Call: 07507613136 | Email: info@emmaorg.me

شەش سەرنجی پێویست بۆ حکومەت، پارلەمان، راگەیاندنەکان و هەمومان

Share this Post:
Image
Advocacy,
-رویدە مستەفا
هەرکاتێک لاپەڕەیەکی فەیسبوک و ئینستاگرام لەبارەی ژنێکەوە شتێک پۆست دەکەن، بەداخێکی زۆرەوە کۆمەڵێک کەس هەندێک کۆمێنتی زۆر نائینسانی و نائەخلاقییانە دەنوسن. ئەو کۆمێنتانە لە دونیادا، ئەو دونیایەی قانون هەیە و مافی مرۆڤ تا رادەیەکی باش رێزی لێ دەگیرێت، دەکەونە خانەی قسەی رق و جیاکردنەوەی رەگەزی و سێکسیزم و بڵاوکردنەوەی رق بەرانبەر ژنان. دەزگاکانی راگەیاندن ئەو کۆمێنتانە لەسەر پۆستەکانیان ناسڕنەوە. لێرەدا، پێویستە چەند سەرنجێک بخەمەڕو هەم بۆ میدیاکان و هەمیش بۆ دەزگاکانی حکومەت و پارلەمان و دادگاکان:
یەکەم: ئازادیی قسەکردن بە هیچ شێوەیەک جێی رقهەڵڕشتنی تێدایە بەرانبەر ژنان. هەر جۆرێکی سێکسیزم و رەگەزپەرستی و بڵاوکردنەوەی رق و جیاکاری لە دەرەوەی ئازادیی قسەکردنن.
دووەم: بۆیە پارلەمانی کوردستان پێویستە قانونێکی رونی هەبێ بۆ روبەڕوبونەوەی سێکسیزم و رەگەزپەرستی و جیاکاری و هەر جۆرە هەڵاواردنێکی رەگەزیی و جێندەری و ئێثنیکی. پێویستیشە بەڕونی پێناسەی ئەو چەمکانە بکرێ و بۆ خەڵک رونبکرێنەوە.
سێیەم: حکومەت و دەزگاکانی جێبەجێکردن ناکرێ بێدەنگ بوەستن لە ئاست ئەو هەمو سوکایەتی و ناشیرینکردنەی ژنان و بەتایبەتییش قوربانییەکانی کوشتنی بەناو `شەڕەف` کە بێگومان ئەوپەڕی بێشەڕەفییە.
چوارەم: -بیرتان نەچێ شەڕەف ئەگەر مانایەکی هەبێ ئەوە بە مانای رێزگرتن لە ئینسان و هەوڵدان بۆ چاکەی گشتیی و لابردنی ستەمکارییە نەک کوشتنی ئینسان لەژێر هەر بیانویەکەوە بێت. زۆریش ناشیرین و ناشارستانییە ئازادیی ژنێک وا دەکات `شەڕەف`ی هەندێک کەس برینداربکات بەڵام ستەمکاری و هەژاری و بێدادی کاریگەرییەکی لەسەریان دروستناکات.
پێنجەم: دەزگاکانی راگەیاندن ناکرێت رێبدەن کەسانی سێکسیست و دژەژن کۆمێنتەکانیان بەوپەڕی ئازادییەوە بنوسن. ئەو کەسانە نابێ بە هیچ شێوەیەک رێیان پێ بدرێ رقی خۆیان بەرانبەر ژنان و کچانمان هەڵبڕێژن. ئەوانە رێگا خۆشدەکەن بۆ کوشتنی ژنان و شەرعییەتدان بە کوشتن. بۆیە، دەبێ لەو قانونەی پارلەمان دەریدەکات، دەزگاکانی راگەیاندن بەرپرسیار بکرێن لە بەرانبەر لابردنی هەمو جۆرە کۆمێنتێکی سێکسیستی و رەگەزپەرستی و ئەوانەی رق بەرانبەر ژنان بڵاودەکەنەوە و پاڵنەری توندوتیژین بەرانبەر ژنان. ناکرێ میدیایەک سەدان هەزار فۆڵۆوەری لە فەیسبوک و ئینستاگرام هەبێ کەچی ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ خۆدەربڕینی کەسانی سێکسیست و رەگەزپەرست. کەسانێک کە تینون بە خوێن و شەرعییەت دەدەنە کوشتنی ژنان.
شەشەم: پێویستە هەمومان هەر کۆمێنت و پۆستێکی ئینستراگرام و فەیسبوک و تویتەرمان بینی کە بەزاندنی سنوری ئازادیی قسەکردن بو بەرانبەر ژنان و کچان، پێویستە ریپۆرتی بکەین بۆ فەیسبوک و ئینستاگرام و تویتەر. بەو جۆرە هەمومان بەهەرەوەزیی روبەڕوی ئەو ئینسانە تاریکیپەرستانە دەبینەوە.
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

Related Posts: