پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

هەراسانكردنی سێكسی لەپەرەسەندندایە

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
دەربڕینەكان, ژن و ئاشتى, نوێکراوەتەوە, وتار,

راپۆرتی: روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ 

خوێندكارێكی زانكۆ  دەڵێت ” مامۆستاكەم نمرەی وانەكەمی كەمكردەوە لەبەر ئەوەی رازی نەبووم خواستە سێكسیەكانی جێبەجێبكەم” كچێك دەڵێت: لەبەرامبەر پێدانی دەرمان بۆ دایكە نەخۆشەكەم كارمەندی نەخۆشخانەكە داوای سێكسی لێكردم”  مامۆستایەك دەڵێت بەرێوەبەری قوتابخانەكەم داوای سێكسی لێكردم” ئەمانە بەشێكن لە راپۆرتێكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە شایەتحاڵەكان خۆیان قسەیان كردووە.

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی لە زۆربەی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و تەنانەت لە ماڵەکانیشدا  لە زیادبووندایە بە پێی قسەی شایەتحاڵ و قوربانییەکان.
روانگەی عێراقی، گوێبیستی شایەتحاڵەکان بووەو چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ژن، پیاو، هەروەها کارمەندانی ئاسایش و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا قسەیانکردووە، وردەکاری رووداوەکانی هەراسانی سێکسیان خستۆتەروو کە لە نەخۆشخانەو زانکۆکان و قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن روویانداوە.
هەموو قسەکەرەکان داوایانکردووە کە ناویان نەهێنرێت و زانیارییەکانیان بەجۆرێک ئاشکرا نەکرێت، ببێتە هۆی ناسینەوەیان یان ناسینەوەی ئەنجامدەرانی حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی، لەترسی کۆمەڵگەو و بەدواداچوونی خێڵەکی.

 “چارەسەر لە بەرامبەر سێکسدا”
ژنێک کە داوای کرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە روانگەی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ دایکە تووشبووەکەی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی  (اڵامل) لە بەغداد، لە لایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە داوای سێکسی لێکراوە بەرامبەر پێدانی دەرمان و چارەسەر بە دایکی، هەروەها دەڵێت: ” چارەسەری دایکم لەسەر ئیمزایەکی ئەو وەستابوو، بیرم لە چارەسەری کێشەکە دەکردەوە،بە باوکیشم نەوت تا کێشەکە گەورەتر نەبێت،ترساشم زەرەر لە دۆخی تەندروستی دایکم بەم ئەگەر بە فەرمی شکات بکەم، چونکە بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا نین، بۆیە بێدەنگبووم.”
دوای رۆژێک لە رووداوەکە دایکی کۆچی دوایی کرد.
هەروەها وتی:” دوو جاری تریش حاڵەتی هەرسانکردنی سێکسیم بەسەرداهاتووە، یەکەمیان، لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆوە بوو، نمرەی زانستی وانەکەی کەمکردبووەوە، چونکە رازی نەبووم هەراسانم بکات، هەرچەندە لە پلەی دووەمدا بووم لە هەردوو قۆناغی بەکالریۆس و ماستەریشدا.”
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم (سزادانەم) کەمتر بوو لەوەی هاوڕێیەکم سزا درا “مامۆستاکەی هەراسانی کردبوو، ئەویش وەڵامی نەدابووەوە بۆیە لە وانەکەیدا دەرینەچاند” حاڵەتی دووەم کە تیایدا رووبەرووی هەراسانکردن بۆتەوە کاتێک بووە کە داوای کاری پەیامنێری پێشکەش بە یەکێک لە کەناڵە ئاسامانییەکان کردووە: “لە لایەن سەرۆکی پەیامنێرەکانەوە هەرسانکرام، سەرەڕای تواناکەم بە ناچاری لە کارەکە کشامەوە.”
رۆژنامەنووسێک قسەی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد، داوای کرد ناوی خۆیی و ئەو دامەزراوەیەی کاری بۆ دەکات نەهێنرێت، پەیامێکی دەنگی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ناردووە: “بەڕێوەبەرێک لە دامەزراوەکەمان هاوڕێیەکمانی هەراسان کرد لە ناو شوێنی کارکردنماندا، هاوڕێکەمان دەستی بە لێدانی بەڕێوەبەرەکە کرد، بۆیە لە کارەکەی دەرکراو تۆمەتبارکرا بە درۆو دزینی پارە لە جانتای کچە هاوڕێکانی.”

