– چەند جۆر پەردەی کچێنی هەیە؟
وەڵام/زۆر جۆر هەیە و دابەشکردنیان بە پێی کرانەوە و ئەستووری و لێواری پەردەکەیە.
– پەردەی کچێنی چ جۆرە کێشەیەک دروستدەکات؟
وەڵام/دوو جۆر کێشە دروستدەکات:
+ کێشەی کۆمەڵایەتی: لە سێ جۆر پەردە ڕوودەدات جۆری لاستیکی(مەتاتی)، جۆری شریتی و هەندێک جار جۆری کرانەوەی گەورە).
+ کێشەی تەندروستی: جۆری قەپات و جۆری کرانەوەی تەسک. جۆری قەپات کێشە دروستدەکات کە کچ دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری و کاتی بێ نوێژی بەڵام جۆری کرانەوەی تەسک یان بچوک ڕێگر دەبێت لە پرۆسەی هاوسەرگیری.
-بچمە کوێ بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی؟
وەڵام/ تەنها لای پزیشکی پسپۆری دادوەری.
– نامەوێت کەس بزانێت و پۆلیس بزانێت فەحسم کردووە، چۆن ئەوە بکەم؟
وەڵام/ تەنها لای لێکۆلەوەری دادییەوە دێتە لای پزیشکی دادوەری ئێمەش ڕاپۆرتت دەدەینێ، ئیدی تۆ ئازادیت دەیکەیتە سکاڵا یان نا . بەهیچ شێوەیەک کەس بۆی نییە بۆت بکاتە سکاڵا جگە خۆت. ئەو ڕاپۆرتەش بۆ ئەوەیە وەڵامێکت پێ بیت فەرمی بێت. کەواتە کە ناوی لێکۆلەوەری دادی دیت هیچ ترسی ناوێت و نابێتە سکاڵا و تەنها خۆت بەرپرسی لە کەیسی خۆت.
– لەشەوی هاوسەرگیری مەرجە تەنها خوێن ببینیت؟
وەڵام/نەخێر مەرج نییە خوێن ببینی، هەندێک جۆرە پەردە هەر لە بنەڕەتەوە خوێن نابینی وەک مەتاتی و شریت و هەندێکجار لە کرانەوەی بەرین. هەندێکی تر تەنها زەرداییەک دەبینی، زۆر جار ئەو زەرداییە بزر دەبێت و هەر هیچ هەستی پێ ناکات.
– پەردەی کچێنی مەتاتی (لاستیکی)نەشتەرگەری دەوێ؟
وەڵام /نەخێر هیچ جۆرە پەردەیەک نەشتەرگەری ناوێت تەنها جۆری کرانەوەی تەسک نەبێت، ئەویش بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی هاوسەرگیرییە.
هەروەها جۆری قەپات ئەویش بۆ بینینی سوڕی مانگانە.
– پەردەی کچێنی جۆرئ مەتاتی ڕێگرە لە منداڵ بوون؟
وەڵام/نەخێر هیچ پەیوەندی نییە ئەویش لادەچێت بەیەکەم منداڵ بوون بەشێوەی سروشتی، واتا ئەگەر بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت ئەوا پەردەی کچێنی هەر دەمێنێت.
-پەردەی کچێنی تەنها بە سێکس کردن دەڕوات؟
وەڵام/نەخێر زۆر جار زەبری دەرەکی گەورەش دەبێتەهۆی لەناوبردنی پەردەی کچێنی .
– دەتوانم ڕاستەوخۆ نەشتەرگەری پەردەی کچێنی بکەم لای پسپۆری ئافرەتان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری؟
وەڵام/ نەخێر هیچ پزیشکێک لەڕووی یاساییەوە بۆی نییە نەشتەرگەری بکات بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری بێ ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری
د. دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێجی پزیشکی