د. نازەنین عثمان
لە مرۆڤدا (٢٣) جوت کرۆمۆسۆم یاخود (٤٦) دانەى هەیە، (٢٢) جوت کرۆمۆسۆمى خۆییەکان و جوتێک کرۆمۆسۆمى توخمەیە. ئەم جوتیە لە کرۆمۆسۆمى ناو هەمو شانەیەکى لەش داهەیە تەنیا لە هێلکە و حەیمەن نەبێت کە کرۆمۆسۆمەکان جوت نین بەڵکۆ بە بەکەمە دابەشبون تێپەڕیون، و هەریەک لە هێلکە و حەیمەن تەنیا (٢٣) دانە کرۆمۆسۆمییان تێداهەیە ئەوەش بە مەبەستى ئەوەیە کاتێک کە حەیەمەنەکە هێلکەکە پیتێن دەکا نیوەى کرۆمۆسۆمى باوک ٢٣ دانە و نیوەى کرۆمۆسۆمى دایک ٢٣ دانە پێکەوە ٢٣ جوت کرۆمۆسۆمى منداڵەکە دروست دەبێت.
جوت کرۆمۆسۆمى توخمى مێینە پێک هاتوە لە (XX) جوت کرۆمۆسۆمى توخمى نێرینە پێک هاتوە لە (XY) .
کاتێک کە جوت کرۆمۆسۆمى توخمى مێینە دابەش دەبێت بە دوو لە هەردوو شانە هەر (X) ە بەڵام کاتێک کە جوت کرۆمۆسۆمى توخمى نێرینە دابەش دەبێ یان هەڵگرى کرۆمۆسۆمى (X)یان .
ئەو حەیمەنەى کە هەڵکرى (X)لەگەڵ کرۆمۆسۆمى هێلکەکە کە (X) دەبێتە (XX) کەواتە ئەو منداڵەى لەدایک دەبێت مێ دەبێت و ئەگەر ئەو حەیمەنەى کە هەڵکرى (Y)لەگەڵ کرۆمۆسۆمى هێلکەکە کە (X) دەبێتە (XY) کەواتە ئەو منداڵەى لە دایک دەبێت نێر دەردەچێت.
ئەم دابەش بونە شێوە سەرەکیەکەیە و زۆرینەی کات بەو شێوەیەیە، بەڵام هەمو جار ئەو دابەش بونە بەو شێوەیە نیە. گۆڕانکارى لە شێوەى دابەشبونى هەمو کرۆمۆسۆمەکانی جەستە ئەگەرى ترى هەیە هەندێ جار تیلمەیەک لەکرۆمۆسۆمەکە کەم دەکا یان زیاد دەکاو یان جینێک لەسەر کرۆمۆسۆمەکە گۆڕانکارى بەسەردادێت یان نەک تیلمەیەک بەڵکۆ کرۆمۆسۆمێک یان زیاتر زیاد دەکا یان کەم دەکا، یەکێک لەو نمونانەى کە زۆر دەیبنین و لەبەرچاومانە ئەو کەسانەى کە پێیان دەڵین سەندرۆمی داون (مەنگۆلیزم)، ئەم کەسانە کرۆمۆسۆمى (٢١) یان لەجیاتى ئەوە جوت بێت ٣ دانەیە . حاڵەتى دى زۆر هەیە کە نیشانەکانى بە زەقى دیار نیە وەک منداڵى مەنگۆڵ، بۆ نمونە کرۆمۆسۆمى ١٨ کە سیانى دەبێت منداڵێکى بچوک دەبێت و دڵى باش کار ناکا، یان کرۆمۆسۆمى ١٣ ، ٩ هتد.. رێژەى ڕودانى ناڕیکى لە کرۆمۆسۆمەکانى لەش کاتى دروست بونى کۆرپەڵە ٥%، بەڵام خۆشبەختانە هەمویان هەمودەم ئەنجامەکانیان زۆر خراپ نیە و زۆربەى جار بەبێ نیشانەى گەورە تێدەپەڕێت وڕێژەى ئەوگۆڕانکاریانە لە کرۆمۆسۆمى توخم دا ڕودەدا لە ١ :٤٠٠ بە مەزەند دەکرێت.
کرۆمۆسۆمى توخم بە هەمان شێوەى کرۆمۆسۆمەکانى تر ئەگەرى ئەوەى هەیە کە تەنیا جوتێک نەبێت، ئەو گۆراکاریانە زۆر شێوەى هەیە بۆنمونە تەنیا خاوەنى یەک کرۆمۆسۆمى توخمى (45X)دەبێت ئەو کچانە نەزۆکن و بچوکن و ملییان زۆر ئەستورە وزۆر کێشەى تەندروستیان هەیە، یان کورى تاک کرۆمۆسۆمى توخمى (45Y) ، یاخود بە پێچەوانەوە کرۆمۆسۆمى توخمى زیاتر لە جوتێک وەکو(XXXX) یان (XXX) ، یاخود 47,XXY کە سەندرۆمى کلاینفلتەرهەتا بالغ بون هیچى پێوە دیار نیە بەڵام هەندێ جار ئەم پیاوانە نەزۆکن و ئەندامى گونیان بچوکە بالایان بەرزو لاوازن و مەمکەکانیان گەورەیە و کەم مون یان بە پێچەوانەوە هیچ سیفەتێکى ناسورشتى تێیدا بەدى ناکرێت. رودانى 47,XYY کە تەیا لە نێرینە دا هەیە ئەم کوڕانە تواناى فێربونیان و پێشکەوتنیان کەمە و ماسولکەکانیان بێهێزە. ئەم نا رێکیانە لە کرۆمۆسۆمەکان و نیشانەکانیان زۆر بەى کات دیار نین و دەست نیشان ناکرێن و نابەسترێنەوە بەو ناڕیکیانەى کرۆمۆسۆمەکان گەر تێستى جیناتى بۆ نەکرێن.
کەواتە تەنیا کرۆمۆسۆمى توخمى نێرینەو توخمى مێیینە نیە بەڵکۆ بە دەیان جۆرى توخم هەن کە نە نێرینەن و نە مێیینەن بەڵکو لە نیوان ئەو دوو تەخمە دان.
تەنیا کرۆمۆسۆمى توخم کارى گەرى نیە لەسەر دەربڕینى هەست و مەیلى سێسکسوالیتى بەڵکۆ زۆرێک لە کرۆمۆسۆمەکانى ترى خۆییەکان کاریگەریان هەیە بەتایبەتى لە دروست کردنى هۆرمونەکان و لێکەڕژێنەکان کە ئەوانیش رۆڵى گرینگ دەبینن. جا هەر گۆرانکاریەک لە دروست بونى ئەو کرۆمۆسۆمانە ئەگەرى ئەوەى هەیە کاریگەرى لەسەر مەیلى جێندەرى و شێوەى لەشى ئەو کەسە بکا.
لە کوردستان ئامادەین بە دەیان کاتژمێر باسى کێشەى تەندروستى تاک بکەین لە نەخۆشى شەکرە و دڵ و کام خواردن بخۆین و چى نەخۆین بەڵام بە داخەوە هەرچى پەیوەندى بە سێکس و گرێ سێکسیەکان هەیە نەک هەر باسى ناکەین بەڵکو بە عەیبە و شەرمە دایدەپۆشین جا خۆ ئەگەر یەکێک موشکیلەیەکى سێکسى یان ڕەگەزى هەبێت لە دروست بونى ئەو تاکە کە نە بە خواستى خۆیى بوە و نە بە حەزى و ناتوانێت بۆ نزیک ترین کەسى باسى بکاو هەموى لە مێشکى خۆى دا گل دەداتەوەو ئەوا توشى جۆرەها دەردە سەرى نەفسى دێت و خۆى خۆى دەخواتەوە.
کە باس لە جێندەر دەکەین تەنیا ئەو لایەنە ناگرێتەوە کە پەیوەندى بە بایۆلۆجیەکەوە هەیە لە کرۆمۆسۆم و هۆرمون و کۆئەندامى لەشەوە، بەڵکو ئەوکەسە بە چ شێوەیەک دەبینرێت و هەستى سێکسى ئەوکەسە چۆنە و بە لاى کام جەندەردا دەڕوا ( بۆ جەندەرەکەى تر یان هەمان ڕەگەز) یاخود بۆ هیچ جەندەڕیک ناڕوا یان بە پێچەوانەوە بۆ هەردو جەندەر دەڕوا (دوڕەگەزخوا، دودەگى).
هەندێ لەو کێشانەى کە پەیوەندى بە هەلس و کەوتى سێکسى هەیە هۆکانی دۆزراونەتەوە و هەندێکیشیان تاکو ئێستا لە ئەگەری دان و هۆکارەکان بەباشى نەدۆزراونەتەوە. نمونەى کێشەى هەستى جێندەرى هەبونى یان نەبونى پرۆتینى سەر جینى (SRY) کە لەکاتى دروست بونى کۆرپەلە دروست دەبێت خۆى لەسەر کرۆمۆسۆمى دا هەیە و و گۆڕانکارى بەسەر ئەم پرۆتینە ئاژاوە بۆ هەست و شێوەو گەشەکردنى سێکسى ئەوکەسە دروست دەکا.
ئەو کورەى ئەوجینەى کەمە لە ناوەوە هەست دەکا کچە وە ئەو کچەى خاوەنى ئەو جینە بێت هەستى کورانەى هەیە. لە ئۆلەمپیاتى ١٩٩٢ پشکنینیان بۆ وەزشوانانى کچ کرد تا بزانن ئەو جینەیان هەیە یان نا وە ئەوانەى هەیان بو دوریان خستنەوە لە کێبرکێى نیوان کچان بەهۆى ئەو جینەوە هێزى ئەو جۆرە کچانە زیاترە. لەئۆلەمپیاتى دواى ئەوە ئەوجۆرە پشکینینە ڕاگیرا.
کێشەى هەستکردنى گونجاو هاوتەریب لە گەڵ خودى جێندەرەکە وا دەکا ئەو کەسە خۆى نەناسێتەوە لەو قالبەى بۆى دانراوە و زۆر جار بە شێوەى هەستکردنەکەى هەڵسوکەوت دەکا لە مەیل و حەز و جل لەبەرکردن و رێکخستنى سەروشکلى. هەرلەمەوە وشەى ترانس جەندەر، یان ڕەگەز گۆر، یان توخم گۆڕ هاتوە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەشى لە توخمێکەو هەستى لە توخمەکەى ترە یاخود هەستى هیچ توخمێکى نیە. زۆرئەگەر دانراوە بۆ هۆکارى ئەم جۆرە هەستە جگە لە گۆڕانکارى لە کرۆمۆسۆمەکان بەشێکیان پەیوەندى بە گەشەکردنى کۆرپەلەیە لە زگى دایک و کاریگەرى هۆرمۆن و خواردن و پەروەردە لە دواییا.
بەهۆى هەست کردنى و مەیلى ئەو تاکە و شێوەى دەربڕینى هەستەکانى لە هەڵس و کەوت و ڕەوشتى دا دەگۆڕێت. لە کوردستان کە کۆمەڵگایەکى داخراوى نەریتسالارى و ئیسلامى زۆر لەو شێوانە رەت دەکاتەوە و بە چاوێکى نزم و بەد ڕەوشت و گاڵتەجارى سەیر دەکرێن.
هەندێک لەو ناتەریبانەى جەندەرلە کوردستان ئاسان تر قبوڵ کراون و هەندێکیشیان زۆر بەزەقى کۆمەڵگاى کوردى دژى وەستاوە. بۆنمونە لە هاوڕەگەزبازى، میینە بازى (لیسبیەن) ئاسانتر دەشاردرێتەوە و کەمتر خەڵک پێى دەزانى وەک نێر بازى (گەى) و دەکرێت مێینەبازى بەشارەوەیى بمینێتەوەو هەندێ جار شێوەیەکى بێتاوانى ومنداڵانە ى تێدایە وەکو قاش قاشێنى نێو کچى هەرزەکار. لە نێربازى گەر کردار بى ڕەنگبێ هەندێ جار جێى شانازیان بێت بەتایبەت لە لاى گەنجان، هەر بۆیە لە کاتى جنیو دان بەکارى دەهێنن بەپێچەوانەوە گەر ئەوکەسە ڕۆڵى ئەوە وەرگربێت وکارى لەسەر بکرێت بەناشیرن و لاواز سەیردەکرێت و دەخرێتە قالبى لەش فرۆشى و وشەى حیزیان بۆ بەکار دەهێنن.هەرچەندە زۆر جار شەرت نیە لە حەزەوە سەرى هەڵدابێت وەک هاوڕەگەزى ڕاستەقینە، بەڵکو بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتیەوە دێت یان نەبونى ڕەگەزى دووەم وەک لەناو بەندیخانەکان یان سەربازگەکان.
هاوڕەگەزەکان، حەزەکانیان زۆر بەى کات، دەیشارنەوەو بەکردەوە نایکەن لە ترسى سزادان، تا نەبنە گاڵتەجاڕى کۆمەڵ وو باسکردنیان، خۆ ئەگەر مومارەسەى بکەن ئەوە زۆر بەشاراوەیى دەیکەن.
هۆکارى هاوڕەگەزى بە تەواوەتى نەزانراوە هەندێک دەیگەڕینەوە بۆ نائاسایى کرۆمۆسۆمى ٩ و ١٣ و هەندێک دەیگەڕینەوە بۆ ناڕێکى هۆرمونەکان، ئەوەى بینراوە گەر منداڵى جومک یان دوانە ى تەواو گەر یەکێکیان هاو ڕەگەز بو لە ٥٠% ئەگەرى هەیە دووەم هاوڕەگەز بێت وە ئەو ئەگەرە کەم دەبێتە گەر دوانەى تەواو نەبون.
هاوڕەگەزى دیاردەیەکى زۆر ئاشکرایە لە نێو ئاژەڵدا، ئەمە لایەنگرانى هاوڕەگەز بەهێزدەکا کە بونى هاوڕەگەزى سروشتیە و پەیوەندى بە بایۆلۆجى لەشەوەهەیە.
لە ٢١ وڵات بە شێوەیەکى فەرمى هاوسەرگیرى هاوڕەگەز ڕیگە پێدراوە و هەمو مافێکیان هەیە وەک هاوسەرگیرى نێوان دووڕەگەزى.
لە ئاینە ئبراهیمیەکان تەحریم کراوەو سزاى قورسى لەسەر دانراوە لە لێدان و بەندکردن وخەساندن و کوشتن
هەرچەندە لە ئاینى جولەکە بە رجس ئەژمارکراوەو حوکمى کوشتنى لەسەرە بە پێى تەورات بەڵام لە ئیسرائیل مافى هاوڕەگەز پارێزراوە.
لە ئنجیلا دەقێکى ئاشکراى لەسەر نەهاتوە بەڵام لە نامەکانى پۆلیس باسى دەکا و وەکو زینا وبت پەرستنى داى ناوە و لە کەنیسەى پێش رونیسانس حوکمى لە سێدارەدانى لەسەر بوە بەڵام کەنیسەى ئیستا ڕیگاى گۆڕیوە تا ئەو ڕادەیە کە بابا فرانسیس دەڵێ گەر هاوڕەگەزێک بڕواى بە خواو و تواناکانى خوا هەبێت ئێمە چین تا حوکم لەسەر هاوڕەگەز بدەین پێش وەخت، وە داوا لە خەڵکى مەسیحی دەکا کە ڕیز لە هاوڕەگەز بگرن و دەڵیت کڵێسەکان هەندە گەورەن کە جێگاى هەمو کەسێکى تێدا ببێتەوە.
لە ئیسلامدا هێچ جیاوازیەکى نیە لەگەڵ ئاینەکانى ترى ئبراهیمى و لە قورئاندا کە ناویان هاتوە بە خەڵکى لوط شوبهاندویەتى و لەچەند ئایەتێکدا هاتوە و سزاکەى کوشتنە، هەرچەندە شێوەى کوشتنەکە بەباشى دیار نیە بە کوشتى سوتان یان رەجم یان فڕیدانیان لە شوێنەکى زۆر بەرزەوە. ئەمرى کوشتن بۆ هەردو لایەنى هاورەگەز کە کردارو لێکراو هەمان شتە بە ڵام سزا بۆ هاوڕەگەزى مێینە هیچ دەقێکى لەسەر نیە.
لە بەشێک لەوڵاتانى ئیسلامى تاکو ئیستا سزاى کۆشتن و لە سێدارەدان بەردەوامە وەکو ئیران و سعودیە و شیشان و موریتانیا و پاکستان و ئەفغانستان، لە ژێر سایەى حوکمى دەولەتى ئیسلامى داعش لە سوریا و لە عیراق هاوڕەگەزەکانیان دەکوشت بەوەى لە شوێنى بەرز فڕییان دەدانە خوارەوە. لە هەندێ وڵات سزاى کوشتن هەڵگیراوە وەکو عیراق وئوردن، لە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى زۆر جار یاساکان زۆر رون نین لە نێوان سزاى گرتن یان سزاى مادى و پێبژاردن.
نێرەموک چونکە بە لەشیەوە دیارە نەتوانراوە لە کۆمەڵگا و لە ئاینەکان گرینگى پێنەدەن، نێرەموک (ئینتەرسێکس) یاخود دووجەندەرى یاخود جوتڕەگەز یاخود نەژن و نە پیاو، خاوەنى ((46XX/46XY, 46XX/47XXY یان 45X/XY کرۆمۆسۆمانەن وئەو کەسەیە کە هەردو ئۆرگانى سێکسى هەیە لەدەرەوە یان یەکێکیان زاڵترە وە ئۆرگانەکانى ناوەوەش بە هەمان شێوە یان لایەنێگ گەشەى کردوە یان هەردو لاى هەیە وە یان ئەوئوڕگانەى ناوە وە گونجاو نیە لەگەڵ ئۆرگانى دەرەوەى کە زیاتر گەشەى کردوە. لە ئیسلاما هەوڵیان داوە بەلایەکى دابخەن تەنیا بە پێى شێوەى ئۆرگانى دەرەوە وە ئەمەش بۆ میرات پێویست بوە یان بۆ ئەوەى کە ببێتە خاوەن خێزان یان ژن بێنێ یان شو بکا وە یان کاتى مردنى یەکلاى بکەنەوە پیاو بیشوا یان ژن. پێشو لەسەر شێوەى میزکردنى بڕیاریان لەسەر دەدا نێرەیە یان مێیەیە گەر میزى دور ڕویشتابا بە نێر لەقەڵەم دەدرا و بە پێچەوانەشەوە گەر میزى کورت هەلدابا ئەوە مێ بوە.
ئیستا لە رێگاى نەشتەرگەرى و بەپێى ئەوکەسە و مەیلى سێکسى بۆ لاى کام ڕەگەز دەروا و ڕیژەى هۆڕمۆنەکانى دەکرێت ڕەگەزەکەى هەڵبژێرێت نەشتەرگەرى ڕەگەزگۆڕین بکا ، هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریە بە ڕێگایەکی دورو درێژ و سەخت دادەڕوا تا بڕیارى لەسەر دەدرێت دواى ئەوە دوو ساڵ لە ژێر چاوەدیرى لێژنەیەکى پزیشکى نەفسى و منداڵ و ئاین زان و کۆمەڵناسى دەبێت و دوو ساڵیش چارەسەری هۆرمۆنى ئینجا نەشتەرگەرى بۆ دەکەن و لەپاشا پێویست دەکات ڕەگەزنامەى تازە دەرکا.
لێرەدا زۆر گرینگە کە پێش وەخت بڕیارى چەقبەستوانە لەسەر خەڵک و هەلس وکەوتی ڕەگەزیان نەدەین وشانیان قورستر نەکەین کە خۆیان لە ئازارو ناجێگیرى دەرونى دادەژین.