پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

رێکخراوەکان چیدەکەن بۆ بەرگرتن لە کوشتنی ژنان لە کوردستاندا؟

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
بڵاوكراوەكان, پاراستن, داکۆکی, دەربڕینەكان, نوێکراوەتەوە,

وەرگیراوە لە (BBC)
لە 30 حوزەیران (سومەیە) کچە گەنجێکی (18) ساڵ بوو، لەگەڵ زەکەریا رۆستەمی هاوسەری کە تەمەنی (21) ساڵ بوو لە ناو شوققەکەی خۆیاندا لە هەولێر کوژران، ئەنجامدەری تاوانەکە برای سومەیە بوو، چونکە بە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان ناڕازی بوو.
سومەیە و زەکەریا یەکتریان خۆشدەویست، کاتێک پەیوەندییەکەیان ئاشکرا دەبێت سومەیە روبەڕووی لێدانێکی توند دەبێتەوە لە لایەن خێزانەکەیەوە، لە ئەنجامی ئەمە سومەیە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بۆ چارەسەری کێشەی ناڕازی بوونی خێزانی سومەیە بە هاوسەرگیری کچەکەیان لەگەڵ خۆشەویستەکەی و رێگری کردن لە خوێنڕشتن بەپێی رێککەوتنێکی خێڵەکی لە بەرامبەر رازیبوونی بنەماڵەی سومەیە بە پڕۆسەی هاوسەرگیری کچەکەیان سێ کچی بنەماڵەی زەکەریا درا بە براکانی سومەیە.
یەکێک لە براکانی سومەیە کە لە ئەنجامی سوڵحەکە خوشکێکی زەکەریای بەرکەوتبوو بەڵام ناڕازی بوو بە رێککەوتنەکە، لە دوای ساڵ و نیوێک چووە سەر ماڵیان، سومەیە و زەکەریای بەیەکەوە بە دەمانچەکەی کوشت.
مانگێک پێش ئەم رووداوە، چالاکوانی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (ئیمان سامی مەغدید) ناسراو بە ماریا لە لایەن براکەیەوە کوژرا، یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێم چاوپێکەوتنی لەگەڵ براکەی ماریا کە تۆمەتبارە بە کوشتنی خوشکەکەی ئەنجامدا، ئەو کەناڵەی وەک سەکۆیەک بەکارهێنا بۆ تۆمەتبارکردنی ماریای خوشکی و هێنانەوەی پاساوی کوشتنەکەی.
لە کۆتایی مانگی ئازاردا تەرمی (کوێستان پیرۆت خدر) لە هەولێر دۆزرایەوە، ئەو تەمەنی (35) ساڵ بووکاتێک هاوسەرەکەی سەریبڕی.
(فاتمە زراعی) لەهەولێر کاری دەکرد، تەمەنی (23) ساڵ بوو، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لە 26 حوزەیراندا بە چەقۆ کوژرا، لە دوای خۆی منداڵیكی (5) ساڵانەی بەجێهێشت.
بە پێی ئامار و زانیارییەکانی رێکخراوی (ئێمە) بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنانی هەرێم، لە ماوەی (6) مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان (22) ژن کوژراوە، (31) ژن خۆی کوشتووە، (29) ژن خۆیان سوتاندووە.
لە ساڵی (2021)دا (40) ژن کوژراوە لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیانەوە بە بیانوی پاراستنی شەرەف، (61) ژن خۆی کوشتووە، بە پێی ئاماری رێکخراوی پشتیوانی یاسایی ژنان کە ناوەندەکەی لە سلێمانییە.
بەپێی بیروڕای بەشێک لە چالاکوانەکانی بواری ژنان گومانیان هەیە لە زۆرینەی حاڵەتەکانی خۆکوشتنی ژنان، ئایا بەڕاستی خۆکوشتنن؟ یان بەزۆر خۆکوشتنن؟ ئایا چ فشارێک لەسەر ژنان مومارەسە دەکرێت کە تەنها خۆکوشتن دەروازەی رزگاری بێت بۆیان؟
شیلان حەمەنوری، توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری جێندەری و مافەکانی ژنان، بە بی بی سی راگەیاند “حکومەت و رێکخراوەکانی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان دۆکیومێنت دەکەن، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەم دۆکیومێنت کردنە زۆر وردە” هەروەها دەڵێت “هەندێک جار رووداوێک بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا (استنحار)ن واتە زۆرلێکردن و هاندانی ژنە بۆ خۆکوشتن، هەندێک جار ژنان بە خنکاندن دەکوژرێن یان سوتاندن پاشان حاڵەتەکە بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێت، یان بە قەزاو قەدەر، رەنگە هەندێکجار هۆکارەکە هەوڵنەدان بێت بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنەکە، تەنها بە وتەی شاهێدحاڵەکان کەیسەکە یەکلا دەکەنەوە، ئەمە بە تەنها بەس نییە، پۆلیسیش زانیاری پێویستی لانییە تا راستییەکان دەربکەون”.

قەبرە بێ ناونیشانەکان
لە کاتی روودانی تاوانی کوشتنی ژنان لە کوردستان، پرسیارێک دێتە ئاراوە ” چی کردبوو؟”، هەندێک ئەم پرسیارە بە یەکەم بەڵگەی تێڕوانینی دوژمنکارانە بۆ ژنان دەزانن، کۆمەڵگە داننانێت بە ماف و ئازادی و هەڵبژاردنی ژناندا، ئەم پرسیارە لە خودی خۆیدا بە دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت کە هەندێک رەفتاری دیاریکراوی ژنە هۆکارە بۆ کوشتنی.
بنەماڵەی قوربانیانی ئەم جۆرە تاوانانەی لە ژێر بیانووی پارێزگاری لە شەرەف ئەنجام دەدرێت رەتیدەکەنەوە تەرمی قوربانییەکەیان بە شێوەکەی شایستە بنێژرێت، تەرمی قوربانییەکان لە قەبرستانی تایبەت و بەبێ ناو وناونیشان دەنێژرێن، لەم دواییەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستپیشخەری کرد بۆ دانانی کێل لەسەر ئەو قەبرانە، بەڵام لە جێگەی ناوی قوربانییەکە دەستەواژەیەکی نووسی کە بریتی بوو لە “شوێنی ژیان”.
ئێمە لەگەڵ سێ داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان قسە دەکەین، هەوڵ دەدەین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان تێبگەین، ریشە کۆمەڵایەتییەکەی، کاریگەری ژینگەی سیاسی، ئایا رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان بۆ وەستاندنی تاوانەکانی دژ بە ژنان چییە؟ تا چەند ئەم رێکخراوانە لە ژێر پەردەی حزبیدا هاتونەتە دەرەوە؟
هەروەها لە پەراوێزی فەراهەمکراوی کارکردنی چالاکوانەکانی بواری ژنان دەڕوانین، چی مەترسییەک هەیە لە تێپەڕاندنی ئەو سنوری کارکردنە؟ ئایا کەس هەوڵی داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر تا دوو جار ژنان نەکوژرێن بەوەی لە گۆڕی بێناونیشان دەنێژرێن؟
لەگەڵ بوونی چەندین ژن لە حکومەت، حزبەکان و پەرلەماندا، لە پێش هەموویانەوە رێواز فایەق کە سەرۆکی پەرلەمانە، دەبێت بپرسین بە شێوەیەکی گشتی چییان پێشکەشی دۆزی ژنان کردووە؟
ئایا رۆڵیان هەیە لە گۆڕانکاری راستەقینەی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان و سزادانی تاوانباران؟

بۆچی ژن دەکوژرێت؟
سەرەتا، هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانی دەرهەق بە ژنان و توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چییە؟
شیلان نوری لە سلێمانییەوە بە بی بی سی راگەیاند، میراتی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکییە،کۆمەڵگە “تێڕوانینی بۆ ژن تەنها لە روانگەی جەستەوەیە، بە هێمای شەرەفی خێڵ و خێزانی دەزانێت، شەرەفی ئەو نامێنێ بە نەمانی پەردەی کچێنی”
هەروەها ” مەیلی پیاو سالاری لای بەشێک لە پیاوانی ئایینی، لە کاتێکدا تەفسیری ئەوان دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ خودی ئاییندا وەک خەتەنەی کچان و بێبەشکردنی ژنان لە میرات و فێربووندا”
هەروەها شیلان ئاماژەی دا بە ” هەندێک لە حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان رۆڵێکی نەرێنی دەبینن” وای دەبین داواکاری چالاکوان و رێکخراوەکانی بواری ژنان “لەگەڵ ئایین یەکناگرێتەوە و پێشێلکردنی رەوشتە، ئەم حزبانە لە گوتارەکانیاندا دژایەتی ژنە چالاکوانەکان دەکەن”.
هۆکارێکی تر لاوازی رۆڵی یاسایە، دەڵێت: “کاتێک ژن پەنا بۆ دادگاکان دەبات، شۆک دەبێت بە خاو بەڕێوەچوونی رێکارەکان تا ئاستێک بە ناچاری واز لە مافەکانی دەهێنێت”.
سەبارەت بە سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنی ژنان دەڵێت، سەرەڕای هەموارکردنەوەی یاسا لە دوای هەوڵی ژنە چالاکوانەکان، ناساندنی تاوانی ژنان بە بیانوی شەرەف وەک تاوانی بە ئەنقەست ” گرفتەکە رادەستکردنی تاوانبارە بە دادگا، هەندێک جار تاوانبار نادیارە (بە رێککەوتن لەگەڵ خێزان یان خێڵ) یان پەنا دەباتە بەر یەکێک لە بەرپرسەکان یان خاوەن پێگە سیاسییەکان، یان دەچێتە دەرەوەی وڵات، تاوانی کوشتنی ژنیش زۆرە کە تاوانباران دەستگیرنەکراون”.
شیلان لەسەر رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن و پەروەردە دەڵێت ” نەرێنین زیاترلەوەی ئەرێنی بن، زۆربەی جار لە بری هەوڵدان بۆ پێشکەوتن، میراتە کۆمەڵایەتییەکە بەرهەم دەهێنێتەوە”.

کۆمەڵگە و حزبەکان و هەردوو دەزگای ئاسایش و دادوەری
ڤینۆس فایەق، نوسەر و شاعیری نیشتەجێ لە هۆڵەندا کە گرنگی بە دۆزی ژنان و بەرگری لە مافەکانیان دەدات، بە بی بی سی راگەیاند، زیادبوونی تاوانی کوشتنی ژنان لە کوردستان ” بابەتێکی بە ئازارە، ناوەڕۆکی بابەتەکە ئاڵۆزە لە کۆمەڵگەیەکدا عەقڵێکی خێڵەکی حوکمی دەکات، هاوشانی عەقڵێکی سیاسی نابەرپرسی پێنەگەیشتوو”.
ئەو دەڵێت کۆمەڵگە “هۆشیاری کەمەو تا ئێستا بەبەهێزی بڕوای بە نزمی و پلەدوویی ژنان و یەکسان نەبوونی لەگەڵ پیاواندا هەیە، عەقڵیەتی دینی رەگوڕیشەی لە سادە ترین وردەکاری یاسادا داکوتیوە”.
بە ڕای ئەو دامەزراوە حزبییەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا “دەستێکی بەهێزی هەیە لە هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا، بە تایبەت لە داداگاکاندا، هەر بەرپرسێکی بچوکی حزبی دەتوانێت رێڕەوی مەترسیدارترین دۆسییەی کوشتن یان خراپەکاری بگۆڕێت،چجای ئەوەی بابەتەکە کوشتنی ژن بێت”.
زۆربەی جار تاوانەکانی کوشتن ناگەنە دادگاکان، وەک ڤینۆس دەڵێت “کاتێک ژن دەکوژرێت بە شێوەیەکی خێڵەکییانە سوڵح دەکرێت” دەشڵێت کاتێک هەواڵەکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبێتەوە، هەندێک جار هۆکار دەبێت تا کەس و کاری قوربانییەکە پەنا بۆ یاسا ببەن “بەڵام لەبەر ئەوەی بکەری تاوانەکە نێرە یاسا لایەنی ئەو دەگرێت، دۆسییەکە دەشێوێنرێت، بە بەرگریکردن لە شەرەف گرێی دەدەنەوە”
هەروەها دەڵێت،ئەگەر ئەنجامدەری تاوانەکە “پشتێکی حزبی هەبێت ئەگەر لاوازیش بێت ئەوا کەسوکاری قوربانییەکە بێدەنگ دەکرێن، هەندێک جار بڕە پارەی زۆر دەدەن لە بەرامبەر پاشگەزبوونەوە لە داواکە، بەتایبەت کە دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان زۆر خراپە”
ڤینۆس جەختدەکاتەوە کە ئەم تاوانانە بەشێوەیەکی سروشتی پەرەدەسەنن “ئەگەر رێگرییەکی یاسای بەهێز نەبێت تاوانباران سزا بدات”

جێبەجێنەکردنی یاساو دەستێوەردانی حزبی
ئاڤان جاف، سەرۆکی بەشی راگەیاندن لە رێکخراوی (ئێمە) لەهەرێمی کوردستان وای دەبینێت “جێبەجێنەکردنی یاسا و دەستێوەردانی سیاسی و حزبی لە بڕیارەکانی دادگاکاندا” هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی تاوانی دژ بە ژنانە.
هەروەها بە بی بی سی وت”پیاوسالاری ستەمکار هەیە، هەمیشە چارەسەری کوشتنی ژنان بە سوڵحی عەشایەری و لەسەر حسابی مافی ژن دەکرێت، نەبوونی ئیستراتیژێک بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، کێشە سیاسییە بەردەوامەکانی هەرێم”.

بزوتنەوەکانی ژنان چی دەکەن؟
بە رای ئاڤان، رێکخراوەکانی ژنان بە شێوەیەکی کارا چالاکن لە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتاوانەکانی کوشتنیان، لەگەڵ بوونی ئەنجومەنێکی باڵای خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتیش بە وەستانەوە لە دژی توندوتیژی دژی ژنان.
ئاڤان دەڵێت رێکخراوی (ئێمە) “پلانی ستراتیژی هەیە بۆ بەرگری لە ژنان دژی توندوتیژی، لەنێویاندا دروستکردنی هاوپەیمانییەکی گشتگیرە بۆ ژنان”
رێکخراوەکە لە 8 ئازاردا کە رۆژی ژنانە “کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی رێکخست، تیایدا بەیانیک دەرکرا ناڕەزایەتی ئێمەی لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان جەختلێکردەوە، بەیاننامەکەمان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت کرد، داوامان لێکردن کاری جددی بکەن لە پێناو وەستاندنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان، کە بەردەوام لە هەرێم لە زیادبووندایە”.
ئایا گرفتەکە لە کوێدایە، بۆچی تا ئێستا کوشتنی ژنان بەردەوامە؟
ئاڤان دەڵێت ” ستراتیژی حکومەتی کوردستان سەبارەت بە یەکسانەی جێندەری لاوازە، دەتوانین بڵێین بڕوابوون بەم یەکسانییە لای زۆر کەس نییە”

“ئامادەبوونی شانۆییانەی ژنان لە ژێر سێبەری عەبای حزبدا”
ڤینۆس فایەق، پێی وایە ئامادەبوونی ژنان لە کوردستان گەشبینانە نییە، ئەو دەڵێت “لە کوردستان بزوتنەوەی ژنان نیە بەڵکو رێکخراوی ژنان هەیە، ئەوانیش لەسەر ئاڕاستەیەکی فکری و فەلسەفی رانەوەستاون”
“رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان خەباتێکی تەواو کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان ئاڕاستە ناکەن، بەڵکو ئەم رێکخراوانە لە ژێر عەبای حزبە پیاوسالارەکاندا دامەزراون کە راپەرینیان لە کوردستان هەڵگیرساندووە، سەرکردایەتی شۆڕشێکی پیاوسالارانەیان کردووە، دەوڵەتێکی پیاوسالاریان دروستکردووە”.هەروەها دەڵێت، ئامادەبوونی ژنان تەنها بە وێنە بووە “دەوڵەت  لە رێگەی رێکخراوەکانی ژنانەوە دایناوە تا وێنەی حزبێکی شارستانی دروستکراوی پێتەواوبکات”.
لێرەدا بێتوانایی لە روودانی گۆڕانکاری لە دۆخی ژناندا دروستدەبێت وەک ڤینۆس دەڵێت “هەموو رێکخراو و چوارچێوە ژنانییەکان هەموو ئەو رێکخراوانەی بە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناودەهێنرێن لە کوردستاندا، لە هەناوی حزبەکانی دەسەڵاتەوە دەرچوون،ئەوان کۆنترۆڵی ئابووریان کردووە، سەرچاوەی ئابووری ئەو رێکخراوانە بەدەست ئەوانەو ئەگەر پیجەوانەی بەرنامەی حزب بجوڵێنەوە سەرچاوە داراییەکەیان نامێنێت”.
ڤینۆس فایەق، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی چالاکوانەکان نادیدە ناگرێت، بەڵام پێی وایە جووڵەی ئەوان لە سنورێکی بەرتەسکدا دەمێنێتەوە، دەڵێت “هەندێک چالاکوان هەیە هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە بەشێک لەو دروشمانەی با کەمیش بێت کە بەرزیان کردۆتەوە، بەڵام ئەوان لە سنورێکی بەرتەسکدا دەجوڵێن، دڵسۆزیان بۆ حزب هەمیشە لە پلەی یەکەمدا دێت”.
لەبەر ئەو هۆکارانەیە زەحمەتە گۆڕانگاری رووبدات. هەروەها دەڵێت” ئەم رێکخراوانە زەحمەتە بتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لە دەرەوەی بەرنامەو ئایدۆلۆجیای حزبەکانیان بکەن لە کۆمەڵگەدا،ئەمە رەشبینی نییە بەڵکو ڕاستی واقیعەکەیە”.
شیلان نوری، توێژەری کۆمەڵایەتی زۆر گەشبین نییە، ئەویش هەروەها وای دەبینێت پەیوەندی حزبی رێگرە لە بوونی رۆڵی کاریگەری چالاکوانە ژنەکان، دەڵێت “زۆرینەی ژنە چالاکوانەکانی بواری مافەکانی ژن پەیوەندی سیاسییان هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر جوڵانەوەکە دەبێت، هەندێک جار ئەم پەیوەندییەیان ناچاریان دەکات بێدەنگی هەڵبژێرن ئەگەر بێتو مافەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییە حزبییەکە ناکۆک بێت”.
هەروەها شیلان وتی”هەندێک جار حزبەکان فەرمان بە ئەندام پەرلەمانەکانیان دەکەن دەنگ بە پرۆژەیەکی دیاریکراو بدەن یان نەیدەن، ئەگەر ژنە پەرلەمانتارێک رێنماییەکانی حزبی رەتکردەوە ئەگەری سزادانی لە ناو حزبدا هەیە، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر جولانەوەی ژنان دەبێت، دوو شت تێکەڵ دەکات، حوکم دەکات لەسەر رۆڵی ژنە چالاکوانە سەربەخۆکان پشتبەستوو بەوەی حزبییەکان ئەنجامی دەدەن”.

هەڕەشەکانی کوشتن و رفاندن
وەستانەوە بە رووی توندوتیژی دژی ژنان هەندێک جار مەترسیدارە، شیلان دەڵیت، ژنە چالاکوانە سەربەخۆکان لە بەرگرییان لە مافەفەکانی ژنان “روبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە” لە دوو لایەنەوە، “خێزانی ئەو ژنانەی پەنایان  بۆ دەهێن و داوای پشتیوانی دەکەن لەگەڵ کەسەکانی ناو دەسەڵات”
شیلان بۆ بی بی سی ئاشکرای دەکات، خودی خۆی لە جارێک زیاتر روبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە “بە کوشتنی کچەکانم و رفاندنیان هەڕەشەیان لێکردوم، بە هۆی بوونی قوربانییەکی توندوتیژی لە پەناگەیەکی ژناندا کە من بەڕێوەم دەبرد”.
هەروەها دەڵێت “هەندێک جار نامەی هەڕەشەم لە مۆبایلەکەمەوە پێدەگات، یان تەلەفۆنی ماڵەکەم، لە رێگەی ئیمەیڵی ئەلەکترۆنی، وە لە دوایین هەڕەشەدا  لە نیوەی شەودا تەقە لە ماڵەکەمان کرا، تا ئێستا ئەنجامدەرانی نەناسراون، سەرەڕای ئەوەی پەنام بۆ پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بردووە”.

ژنان بۆ دەرباز بوون لە توندوتیژی پەنا بۆ کوێ ببەن؟
شیلان نوری دەڵێت، هەموو ئەو پەناگانەی تایبەتن بە لەخۆگرتنی ئەو ژنانەی روبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە یان هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە و سەر بە رێکخراوەکانن لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لەبەر “هۆکاری ئەمنی” داخراون.
هەروەها دەڵێت ” زیاتر لە پەناگەیەک روبەڕووی هێرش بۆتەوە و چەند ژن بریندار بوون، لەبەر بێتوانایی حکومەت لە پارێزگاری ژنانی ناو پەناگاکان و دابینکردنی سەلامەتییان هەموو پەناگاکان داخران، پەناگەی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەموو شارەکانی هەرێم کرانەوە”.
هەروەها دەڵێت “دامەزراندنی کارمەند و بەرپرسی ئەم پەناگایانە بە داخەوە لە سەر بوونی تواناو بڕوابوون بە بیری یەکسانی نەبوو، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر چۆنێتی کارەکە و پێشکەشکردنی هاوکاری و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان هەبوو”.

ئەدای ژنان لە حکومەتدا
بە شێوەیەکی گشتی ئامادەیی ژنان لە حکومەتدا دەبێت رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی هەبێت لە دۆخی ژنانی هەرێمدا، چاوەڕوانی لێدەکرێت هاندەر بێت بۆ جوڵانەوەیەکی فەرمی دژ بە کوشتنی ژنان، ژنە چالاکوانەکان چۆن سەیری ئەدای ژنان دەکەن لە حکومەتدا؟
ڤینۆس فایەق دەڵێت “هەبوونی ژنان لە پۆستە حکومییەکاندا مانای ئەوە نییە ئەوان چالاکوانی دیفاع لە مافەکانی ژنانن، بەڵام جەختدەکەمەوە کە پێویستە نمونەی ژنێکی بەتوانا بن، خاوەنی بەهرەو لێهاتووی بن، لەبەر لێهاتووییان لە پۆستدا بن نەک بە تەزکییەی حزبی، یان لەبەر ئەوەی نێرینەیەکی خزمی بەرپرسێکی حزبییە یان شەهیدی یەکێکە لە حزبەکان”
هەروەها دەڵێت “زۆرینەی ژنان بەپێی یاسای کۆتا پۆست و ئیمتیازات وەردەگرن، بەمەرجی دڵسۆزی تەواویان بۆ حزب دیاریدەکرێن،تا راددەیەک ئەمە ئاساییە، بەڵام دانانی ژنی لاواز لە پێگە حکومییە هەستیارەکاندا تەنها بۆ ئەوەی بڵێن ئەم حزبە پێشکەوتوو مەدەنیە، واتە ئەو ژنانە وەک بوکەڵە وان بە دەست حزبەوەو دەیانجوڵێنن، بوون و نەبوونیان وەک یەکە”.
ئاڤان جاف رایەکی جیاوازی هەیە، ئەو رێواز فایەقی سەرۆک پەرلەمان بە بەنازیر بۆتۆی کوردستان وەسفدەکات، ئاڤان دەڵێت ” سەرۆکی پەرلەمان ژنێکی بە تواناو بەهێزە، رۆڵی کاریگەری هەبووە لە دەرکردنی یاسای مەدەنی، کراوەو پێشکەوتوخواز بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان، ئەو هەمیشە پشتیوانی رێکخراوەکانی ژنانە لە هەموو چالاکییەکانیاندا”.
بەڵام ئاڤان پێی وایە، ئاستەنگ هەیە لە بەردەم گۆڕانکارییەکاندا، دەڵێت “رای گشتی بەشێوەیەکی پێویست پشتیوانی ژنان ناکات و لەگەڵی نییە، گرنگی زۆر بە بەرگری لە ژنان نادات کاتێک روبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تەنها بە قسەو دروشم نەبێت،بێ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ئایا چارەسەر هەیە؟
شیلان نوری دەڵێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری رووبدات دەبێت “سەرلەنوێ بە هەموو ئەو هۆکارانەدا بچینەوە کە لەسەرەوە باسمکردووە، ئەوانە ژینگەیەکیان دروستکردووە کە هاوکارە بۆ توندوتیژی دژی ژنان، دەبیت هەمواری بکەینەوەو بیانگۆڕین، کاربکەین بۆ رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگەو هۆشیارکردنەوەی، زامنکردنی مافەکانی ژنان لە یاساو دادگاکاندا”.
هەروەها دەڵێت “دەبێت کار بە مەبدەئی جیاکاری ئەرێنی بکرێت لە کەیسەکانی تایبەت بە مافی ژنان لە دادگادا، بەتایبەت تاوانەکانی کوشتنی ژنان”.
روونیدەکاتەوە “حوکمی دۆسییەکانی کوشتنی ژنان لە ماوەیەکی کورتدا دەربچێت،نەک لە دوای دوو ساڵ ،بۆ ئەوەی ببێتە رێگرییەک حوکمەکە لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکان رابگەیەنرێت، دەبێت ئەوانەی تاوانی توندوتیژییان لە دژی ژنان ئەنجامداوە هیچ لێبوردنێکی حکومەت نەیانگرێتەوە، رێگری لە سوڵح بە پارە یان پێدانی کچان بۆ هاوسەرگیری تا کێشەکە یەکلابکەنەوە، دەبێت ئەوەی تاوانباران داڵدە بدات جا هەر کەس بێت وەک هاوبەشی تاوانەکە سەیر بکرێت”.
هەروەها دەڵێت زۆر گرنگە:”ئەم کێشەیە بە کێشەی هەموو کۆمەڵگە سەیر بکرێت نەک تەنها کێشەی ژن”.
ئەو وایدەبینێت کە”ئەگەر عەقلییەتی زاڵ نەگۆڕدرێت، زەحمەتە بۆ ژنان ئازادی بڕیاردان و بەشداری کارایان لە دروستکردنی بڕیاردا وەکو پیاوان بۆ فەراهەم ببێت بێ ئەوەی روبەڕووی توندوتیژی یان کوشتن ببێتەوە”.

ناو بۆ قوربانییەکە بگێڕنەوە

ئاڤان دەڵێت، ئەو کەسەی زۆرترین بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکات لە هەرێمدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە، ئەو فەرمانی نووسینی ناوی قوربانییەکانی کردووە لەسەر کێلی گۆڕەکانیان بەڵام خێزانی قوربانییەکان نایانەوێ ئەو ناوانە هەبێت تا بە تەواوی لە بیربچنەوە.
هەروەها دەڵێت “دەمەوێت ئاماژە بە ژنانی رێکخراوەکان، ژنە چالاکوانەکانی تر کە هەمیشە و بەردەوام لە هەوڵدان لە پێناو بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی پێگەو رۆڵیان،پڕۆژە یاسایەکیان پیشکەش کردووە چاوەڕێ دەکرێت پەرلەمان گفتوگی لەبارەوە بکات”.

سەرچاوە: لە بی بی سی وەرگیراوە

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: