پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

ئەو دە قسەیەی کە نابێ بە منداڵ بگۆترێ:

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
پاراستن, داکۆکی, سەنتەرە کۆمەڵایەتیەکان, نوێکراوەتەوە, وتار,

-د.زمناکۆ خوسرەو

١. ئەتوو هیچ نازانی. ئەتوو هیچت پێ ناکرێ: یان هەرچییەکی لەو شێوەیە کە توانای جستەیی و مەعریفی منداڵ ڕەت دەکاتەوە. کە ئەوە بە منداڵ دەگۆترێ، “ئەگەری هەیە” وای لێ بکا کە “متمانە”ی بەخۆی نەبی. هەست بکا کە لە هەموو ژیانی توانای بەجێگەیاندنی کارێکی نابێ، یاخودیش هەرگیز لەبارەی هیچ شتێکەوە نازانێ. بەکورتی ئەو قسەیە دەبێتە هۆی کووشتنی توانای هەوڵدان و توانای بیرکردنەوە و زیرەکیی و توانای جەستەیی منداڵ. ئەوەش دەبێتە هۆی درووستبوونی کەسایەتییەکی لاواز، متمانەبەخۆنەبوو، هەوڵنەدەر، و خاوەن سەنگەخودی لاواز.
٢. ئەتوو زۆر قەڵەوی. زۆر لاوازی. زۆر ناشیرینی. زۆری ڕەشی. زۆرخۆری. کورتی. درێژی. چاوت گچکەیە. کەپووت گەورەیە: هەر سەرنجەکی نێگەتیڤ لەسەر جەستە و ڕووخساری منداڵ دەبێتە هۆی ڕووخاندنی متمانەبەخۆبوونی منداڵ. هەروەها، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکەش سەرنجی زۆری بکەوێتە سەر ئەو سیفەت و ئەندامەی جەستەی. تووشی قەلەقی و ترسی دەکا سەبارەت بەو ئەندامە. لەوانەیە لە گەورەیی تووشی نەخۆشییەکانی خواردن، خۆپێلاوازبوون، خۆپێقەڵەوبوون، ڕقلێبوونەوە لە ئەندامەکی جەستە، و ئی دی ببێ.
٣. ئەتوو وەکی برات یان خوشکت ئازا نی، وەکی وی زیرەك نی، وەکی وی بەهێز نی: بەراوردکردنی منداڵ لەگەر خوشك و برای هەڵەیە. منداڵ بەکەس بەراورد ناکرێ. کاتەك بە منداڵێك دەگۆترێ کە وەکوو خوشك و برایەکەی باش و زیرەك و بەتوانا نییە، وا لەو مندارە دەکا کە پێی وابی ئەو کامل نییە، ئەو وەکی خوشك و برایەکانی بەهێز و زیرەك نییە. بەمە، ئەگەری هەیە ئەو منداڵە متمانەبەخۆبوونی لەدەست بدا. هەمان بەراوردکردن بە منداڵی هاوڕێ و خزم و جیرانیش هەڵەیە. هەڵەیە منداڵ بە هاوڕێیەکانیشی بەراورد بکرێ.
٤. هەرگیز نەبووە جارەك کارەکی باش و ڕاست و تەواو بکەی: کاتەك ئەو قسەیە بە منداڵ دەگۆترێ وا لەو منداڵە دەکا کە وابزانی ئەو “هەتاهەتایێ” ناتوانی کارەکی باش و تەواو بکا. هەموو کارەکانی هەڵە و خراپ دەردەچن. بەمەش، هەموو توانا و بڕاستی ئاییندەی ئەو منداڵە ڕەت دەکرێتەوە. لەبەر ئەوەی وشەی (هەرگیز، قەت) بەکار دێ، وای لێ دەکا کە وابزانێ ئەو نەتوانین و خراپییەی هەتاهەتایێ دەگەڵی دەمێنێتەوە. ئەوەش دیسان ئەگەری هەیە توانای هەوڵدان، متمانەبەخۆبوون، سەرکەوتن، و هەبوونی کەسایەتییەکی بەهێز لە منداڵەکە لاواز دەکا یاخودی لەناوی ببا.
٥. ئەوها ناکرێ، با پێت نیشان دەم: کاتەك زارۆ کارێك دەکا، ئەگەر هەڵەش بوو، ئەگەر یەکسەر داکوباب پێی گۆت کە ئەو نازانی کارەکە بکا، دەبی دایبابەکە کارەکەی لۆ بکا و پێی نیشان بدا، ئەوە ئەگەری هەیە وا لەو منداڵە بکا کە فێر نەبی، توانای هەوڵدان و جێبەجێکردنی کارەکانی خۆی نەبی، ترسی لە کردنی کارەکان هەبی، متمانەی بەخۆی نەمێنێ، و پێی وابی کە هەرچییەك ئەو بیکا، هەڵە دەبی.
٦. زۆر حەساسی: دەبی بزانین کە منداڵ هەست و سۆزی هەیە. ئەویش کارلێك لەگەڵ ڕووداوەکان دەکا. کاتەك بە مندارەکانمان دەرێین ئەتوو زۆر حەساسی، ئەوا وا لەو منداڵە دەکا کە هەستەکانی بشارێتەوە. هەروەها، مانای ئەوەیە کە داکوباب نایانەوێ هەست بە هەستی بەرخەکەیان بکەن. کە منداڵ حەساسە، مانای وایە دەبی بانگ بکرێ و لە هەستەکانی بگەین و یارمەتی بدەین، نەوەك سەرکۆنەی بکەین کە نابی هەست بە شتەکان بکا.
٧. دەزانی لە ژیان چیم لۆ کردی؟: ئەو پرسیارە زۆر ناخکوژە، چونکە وا لە منداڵ دەگەیەنێ کە هاتنەدنیا (لەدایکبوون)ی منداڵەکە بە ویستی منداڵەکە خۆی بووە. پاشان بوویتە بارگرانی لۆ داکوبابی. ئەوەش هەڵەیە و پێچەوانەکەی ڕاستە. ئاخە داکوباب لۆ خۆیان منداڵەکەیان درووست کردییە. دایباب هەرچییەکی دەکەن لۆ گەورەکردن و بەخێوکردنی منداڵەکە ئەرك و بەرپرسیاریەتییە نەوەك بارگرانی. کە ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی منداڵ دەکرێتەوە، ئەگەری هەیە وا لە منداڵ بگەیەنێ کە هەست بە تاوان و بارگرانی بکا. هەست بکا ئەو بارەکی قورسە بەسەر شانی دەوروبەرەکەی. بەمەش، دەستبەرداری مافەکانی خۆی دەبی. کە مافیشی دەخورێ، پێی وایە ئەو لەبەر ئەوەی بارگرانییە، لۆیێ دەبی بێدەنگ بی و گلەیییان نەکا.
٨. پەشیمانم کە ئەتووم بوو. هەڵە بوو کە ئەتووم بوو. ئەتوو بەهەڵە لەدایك بووی، دەنا نەماندەویست ئەتوو لەدایك ببی: ئەو قسەیە ڕێك گوللەیەکە و منداڵەکە و داهاتووەکەی دەکوژێ. هەرگیز هەرگیز نابی ئەو قسەیە بە منداڵ بگۆترێ. کە ئەو قسەیە بە منداڵ دەگۆترێ، نرخ و بەها و پێگە و وجود و گرنگیی و هەبوونی ئەو منداڵە جارانی سفڕی دەکا و ڕەتی دەکاتەوە. کە منداڵ ئەوەی پێ دەگۆترێ، وا هەست دەکا کە ئەو نەویستراوە، خۆشنەویستراوە، بێبایەخە، بێبەهایە، و هیچ گرنگییەکی نییە. ئەگەری زۆر زۆر هەیە ئەو هەستانە وا لە منداڵ بکا کە تووشی نەخۆشیی دەروونی قورس ببێ، لەوانەی خەمۆکی قورس. ئەگەری خۆکووشتنیش، لە گەورەیی، زیاد دەکا.
٩. وەزعی ماددیمان زۆر خراپە: کاتەك داکوباب ئەو قسەیە بە منداڵەکی گچکە دەڵێن، ئەوا هەستی ئەمان و دڵنیاییی ژیان، لە ڕوونگەی ماددی و ئابوورییەوە، لە مندارەکە لاواز دەکا. ئەو منداڵە هەست دەکا ژیانی لەژێر هەڕەشەدایە. ئاسایییە کە خێزان وەزعی ماددی و دارایی خراپی بی، بەڵام هیچ پێویست ناکا کە منداڵەکانیش لەناو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامیی و نائاساییشیی ماددیدا بژین. کە ئەوە بە منداڵ دەگۆترێ، ئەگەری هەیە وا لە زارۆ بکا کە هەست بە ئەمان نەکا، لە داهاتوو بترسێ، پێی وابی کە تووشی کارەسات دەبیتەوە. لەوانەشە کە گەورە دەبی کاریگەریی لەسەر دەستبڵاویی و ڕەزیلیی منداڵەکە هەبێ. لەوانەیە زۆر ڕەزیلی بکا یان بەپێچەوانەوە.
١٠. ئەتوو هەرگیز ناگۆڕێی (ڕوو لە باشی): کاتەك ئەو قسەیە بە مندار دەگۆترێ، وای لێ دەکا هیوای بەخۆی نەمێنێ. باوەڕی بەوە نامێنێ کە دەتوانی بەرەو پێش بچی و گەشە بکا. دیارە کە ئەو قسەیەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لاوازکردن و کووشتنی “هیوا” لە ناخی منداڵ.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: