پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

#من_فێمینیستم

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

چۆمان ھەردی

من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵکوو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم کە ئیمتیاز و ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژ و چەوسێنەرەکان دەپارێزێت بەڵام لە ھەمان کاتیشدا پیاو بار دەکات بە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆز و میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێکنەھاتووە بەڵکوو ژنانێکی زۆریش تیایدا بەشدارن.
من فێمینیستم! کێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێک ژنێکی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە کە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبکەن. باوەڕم بەوەیە کە ژن، ھەروەک پیاو، بوونەوەرێکی ھۆشمەند، بەتوانا و خاوەن عەقڵ و بەھرەیە و دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەک کەس و لایەتی تر.
من فێمینیستم! باوەڕم بە یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەتە. ئەو دیموکراسیەتەی کە جێگەی کەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە کە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە کە تەنھا یەک جۆر ئیمانداری ھەیە و ئەویش ئەوەیە کە گرووپەکەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەکاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە کەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا بسەپێنی.
من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە کە کۆمەڵگا بە ئامێزانکردنی جیاوازییەکانەوە جوانە نەک سەرکوتکردنی. باوەڕم بەوەشە کە ھەر ھێزێک بیەوێت جیاوازییەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەکڕەنگ بکات ئەوا ھێزێکی مەترسیدارە کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەمانبات.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: