سولماز دروودى
رۆژانە دوای بیستن یان بینینی هەواڵێک دەربارەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان شاهیدی هەندێ سەرنج و تێبینی دەبینەوە کە زۆربەیان دەچێتە قاڵبی پیاوبێژی (Mansplaining).
توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان خەسارێکی کۆمەڵایەتییە و دیاردەیەکی مێژووییە و پەیوەندیی بە کولتوور، ئایین، باری ئابووری، یاسا و شێوازی دەسەڵات و چەندین فاکتەری دیکەوە هەیە.
باسی پەروەردەیەک کە کچان ئازا و بزێو باربێنێ باسێکی بەردەوامی لایەنگرانی مافی ژنانە. ئەوەی کە ژنان دەبێ هۆشیار ببنەوە و شێوەکانی توندوتیژی بۆ ئەوەی بتوانن بەرەنگاری ببنەوە بناسن زۆر گرنگە، ئەوەی کە هەوڵ بدەین کچەکانمان فێرکەین پارێزگاری لە خۆیان بکەن، ئامادە نەبن بێمافی و زۆر قەبووڵ بکەن و پێداگربن لەسەر ئەستاندنی مافەکانیان بەلام ئایا بەرنگاربوونەوە لەگەڵ سیستمێک کە مێژوویەکی دوورودرێژی لەناو کۆمەلگا هەیە بە تەنیا ئەرکی ژنانە؟ ئایا تەنها ژنان دەبێ ئەرکی فەرهەنگسازی و شورشی فیکری بۆ بناغەدانانی کۆمەڵگایەک کە مافی تاکەکان لە ناویا پارێزراو بێت، بگرنە ئەستۆ؟
ئەی ئەرکی تاکەکانی تر بە هەموو ڕەگەزەکانییەوە چی لێدێ؟
پاک کردنەوەی ئاسەواری کولتووری پیاومەزنانە و هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر بە توندوتیژی دژی ژنان و نەچوونە ژێرباری نۆرمەکانی کۆمەڵگای پیاوسالار ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و یەکسانیخوازە کە بە دڵنییاییەوە هەمیشە ئاسان و بێ کێشە و گرفت نییە بەڵام تەنها هەموومان پێکەوە دەتوانین بۆ هەمیشە کۆمەڵگاکەمان لەو شەرمە مێژووییە پاک بکەینەوە.
کەواتە لە جیاتی پیاوبێژی و “دانی ڕێنوێنی” و “نیشاندانی ڕێگەو چارە بە ژنان”، کە دەبێ چۆن بن و چی بکەن پێویستە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا (ژن، پیاو و ڕەگەزی دیکە) پێکەوە شان بە شانی یەکتر هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست کە مافی هەمووان تیایدا پارێزراوە بدەن.