پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

یەکسانی جێندەری

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, هەولێر, وتار,

شادی نەوزاد
کارکردن لە پێناو گەیشتن بە یەکسانی جێندەری تەنیا کارکردن نییە لەسەر یاساکان و دەست بەردار بوونی ئەو لایەنانەی دیکە کە کردارەکین و پێویستیان بە کارکردن هەیە لە جەوهەری بڕوا بوونەوە بە مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری، بە پێچەوانەوە ئەوەندەی کارکردن لە بابەتە ژیانییەکان گرنگن کە ڕەنگە بە هەموارکردنی یاساکان و داڕشتنی یاسای نوێ نەتوانین کارێکی ئەوتۆ لە کۆمەڵگاکاندا بکەین.
یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی ئەم ڕۆژانە کاری لەسەر دەکرێت لە جیهاندا لە پێناو گەیشتن بە یەکسانی جێندەری بابەتی ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانەیە.
سوڕی مانگانە وەک بەشێک لە ژیانی مێینە بە درێژایی مێژوو بەردەوام جێی باس و خواس بووە لەسەر ئاستە جیاوازەکان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کارکردن بۆ ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانە وەک دۆخێک کە لەبەشی زۆری تەمەنی هەموو مێیینەیەکدا بوونی هەیە زۆر کەمبوون تاکوو ئێستا، ئەم وتەیە بۆ هەموو جیهان ڕاستە هەر بۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئوسترالیا کۆڕبەندێکی تایبەت بە بابەتەکە دەبەسترێت، تاکوو هێڵە گشتییەکان دیاری بکرێت و حکومەتەکان کار لەسەر ئەو ئاسایی کردنەوەیە بکەن لەسەر هەموو ئاستەکان بەتایبەت بۆ تەمەنەکانی هەرزەکاران و منداڵان، بە دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت بە بابەتەکە بۆ قۆناغە جیاوازکانی خوێندن بەتایبەت و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی شوێنی گشتی و تایبەت.
ئاسایی کردنەوەی سوڕی مانگانە بەدەر نییە لە دەست بردن بۆ تێرمە کۆمەڵایەتییە باوەکان بۆ ڕوانین لە سوڕی مانگانە بەپێی کۆمەڵگا جیاوازەکان، دەتوانین بڵێین بەشی زۆری کارەکە پەیوەندی بە تێرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە نەک بابەتی دیکەی کردارەکی، بە مانایەکی دیکە سوڕی مانگانە دەبێت وەک دۆخێکی ئاسایی سەیر بکرێت و دواتر بچینە سەر بابەتە کردارەکییەکانیان.
ئەم بابەتە دەیان تێرم و بەشی جیاوازی هەیە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە و چۆنییەتی دروست بوونی ئەو تێرمە کۆمەڵایەتی و دینییانەی پابەندن بە بابەتەکەوە، بەڵام وەک هەموو بابەتەکانی دیکەی پەیوەند بە بابەتی یەکسانی جێندەرییەوە ( هەژاری) بەشی هەرەگەورەی پێک دێنێت، هەژاری لەم بابەتەدا تەنیا مادییات نییە، بەڵکوو هەموو ئەو پێداویستیانەیە کە سوڕی مانگانە پێویستیەتی لە زانیاری ڕاست دەربارەی سوڕی مانگانە و شێوازەکانی مامەڵەکردنی خودی مێینە و دەوروبەر لەگەڵ ئەو دۆخە، هەروەها ڕاستکردنەوەی تێرمە کۆمەڵایەتی و دەرونی و دینییەکان دەربارەی سوری مانگانە، کە بابەتەکە بەشێوەیکی گشتی بە (هەژاری سوڕی مانگانە) ناوزەند دەکرێت و باسی لێوە دەکرێت.
بۆ تێگەیشتن لە هەژاری سوڕی مانگانە دەبێت خۆمان لە جێی ئەو کیژۆڵەیە دابنێین کە لە خوێندنگەیە و دەکەوێتە سوڕی مانگانە و هیچ جۆرە پێویستیەکی نییە بۆ پاککردنەوەی خۆی و پارێزگاری لە بە خوێن بوونی جلەکانی، هەروەها زانیارییەکی تەندروستی نییە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە.
بە واتایەکی دیکە هەژاری سوڕی مانگانە نەتوانینە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پێویستیەکانی سوڕی مانگانە، هەر لە سانتی و حەبی ئازار شکێنەوە تاکوو دەگاتە ڕێنمایی پێویست بۆ تێپەڕاندنی چەند ڕۆژی سوڕی مانگانە و ئامادە کردنی خود بۆ سوری مانگانەی داهاتوو ، لە چۆنیەتی ئاگادار بوونی خود و پاکوخاوێنی و مامەڵەی تەندروست و زانیاری پێویست، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە زۆرێک لە کلتورە باوەکاندا وەک دۆخێکی قێزەون و ناشرین تەماشا کراوە و تەماشا دەکرێت، ئەوەشمان بیر نەچێت لە هەر (٥کچ) کچێک لە خوێندن بێبەش دەبێت بەهۆی ئەم جۆرە هەژارییەوە، ئەمە داتایەکی دەرئەنجامی توێژینەوەیەکە کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە.
کۆمەڵگا و تێڕوانینی کلتوریی وایکردووە هەندێک بیر و ڕای هەڵە و باو باڵ بەسەر دۆخەکەدا بگرێت کە زیانێکی زۆر بە مێینە دەگەیەنێت، وەک نەچوونە گەرماو و بەکارهێنانەوەی دوبارەی پێویستییەکانی سوڕی مانگانە بێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بەو پێداویستیانە و خراپی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژانی سوڕی مانگانە و بەکارنەهێنانی ئازارشکێن و شاردنەوەی سوڕی مانگانە و نابێت کەس بزانێت و بە شەرمەوە باسکردنی بابەتەکە و نەخواردنی هەندێک خواردنی تایبەت و قەدەغەکردنی لەلایەن دایک و خوشکانی گەورەتر و خەتەنە کردنی مێینە یاخود ئەو بۆچونەی کە پێی وایە خوێنی سوڕی مانگانە هەندێک مادەی ژەهراوی تێدایە بۆیە نابێت ژنان و کچان نزیکی خواردنگە و چێشتخانە ببنەوە لەکاتی سوڕی مانگانەدا، ئەمانە و دەیانی دیکە (بەپیی کۆمەڵگاکان ئەم بابەتانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت) کە دەبنە هۆکاری تووش بوون بە دەیان جۆری جیاواز لە نەخۆشی و بەکتریا بۆ مێینە، هەروەها شەرمکردن لە میینە بوون کە دەبێتە هۆکاری چەند جۆر لە گرێ دەرونییەکانی کە دواتر کار لە کەسایەتی مێینە دەکات.
دینەکانیش لە ڕوانینی تایبەتی خۆیان بۆ ئەم بابەتە بەدەر نین و هەر یەک لە دینەکان ڕوانینێکی تایبەتیان هەیە بۆی، وەک نەتوانینی ژن بۆ سەردانی پەرستگاکان و گۆڕستانەکان لەو ڕۆژانەدا.
ئەوەی جێی تێڕامانە لە هەرێمی کوردستاندا تاکو ئێستا کارێک بۆ ئەم بابەتە نەکراوە لەسەر ئاستی حکومی و هەندێک جاریش بەشدار بوون لە درێژەدان بە دۆخەکە، وەک تەرک کردنی بەشێک لە ماددەکانی زیندەوەرزانی و زانستەکان کە باس لە سوڕی مانگانە دەکات و لێنەپێچینەوە لە دۆخەکە (هەرچەندە بەشێک لە ڕێکخراوەکان کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە بەڵام تا ئێستا بە دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەگەیشتوون)، هیچ ئامادە باشییەک نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی ئەو دۆخە لەنێوان هەموو ڕەگەزەکاندا، بەو پێیەی لەنێوان ڕەگەزی نێرینەشدا ئێمە پێویستمان بە هەڵمەتی هۆشیاری و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە هەیە تا بتوانن هاوکاری مێینەکان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە بەشێکە لە ژیانی هەموو مێینەیەک.
وەک هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە ژنانەوە دەستپێک پێویستمان بە ڕوئیایەکی ڕون و ئاشکرا هەیە تا بتوانین ستراتیج دابنێین و دواتر لەپێناو ئاساییکردنەوەی سوڕی مانگانە و نەهێشتنی هەژاری سوڕی مانگانە کار بکەین.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: