پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

ژنانی كوردستان لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەدا فاكتەری سەرەكی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتین-

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, وتار,

-كاوە مەحموود

یەكێك لە نیشانەكانی زیندوویی كۆمەڵگای كوردستان بوونی بزاڤێكی فیمینستی ڕوون و ڕاشكاوە لە دید و بۆچوون و ئامانجی تیكۆشان، كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا شوناسێكی ڕەسەنی هەڵگرتووە و، ئەمەش بەرهەمی خوێندنەوەی درووستی ڕەوشی مێژووی كوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازییە نیشتمانییەكەیەتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و، لێكدانەوەی كرۆكی ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكانە و، هەڵبژاردنی ئاراستەی ململانێیە، كە خۆی لە دەستنیشانكردنی ڕێگای تێكۆشانی نیشتمانی و ڕەگداكوتان لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیركەر و نەیارانە و، كاركردنە بۆ ڕێگاگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی نەریتەكانی فیوداڵ و كۆنەپەرستی و سەلەفی، كە هێزی پارێزەر و وابەستەی نەتەوە باڵادەستەكانی ناوچەكە بە ئاشكرا كاری بۆ دەكەن و ڕێگا لە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و خەبات بۆ یەكسانی جێندەری و ڕۆشنفیكری و پێشكەوتن دەگرن.
تێكڕای ئەم ئەركە تێكۆشەرانەیەی ژنانی كوردستان هاوكات بووە لەگەڵ خەباتی ژنان بۆ پاراستنی زمانی دایك و كەلتووری ڕەسەن و پەروەردەكردنی نەوە لە دوای نەوە بە گیانی خۆشەویستی كوردستان و ئامادەبوونی قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا.
لە باكوردا، ژنان هەر لەسەرەتاوە لە سەنگەری پاراستنی زمانی كوردی و لە گۆڕەپانی داكۆكیكردن لە شوناسی نەتەوەیی گەلەكەمان بوون و، ژیلەمۆی تێكۆشانی هەمەجۆرەی ڕەوای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوون و، ڕۆژانە بەشێكی سەرەكی لە كار و خەباتی سیاسی و جەماوەری و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان بوون.
لە ڕۆژئاوادا، قارەمانی ژنان كوردستان و نەبەردییەكانیان لە شەڕی دژایەتی تیرۆر و پرۆسەی تێكشكاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و، بەشدارییان لە كاری سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەران و داكۆكیكردن لە خاك و بوونیان بە داینەمۆی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و بەشدارییان لە كاری سیاسی و بەڕێوەبردن، بۆتە جێگای سەرسوڕمانی ڕای گشتی دیموكراسی و پێشكەوتنخواز لە جیهاندا، كە نموونەیەكی پێشڕەوایەتییان لە تێكۆشانی ژنان لە جیهاندا پێشكەش كردووە.
لە ڕۆژهەڵاتدا، ژنان بڵێسەی شۆڕش و ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی نەریتی كۆنەپەرست و داسەپاوی كەلتووری سەدەكانی دوواكەوتوویی و جەهالەت بوون و، لە تێكۆشانێكی سەختی ڕۆژانەدا بەرگری لە زمان و كەلتوور و ژینگەی كوردستان دەكەن و نەریتی پێشڕەویی و قوربانیدانیان كردووەتە وانەیەكی تێكۆشەرانە بۆ كۆمەڵگا و، درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆتە وێردی سەرزمانی سەرجەم ئازادیخوازانی كوردستان و ڕای گشتی دیموكراسیخواز و پێشكەوتوو، كە لە سەرجەم جیهاندا پشتگیری لەم درووشمە دەكەن.
لە باشووردا، گرێدانی تێكۆشانی نیشتمانی كوردستانی كە لە تێكۆشان ڕابردوو دژ بە دیكتاتۆری و كوردستانێكی ئازاد و مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان خۆی دەبینێتەوە، بە تیكۆشان لە پێناوی ئازادی ژنان و دابینكردنی یەكسانی جەندەری و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و بەشداری كاریگەرانە لە سیاسەت و ژیانی كۆمەڵایەتی، گرێدراوە و، لە میانەی ئەم كاروانەی تێكۆشاندا ژنان لە باشووردا بەردەوام دووچاری شاڵاوی كۆنەپەرستی و پیاوسالاری لە سەرجەم شەڕەكانیان بۆ هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی و بڕیاڕدانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و تێكۆشانیان بۆ بەشداریكردن لە ناوەندەكانی بڕیار و یەكسانیان لە سەرجەم مافەكانیان و دابینكردنی ئازادییەكانیان، بوونەتەوە، بەڵام لەسەرجەم ئەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا كە دژ بە چالاكانی ژنانی باشوور ئەنجام دراوە و كار بۆ شێواندنی چەمكەكانی ئازادی ژنان و ماف و بابەتی یەكسانی جێندەری كراوە، گیانی بەردەوامبوون و پاشگەزنەبوونەوە هەردەم لە چالاكی و جموجۆڵی بزاڤی فیمینستی لە باشووردا بەردەوام بووە و، بۆیە دەبینین كە ئەم بزاڤە لەم هەلومەرجەدا جەخت لەسەر كۆمەڵێك خاڵی بەرنامەی دەكاتەوە، لەوانە پەرەپێدانی دەزگا تایبەتییەكانی گەشەپێدانی ژنان و سەنتەرەكانی جێندەرناسی لە زانكۆكانی كوردستان و یەكەكانی یەكسانی جێندەری لە وەزارەتەكانی حكوومەت و سەقامگیركردنی كۆمەڵگا و پاراستنی خێزان بە جۆرێك كە ماف و كەرامەتی تاكەكان پارێزراو بێت و هەموو شێوازەكانی توندوتیژی و جیاكاری دژ بە ژنان و كچان تیایدا قەدەغە بێت.
ئاماژەكردن بە تابلۆی بزاڤی فیمینستی لە هەر چوار پارچەی كوردستان كۆمەڵیك خاڵی گرنگ لە شوناسی بزووتنەوەی ژنانی كوردستان بە گشتی دەخاتەڕوو، كە لەم خاڵانەدا كۆدەكرێتەوە:
ــ لە كوردستانی گەورەدا بە هەر چوار بەشەكەیەوە، بزووتنەوەیەكی فیمینستی درووست بووە كە لە میانەی مێژوویی خەباتدا و لە گۆڕەپانی دەستنیشانكردنی پێداویستییە بابەتییەكانی پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی پەرەی سەندووە و لە ناكۆكی و ململانێیەكانی ناو كۆمەڵگادا دانەبڕاوە و بە ئاراستەی دەوڵەمەندبوون لە هزر و پراكتیكدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و لە بزاڤی تێكۆشانی ژنان لە جیهاندا لە پێناوی ئازادی و مافدا، دانەبڕاوە و بەشێكی زیندوو و كاریگەر لەو بزووتنەوەیە بووە و، بەشداری لە دەوڵەمەندكردنی كردووە.
ــ بزاڤی فیمینستی كوردستان بزاڤێكی هاوردە لە وڵاتانی رۆژئاوا یان دەرەوەی كوردستان، نەبووە، بەڵكو بزاڤێكی ڕەسەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی بووە و لە ئاكامی ناكۆكی و ململانێیەكانی كۆمەڵگای كوردستان درووست بووە و پەرەی سەندووە.
ــ بە هۆی تایبەتمەندی ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و لە ئاكامی حوكمی نەتەوەی باڵادەست لەو دەوڵەتانەی كە كوردستان دوور لە ئیرادەی گەلەكەی بەسەر ئەو دەوڵەتانە دابەشكراوە، لە هەر پارچەیەكی نیشتمان ڕەوشی تایبەت بۆ بزاڤی ژنان لەو پارچەیەدا درووست بووە، كە بەشێكە لە ڕەوشی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی و تێكۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی. ئەم ڕەوشە تایبەتە ڕەنگدانەوەی لەسەر دیدی فیمینستی و ئاراستەی خەباتی ژنان هەبووە.
ــ سەڕەڕای تایبەتمەندی دیدی بزاڤی فیمینستی لە هەر پارچەیەكدا، خاڵی هاوبەشی سەرەكی لە دیدی گشتی ئەم بزاڤە هەیە، كە تێكۆشانە بۆ ئازادی و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافی بڕیاڕدانی چارەنووس و، ئەمەش وا پێویست دەكات لە چوارچێوەی فرەیی و هەمەجۆری بۆ لێكدانەوەی ڕەوشی گشتی، كار بۆ هەماهەنگی و دەستنیشانكردنی ئەركی هاوبەش و یەكبوونی ئەم بزووتنەوەیە بكرێت.
ـ بە شێوەیەكی كردەیی ژنانی كوردستان سەنگەری بەرەنگاربوونەوە و نەچەمانەوەیان هەڵبژاردووە و بەرهەمهێنەری نەریتی شارستانی و پێشكەوتووی كۆمەڵگان و فاكتەری سەرەكین لە بزووتنەوەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی چەوساندنەوە.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: