پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

نێرینە بکوژەکانی شۆڕش

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
نوێکراوەتەوە, وتار,
-خالد سلێمان
ئەگەر کۆماری ئیسلامیی لەسەر جەستەی ژن خۆی نەگرتایە، هەرزوو کۆتایی دەهات و ئەم هەموو نێرینە بکوژەی بەرهەم نەدەهێنا. بیرۆکەی داپڵۆسین و سڕینەوەی وێنەی ژن لە ناو کۆمارەکەیدا، زۆر زوو لە سەری خۆمەینیدا چەکەرەی کرد. ئەوەی مێژووی ئەم شۆڕشە بەردەوامی دڵڕەقیی بخوێنێتەوە، دەبینێت چۆن لێدانی ژن لە گەرمەی “شۆڕش”دا دەستیپێکرد، لەو کاتەی هێشتا ڕۆشنبیرانی ناوەندە چەپەکانی ئەوروپا و هەندێ وڵاتانی عەرەب، بەرێوەبوون بۆ تاران و لایان وابوو شۆڕشی بەناو گەلانی ئێران (١٩٧٩) وەک ناوەکەیەتی و پێیان وابوو وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا. لە ڕاستیشدا خومەینی وێنەیەکی وای بۆ (ئینقلابەکە) دروست کردبوو، هەر کەسێک لە دەرەوە تەماشای بکات، وەک نێگاتیڤێکی ستەمی ئاینیی نێرانە نەیبینێت، بەپێچەوانەوە وەک هیوایەک بۆ ناوچەکە تەماشای بکات.
دووای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر سەرکەوتنی ئینقلابدا، بێ کەموکورتی، خۆمەینی بڕیاری پەچەو حیجابی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاند. ئەو کاتە ژنانی تاران هاتنە دەنگ و ڕێپێوانێکی گەورەیان بەرپاکرد، بەڵام پیاوە جبە لەسەرەکانی شۆڕش، ژنی تێڵا بەدەستیان لە کوچەو کۆڵانەکانی دەورەبەری ڕێپێوانەکەدا ئامادەکردبوو. بەو شێوەیە ویستیان بڵێن ئەوە ژنان خۆیانن بەرگری لە بڕیارەکەی خۆمەینی دەکەن. ژنە تێڵا بەدەستەکان، یەکەم ڕێپێوانی ئاشتیانەیان خەڵتانی خوێن کردو خشتی ستەمکاریی دووای شۆڕشیان دانا، کە ئێستا دیوارێکی ئەستوورەو ژینە ئەمینی لەپاڵدا دەکوژرێت.
پێش کوشتنی ژینە بەساڵانێکی زۆر، لەپاڵ هەمان دیواردا کە زانکۆکانیشی گرتەوە، خواردنی سێوە لە کچانی زانکۆ قەدەکرد، چونکە نێرینەکانی شۆڕش پێیان وابوو، دەمبردنی ژنان بۆ سێو، ئارەزووی ئەوان دەجوڵێنێت.
سەپاندنی پەچە کە ژنی تیا کرایە کەرەستەی تۆتالیتاریزمێکی ئاینیی، پێش خواردنی سێو کەوت و تا ئەمڕۆش ئەوەندە گرانە، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت کە دەبینێت ژنان بەرگەی دەگرن؛ چونکە پەچە تەنها پارچەیەک قوماش نیە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیاییەکی بارگاوییە بە دیدی دەستەبژێرێکی ئاینیی نێرینە. ژن لای ئەوان، لایەقی زانین و تواناسازی و یەکسانیی نیە لەگەڵ پیاودا، بەڵکو ئۆبژێیەکە بۆ وەچە خستنەوەو ڕاگرتنی ئارەزوو لە خوار پلەی گەرمیدا. ئەگەر ترسیشیان لە نەمان و فەوتان نەبووایە، مێینەیان لە کۆمەڵگەدا نەدەهێشت و کۆمەڵکوژییان دەکردن.
تراژیدیای ژینە ئەمین، پێش ئەویش زیدانیکردنی زارا بەشێکە لەم مێژووە، بەڵام ئەمان دەکەونە بەردەم دڵڕەقییەکی دوو ئاراستەییەوە، وەک کورد و وەک ژن. هەردووکیان لەناو سیستمی ستەمکاریی نێرینە دەسەڵاتدارەکانی ئێراندا، ئەگەر لە بێدەنگیدا هۆمۆ-ساید نەکرێن، ئەوا بێدەنگ دەکرێن. ئەمە یاسای کۆماری ئیسلامییە.
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: