ئێمە وەک هاوپەیمانی ژنانی کوردستان و رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و کۆمەڵێک چالاکوانی ژنان، پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق ژمارە 188ساڵی 1959 ، ڕەتدەکەینەوە، و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم هەموارکردنە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر مافەکانی ژنانی عێراق و کوردستان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان، هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و لە هەمان کاتدا کاریگەری لە سەر لاوازکردنی رۆڵی دادگا و جێ بە جێ کردنی یاساکان هەیە .
شایەنی باسە عێراق چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی واژۆ کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو ڕێککەوتنانە نەبوونەتە ئامرازێک بۆ پاراستنی منداڵ و ژنان و هەموو هاووڵاتیان. بۆیە داواکاری و ئامانجێکی ڕوونمان هەیە ئەویش پاراستنی منداڵ و ژنان لە ژیانی ڕاستەقینەدا. دەیان ساڵە بۆ ئەم ئامانجە خەباتمان کردووە. پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق پێچەوانەی هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە کە مافە سەرەتاییەکانی منداڵان و ژنان دەپارێزن.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2003 هاوکات لە گەڵ نووسینی دەستووری عێراق ، پەرلەمانی کوردستان پابەندبوونی دووپاتکردووە لە سەر جێ بە جێ کردنی یاسای باری کەسیتی 188 ساڵی 1959و هەروەها لە ساڵی 2008 بە هەوڵ و داکۆکیکردنی چالاکوانان و رێکخراوەکانی ژنان ، رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاساکە پێشکەش بە پەرلەمان کرا بە ئاراستەیەکی پێشکەوتووی مەدنیانە و پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد بە یاسای ژمارە 15ساڵی 2008 هەر بۆیە ئێمە پێداگری لە سەر پاراستنی دەستکەوتە مەدەنیاکانمان دەکەین و بە هەماهەنگی لە گەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان .
پێشنیازی ئەم هەموارکردنە کۆمەڵێک برگە لەخۆدەگرێت کە ڕێگە بە هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ کچان دەدات، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵ و کچان ڕووبەرووی مەترسییە تەندروستی و دەروونییە بەرچاوەکان دەبێتەوە و مافی خوێندن و گەشەپێدانی کچان زەوت دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر خێزان و کۆمەڵگا بە گشتی دەبێت .
لە لایەکی دیکە ،ئەم هەموارکردنە تائیفەگەری بەهێزتر دەکات لەبری ئەوەی یاسایەکی مەدەنی یەکگرتوو هەبێت کە مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە مەزهەبێک یان بیروباوەڕەکانیان دەستەبەر بکات، ڕەنگە ئەم هەموارکردنە زەمینە خۆشکردنە بۆ بەهێزکردنی دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان و قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان مەزهەبە جیاوازەکان. ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دروست دەکات.
داوا لە حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین لەم هەنگاوە مەترسیدارە بکشێنەوە، یاسایەک دابڕێژن کە گەرەنتی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان بێ جیاوازی، پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق بکات، هەروەها گرنگی بە زۆرێک لە مافە لە پێشنییەکان بدەن کە کاریگەری لەسەر ژیانی خێزانی عێراقی ، کوردستانی بۆ رزگاربوونیان لە هەژاری و نەخۆشی و بە چالاککردن و جێبەجێکردنی یاسا و ستراتیژی کە پەیوەندی بە نیشتەجێبوون، کار، تەندروستی، پەروەردەی گشتی بۆ منداڵان، چارەسەرکردنی بێکاری لەنێو گەنجان، گرنگیدان بە ژینگە، چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و کەمکردنەوەی دەرکەوتنەکانی توندوتیژی خێزانی.
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان و رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
19 ئۆگێست 2024
یاداشتێکی ناڕەزایەتی دژی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن redcode