پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

بەرگریی لە ئینسانی یەکسان

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, نوێکراوەتەوە, وتار,
مەریوان وریا قانع
پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە: ئایا ڕاستە دەرەوەی دین سەرزەمینیی نەمانی ئەخلاق و شوێنی بە ئاژەڵبوونی مرۆڤە؟ ئایا ڕاستە لە دەرەوەی دیندا مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە حەیوان؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با سەیرێکی خێرای ھەندێک لە دەسکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی دونیای تازە بکەین کە زۆربەیان لە دەرەوەی دین و لە ھەندێک دۆخیشدا لە ململانێدا دژ بە دین، دروستبوون.
یەکەم: پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا بیرۆکەیەکی تازەی نادینییە. بیرۆکەی یەکسانی نێوان مرۆڤەکان، یەکسانی ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، نێر و مێ، بیرۆکەیەکی نوێیە و لە سەدەی نۆزدەھەمدا وادەکات کۆتایی بە سیستمی کۆیلەکردنی مرۆڤ بھێنێت، بیرۆکەی ئەوەیش کە ھەموومان ھاوڵاتین و ھەموومان ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیمان ھەیە، بە دیندار و بێدین و ھەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک و دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاساییەوە، بیرۆکەیەکی نوێیە و لەناو دینەکانەوە نەھاتوە، بەڵکو، لە زۆرسەرەوە، لە ڕێگای ململانێکردن و بەگژاچوونەوەی وێنە دینییەکەی مرۆڤەوە ھاتوە، کە وێنەیەکە لەناوخۆیدا پڕە لە جیاوازیی و ھەڵاوێردنی ھەمەجۆر، پڕە لە نایەکسانیی و نرخاندنی جیاواز. لە فیکری دینیدا، لەناو ھەموو دینەکاندا، مرۆڤی دیندار و مرۆڤی بێدین بە یەکتری یەکسان نین، خاوەنی ئەم دین و خاوەنی ئەویتریان بەیەکتری یەکسانین، موسڵمان و ئەھلی زیمە بەیەکتر یەکسان نین. لە کوێشدا دینێک زۆرایەتی پێکبھێنێت لەوێدا کەمینە دینییەکان بە چەندان شێوەی جیاواز تەواو نایەکسان مامەڵەدەکرێن، ئینسانبوونییان بە کەمتر و پێگەکەیان بە نزمتر دادەنرێت. ئەوە جگە لەوەی ئەو مرۆڤە دینیانە ئەسڵەن قبووڵناکرێن و ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە، کە خاوەنی دینی یەکخودایی نین.
دووھەم: بیرۆکەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازایی بیرکردنەوە و ئازادیی ویژدانیش بیرۆکەی تازەن، دژ بە سانسۆری دین و سانسۆری سیاسەت و سانسۆری دەوڵەت دروستدەبن. ڕێگەگرتن لە سزادان لەسەر ڕا و بۆچوونی تایبەت، با ئەو ڕا و بۆچوونەش لەگەڵ ڕا و بۆچونی زۆرینەی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی کۆمەڵگادا یەکنەگرێتەوە، یان تەنانەت دژیشی بێت، دەسکەوتێکی تری مرۆڤایەتییە کە لەدەرەوەی دین و دژە بە دەسەڵاتی دینیی ھاتۆتەکایەوە. لێرەدا مرۆڤ نەک ئاژەڵ نییە، نەک تەنھا ئازادە کە دینی ھەبێت، بەڵکو ئازادیشە لە جۆری ئەو دینداریەدا کە ھەڵگریەتیی، بەڵام بێگومان لە سنووری ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانیتردا کە وەک خۆی نین و وەک ئەو ناژین و بیرناکەنەوە.
سێھەم: بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و لە ”مافی دیلەکانی جەنگ“ بەتایبەتیی، داھێنراوێکی تری سەردەمی مۆدێرنە. ئەمەشیان دەسکەوتێکی گرنگیی مرۆڤە لە دەرەوەی دین و دەسەڵاتی دینیدا. بۆ نموونە چەسپاندنی ئەم مافە مانای کۆتاییھێنان بە چەمکی ”غەنیمە“ و بە چەمکی بە ”سەبی“ و ”سەبایا“کردنی دیلەکانی جەنگ، یان بەکارھێنانیان ژنی بەدیلگیراو وەک موڵکی شەخسیی و کۆیلەی سێکسیی.
چوارەھەم: داھێنانی بیرۆکەی دەستور و لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دۆزینەوەی میکانیزم بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانن، ئینجا دەستگۆڕکێی دەسەڵات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەندەڵبوونی، ھەموویان بەشێکن لە فیکری سیاسیی مۆدێرن کە ئەمیش لە دەرەوەی دیندا بەرھەمھاتوە.
پێنجەم: ییرۆکەی ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ھێڵە گشتیی و ھاوبەشەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکدەکەون، بۆئەوەی ژیانێکی ھێمن و ڕێزدار و بەماف چنراو، دروستبکەن، دیسانەوە بیرۆکەیەکی مۆدێرنی نادینییە و لە دەرەوەی دیندا دروستبووە.
شەشەم: لە دایکبوونی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمانیش لە دەرەوەی دیندا دروستبوون ھەندێکجار لە ڕەخنەکردنی دینەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەم زانستانە، بۆ نموونە، لە ھەوڵی ئەوەدان، بیرۆکەی دین و بیرۆکەی خودا خۆیشی لە دەستی کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید ھاوشێوەکانی ڕزگاربکەن. ئەوا با واز لە دروستبوون و ھاتنەکایەی زانستە سروشتییەکان بھێنین کە چەندان گریمانە و لێکدانەوەی دنینیان وەک ھەڵە سەلماند.
بێگومان دەکرێت بەردەوامبین و نموونەی دەیەھا دەزگا و کایەی زانستیی و ئەخلاقیی نوێ باسبکەین، کە ھەموویان لە دەرەوەی دیندادروستبوون و بەشێکن لە شوناسی دونیا و ئینسانی مۆدێرن، کە بە زمانی ئاژەڵ و حەیوانبوون ناکرێت قسەیان لەسەربکرێت. ئەوەیشی ئەم دکتۆر عەبدولواحیدە لەسەر کۆی ئەم شتانە ئەیڵێت، تەعبیرە لە دووشت: یەکەمیان نەزانین و جەھلێکی ترسناک. دووھەمیان نارسیزم و خۆخوشویستن و خۆبەڕاستزانینێکی ترسناکتر. بەجۆرێک ئەم پیاوە و ھاوشێوەکانی دۆخێکیان دروستکردوە ڕەخنەکردنی ھەریەکێکیان وەک کەس، یەکساندەکەن بە ڕەخنەکردنی ئیسلام و ناکۆکی لەگەڵ ھەریەکێکیاندا یەکساندەکرێت بە ناکۆکی لەگەڵ خودادا.
ئێستا ئەگەر بکرێت ئەم پیاوە لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە بکرێتەوە، ئەوکاتە تاقە شتێک ھاریکاری بێت بۆئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات، پرنسیپی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ویژدانە، کە ھەردووکیان دوو دەستکەوتی ئینسانیی گرنگیی ئەم چەند سەدەیەی دواییترن و لە دەرەوەی دین و لە دۆخی بەگژاچوونەوە و خەباتکردن دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینییدا دروستبوون و ھاتونەتەکایەوە.
ھەرکەسێک بیەوێت لە دیدی من بۆ دین و عەلمانیەت شارەزابێت دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبی ”دین و عەلمانەیت“ کە ساڵی ٢٠١٨ چاپکرا.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: