پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

نۆستالۆژیا لەدەقی ( لە بۆت دەمرم هەولێرە ماست )ی کەژاڵ ئەحمەد

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, داکۆکی, نوێکراوەتەوە, وتار,

نووسینی /پەری عومەرئەسعەد
ئەو ساڵەی “فروغی فروغزاد” ماڵئاوایی لەژیانکرد ئەستێرەکان بە دیار کوژانەوەی خۆیان دەخولانەوە شەو داڵغەی لەپرچی درێژی خۆی دابوو، جیهان مات و بێدەنگ، لەوساڵەدا “کەژاڵ ئەحمەد” شاژنەکەی عەرشی شیعر .. هاتە دنیا کەژاڵێک بۆ عەشق نەبێت وشەکانی نایەنەگۆ، ئەو لەزمانی باڵندەکان شارەزایە و دۆستی درەختە..! باران لەچاوەکانی دەچیت ..تەنیایی سەبووری بە خشپەی پێی ئەو دێت، تاوێک دەسووتێت و داستانێک لە قرچانی ژن دەنووسێتەوە، تاوێکیش لیریک دەستەمۆ دەکات، پەنجەکانی لەپەنجەی “سافۆ” گرێ دەدات و ژیان پڕدەکات لە ئاهەنگ، گوڵ و پەپوولە و دەریا دەگوازێتەوە سەر کەواکەی، نێرگز دەدات لە پەنا گوێی کچە حەرفەکانی و تیشک دەکاتە بەرگی ژیان…
– نۆستالۆژیا :
لەبارەی نوستالۆژیا زۆرشت گوتراوە، بەکورتی هەستێکی بێ ئاگایانەیە و لای هەموو مرۆڤێک وجوودی هەیە، لە (ئەدەب و شیعر)دا بەشێوەیەکی نوێ لەکۆتایی سەدەی نۆزدە خزاوەتە نێو رەخنەی ئەدەبی، بەشێوەیەکی تایبەت رەخنەی دەروونی، کە زۆر ورد کاری لەسەر کرد. نۆستالۆژیا خەیاڵ و تێڕامانێکە لە ژیانی رابردووی پڕ سەروەری سەرچاوە دەگرێت، هەڵبەتە ئەم رابردووە لە ئێستای تاکەکە نەماوە و دروستبوونەوەشی بۆتە شتێکی مەحاڵ، بەم پێیەش بێت دەکرێت بڵێن زۆربەی دەقەکان نۆستالۆژیایان تێدایە.. کەواتە ئەم گەڕانەوە و رابردووە بۆ “ئەدەب” شتێکی پێویست و لەجێیە. لەنێو ئێمە کوردیش زۆربەی شاعیرەکانمان کەسانی نۆستالیژین ئەدەبەکەشمان لەو بارەیەوە دەوڵەمەندە! لێرەدا ئەم دەقەی خاتوو کەژاڵ ئەحمەدمان لە ژێر رۆشنایی و بەرامەی نوستالوژیا هەڵبژارد کە بریتییە لە دەقی ( لەبۆت دەمرم هەولێرە ماست) کە هاوکات شەن و کەوی چەند شێوازێکی بەلاغیشی تێدا دەکەین..
شاعیر کەژاڵ ئەحمەد لەدەستپێکی دەقە نوستالوژیەکەی بە گوزارشتێکی روون و ئاشکرا دەست پێدەکات و دەڵێت:
غەریبیت دەکەم گوڵەباخ
دەڵێی سەرابی؛
دەست ڕادەکێشم و ناتگرم!
هەنگاو دەنێم و ناتگەمێ‌.
گوزارشتی “غەریبیت دەکەم” تەواوی شیعرەکەی لەسەر بنیاد ناوە و چوار (4) جاریش دوپاتیکردۆتەوە، دیاردەی دووبارە کردنەوەی حەرف یان وشە یاخود رستە و گوزارشتێکی تایبەت لە شیعردا شتێکی تازە نیە لەکۆنەوە تاوەکو ئێستا هەر بەکارهاتووە، لەئەدەبی عەرەبی لەسەردەمی جاهیلی و پێش هاتنی ئیسلام شاعیر “مهلهل” بەکاری هێناوە و هەوڵیداوە وێنە و موسیقای شیعرەکەی پێ هاوسەنگ بکات یاخود بۆ پێداگری و دڵنیاکردنەوە، هەروەها شاعیر موتەنەبی وەک جوانکاری و رازاندنەوە بەکاری هێناوە، هەروەها شاعیر نازک ئەلملائیکە گوتویەتی( دووپاتکردنەوە لە دەقدا پێداگرییە لەسەر شتێک کە شاعیر مەبەستیەتی؛ هتدد) بەڵام شاعیرەکەی ئێمە خاتوو کەژاڵ بەدووبارەکردنەوەی “غەریبیت دەکەم” دەیەوێت حاڵی دەروونی خۆییمان بۆ بەیان بکات، لەدووری ئەو شارە کە (هەولێرە) هەرچەندە ئەو لە بنەرەتیشدا خەڵکی ئەو شارە نیە بەڵام نەمەتی مرۆڤە هەستیارەکان وایە بەهەر شوێنێک تێپەڕن مشتێک لەبوونیان لەو شوێنە جێدەمێنێ و لەدڵیشیاندا گۆشەیەک شەقامێک کۆڵانێک دروست دەبێت بەناوی ئەم شوێنە! بۆیە ناتوانن خۆیان لێ بتەکێنن، بۆیە ئەم دوپاتکردنەوەیەی هەرجارەی بەشێوەیەک دەنگەشیعرییەکەی پێ هۆنیوەتەوەو لەهەر یەکێکیشیان ناواخنی رستەکە بریتیە لەو حاڵەتە دەروونییەی شاعیری هەڵپێچاوەتەوە بەرەو رابردوو، رابردووێکی غەریب غەریبی کردنێک کە تەواو نۆستالۆژییە و دەروونی شاعیری تەسلیم بەو بێ ئاگاییە کردووە کە لەپێشەکی باسمان لێیەوەکرد. بەشێک لە پزیشکان نوستالۆژیا بەنەخۆشییەکی دەروونی وەسف دەکەن؛ چونکە حاڵەتەکە بەرلەوەی ئەدەبی بێت دەروونییە و وادەکات مرۆڤ وابەستە بێت بە شتێک یان شوێنێک ! لەم دەقەش دەبینین غوربەت و غەمی دابڕان شاعیر دەگەڕێنتەوە نێو باوەشی سەردەمانێک کە لەو پەڕی سادەییەوە لەژیانی رووانیە و چێژی لە هەموو زاوییەکانی بەختەوەری وەرگرتووە، کەچی ئێستای ئەو بریتییە لەو مەودایەی کە بە( سەراب ) ی چواندووە هەرچەند دەکات دەستی پێناگاتەوە..! ئەم شێوە نۆستالۆژیەی شاعیر تێیدایە پێی دەڵێن: نۆستالۆژیای تاکە کەسی…
دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
غەریبیت دەكەم، سەعات نۆ
بلیتێكی پاسی شەستیم بۆ وەرگرە
یادت بەخێر پاسی شەستی؛
چەند بەتام بوو خولانەوەی درێژخایانی ڕێگا
كە هەر دەتوت
سەفەرە بەرەو هەسارەی كاكێشان
شاعیر هێند لەغەریبی رۆچووە وەک فیلمێکی کۆن هەموو جووڵەو جوانییەکانی هاتۆتەوە بەر چاو و دیدەی هەر بۆیە بەچەند رستەیەکی دەنگی کۆمەڵێک وێنەی شیعری جوانی بەرجەستە کردووە، هەڵبەتە نهێنی و کۆدێک هەیە لەسەعات نۆ (9) ئیجا یا ئەوەیە کەسێکی دیاری کراوی رۆژانە لەو کاتە دا دیووە یا لەسەعات نۆ سوتفەی شتێکی کردووە کە هەر بیریشی لێ نەکردۆتەوە! ئێمە گەر بمانەوێت جوانتر و باشتر تێکەڵی تێکستەکەبین دەبێت لایەنی کەم بچینەوە ئەو زەمەنەی شاعیر تێیدا ئەو شیعرەی نووسیووە، نزیکەی 28ساڵ بەر لەئەمڕۆیە و زۆربەی شوێنەکان یان نەماون یان نوێکراونەتەوە هەولێری ئەوسا دوای ڕاپەڕین بوو زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ئێستا کە بۆتە سەنتەرێکی بازرگانی جیهانی و گۆڕانکاری زۆری تێداکراوە، لێرشدا سەرکەوتوویی ئەم دەقە زیندووەش ئەوەیە کە وەک ئەلبوومێک وایە پڕیەتی لە وێنە ! وێنەی کۆنی هەڵگیراو و ئەرشیفکراو لە زیهنی شاعیرێک کەدواجار دەیگوازێتەوە نێو یادگاکانی خوێنەر، دیارە ئەوسا پاسی 60 مەتری زۆر باو بووە و خەڵک هاتوو چۆی دەوام و ئیش وکاری خۆی پێکردووە، وەک ئێستا ئوتومبێڵ زۆر بۆر نەبووە کە چێژی ژیانی نەهێشتووە، شاعیریشمان لەم رۆتینی هاتوو چۆکردن بە پاسی شەست مەتری بێ بەش نەبووە، ئینجا زۆرجار ئەوانەی درنگتر دەگەیشتنە لای پاسەکە بەوەی پێش خۆیان دەگوت: بەخێری خۆت پلیتێکمان بۆ ببڕە ئەو روحیەتە کۆمەڵایەتیە جوان و پڕ لە ژیانە سەردەمێکە و تەواو بووە لای، بۆیە شاعیر لە هەستی دووری خۆی بۆ ئەو رۆژانە کانیاوی سۆزی تەقیوەتەوە، خۆی و یاداشتەکانی دانیشتوون کە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: یادت بەخێر پاسی شەستی لێرە دا نۆستالۆژیا دەبێتە” گشتی” و باسیی لەکۆمەڵێک شتە بەدەر لەخۆدێتی و کەسێتییەک، کە بەشێوەی گشتی باس لە تام و لەززەتی ئەوسای ژیان دەکات، تەنانەت کە لەنێو پاسدا دەمایتەوە نزیکەی نیوەی هەولێرت تەی دەکرد؛ چونکە دەچۆوە زۆربەی گەڕەکەکانی شار و خەڵک سەردەکەوتن و دادەبەزین، ئەم خولانەوەی پاسەکەی شوبهاندووە بە (ئەستێرەی کاکێشان) یاخود گەلە ئەستێرەی رێگای کاکێشان بەئینگلیزییەکەی گەلاکسی: (galaxy) یە و چەند کۆمەڵە ئەستێرەیەکن کە بەدەوری کونێکی ڕەش لە گەردوون ئەخولێنەوە. بۆیە دەڵێت دەتگوت سەفەرە بەرەو هەسارەی کاکێشان، ئەمەش نیشانەیەکی جوانی جیهانبینی فراوانی بیری شاعیر دەخاتە روو، ئینجا دەڵێت:
چەند خۆش بوون تامی نیسكافێ‌ و
تەعلیقی پیاوە كەنەفت و خەڵەفاوەكانی قەڵا
یادت بەخێر…
دیارە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت: رۆژگارێک تێپەڕیووە ئێمە لە بچووکترین شت لەززەتی گەورەمان تێیدا وەرگرتووە و وەک یادەوری شیرینە تەنانەت خواردنەوەی نسکافێیەک کە ئێستا لە بڕی ئەو نسکافێیە خەڵکی کاپوچینۆی ئیتاڵی دەخۆنەوە و بەختەوەریش نین! ئەگەرچی شاعیر خەڵکی هەولێر نیە بەڵام وەک هەولێرییەک بەدڵێکی خۆیانە و سپی دەڕوانێتە ئەو توانجانەی دەگیردرێنە رێبوارانی دامێن قەڵا لەلایەن بەشێک لەو پیاوانەی دەستگێڕن یاخود بێکاری و زەحمەتی رۆژگار سەری پێهەڵگرتوون و پشتیان داوەتە” قەڵا ” بەتوانج و قسەی خۆش و ناخۆش ئاوڕێک ، نیگایێک، بزەیێک، شەڕێک…لە پیادەڕۆییان دەکڕن!
دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت :
یادت بەخێر…
سێبەری پرچی درەختە عەیارەكانی گڵكەند و
هەتاوی وێستگە پیسەكەی بەرامبەر پەرلەمان
شاعیر لەبەردەم مۆمی داگیرساوی خەیاڵدانی بەسەدان کیلومەتری بڕیوە و گەڕاوەتەوە ئەو رۆژانەی تێپەڕیوون، بەزمانێکی سادە و مانایەکی قووڵ لەگەڵ وێنەی زۆر دەمانباتەوە نێو درەختە عازەبەکانی گڵکەند و ئاشنای ئەو بن دارانەمان دەکات کە ماک و بەرامەی دەیان کۆنە دڵدار و دڵخوازی لێ بەجێماوە، بۆ جیلی نوێ رەنگە تۆزێ ئاستەمبێ چونکە شاعیر باسی 28 ساڵ بەر لە ئەمرۆی هەولێر دەکات، کە کۆمەڵێک گۆرانکاری ستراتیژی تێیدا ڕوویداوە، زۆر بە کاڵی بەر ئەو شوێنانە دەکەوین کە شاعیر باسی لێیەوە دەکات، باسی گڵکەند و هەتاوی وێستگە “پیسەکە” کە دەکرا لێرە لەبڕی وشەی “پیس” وشەی “چڵکن” بەکار بێنێ! لەرووی مانا و وێنەوە جوانتر دەبوو، چونکە پیس زۆر شت دەگرێتەوە..! بەتایبەت بۆ تێگەیشتنی ئەم جیلەی ئێستا ، ئەم وێستگەیەش وێستگەی چاوەڕوانی پاس بووە کە رێبوارانی هاوینی لەبەردەم هەتاوێکی گەرم و زستانیشی لەبەر دەم باران و هەوای سارد بەڵام بەدڵێکی گەرمی عاشقانە وەستاون، ئەو وێستگەیە ئێستا پارکێکی ناوازەی شارە و تەماشای پەرلەمان دەکات …!
ئەمجارەیان شاعیر بەدڵێکی نوستالیژی و هەستێکی بێ ئاگایانەتر مەستی بیرەوەرییەو دەڵێت:
لۆت دەمرم گوڵەباخ!
دڵم هەروەكو زەمبیلەی بن هەنگڵی
ژنەكانی شێخەڵڵا كون‌كونە و،
ئازارم وەك عەرەبانەی
كەرەستەی دۆڵمە دەگەڕێ‌
بەکارهێنانی وشەی” لۆ” کە تایبەتمەندییەکی شێوەزاری هەولێرییانە و پێی دەناسرێنەوە ئەوپەڕی خۆبەدەستەوە دانی هەست و نەستی دەنگە شیعرییەکەیە، بەتایبەتتر ئەودەنگە دەنگێکە لەبنەڕەتتدا بە وشەی “لۆ” گۆش نەبووە و ئەم هەستی غوربەتییە لێیەوە ئەوە دەردەخات ئەم شارە چ ئیلهام بەخشێکە بۆ غەریبان و میوانان و رێبوارانی، هەرکە پێیدا تێدەپەڕن دووردەکەونەوە لێی لەناوەوەی خۆیاندا ویژدان تووشی چ هەڵا و زەنایەکیان دەکات، لەتاو دووری و دابڕانی.. سەیری ئەو وێنە جوانەی رەگەزی شیعرەکە بکەن شاعیر چۆن دڵی بەو زەمبیلانە چوواندووە کە ئەوسا ژنان لەگەڵ خۆیان دەیانبردە بازارەکان بەدیاریکراویش (شێخەڵای هەولێرێ) کە بازاڕێکی بەناو بانگە و ئێستایش لەگەڵ بەژن و باڵای ئەپارتمانەکان نەیانتوانیووە ونی بکەن ، هەر ماوە . ئەوەی تێیدا گۆڕاوە ئەوەیە ژنان ئەمڕۆ زیاتر بێ زەمبیلەن ! هەڵبەتە کە دەشڵێت ئازارم وەک عەرەبانەی کەرەستەی دۆڵمە، سرووشتی ئامادەکردنی خواردنی دۆڵمە وایە زۆر شتی جیاوازی تێدا بەکار دێت، سڵق و باینجان و کودی و پیاز و گەڵای مێو و بیبەر و هتد..کە ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی هەولێرییەکانە و هەولێر و دۆڵمە دوو رووی دراوێکن و لێک جیاناکرێنەوە! لێکچواندن و هێنانەوەکەی وەک خواستنەوە دەیەوێت پێمان بڵێ دڵم هەر بەتەنیا خەمی دووری نیە لەم شارە بەڵکوو کومەڵێک خەمی جیاوازی تێدایە کەهەر یەکەو چۆن کەرەستەی دۆڵمە یەکەو تامێکن، هی ئەویش هەر خەمە و ئازارێکە و دڵی کون کونکردووە!
کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر بەردەوامە و ئەمجارەیان بە لاواندنەوە و پۆزش هێنانەوە ئازاری دووری لەهەولێر سەربەسنگی قەڵاوەدەنێ و دەڵێت:
من لەعەشقی تەنزەوە بوو
پێم دەوتی (هەولێرە ماست)
كەچی تۆ وەك بۆینباخەكەی هادی چاوشلی
بەردەوام هەر بەویقار بووی،
بۆیە سەری پەشیمانیم
وەختە دوو شاخی لێ‌ بڕوێ‌.
دیارە شاعیر رۆژگارێک بەتوانج و تەنزەوە شاری هەولێری بە “هەولێرە ماست” بانگکردەوە ئێستاش بەناونیشانێکی شیعری و تەڕێتی چاوی وشەکانی دەڵێت: ( لەبۆت دەمرم هەولێرە ماست) ئەم پەشیمان بوونەوەیەی شاعیر بەڵگەی جوانی و دڵپاکییە نەک شتی دیکە، هەرچەندە ماستی هەولێر ناو بانگی هەیە، ئەی ناڵێن: ماستی هەولێر (لبن اربیل) کاتی خۆیشی لەوەزارەتی دیفاعی ئیراقی بەناوبانگتر بووە ، ئەوەنیە پیاوێکی هەولێری لەسەردەمی حوکمڕانی پاشایەتی لە ئێراق کوڕەکەی دەبێتە سەرباز لەوەزارەتی بەرگری(دیفاع) دادەمەزرێت، لەبەرانبەر باڵەخانەی وەزارەتەکە دوکاندارێکی هەولێری لەوێ “ماست”دەفرۆشێت، کەڕۆژانە بەمەنجەڵی گەورە لەهەولێرەوە بۆی دەهات، تابڵۆیەکی گەورەشی هەڵواسی بوو لەسەری نووسرابوو (لبن اربیل) واته ماستی هەولێر.. باوکی کوڕە سەربازەکە خۆی خوێنەواری نابێت بەیەکێک نامەیەک بۆ کوڕەکەی دەنووسێ، لەسەر زەرفی نامەکەش بۆ ناونیشانی پێی دەڵێت: “بغداد وزارة الدفاع مقابل لبن اربيل” بەدەستی فڵان بگات، ئەو کە دەڵێت وەزارەتی بەرگری بەرانبەر ماستی هەولێر ، ناونیشانی ماستەکەی پێ بەناوبانگتر بوو لە وەارەتی بەرگری لەکاتێکدا کەس نەبووە نەزانێت ئەم وەزارەتە لە کوێیە! هەڵبەتە کاتێک بیری دەکەوێتەوە بەتەنز گوتوویەتی هەولێرە ماست یەکسەر لێرەیە پۆزشەکە دێنێتەوە و دەڵێت: من بۆخۆشی خۆشەویستی وام پێگوتووی ئەی “هەولێر” دەنا ئەتۆ هەر بە ویقار بووی وەک” بۆینباخەکەی” (هادی چاوشلی) کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە گەورە و رۆشنفکرەکانی هەولێر و خاوەن پەیوەندییەکی فراوان بووە لەسەرانسەری ئێراق، هەر بەو بۆنەیەوەش لەوساڵەی ئەو دەقەی تێدا نووسراوە هادی چاوشلی کۆچی دوایی کردووه.
خانمی شاعیر بەردەوامە لەو هەستە نوستالۆژییەی بۆتە هەوێنی ئەم دەقە و لەبەرە خۆیەوە بە ناڵەیەکی بریندارەوە دەڵێت:
تازە ئیدی …
گوڵەكانی سلێمانی و تاران و ئەنقەرە بەمن چی
كە هیچیان بۆنی پەناگوێی
گوڵەكەی خۆمیان لێ‌ نایە…
یار و دیارم چەند دوورن
وەرزی دڵم چەند تەنیایە.
بەکارهێنانی رەمزی “گوڵ” و باسکردنی ئەو شارانە لەگەڵ یەکتر هەڵبەتە بەرامەی عەشقێکی نەمری پێوەیە کە سەبری بە هیچ یەکێک لەگوڵەکانی ئەوشارانە نایەت و هیچیان فریایی وەرزی تەنیای روحی ئەو ناکەون ، هەوای غوربەت ئێخستویەتی و بەدوای بۆن و بەرامەی” یار “سەرگەردانە، لێرە رەگەزی شیعر و نەفەسی ژنایەتی نێو شیعرەکەی زیاتر تۆخ دەبیتەوە و وێنای عەشقێک دەکات کە هەر ئەو دەتوانێت عەرشی دڵە چۆڵەکەی بهەژێنێتەوە ، ئەو بەراوردکارییە هەستییەی بۆ گوڵەکەی کردووە هەڵگری ئەو پەیام و سۆزەیە کە جێگەی کەس بەکەس پڕنابێتەوە، بەتایبەت لەو جیهانەی تا دێت بەرەو مۆدێرنە و تاکگەرایی دەڕوات و تامی عەشقیشی کردۆتە خەفەت و دووری و سووتان..
دواتر وەک و یاریکردنێکی شیعری و شەپۆڵەکانی ئاوازی ناخی دیالۆگێکی گۆرانی دروست دەکات، لەسەر گۆرانییەکەی هونەرمەند “حەسەن زیرەک “کە هەر هیچ پەیوەندی بە ناوەرۆکی شیعرەکەی خۆیەوە نیە ، بەڵام جوانییەکی بێ وێنەی داوەتە دۆخە نوستالۆژییەکەی شاعیر و بێ ئاگایانە دەیەوێت رووبە ڕووی هەستە بریندارەکەی بێتەوە و دەڵێت :
(سێو پێگەیی نەهاتم، كە لیمۆ زەرد بوو
هەر نایەم
نەخۆش كەوتی نەهاتم! وادەی ڕۆحكێشان قەت نایەم)
پاشان دێتەوە سەر دووپاتکردنەوەی ئەو رستەی کە لە پێشەوەی شیعرەکە باسمان کردووە لە مەسەلەی دوپاتکردنەوە٫ دەڵێت:
غەریبیت دەكەم ئێوارەی
ڕۆژێكی دیكەش دەچین بۆ عەنكاوە
غەریبیت دەكەم تۆ بڵێی
مەغریبی ساتێكی دیكەیش
بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە
هەڵواسراوەكانم بەری و
لەلای (هەدلە) دوو قاوە بگرینەوە؟!
بەدڵنیاییەوە شاعیر چەشنی کەسێک ساڵەهابێت لەو شارە ژیابێت ئاوا زۆر بە موشتاقی و پەرۆشییەوە بیری هەموو کوچە و شوێنێکی کردووە و لە باسکردنی “عەنکاوە ” کە شوێنی نیشتەجێ بوونی زۆربەی مەسیحییەکانی شاری هەولێرە و پێمان دەڵێت برایی بوون چەند جوان و دانەبڕاوە لە تاکی کورد، ئەو هاموو شۆیەی نێوان کەسەکان چ مێژوێک بە بێدەنگی تۆمار دەکات، شێوازی ماڵەکان و ژیان لە عەنکاوە تەواو جیایە لەگەڵ خەڵکە سادە و ساکارەکەی نێو شاری هەولێر، بەکارهێنانی رستەی (بۆ سەیری بەهەشتە سەیرە هەڵواسراوەکانم بەری ) لێکچواندنی سیما و ئەو شوێنە تایبەتمەندییە مێژووییانەی ناوچەی عەنکاوەیە بە شوێنی مێژووی “بابل” و باخچە هەڵواسراوەکانی تێیدا و کۆکردنەوەی ئایدۆلۆژییەکان، دیارە کەسایەتی “هەدلە” ناسراو بووە لەوێ قاوە و بەختی بۆ خەڵک دەگرتەوە، شاعیر بەدەم گلەیی بەختییەوە یادی هەدلە دەکات و بە ئومێدی بینی داهاتووی ئەو نۆستالۆژییەی تێیکەوتووە قاوەیەک بگرێتەوە کە خۆیشی دەزانێت قاوەگرتنەوەکەش چاری ئەو ناکات!
وردەوردە جڵەوی ئەسپی خەیاڵ و هەستەکانی تووند دەکات و دەڵێت :
قەلەندەر خۆمان گوڵەباخ
هێڵی سەعاتەكان باڵن
بڕوانە زەمەن چۆن‌چۆنی پێیان دەفڕێ‌
ئاوڕێك ناداتەوە،
نامەیەك نانێرێ‌!
ژیانی ئێمە بێباكە
وەك بێئاویی گەڕەكی عارەبان
ناموڕادە وەك شەقامی كۆتر سەلام
هەڵبەتە بەکار هێنانی وشەی قەلەندەر خۆمان ئەو دەمەیە کە مرۆڤ لەدۆخی تەنیاییدا دەکە دڵسووتان بۆخۆی و هاودەردانی دواتر زمانی سۆزداری بەکاردێنی و دەڵێت: “گوڵەباخ ” کە دەکرێت لەگەڵ خودی خۆی بێت، یانیش کەسێکە گرنگ لێرەدا کۆپڵەیەک دەبینین جیا لەگەڵ ئەوانەیدیکە چونکە شاعیر تاوێک ورد دەبێتەوە و باس لە رۆیشتن و بەسەرچوونی تەمەن و کات دەکات، بەدیار ئەو دوورییەی دووچاری بووە، هێڵ یاخود میلی سەعات وەک باڵی باڵدار وێنە دەکات و کە بەهۆیەوە زەمەن لەشەققەی باڵیدەدات و دەڕوات جێی دەهێڵێت وەک چۆن ئەو شوێن و دیاری لێ جێماوە و کەوتۆتە یادی بەڵام جیاوازی نێوان ئەو کات ئەو (ئاوڕەیە) کە ئەم دەیداتەوە و وا بەدیارییەوە دانیشتووە کەچی کات بێ ئاوڕ دەڕوات و جێی دەهێڵێت، ئینجا دەکەوێتە گلەیی و پێی وایە دۆستیش ئەمی بیرچووە و نامەیەک و ئاوڕێکی بۆ نانێرێت و ژیانیش بێ باک بەردەوامە لەنێوانیان، بێ باکییەک دیارە ئەوسا گەڕەکی عەرەبان کەیەکێکە لە کۆنترین گەڕەکانی هەولێر و لە ئێستادا بۆتە شوێنەواری کلتووری، ئەوسا بێ ئاو بووە و کەوتۆتە بەر تەنزی شاعیر شەقامی کۆتری سەلام کە ئێستا جمەی کڕیار و فرۆشیاری تێدا دێت لە خەڵکانی شارەکە و تەنانەت بیانیانیش دەبینی بۆ نموونە کابرایەکی فلیپینی ئاو و باڵۆن دەفرۆشێت و حەدت چیە بەلای دەرۆیت منداڵێکت لایە بەزۆر دەتکاتە کڕیاڕی باڵۆن و عەرەبێک لەولاتر دانیشتووە سیم کارت و موبیل دەفرۆشێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەوسا کە بێ موڕادی شەقامەکە بۆتە جێ باسی شاعیر لەخواستنەوەی! بۆ بۆ باسکردنی ساتە وەختی ئەوکاتەی ژیانی خۆی و دڵخوازەکەی یاخود هاوڕێکەی!
لەکۆتاییشدا بە هەڵکێشانی ئاهێکی سارد و پەنا بردنە بە زاتی خودا ئەو دێڕەی تێیدا وەرزی دڵی بەتەنیا کەوتووەو یار کە بێ هەواڵە دوورە دیاریش دوورتر کۆتایی بە دەقەی دێنێت هەروەک دەڵێت :
ئاهـ… خودایە!
یار و دیارمان چەند دوورن
وەرزی دڵمان چەند تەنیایە.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: