پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

“ئازادیی” لە نێوان مزگەوت و زانکۆدا!

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,

ئیبڕاهیم سادق مەلازادە

“ئەگەر ئازادی نەبێت، دەبێت بیخولقێنین”. ئەو قسەیە هی هەرکێیەك بێت، دەتوانین بیکەین بەو چوارچێوەیەی کە چیڕۆکی ئازادی تیادا هەڵبچنین. خولقاندنی ئازادی، ئەو نیعمەتەیە کە مرۆڤ لە بازنەی کۆیلایەتی دوور دەخاتەوە بۆ بازنەی مرۆڤبوون. بەقەد ئازادبوونمان نزیکین لە مرۆڤبوونمان، بەقەد کێماسی لە ئازادیمان، نزیکین لە کۆیلایەتی.
کێشەی ئەقڵی خۆ بەوەسیدانان بەسەر خەڵکەوە، کێشەیەکی بونیادییە و خودی ئەو کەسانە لەگرێی مەحرومبوون لە ئازادیدا دەژین. مەحرومبوون، بەتەنها مانای وانیە لەلایەن کەسێکەوە، یاخود هێزێکەوە لە ئازادی “ئەگەر بە شێوەیەکی رێژەییش بێت”، مەحروم بووبن. بەڵکو، پێکهاتەی ئەقڵ و کەسایەتی ئەو جۆرە مرۆڤانە بەرهەمی ئەو جڤاکەن کە تیایدا دەژین. جڤاکێك کە لێوان لێوە لە وەهمەکانی خۆبەباش دانان و من لەو چاترم (أنا خیر منە).
بۆیە، عوجبی “من لەو چاترم” بنەمایەکی شەیتانییە. بنەمایەکە، لەگەڵ مرۆڤبووندا یەکناگرێتەوە. هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە “من لەو چاترم” هەیە، لەوە بێئاگان کە ئەوان دروستکراوی جڤاکن، لەمناڵییەوە لەڕێی خێزان، یا کۆڵان یا هەر دەزگایەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی یا ئایینییەوە فێرکراون و هەڵنراون. ئەوان خۆیان نین، بەڵکو بەرهەمی ئایدیۆلۆجیان و ئەوانە بەر لە هەمووان پێویستە “لە خودی خۆیان” ئازاد بکرێن.
جگەرەکێش، ئازادە لەوەی جگەرەی خۆی بکێشێت، بەڵام ئەوانەش کە جگەرە ناکێشن، ئازادن لەوەی هەمیشە هەوایەکی ساف و بێ دوکەڵ هەڵمژن. بۆیە، جگەرەکێش دەبێت لەو شوێنە جگەرەکەی بکێشێت کە بۆی تەرخان کراوە.
کەواتە، ئایدیۆلۆجیا هەمان ئەو پانتاییەیە کە جگەرەکێشێک تیایدا دەوەستێت. هەموو کەسێك ئازادە لەوەی هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت بێت، بەڵام لەوە ئازاد نیە بیسەپێنێت بەسەر فەزای گشتیدا و خەڵك لە هەوای بێ ئایدیۆلۆجیا مەحروم بکات. لە مزگەوت کەم وایە ڕێگای وڕوژاندنی پرسیاری دژە باوەڕ بدرێت. لەوێ هەمووان گوێدەگرن و سەر دەلەقێنن. شوێنێکە باوەڕ تیایدا ڕەهایە، سەپاندن بنەمایە. مافی خۆشیەتی، چونکە شوێنێکە تایبەتە بە باوەڕداران. شوێنێکە بەر لە مۆدێرنە و دوای مۆدێرنەش هەر بووە و دەشبێت.
بەڵام زانکۆ، رێک پێچەوانەی مزگەوت، شوێنێکە بۆ وڕوژاندنی پرسیار، بۆ دروستکردنی گومان، بۆ خۆدروستکردنەوە. شوێنێکە لە دەرەوەی ئامۆژگاری، لەدەرەوەی یەقین، لە دەرەوەی دۆگما. زانکۆ ئەو پانتاییەیە، فێرمان دەکات لە قالبە ڕەقەکانی کۆمەڵگە بێینە دەرەوە، بۆ ئەوەی بەشێوازی خۆمان دروست بینەوە. ئەگەر زانکۆیەك ئەو ئەرکەی بەجێ نەهێنا، ئەوە زانکۆ نیە، بەڵکو مۆدێلێکی دیکەیە لە مزگەوت. بە کورتی، زانکۆ بەرهەمی مۆدێرنەیە، کە بەرهەمهێنانی زانست تیایدا دەبێتە ناوەند.
قسەی ئێمە لەسەر ئەوەنیە، داخۆ مزگەوت یا هەر پەرستگایەك بە ڕەهایی خراپن یان باش. زانکۆش هەروەها مانای وانیە بەڕەهایی خراپە یان باش، بەڵکو سروشتی ئەو دوو پانتاییە سەر بە دوو دونیای جیاوازن و دوو ئەرکی جیاوازییان هەن. مزگەوت، یان هەر پەرستگایەك درێژەدانە بە مێژوو، بە باوەڕی باوان، بە هەمیشە نوێکردنەوەی پەیمانی جۆری ئەو پەیوەندییەی کە مرۆڤ بە خواوەندی خۆیەوە دەیبەستێتەوە.
بەڵام زانکۆ، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانە بۆ دۆزینەوەیەکی نوێ لە ژێر سێبەری گومان و پرسیار وڕوژاندن. بەکورتی خولقاندنە، یا داهێنانی ئازادییە بۆ تێگەیشتن و پرسیارکردن و وەرگرتنی وەڵام. پانتاییەکە هیچ شتێک تیایدا لەدەرەوەی گوماندا نیە. پانتاییەکە، چۆن رێگا بە باوەڕ دەدات، ئاواش ڕێگا بە بێباوەڕی دەدات، بەڵام هەردوو حاڵەتەکە بۆ تێگەیشتن لە باوەڕ و لە بێباوەڕی، نەک بۆ سەرلەقاندن و ئەبڵەق بوون. لەو پانتاییەدا هەمووان دەتوانن قسە بکەن و ڕەخنەیان لێ بگیرێت و وەڵام بدەنەوە. لە زانکۆدا هێڵە سوورەکان دەپێچرێنەوە و زمانی گفتوگۆ جوانترین دیاردەیەکە تیایدا بەردەوام گەشە دەکات.
لەسەر ئەو بنەمایەش، ئەوانەی لەزانکۆ ڕێگری لە کەسێک دەکەن بۆ ئەوەی قسە نەکات، ئەو ئەکتەرانەن کە دەیانەوێت زانکۆکان بگۆڕن بۆ مزگەوت. ئەگەر ئیدارەی زانکۆ بێت ئەو کارە بکات ئەوە کارەساتە، خۆ ئەگەر زومڕەیەك لەو خوێندکارانە بن کە فێرکراون و پێیان وایە زانکۆش دیوێکی دیکەی مزگەوتە، ئەوە کارەساتەکە مەزنتر دەبێت. لەو دۆخەدا ئەوانەی کە دەیانەوێت ئازادیی لە زانکۆ بسەننەوە، دەیانەوێت کولتورێك دابهێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئازادیی لە خودی خۆشییان قەدەغە بکەن!
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: