-رۆزا تاتانی
ئێمە لەگەڵ تۆدا یەکین، ئاگر و ئاو، مانگ و هەتاو، ڕابردو و داهاتو، ژن و پیاو، سەرەتا و کۆتایی ژیان. ئەگەر یەکێکیان نەبێت ئەوەی تریش نابێت. تەنها شتێک کە پێویستە بیکەین ئەوەیە بە ئاگاییەوە بیری خۆمانی بێنینەوە، ئەو شتەی کە هەر هی خۆمانە و لای خۆمانە، لەبیرمانبراوەتەوە و دەبێت لە بەریەککەوتندا فێریبینەوە. ئەوەی ئێمە بەیەکەوە دەبەستێتەوە وەک ژن و پیاو ئەم حەقیقەتەیە.
ئەو کاتەی کە یەکتریمان بیردێتەوە، ئەو ساتەیە کە وا یەک دەگرین، ئەو ساتەیە کە لە وەختێکی بێ زەماندا دەگەڕێینەوە سەرەتا. دەبێت هەرد و ڕەگەز ئەمە بزانین “من ناچارم کە تۆم خۆشبوێت و عاشقت بم، لە هەموو ئەگەرەکاندا بۆ هەمیشە”. ئێمە لە هەموو ئەگەری زەمانەکاندا جارێکی دیکە دێینەوە یادەوەری یەکتر و یەکدەگرینەوە. چونکە ئێمە ئەگەری یەکین.
ئێمەی ژن و پیاو، لەکاتێکدا لە ژیاندا ناچاری باوەشی یەکین، بۆچی نەمانتوانیوە پڕ بەتامی ژیان یەک بگرین، جوان بژین؟ ژیان بۆ ئێستا پڕە لە نەشازی لە چاوی هاوسەرەکاندا؟ بۆچی سەرەنجامی بەریەککەوتنەکان لە هەندێکماندا دەگەنە ناکامی، خیانەت، بێ باکی، ڕق، بێ ڕێزی، کۆیلەیی، ڕۆتین، کوشتن؟ ژنەکان چیان لە پیاوەکان دەوێت؟
یەک گرتنی ژن و پیاوەکان گرێی سەرجەم برینەکانی سەر جەستەی ژیانی ئێمەیە. کاتێک دەتوانین ئەم برینانە چارەسەر بکەین کە لە جەوهەری پێکەوەبونمان تێبگەین.
عەشقێک گەر هەڵقوڵاوی شەپۆلی قوڵی لە کەماڵەتی گردونەوە هاتو نەبێت، لە ئالۆزییەکی ئەگەرەکان دێتە دەرەوە و دەبێتە کارەساتێکی بارگاوی بۆ ئەو ژیانانەی(نەوانەی) لە دوای ئێمەش دێن.
ئەو شتەی پێی دەڵێین جینات، تەنها کۆمەڵێک کارلێکەری فیزیایی نین، بەڵکو کارماکانی مرۆڤیش لە نەوەوە بۆ نەوە دەگوێزرێتەوە، لە ترسەوە تا توڕەیی، دەنگ و شەپۆلە دەرونییەکانیش. بۆیە ئێمە وەک ژن و پیاو زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هەڵە بەیەکەوە فێری ژیان کردن دەکرێین.
بۆ ئەوەی ڕاست بژین دەبێت خۆمان لە گشت کارما و کۆدە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هەزاران ساڵە نەجات بدەین. ئەنجامدانی ئەمە ئاسان نییە، بەڵام لێرەوە هەوڵدەدەم بە نمونەی بچوکی ژیانیی نیشانەکانی لە باپیران چونمان بۆ یەکتر بگێڕینەوە.
بەڕای من ئازادی هەرگیز لەدایک نابێت ئەگەر لە دامێنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە نەڕژێتە ناخی ئێمە. بۆیە گەرەنتی سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی یەکسانە بە ڕاستکردنەوەی پەیوەندییە هەڵەکەی ژن و پیاو.
دوای ساڵەها گەڕامەوە بۆ گوندەکەم، کۆمەڵێک ژنی پیری چارۆکە لە کۆڵ لە بەر دەرگای خانوێک دانیشتبون و پێدەکەنین و قسەی خۆشیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە، دوای سڵاو لە پاڵیانا دانیشتم، وتم ئادەی پێم بڵێن ئێوە لە ژیانتاندا عاشق بون؟ چاو بازێکی خاڵ لە گۆنا چارۆکەکەی کۆڵی راست کردەوە و وتی ئەرەوەڵا جا بۆ درۆ بکەین. ئیدی هەمو بەیەوەکەوە وتیان ئەرێ وەوڵا. جا بە تەوژمی هەمو ویستی کەشفکردنی ئەو سڕانەی هەزارەها ساڵە لە دڵی ژناندا زیندە بە گۆڕ دەکرێ وتم، کێتان لەگەڵ مەعشوقەکەی هاوسەرگیری کردووە؟
هەموو بێدەنگ بون، دوایی وتیان سەر دەمی ئێمە باوی ئەو شتانە نەبوو ڕۆڵە، هەر سەریان دەتاشین. هەر شومان کرد و تەواو.
وتم ئەی عاشقی ئەو پیاوە بون وا شوتان پێ کرد، یەکیان وتی نەوەڵا شکڵی مرێ.
ئێمە نەوەی کۆمەڵگایەکین زۆرێک لە دایکەکانی بێ ئەوەی بگەنە ئۆرگازم نەوەیان بووە، بێ ئەوەی تەماشای چاوی یار بکەن، بێشکەی هاوبەشە منداڵی نایارێکیان راژەندووە. نەمانبینیوە لە سەر تاشتێ ماچی یارێ بۆ یارەکەی چی لە ژیانی رۆژ و شەوی ماڵ دەکات. نازانین بەقوربانی ساتی دوای مانوێتی چەنێ باوەشی ژیان نارین و نازدار دەکات. نەماندیوە هێنانەوە چڵێ گوڵ بۆ نێو کەزیەکانی یار ئاهی چەند زەمانە وشک دەکاتەوە و چۆن خۆر لە بەیانی ساڵ و مانگ و ڕۆژ دەدات.
بۆیە کوڕینە گرنگە بتوانن لەئاوێنەی هەمو ئەوانەی کە نەبوون و دەشێت کە ببن ژیان شتێکی تر بێت لە پێکەوە بون بڕوانن.
هەنگاوی یەکەم با ئەمە بێت: ئەو شتەی بۆ خۆت دەتەوێت بە ئەویشی ڕەوا ببینە.
دواتر قسە لەسەر بەرجەستەی ئەم هەنگاوە دەکەین
من گوێگرێکی باشی ژنانی کوردستانم، گەلێ خەمی ناو دڵی هەوانم لە کۆڵدایە و دەمەوێت بە زنجیرەیە بە زمانێکی سادە و نمونەی ژیانی باسی ئەوە بۆ هاوڕێ پیاوەکان بکەم کە لەسەر ئەم واڵە نوسینەکانم دەخوێننەوە. کچینە ئێوەش دەتوانن بە ئەزمونەکانتان هاوکاربن لە زنجیرەکانی داهاتو.
ژنان چیان لە پیاوان دەوێت؟
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan.
“Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.