لە پیاو و ژن پێگەی کۆمەڵایەتی و باری یاسایی خۆیان هەیە. و ئەمە پەیوەندیی بە حەزەکانیانەوە نیە: ئایا حەزی لە ڕەگەزی بەرامبەرە، یان ڕەگەزەکەی خۆی، یان هەردووکیان، یان هیچیان.
ئەم حەزە جیاوازانە، کە خۆیان هەن، شتێکی ترن کە پێی دەوترێت “ئاڕاستەی سێکسی” sexual orientation کە بە حەز و خواستی سێکسیی تاکی مرۆڤ دەوترێت، کە شتێکی خۆڕسکە و تا ڕادەیەکی زۆریش سروشتیە، و بەشێکیشی زادەی پەروەردە و دەروبەر و هەندێک کارتێکەرە. گرنگ ئەوەیە شتێک نیە چالاکیوانی جێندەر یان یاساداڕێژ داوای بکات، بەڵکوو تەنها ناوی دەنێت و دانی پێدا دەنێت کە هەیە، و مادەم خۆی هەیە؛ دەبێت سەرکوت نەکرێت.
لەسەر بنەمای ئەو ئاڕاستە سێکسیانەی تاک؛ “ناسنامەی سێکسی” sexual identityی تاکیش پێک‌دێت، کە بریتیە لەوەی تاک چۆن لەلایەنی حەزی سێکسیەوە خۆی پۆلێن دەکات: پێی وایە حەزی لە ڕەگەزی بەرامبەرە: خۆی پێ ڕێک‌وڕاست straightـە یانی حەزی لە ڕەگەزی بەرامبەرە (“ئەویترخواز” heterosexualـە)، یان لە هەمان ڕەگەز: خۆی پێ “هاوڕەگەزخواز” homosexualـە: “گەی”ـە یان “لێزبیەن”ـە، یان لە هەردووکیان: “دووڕەگەزخواز” bisexualـە، یان لە هیچیان: “ناڕەگەزخواز” asexualـە. ئەمانە “جێندەر” نین، حەز و ناسنامەی سێکسین. و لە هەموو گرووپ و کۆمەڵگایەکدا هەن، ئیتر چۆن ناودەنرێن و تا چ ڕادەیەک خۆیان دەناسن و چۆن خۆیان دەردەبڕن؛ ئەمانە مەسەلەی ترن.
ئەوەی کە چالاکیوانی جێندەر داوای دەکات؛ “یەکسانیی جێندەری”ـە:
“ئاڕاستەی سێکسی” کە مەیلێکی سروشتیە یانی خۆڕسکە، و “ناسنامەی سێکسی” کە هەڵبژاردنی خۆڕسک و خۆویستانەی تاکە، و “ناسنامەی جێندەری” کە هەڵبژاردنی خۆویستانەی تاکە؛ ئەم سیانە داواکاریی هیچ چالاکیوانێکی جێندەر نین، چونکە ئەمانە بۆ خۆیان هەن، نەک داوا بکرێن.
ئینجا “یەکسانیی جێندەری” ئەوەیە ژن و پیاو لەسەر بنەمای جیاوازییان وەکوو نێر و مێ لە مافە مەدەنیەکاندا جیاکارییان بەرامبەر نەکرێت، وەکوو مافەکانی بواری خوێندن و کارکردن و کاری سیاسی.
بەتایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا یەکسانیی جێندەریی ژن و پیاو، کە لەسەر بنەمای ناسنامەی جێندەری و “ژن و پیاوی” مافە مەدەنیەکان بۆ ژن ناتەواو نەکرێن، و ژن بە هۆی ژنبوونەوە بێبەش نەکرێت لە مافە مەدەنیەکانی یان مافەکانی کەم نەکرێنەوە.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: