چۆن لە پرسە جێندەرییەکان تێبگەین!
هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە پرسی جێندەر
پەیڕەو ئەنوەر
دیارە چەند رۆژێکە مشتومڕێکی زۆر لەئارادایە لەبارەی چەمکی جێندەرەوە. لەڕاستیدا فۆڕمێکی قوڵ لە دابەشبوون و جەمسەربوون هاتۆتەکایەوە. دەکرێت ناوی بنێین پارێزگاران و پێشکەوتنخوازان. ئەم دۆخە لەگۆشەیەکەوە زیندووێتی و تازەبوونەوەی کۆمەڵگە دەردەخات. هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ مشتومڕ، دابەشبوون، گفتوگۆ و رەتکردنەوەی بەهاکان ناتوانێت مۆدێرن بێت. مۆدێرنە خۆی بەرهەمی جەنگانە لەگەڵ رابردوو. تێنەگەیشتن لە چوارچێوەی چەمک، ناوەڕۆک و ئەدەبیاتی جێندەر دەکرێت نیگەرانی زیاتر، پێکدادانی سیمبوڵی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.
دووانهیهكی كۆمهڵایهتی و بایهلۆجی
یهكهم
ژن، جێندهر و فێمێنیزم سیانهیهكی بهیهكهوه بهستراو و دانهبڕاون. له ئهدهبیاتی ژن و مێژووی ژندا ئهم سێ تێرمه بهیهكهوهن، بهیهكهوه كار دهكهن و دهجووڵێن. ڕاستییهكهی جێندهر پایهكی سهرهكی فێمێنیزمه. سێكوچكهی فێمێنیزم (ئایدۆلۆجیا، سیاسهت و جێندهر) لهخۆ دهگرێت. له پاڵ ئهمانهدا دووانهیهكی ترمان ههن كه به دووانهی (جێندهر و سێكس) ناسراون و خراونهته ڕوو. دیاره ئهم دوو چهمكه نوێنهرایهتی دوو دۆخی تایبهت و دوو مانای تایبهت دهكهن. جێندهر بهمانای (جۆری كۆمهڵایهتی) دێت و بهرههمی بیركردنهوهی تاك، كۆمهڵگه و گرووپه كۆمهڵایهتییهكانی ناو كۆمهڵگهیه. دهكرێت بڵێین دروستكراوێكی كۆمهڵایهتییه گوزارشت و نوێنهرایهتی لێكدانهوه و تێگهیشتنهكانی نێوان (نێر و مێ) دهكات لهڕووی (ماف، ئهرك و رۆڵ)ـهوه له كۆمهڵگهدا.
تێگهیشتن و روانین له جێندهر رێژهییه. له كاتێكهوه بۆ كاتێكی تر، له شوێن و رووبهرێكهوه بۆ شوێن و رووبهرێكی تر دهگۆڕێت و دهستكاری دهكرێت.
ئهگهر سادهتر له چهمكی جێندهر بڕوانین و نموونهی بۆ بهێنینهوه، دهكرێت چهند نموونه و پرسیارێكی ساده بخهینهڕوو وهك: بۆچی له كۆمهڵگهی ئێمه و چهند كۆمهڵگهیهكی تر (رهنگی شین) بۆ كوڕ یان نێرینه تایبهت كراوه و نوێنهرایهتی نێرینه دهكات، له بهرانبهردا (رهنگی پهمهیی) تایبهت كراوه به مێ و بهستراوهتهوه به مێینه؟ یان بۆ منداڵێكی كوڕ دهبێت كهرهسته و یارییهكانی ئۆتۆمبێڵ، یاریی ڤیدیۆیی و تۆپی یاریی بێت و منداڵێكی كچ بووكهشووشه، شانه و كهلوپهلهكانی چێشتخانه وهك كهرهستهی یاریی بهكار بهێنێت؟
كێ ئهو رۆڵ و ناسنامهیه دابهش دهكات؟ كێ ئهم بههایانه دووباره دادهڕێژێتهوه؟ رۆڵی كۆمهڵگه و سیستمی كۆمهڵایهتی و فهرههنگی چ پێوهندییهك له نێوان دابهشكردنهوهی رۆڵ و ئهرك و ماف و جۆری كۆمهڵایهتی دهبینن؟
جێندهر وهك تێرم و مێژوو له كۆتایی شهستهكان و سهرهتای حهفتاكانی سهدهی رابردوو له میانی شهپۆلی دووهمی فێمێنیزم سهری ههڵداوه و گهشهی كردووه. فێمێنیستهكان ههوڵیان دهدا تێرمی جێندهر وهك ئامراز و كهرهستهیهك بۆ لێكدانهوه و تێگهیشتن له مۆدێلی پێوهندییهكانی نێوان نێر و مێ و چهمكی نێرایهتی Masculinity و مێینهیی Femininity بهكار بێنن و سوودی لێ وهربگرن.
دیاره ئهو شهپۆله و گرووپه له فێمێنیستهكان ههوڵیان دهدا دۆخی بایهلۆجی تێپهڕێنن و رۆڵ و ئهرك و مافهكانی ژن وهك دروستكراوێكی كۆمهڵایهتی و كولتووری نهك بایهلۆجی مانیفێستۆ بكهن. پانۆڕاما و چوارچێوهی گشتی جێندهر هێمایه بۆ كرده كۆمهڵایهتی و ژینگهیی و كولتوورییهكان و دابهشكردنی مرۆڤه وهك بوونهوهرێكی كۆمهڵایهتی بهسهر نێرایهتی و مێینهیهتی.
پسپۆڕ و جێندهرناسان پێیان وایه ئهوهی دووانهی ژن و پیاو دابهش دهكات بهوهی چی پیاوانهیه و چی ژنانه و چی لكاوه و بهستراوهتهوه به پیاو و چیش لكێنراوه به ژن، ئهوا دروستكراو و بهرههمی بیركردنهوه و تێگهیشتنی كۆمهڵایهتی كۆمهڵگهیه نهك پێدراوێكی بایهلۆجی. ئهمه دۆخه دووباره دهمانباتهوه بۆ كاتیگۆری (نێر و مێ) وهك كاتیگۆرییهكی سێكسی. هاوكات (نێرایهتی و مێینهیی) وهك كۆمهڵێك تایبهتمهندیی نیشانه و كاتیگۆری جێندهرین، چونكه دروستكراوی كۆمهڵایهتین نهك بایهلۆجی و سروشتی.
تێرمی دووهم كه (سێكس)ـه پێدراوێكی بایهلۆجییه. گوزارشت له دۆخ و پێكهاتهی كارئهندامزانی/فسیۆلۆجی نێر و مێ دهكات له ڕووی رووخسار، ئۆرگانه جیاوازهكانی جهسته، شێوازی كاركردنی بایهلۆجی جهسته، رهگهزه سهرهكییهكانی جهسته.
سێكس دۆخی بهر له لهدایكبوون و تێكهڵبوونه به كۆمهڵگه. دۆخێكه كۆمهڵگه و ئهكتهره جیاوازهكانی ناوی رۆڵیان نییه له بهرههمهێنان و چوارچێوهداركردنی، سهپاندنی نۆڕم و بهها و ناسنامه بهسهریدا، پێچهوانهی جێندهر، دۆخێكه له دوای لهدایكبوون كۆمهڵگه و گرووپه كۆمهڵایهتییهكان شێوازی بیركردنهوه، رهفتار، ناسنامه، بهها و نۆرمهكانی بهسهردا دهسهپێنن.
دووهم، جێندهر و میتۆلۆجیا/ئهفسانهناسی
جێندهر لهناو میتۆلۆجیادا ئامادهییهكی گهوره، فراوان و بێ ئهندازهی ههبووه. بهشێكی زۆری تێكسته ئهدهبی و میتۆلۆجیاكانی رابردوو پڕ بووه له توندوتیژی لهسهر بنهمای جێندهری و وێناكردنی ژن وهك بوونهوهرێكی نهگریس، دڕنده، بێ ناسنامه و پهراوێزخراو. دهیان جۆر ئهفسانه، خهیاڵ و حیكایهتی بێ بنهما لهسهر ژن بهرههمهێنراون، دهیان وێنهی تێكشكاو لهسهر ژن وهك سوبێكتێكی كۆمهڵایهتی داڕێژراوه. ژن وهك سهرچاوهی رق، گهلهكۆمه، كێشه.. هتد، تهنانهت بۆچوونێك ههیه پێی وایه ژن یهكهی سهرهكییه له بهرههمهێنانی حهز و پیشهسازی سێكس له پیاواندا و دهبێت بنبڕ بكرێن.
رۆژگارێك ژنی سهر بهچینی باڵا و كڵاسی سهروو دادهپۆشران، نیشانه دهكران بۆ ئهوهی له ئهوانی تر جیا بكرێنهوه، ڕاستییهكهی ئهم دیاردهیه ههوڵێك بوو بۆ بهكاتیگۆریكردنی سیستمی ئهخلاقی ژن، بۆ ئهوهی ژنی بهڕهوشت له ژنی بێ رهوشت جیا بكرێنهوه و دابهش بكرێن بۆ سهر دوو دنیای جیاواز.
ئهم دیاردهیه لهناو بهشێك له شارستانییهكاندا ئامادهیی ههبووه، لهناو سۆمهرییهكانهوه له سهدهی سیانزهیهمی پێش زاین بینراوه. ژنی داپۆشراو و ژنی باڵا، ژنێك بووه له ناوی سیستم و بهها ئهخلاقییهكان، نوێنهرایهتی ئهخلاقی بهرزی كۆمهڵهكهی كردووه. ئهوانیتر له دهرهوهی سیستمی ئهخلاق بوونه، چونكه دانهپۆشراوبوون و نیشانه نهكرابوون.
پانێڵێكی تری پێوهندی نێوان جێندهر و میتۆلۆجیا پرسی سهربڕین و خوێنڕشتنه. دهكرێت بگهڕێینهوه بۆ چیڕۆكی سهربڕینی (میدۆسا). دیاره بۆ تێگهیشتن له كردهی سهربڕین و كاروكتهری میدۆسا دهبێت سهرێك له داستانی (ئیلیاده)ی هۆمیریۆس بدهین.
(نیپتۆن) وهك خواوهندێك كاتێك میدۆسا دهبینێت و ئهزموونی دهكات، دواتر عاشقی دهبێت، وێنهیهكی زاڵ دروست دهبێت كه زیاتر گوزارشت له وێنهی خواوهند دهكات. خواوهند بهمانای ئهوهی دهبێت دهسهڵاتی رههای بهسهر جهسته و ئۆرگانه جیاوازهكانی میدۆسادا ههبێت. ئهم لێكدانهوه و بیركردنهوهیه دهستدرێژی سێكسی لێ دهكهوێتهوه لهلایهن (نیپتۆن)ی خواوهند بۆ سهر جهستهی میدۆسا. (مینێرڤا) بهم وێنه و رووداوه تووڕه و پهرێشان دهبێت. پێی وابووه كه ناسنامه و وێنهی پهرستگهكهی پیس بووه و شێواوه، خاڵی بووه له ماناكانی پاكیزهییبوون و پاكبوون.
لێرهوه (نیپتۆن) دهست دهكات به داتاشین، داڕشتن و وێناكردنی كارهكتهرێكی تر بۆ میدۆسا و دهیكات به دهعبا كه قژهكانی مارن و پیاوان ناتوانن سهیری بكهن، چونكه چاوهكانیان به سهیركردنی ئهو بوونهوهره دهبێت به بهرد.
كورتهی چیڕۆكهكه بهمشێوهیهی لێ دێت كه كارهكتهرێكی وهك (مینێرڤا) قهڵغانێك دهداته پێرسیۆس و له گهرمهی خهودا سهری دهبڕێت، دواتر پێرسیۆس وهك ئامرازێك سهری میدۆسا بهكار دێنێت بۆ لهناوبردنی نهیارهكانی.
لێرهوه (میدۆسا) وهك قوربانی دهردهكهوێت. دووجار قوربانی، جارێك دهستدرێژی سێكسی دهكرێته سهر و جارێكیش سهری دهبڕدرێت. لێرهوه توندوتیژی دژ به ژنان فۆڕم، شێوه و بنهمایهكی سۆسیۆلۆجی لهخۆ دهگرێت.
ڕاستییهكهی دهستدرێژی سێكسی، كوشتن و تواندنهوهی ژنان و فۆڕمهكانی تری توندوتیژی دژ به ژنان، كردهیهكی دێرین و لهمێژینهیه و له زۆربهی چیڕۆك و میتۆلۆجیاكانی تر بوونی ههیه و دهبینرێت و تا ئهمڕۆیش بهردهوامه.