“مامۆستایەکی زانکۆ بەزۆر دەست بۆ سنگی کچە خوێندکارێک دەبات”
لە زانکۆی بەغداد، خوێندکار (ز.خ) لە ژووری یەکێک لە مامۆستاکاندا رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی بووەوە، هاوڕێیەکی چیرۆکەکە دەگیڕێتەوە:”چووە ژورەکەی تا پرسیارێکی لە بارەی وانەکانییەوە لێبکات، مامۆستاکە دەستی بۆ سنگی برد، لای سەرۆکی زانکۆ شکاتی لێکراو بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دورخرایەوە.” هاوڕێکەی کە خەریکی خوێندنی ماستەرە و داوای کرد ناوی نەهێنرێت تا لە کێشە دوربێت، دەڵێت:”مامۆستایەک لە هەمان کۆلێج شەوێکی درەنگ پەیوەندی بە هاوڕێیەکمەوە دەکات و داوای لێدەکات کە سنگی بە روتی و شوێنە هەستیارەکانی تری جەستەی پیشان بدات، پاشان بیانوی بۆ ئەم پەیوەندییە ئەوە بو کە دەرمانێک وەردەگرێت کاریگەری لەسەر هۆشی دەکات.”
ئەم حاڵەتە “بە راگرایەتی کۆلێج و سەرۆکایەتی زانکۆ رانەگەیەنرا، چونکە یەکەم حاڵەتێکی نامۆ نەبوو وەک ئاسایی لێهاتبوو،هەموو دەیانزانی، وە جگە لە کێشە و ناوبانگی خراپ هیچی بۆ خوێندکارەکە نەدەهێنا سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی بوون، بۆیە زۆرینە وای بە باش دەزانن کە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە کەمن ئەوانەی کە بوێری دەکەن و بە فەرمی شکات دەکەن، ئەمانیش لای کەس باسی ناکەن ئەوانە نەبێت کە متمانەیان پێیانە تا ئامۆژگاریان بکەن و هاوکاریان بن.” بە پێی وتەی خوێندکارێکی شایەتحاڵی رووداوی هەراسانی سێکسی.
بە پێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ کردووە و ئەو چاوپێکەوتنانەی ئەنجامدراوە، قوتابخانەکانیش حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسیان تیادا روودەدات،مامۆستایان و خوێندکارانیش وەک یەک روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە.
لە بەغداد، مامۆستایەک بە روانگەی عێراقی وت:”بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان داوای لە مامۆستایەکی هاوڕێیان کردووە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتیکردۆتەوە بۆیە تەنگی پێهەڵچنیوە تا بێزار بووەو داوای گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی تر کردووە، ئەو مامۆستایە لە ناو خوێندکارەکاندا بە (مامۆستا سێکسییەکە) ناسراوە، چونکە داوی لێکردوون کە گرتەی سێکسی بۆ تەلەفۆنەکەی بنێرن.”
روانگە گوێی لە تۆمارێکی دەنگی گرت، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەک لە پارێزگای دیوانیە داوا لە یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی دەکات پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنرا، رۆژنامەنوسێک هەموو بەڵگەکانی گەیاندە نوسینگەی وەزیری پەروەردە.
خوێندکارێکی قوتابخانەیەکی ئێواران دەڵێت، هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە خوێندکارانی بەیانیان گەورەترە ” واز لە هەراسانکردنی مامۆستایەک ناهێنن کە خۆبەخشانە وانەمان پێدەڵێت، بێ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە گرنگی بەم بابەتە بدەن.”

بەلسەم مستەفا، توێژەر لە زانکۆی واروکی بەریتانی و چالاکوانی بواری ژنان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:” لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز چواردەوری هەراسانکردنی سێکسی بە هەموو شێوەکانییەوە داوە، بۆیە کچان و ژنان لە کاتی روبەروبوونەوەیان بە هەراسانی سێکسی بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بە هیچ کەسی راناگەیەنن کە توشی هەرەسانکردنی سێکسی بوونەتەوە.” هەروەها دەڵێت: “بە کەم سەیرکردنی ژنان بەهۆی کلتورێکی پیاوسالاری باڵادەستەوە، قوربانییەکە تاوانبار دەکات، ئەمەش بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە ئارامی نامێنێت، ترسی ئەوەی دەبێت کە سەرزەنشت بکرێت و سزابدرێت، هەمو ئەمانە پێویستی بە دانانی یاسای بەهێز هەیە هاوشانی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ گۆڕینی چەمکە باوەکان و بەهێزکردنی ڕۆحی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی عێراق.”

“کارمەندەکانی پۆلیس مامەڵە دەکەن”
لە هەمان چوارچێوەدا پۆلیسێک بە ناوی (ع.م) رووداوێکی مامەڵەی گێڕایەوە: ژنە سوڵکەرێکی عەرەب لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هیچ پەڕاوێکی فەرمی و نیشتەجێبوونی پێ نەبوو “پیش ئەوەی سەروو خۆمانی لێئاگادار بکەینەوە و حاڵەتەکەیان پێرابگەیەنین، ژنەکە بە دەموچاوییەوە ترسێکی زۆر دیار بوو، بەرپرسەکە داوای کرد کە سێکسی لەگەڵ بکات لە بەرامبەردا ئازادی دەکەن، لە راستیشداهەر ئەو روویدا.” بە پێی شایەتی پۆلیسەکە

“ئارامی لە ناو ماڵەکانیشدا نیە”
لە چێشتخانەو بازاڕەکان، باخچە گشتییەکان، شەقام و ئۆتۆمبیلی کرێ، هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنانەت لە هەندێک شوێن کە سروشتی ئاینیییان هەیە، هەندێک کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە روانگەی عێراقی بۆ مەفەکانی مرۆڤ دەڵێن: ” لە لایەن کرێکار،پیادە، شۆفێرەکان، پیاوە بە تەمەنەکان، روبەڕووی حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی وگوفتاری بوونەتەوە،  لەگەڵ ئەوەی قوربانییەکان بەتەنهاش نەبوون لە کاتی روودانی هەراسانکردنەکەدا و جلەکانیشیان فراوان
بووە.”
“باوک و براکان هەراسانکەرن”
بوونی کچ و ژنەکان لە ماڵەوە مانای ئەوە نییە پارێزراون لە هەراسانکردن، هەندێک جار لە لایەن باوک و براو خزمەکانیانەوە روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی پەلاماری سێکسی و ئەنجامدانی سێک لە ژێر فشار و هەڕەشەدا.”
لەسەر بنەمای ئەوشایەتی و وتانەی کە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوێبیستی بووە، زۆربەی قوربانییەکان وای بە باش دەزانن بێدەنگ بن بۆ دورکەوتنەوە لە (کێشە و ناوبانگی خراپ و رەتکردنەوەیان لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی بڕوا بە دادگاکان و بنکەی پۆلیس و سەختی سەلماندنی رووداوەکان لە بەردەمیاندا، چونکە ئەم سەلماندنە شەرمەزاریی دەهێنێت و ئەمەش درێژدەبێتەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرستدا کە چەمکی پیاوسالاری و داب و نەریتی توندی خێڵەکان زاڵن لە کەیسەکانی شەرەفدا.”
“خێڵ لە بری دادگاکان کێشەکان کۆتایی پێدێنێ”
ماددەی (396)لە یاسای سزادانی عێراقی، (7)ساڵ زیندانی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە بە تۆمەتی هەرسانکردنی سێکسی بە هێز یان هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن تاوانبار دەکرێت،سزاکە توندتر دەبێت بۆ (10)ساڵ ئەگەر ستەملێکراو خوار تەمەنی (18) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ماددەی (402) لە هەمان یاسادەلێت کە “هەراسانکردن بە داواکاری” سزاکەی (3)مانگە یان غەرامە، وە ئەگەر داواکەی دووبارە کردەوە سزاکە زیاد دەبێت بۆ(6) مانگ، شارەزایان وایدەبینن ئەمە بەس نییە تا وەک پێویست رێگری بکەین لە هەراسانکردن.
ماڵپەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە راپۆرتێکی (15 ئەیلول 2019) لەزاری دادوەر سیما‌و نەعیم هوەیم  لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغداد ، دەڵێت:”دادگاکان کەیس و شکاتی زۆرمان لەسەر حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی بۆ دێت، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە سوڵحی عەشایری کۆتایی پێدێت، موحافیزکاری کۆمەڵگەی عێراقی هۆکاری گەڕانەوەیە بۆ سوڵحی عەشایەری.”

“یاسایەکی تازە زۆر پێویستە”
عەلی تەمیمی پسپۆری بواری یاسا، لە وتەیەکیدا بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:”  پێویستییەکی بەپەلە هەیە یاسایەكی نوێ دەربكرێت، كە ماددە یاساییە پەرش و بڵاوەكان كۆبكاتەوە، بۆ رێگریكردن لە هەراسانكردن، كە بووەتە دیاردەیەكی باو لە عێراق، بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حاڵەتەکانی هەراسانکردنی زیاترکردووە.”

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتی باڵای عێراق دەکات بەدواداچوون بکات و چالاککردنی رێکارە یاساییەکان دژی هەراسانکاران و تەرخانکردنی خەڵکانی راهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەراسانکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، هەروەها پاراستنی نهێنی ناسنامەی ئەو راپۆرتی تاوانی هەرسانکردنی داوە.
هەروەها روانگە داوا لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات كە هاوكار بن لە دانانی یاسای توندتر بۆ رێگریكردن لە هەراسانكاران و رێگەنەدان بە دەربازبوون لە سزا تەنها لەبەر “سوڵحی عەشایەری”، بەتایبەتی ئەگەر كارمەندی حكومەت بن، روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسانە بە توندی كاریگەری لەسەر دەروونی قوربانیان هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندن و كاركردنیان هەیە تا دەگاتە ئاستی كۆچكردن و خۆكوشتن.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: