ناهیده سۆفى، ساڵى 1948 یه‌كه‌م ئافره‌ت بووه له‌و به‌شه‌ى كوردستاندا كه به‌جلى مۆده (ته‌نووره و بلوسه‌وه) به‌شدارى خۆپیشاندانه‌كانى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى كردووه، هاوكات یه‌كه‌مین ژنه زیندانیكراوى سیاسیش بووه له‌باشوورى كوردستاندا. ئه‌و ڕۆژه‌ى ڕابه‌رایه‌تى خۆپیشاندانه‌كه‌ى به‌رده‌ركى سه‌راى كرد، جگه له‌پیره‌مێردى شاعیر، كه‌سێكى دیكه‌ش پێى سه‌رسام بوو! ئه‌ویش (سه‌عید گه‌وهه‌ر)ى هاوژینیه‌تى كه ئه‌و ڕۆژه وه‌ك زۆر خه‌ڵكى دیكه، دیمه‌نى ئازایه‌تى ناهیده سۆفى به‌چاوه‌كانى خۆى ده‌بینێت، بۆیه ساڵه‌ك دواتر واتا 1949 كاته‌ك ناهیده له‌زیندانى فه‌زیلییه‌ى به‌غدا ئازاد ده‌كرێت، په‌یوه‌ندى هاوسۆزى و خۆشه‌ویستى له‌نێوان سه‌عید گه‌وهه‌ر و ناهیده سۆفى دروست ده‌بێت و دووساڵ دواى ئه‌وه و له 1951 ژیانى هاوسه‌رى پێك ده‌هێنن.
له‌گفتوگۆیه‌كى نێوان خاڵ (پیره‌مێردى شاعیر) و خوارزا (جەمیل سائیب)دا، خاڵ بەخوشكەزاكه‌ی ده‌ڵێ: “جەمیل ئەمڕۆ ئەو كچ و لاوانەت لەخۆپیشاندانەكەدا بینى؟”. جەمیل سائیب، خاوه‌نى یه‌كه‌مین چیرۆكى كوردى (له‌خه‌وما) له‌باشوورى كوردستاندا، كه ده‌كاته خوشكه‌زاى پیره‌مێرد، دەڵێ: “بەڵێ خاڵە بینیم”. پیره‌مێرد دەڵێ: “دە گوێبگرە! ئەم هەڵبەستەم پێشكەش بەوان كردووە”. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بۆ ئێواره‌كه‌ى، پیره‌مێرد له‌قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ى هۆنراوه‌ى نه‌ورۆز ده‌نووسێت، هه‌ر وه‌ك له‌دیوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى پێكردووه:
نه‌ورۆز
ئه‌م ڕۆژى ساڵى تازه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه
جه‌ژنێكى كۆنى كورده به‌خۆشى و به‌هاته‌وه
چه‌ند ساڵ گوڵى هیواى ئێمه پێ په‌ست بوو تاكو پار
هه‌ر خوێنى لاوه‌كان بوو گوڵى ئاڵى نه‌وبه‌هار
ئه‌و ڕه‌نگه سووره بوو كه له ئاسۆى بڵندى كورد
مژده‌ى به‌یانى بۆ گه‌لى دوور و نزیك ئه‌برد
نه‌ورۆز بوو ئاگرێكى وه‌هاى خسته جه‌رگه‌وه
لاوان به‌عه‌شق ئه‌چوون به به‌ره‌و پیرى مه‌رگه‌وه
ئه‌وا ڕۆژهه‌ڵات، له‌به‌نده‌نى به‌رزى وڵاته‌وه
خوێنى شه‌هیده ڕه‌نگى شه‌فه‌ق شه‌وق ئه‌داته‌وه
تا ئێستا ڕووى نه‌داوه له ته‌ریخى میلله‌تا
قه‌ڵغانى گولله سنگى كچان بێ له‌هه‌ڵمه‌تا
پێى ناوێ بۆ شه‌هیدى وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین
نامرن ئه‌وانه وا له‌دڵى میلله‌تا ئه‌ژین (هاوار، (1970)، 119- 120).
پیره‌مێردى شاعیر ئەم شیعرەی بۆ (ناهیدە محه‌مه‌د محێدین) ناسراو بە (ناهیدەی سۆفی) وتووه. ناهیدە سۆفی كە لەو سەردەمەدا خاتوونێكی گەنجی تەمەن ١٦ساڵ بوو، ئه‌و ڕۆژه ڕابه‌رایه‌تى خۆپیشاندانەكەی ساڵی ١٩٤٨ به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى كرد، به‌ڵام ئایا ئەم خۆپیشاندانە بۆ چ مه‌به‌ست و ئامانجێك كرا؟ خەڵكی سلێمانی ئه‌و ڕۆژه، تایبه‌ت توێژى گه‌نجان، دژی ڕێككەوتنامەی (پۆرتسمۆس) وەستانەوە كە (ساڵح جەبر) سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتی بەریتانی پێكه‌وه واژۆیان كردبوو كە لەمێژوودا بەڕێككەوتنامەی (وثبه كانون) ناسراوە. پیرەمێردی شاعیر لەو ڕۆژەدا لەسەرای سلێمانی دەبێت، ڕووداوەكان و لولەی تفەنگی حكومەتی پاشایەتی بۆ سه‌ر سینگى خۆپیشانده‌ران بەچاوی خۆی دەبینێت كە چۆن (ناهیدە سۆفی) سیمبولی ئەو ڕۆژەی خۆپیشاندانەكە و ژنانى شار دەبێت.
سەرچاوە:
محمد گۆران
کتێبی “کچانی مەکتەب لەسەدەی ڕابردوودا”
ناهیدە سۆفی و هۆنراوەی نەورۆز
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan.
“Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.