کارەکانی کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی دێرسم (بارۆی دێرسم) کۆتاییهات و ژنە پارێزەرێک بە سەرۆکی سەندیکاکە هەڵبژێردرا.
رۆژی شەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2022، لە دێرسمی باکووری کوردستان، لە ژێر دروشمی (داکۆکیکردن کپ ناکرێت، دادپەروەریی بۆ هەمووان) 12ـەمین کۆنگرەی ئاسایی سەندیکای پارێزەرانی دێرسم (بارۆی دێرسم) بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرەکەدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پارێزەر فاتمە کالسەن، بە سەرۆکی بارۆی دێرسم هەڵبژێردرا. دواتر ئەندامانی ئەنجوومەنی بارۆی دێرسم هەڵبژێردران.
بارۆی دێرسم لە ساڵی 2001 دامەزراوە و 58 ئەندامی هەیە، کە 35یان پیاو و 23یان ژنن.
هەر لە کۆنگرەکەدا، کێنان چەتین، سەرۆکی پێشووی بارۆی دێرسم گوتارێکی پێشکێشکرد و پیرۆزبایی لە فاتمە کالسەن کرد. دوای گوتارەکە، مۆری سەرۆکایەتیی بارۆکەی پێشکێش کرد.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 160 هەزار و 651 پارێزەر هەن، 85 هەزار و 262یان پیاو و 73 هەزار و 687 پارێزەریش ژنن.