هێرو عەبدوڵا گۆران.ژنێکی پێشەنگ لە زۆر بواردا
خاتوو هێرۆ گۆران کچی شاعیری ناسراوی کورد مامۆستا گۆرانە.
لە ساڵی ١٩٤٧لە لەدایکبووە,لەگەڵ “مومتاز نوری عەلی” هاوسەرگیری کردووە،خاتوو هێرۆ لەگەڵ هاوسەرەکەی بایەخیان بە پەروەردەکردنی نیشتیمانپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانەی هەر چوار منداڵەکەیان ئاری، ئالان، ئەردەلان و تەلار داوەو هەروا بۆ تەواوکردنی خوێندنی کۆلێژو بەرز.
شاعیرو نووسەرێکی ناسراوەو، هەر لە ساڵی ١٩٦٤ەوە چەند کۆمەڵە کورتەچیرۆک و شیعری بڵاوکردۆتەوە.
یەکەمین کورتەچیرۆکی بە ناونیشانی (شەمەندوفەر)بڵاوکردۆتەوەو تاساڵی ١٩٧٠لەسەر بڵاوکردنەوەی کورتەچیرۆک بەردەوامبووەو لەوانە کورتەچیرۆکێک بە ناونیشانی(خەون) و یەکێکیتر بە ناونیشانی(تۆڵە) کە لە گۆڤاری(الثقافة الجدیدة)دا بڵاوکراوەتەوە.
هێرۆ گۆران چەندان وتاری لە رۆژنامە عەرەبی و کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە، لەوانەش لە هەفتەنامەی(بیری نوێ – الفکر الجدید)دا، هەروا چەند بەرهەمی وەرگێڕدراوو چەندان پارچە شیعری نووسیوەو لە بەرهەمەکانیدا سەرنجی گیانی سەردەمانەو داهێنان دەدرێت، ویڕای بایەخدان بە کێشەکانی ئافرەتان و مرۆڤی چەوساوەو دەستنیشانکردنی وردی باری ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵایەتی.
هەر لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە بۆتە ئەندامی شانازیی یەکێتی نووسەرانی کوردو لە چەندان کۆنگرەو کۆڕی یەکێتیی نووسەراندا ئامادەبووە.
هەرزوو بۆتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاق و کوردستان و بە دڵسۆزی و بێ کۆڵدان لەپێناو هێنانەدیی ئامانجەکانی حیزبدا خەباتیکردووە.
هەروا بۆتە ئەندامی پەیوەستگای بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان و، هاوڕێ هێرۆ گۆران لەخەباتیدا جیاوازبووەوگەلێک خزمەتی گرنگی بەحیزبەکەی پێشکەش کردووە بەتایبەتی لە باودۆخی خەباتی نهێنیدا بەبێ ترس و سڵەمینەوە.
لەراستیدا هاوڕێ مرۆڤێکی دڵسۆزەو زۆری بەخشیوە لە مەسەلەکانی خەباتی نیشتیمانی و خەباتی ئافرەتانی کوردستان و بۆ بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان و یەکسانییان لەگەڵ پیاواندا لە هەموو بوارەکاندا. بەتایبەتی لە بواری رۆشنبیری و ئەدەبی پێشکەوتنخوازدا داهێنانی ئەنجامداوە.
نووسەر هێرۆ گۆران دوا کۆمەڵە کورتە چیرۆکی بە ناونیشانی “چرکەساتەکان” و هەروا(شیعرەکان و….وتارەکان دەربارەی ژن و کۆمەڵ) لەساڵی ٢٠٢٠چاپ و بڵاوکردەوە.
فەریدە عەبدوڵا سڵێمان