-حەمەسەعید حەسەن
وه‌کوو تۆ هێشتا زیندوو بی
ڕۆخی زه‌ریا
ئێستایش وه‌کوو جاران جوانه*
شیعر شانۆیه‌کی گونجاوه بۆ نمایش‌کردنی خودی شاعیر و ئه‌وه ئاسایییه له شیعردا باسی خودی خۆمان بکه‌ین. شیعری ژنانه، شیعرێک که هه‌ڵگری ناسنامه‌ی مێ بێت، ده‌توانێت به‌گژ ئه‌و تێڕوانینه‌دا بچێته‌وه که ڕۆڵی مێ، له تێرکردنی ئاره‌زووی نێردا چڕ ده‌کاته‌وه. ژن که هه‌ستی به‌و سته‌مه کرد لێی ده‌کرێت و ئه‌و هه‌سته‌ی به شیعر ده‌ربڕی، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌که بۆ ده‌رکه‌وتنی خۆری ئازادبوونی خودی. ژن که بوێرانه ده‌نووسێت، به‌وه سه‌نگه‌ر له دابونه‌ریتی دێرین، پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵاییه‌تییه دواکه‌وتووه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکاری خێڵ ده‌گرێت. ژن که ڕاستگۆیانه ده‌نووسێت، مێبوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت و هه‌نگاوی یه‌که‌م ده‌هاوێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه به خاوه‌نی شکۆمه‌ندیی زه‌وتکراوی. ژن که به ڕاشکاوی چی له ناخیدا په‌نگی خواردووه‌ته‌وه، ده‌ری ده‌بڕێت، به‌وه ئاڵای خه‌بات له پێناوی ئازادکردنی وڵاتی داگیرکراوی خودی خۆیدا به‌رز ڕاده‌گرێت.
ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی کوردی ته‌نیا بایه‌خی به‌و شیعرانه ده‌دا که پیاوان ده‌یاننووسین، زاده‌ی هه‌ژموونی نێر بوو به‌سه‌ر شیعره‌وه و جۆرێک بوو له زینده‌به‌چاڵکردنی ژنانی شاعیر. ئه‌وه‌یشی ئه‌و ژنانه‌ی شیعریان ده‌نووسی، له ترسی سانسۆری دابونه‌ریت، نه‌یانده‌وێرا ژنانه هه‌ستیان ده‌رببڕن و وه‌ک مێیه‌ک خودی خۆیان بنووسنه‌وه، جۆرێک بوو له خۆکوشتن. ئه‌ده‌بی ژنانه، خاوه‌نی دیسکۆرس و ناسنامه‌یه‌کی ژنانه‌یه، خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات، ئه‌وه‌ی مێ بوێرانه و به ڕاشکاوی نووسیویه‌تی، جیاوازه له به‌رهه‌می قه‌ڵه‌می پیاو. مێ که ڕاستگۆیانه وێنه‌ی خۆی ده‌کێشێت، جیاوازه له‌و وێنه ته‌ڵخه‌ی، پیاو به درێژایی مێژوو بۆی کێشاوه. مێ که ده‌نووسێت، گوتارێکی ژنانه‌ی پێیه و هه‌بوونی خۆی پێ ده‌سه‌لمێنێت. ئاخر ئه‌و گوتاره ژنانه‌یه که ده‌ربڕی شتگه‌لێکه هه‌میشه پیاو لێیان بێده‌نگ بووه، ده‌ربڕی خودی مێیه، ده‌نگی مێیه و ده‌سه‌ڵاتی مێ ده‌سه‌پێنێت.
ده واز بێنه با ده‌ست ببه‌م
ئه‌و تۆزانه‌ی شانی چیا بته‌کێنم
به له‌پی ده‌ست ماچ بنێرم بۆ خۆره‌تاو
ده لێم گه‌ڕێ
با ده‌م بنێمه ده‌می ئاو
ڕێگه‌م بده
په‌نجه‌ره‌کان بکه‌مه‌وه
هه‌وای ژوورم بۆنی بێکه‌سیی گرتووه
ئه‌وه وێنه‌ی شیعرییه، زمانی شیعر له ڕاسته‌وخۆیی و گوتاردان ده‌پارێزێت، سه‌رنجی ئه‌م سێ وێنه‌یه بده‌ن که شیعری‌یان لێ ده‌تکێ: (ته‌کاندنی تۆزی شانی چیا، ناردنی ماچ به له‌پی ده‌ست بۆ خۆر و دهمنانه نێو ده‌می ئاو.) وێنه‌کانی ژیلا حوسه‌ینی (٢٢/٩/١٩٦٤ – ٢٧/٩/١٩٩٦) هێنده زیندوون، ده‌ڵێیت به کامێرا، بیۆگرافیای خۆی ده‌نووسێته‌وه، نه‌ک به وشه. سه‌رنجی ئه‌و بێکه‌سییه بدەن که لوتکه‌ی غه‌ریبییه،: ژنێک له ژوورێکدا زیندانییه و ته‌نانه‌ت بواری ئه‌وه‌یشی ناده‌ن، په‌نجه‌ره‌کان بکاته‌وه! شیعری ژیلا حوسه‌ینی هێنده خۆڕسک دێته پێش چاو، پێ ناچێت پێشه‌کی پلانی بۆ نووسینی دانابێت، له‌وه ناچێت دواتر هیچ ده‌ستکاریی یه‌که‌مین نووسینه‌وه‌ی شیعره‌کانی کردبێت. وێڕای ئه‌و خۆڕسکییه، به‌شێک له سیحری شیعری له‌وه‌دایه، به ئاسانی خۆی به ده‌سته‌وه نادات و ئه‌وه‌ی ئاسان دێته به‌ر چاو، شتێکه چاوخهڵهتێن، ئاخر ئه‌و به گوته‌ی ساکار، مانای قووڵ به ده‌سته‌وه ده‌دات.
ڕیتم چییه؟ خه‌ناوکه‌یه‌ک نییه به گه‌ردنی شیعره‌وه، شتێکه ناوه‌کی، داوێکه ڕه‌گه‌زه‌کانی شیعر: فانتازییهکی به‌پیت، زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و وێنه‌ی نوێ، به شێوه‌یه‌کی هارمۆنیایی پێکه‌وه کۆ ده‌کاته‌وه. ڕیتم که له‌و شیعره‌دا، هاوجووته له‌گه‌ڵ لێدانی دڵدا و هه‌ست ده‌دوێنێت، بۆ ڕامانیش هانمان ده‌دات. لایه‌نێکی گه‌شی دیکه‌ی ئه‌و شیعره ئه‌وه‌یه، شاعیرانه به‌شێک له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی شاعیره‌که‌ی ده‌داته به‌ر ڕووناکی. شیعری ژیلا حوسه‌ینی هاواری ئه‌وانه‌یه ده‌نگیان به که‌سدا ناگات، ئه‌وانه‌ی هه‌ست به غه‌ریبییه‌ک ده‌که‌ن، وه‌ک له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکێشرابن.
چیت گه‌ره‌که بۆ ڕێم ناده‌ی
ئه‌و پرچه شینانه‌ی زه‌ریا
دابهێنم؟
تاکه‌ی هه‌وری دوودڵیی تۆ
ئه‌م ئاسمانه جێ ناهێڵێ؟
تا که‌ی ده‌ستت
تۆوی نامۆیی ده‌چێنێ؟
وێنه‌ی شیعری که زاده‌ی خه‌یاڵێکی فراوانه، لادانه له ڕێسای زمانی ئاسایی و هه‌وڵدانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی زمانێکی شیعری. زمانی شیعری، زمانێکی هێور و ئاسایی نییه، زمانێکی سه‌رچڵ و سه‌یره، له گۆمێکی ته‌نکدا مه‌له ناکات، ئاسمانی به‌رین شوێنی مهلهیهتی. (داهێنانی پرچی شینی زه‌ریا، کۆچی هه‌وری دوودڵی و چاندنی تۆوی نامۆیی،) له‌و سێ ڕسته شیعرییه‌دا، وێڕای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سێ وێنه‌ی شیعری و سێ ده‌ربڕینی شیعری ده‌بینه‌وه، به سێ میتافۆری نوێش ئاشنا ده‌بین که ژیلا حوسه‌ینی دایهێناون، ئاخر پێش وی، پرچی زه‌ریا، هه‌وری دوودڵی و تۆوی نامۆییم له که‌سی دیکه نه‌ژنه‌فتووگه.
مه‌ڵێ ده‌ڕۆم
قه‌ڵای وره‌م مه‌ڕووخێنه!
چرۆی هیوام مه‌وه‌رێنه
زه‌ریا له خۆت مه‌تۆرێنه
(ژیان به‌بێ ئه‌ڤینێکی مه‌زن، به ناته‌واوی ده‌مێنێته‌وه.) ڕه‌نگه ئه‌وه په‌یامی ئه‌و کۆپله‌شیعره بێت. له شیعریشدا ده‌توانین باسی ئاسۆیی و ستوونی بکه‌ین، ئاسۆیی: هه‌ر له قسه‌ی ڕووت ده‌چێت و ستوونی: وه‌ک قسه‌ی نه‌سته‌ق وایه و زۆر شتمان پێ ده‌ڵێت. لویزا ڤاڵنسویلا ده‌بێژێت: (ڕۆژنامه‌وانی چونکه پرۆسه‌یه‌کی واقعییه، پێویستی به تێڕوانینێکی ئاسۆیی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ده‌ب تێڕوانینێکی ستوونیی گه‌ره‌که، ئاخر ئه‌دیب پێویسته ئه‌ودیوی واقیعیش ببینێت، سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری نائاگایی و وڵاتی خه‌یاڵیش بکات.) سه‌رنج بده‌ن، ژیلا حوسه‌ینی به ده دوازده وشه، چیرۆکێک ده‌گێڕێته‌وه که دراما تێیدا به لوتکه گه‌ییشتووه، چیرۆکێک تراژیدیایه‌ک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که ته‌ژییه له نائومێدی، پڕه له دابڕان و لێوانلێوه له دڵشکان.
ڕۆییشتیت و واتده‌زانی
له دوای تۆ ڕۆژ نابێته‌وه
هه‌وری تاسه‌ت
له ئاسمانی شیعره‌کانم ناچێته‌وه
خۆت به چی ده‌هاته به‌ر چاو؟
تیشکی هه‌تاو؟
فێنکاییی ئاو؟
هیچیان نه‌بووی
بۆیه بێ تۆیش
زه‌ویی عیشقم پڕ به‌هره‌یه
ده‌می شیعرم پڕ خه‌نده‌یه
جارێکی تر
ڕێت بکه‌وێته ئه‌م ناوه
له‌به‌ر هاژه‌ی پێکه‌نینما خۆت ناگری
ئه‌و ژنه‌ی تۆ دڵیت ده‌کرد به ژێرسیگار
چرای هیوای داگیرساوه
ئیدی له دووریت ناگری
له‌و شیعره‌ی ژیلا حوسه‌ینیدا که به ڕووکه‌ش ته‌نک دێته به‌ر چاو، له ڕاستیدا هێنده قووڵه، وای کردووه، ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانبینین، بۆنیشیان بکه‌ین، ئه‌و شتانه‌ی بۆنیان ده‌که‌ین، بیشیانبینین و ئه‌و شتانه‌یشی گوێمان لێیانه، به ده‌ستیش هه‌ستیان پێ بکه‌ین. ژیلا لێره‌دا ته‌واو شاعیرانه ده‌په‌یڤێت، باسی شتێک ناکات که ڕووی دابێت، باسی شتێک ده‌کات که ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه و خه‌وی پێوه ده‌بینێت. ته‌نیا به هۆی خۆشه‌ویستییه‌وه، کرۆکی ئینسان ده‌رده‌که‌وێت و ته‌نیا ئه‌وه خۆشه‌ویستییه هانمان ده‌دات وابه‌سته‌ی ژیان بین. هه‌رچه‌نده هه‌موو ژیان له خۆشه‌ویستیدا چڕ ده‌بێته‌وه، که‌چی وا ڕاهاتووین به مردنه‌وه‌ی گرێ بده‌ین، ئه‌وه نییه ده‌ڵێین: خۆشم ده‌وێی هه‌تا مردن! وه‌ک چۆن له ڕاستیدا ناکۆکییه‌کان ده‌ستیان له یه‌کدی ئاڵاوه، مردن هه‌میشه له‌به‌رده‌م ژیاندا ئاماده‌یه، شه‌و ده‌ست ده‌خاته بینی ڕۆژ، له‌م شیعره‌یشدا گه‌له‌ک ناکۆکی یان دووانه کۆ بوونه‌ته‌وه: ژووان و دابڕان، سه‌ره‌تا و کۆتایی، بێهیوایی و ئومێد، که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه، زه‌لیلی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی له ژیلا حوسه‌ینی نزیک ببینه‌وه، پێویسته به ناخی شیعریدا ڕۆ بچین، نابێت هه‌ر شیعره‌کانی بخوێنینه‌وه، پێویسته گوێشیان بۆ ڕادێرین. نابێت له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێبازێکی ڕه‌خنه‌ییدا شیعری هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌بێت له‌به‌ر تیشکی شیعریدا، ئه‌و که‌ره‌سانه ببینینه‌وه که بۆ لێکدانه‌وه‌ی مانای تێکسته‌کانی پێویستمان پێیان ده‌بێت. (شیعر و ژیان له‌کن ئه‌و، دوو شت نه‌بوون، یه‌کێک بوون، ئه‌وی شاعیر هه‌مان ئه‌وی ئینسان بوو،)(١) ئه‌و تووشی که‌رتبوونی که‌سایه‌تی نه‌هاتبوو، خاوه‌نی یه‌ک ڕوو بوو، به ده‌مامکه‌وه نه‌یده‌نووسی. ژیلا چیرۆکی ژیانی خۆی و ژنانی یان دروستتر دایکانی سایه‌ی بابسالاریی ده‌گێڕایه‌وه، ئه‌و دایکانه‌ی نه‌جیب مه‌حفووز گوته‌نی: (که هه‌ر له ده‌شتێکی به‌رین و به‌پیت ده‌چن، ده‌شتێکی هێوری خۆڕاگر که گاسنی ڕۆژگار ده‌یکێڵێت، ده‌شتێکی به‌فه‌ڕ که هه‌میشه سه‌وز ده‌چێته‌وه.)(٢)
*
(١) مناحم میسلون، غیاب الأب فی عالم عالم نجیب محفوظ.
(٢) فاضل السلطاني، رشدی العامل.. شاعر لا یجید سوی الحب.
* ڤیەسواڤا شیمبۆرسکا
ژیلا حوسەینی هه‌ورێکی له تینوواندا خنکاو
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن redcode