هونەرمەند:کانى
مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرە، هەندێجار هێندە بچووک خۆ دەبینێ درک ناکات کە دەتوانێ باڵاتر لەوەی کە هەیە ژیان بکات. من پێچەوانەی ئەمە دەدوێم و بە خۆمدا دەزانم، کاتێک لە نێو باوەشی سروشتدام هەست دەکەم باڵام هێندەی بەرزی درەختەکانە، زۆر جار ئەم هەستە دوبارە دەبێتەوە، لەوێ مرۆڤی لێنیە بچوکت بکاتەوە لەوێ دەتوانی خۆتبیت، ڕاستیەکان ڕوونتر دێنە پێش چاو. ئەو هەستی فڕینە گەلێ خۆشە.. سوپاس گوزارم سروشتی ئازیز.
کاری ڕۆژانەم لە تەک گوڵدایە و ڕێکیان دەخەم بەو هەموو جوانیەوە کە هەن، یەک لەو پلانتە گەورانەی کە من خزمەتی دەکەم درەختێکە بە ناوی ( فیکوس) کە مانگی جارێک دەچمە خزمەتی سڵاوی لێدەکەم و دەست ئەدەم لە قەدەکەی هەستی پێدەکەم و دەزانم چی پێویستە.
ڕۆژێک مامۆستایەکی ئەو زانکۆیەی ئەو درەختەی لێیە هات و پرسی : تۆ چی لەم درەختە دەکەی؟! نزیکەی پێنج ساڵە ئەم درەختە لێرەیە بەڵام جگە لە جوانی سەوزیەکەی هیچی تری نەداوە، هەڵبەت کە دارێکی بەردار نەییە، بەڵام وەک موروو بەرێکی سوری جوانی گرتبوو. ئاماژەی پێکرد ووتی دیقەتم داوە چەندە ڕێزی دەگریت، ئەو مورووە سورانەش وەڵامی خۆشەویستی تۆیە.
بیردەکەمەوە کە دەکرێ ژیان لەم سوچە جوانانەوە سەرچاوە بگرن ئارامیی دەچنینەوە و بە پێوانەشەوە کاتێک ژیان هێندە بچوک بکرێتەوە دەبێ چ هەستێکی قورسی هەبێت تێپەڕاندنی!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەمەوێ بڵێم مرۆڤایەتیم خۆش دەوێ، کاتێ لەسەر کارم و ئاوی گوڵەکانم دەدەم کەسێک بە لامدا تێدەپەڕێ هەست بە پاکژی ڕۆحی دەکەم چاوم دادەخەم و چێژی ژیان و بۆنیان دەبەم.
