پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

لابردنی حیجاب: نووسین وەک بەرەنگاریی لای ژنانی ئێران

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, وتار,

ئاڤا هوما

وەرگێڕانی: شنیار عومەر

پێشەکیی وەرگێڕ
ئاڤا هۆما، نووسەر، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی کوردە. ئەم خانمە، لەدایکبووی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە دایبابی خوێندەوار و سیاسیی هاتۆتە دونیاوە. ئاڤا لە زانکۆی کوردستانی سنە بەکالۆریس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، تەواو دەکات و پاشان بۆ ماستەر لەهەمان بواردا ڕوو دەکاتە زانکۆی عەلامە لە تاران. هاوکات لەگەڵ وتنەوەی وانەدا لە زانکۆی ئازادی، هەوڵەکانی بۆ بردنەوەی سکۆلارشیپێک سەردەگرێت و لە ساڵی 2007ـدا و لە تەمەنی 24 ساڵییدا بۆ خویندنی ماستەر لە زمانی ئینگلیزی و نووسینی داهێنەرانەدا ڕوو دەکاتە زانکۆی ویندسۆر لە کەنەدا و هەر لەوێ بڕیاری مانەوە دەدات.

ئەم خانمە ئێستا کە لە نێوان هەردوو وڵاتی کەنەدا و ئەمریکادا نیشتەجێیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011ـدا کۆمەڵە کورتەچیرۆک بە ناوی “زایەڵەکانی سەر زەمینێکی تر” بڵاو دەکاتەوە و کتێبەکەی دەبێتە بژێردراو بۆ دوو خەڵاتی بەناوبانگ بە ناوەکانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی فرانک ئۆکۆرنەر بۆ کورتەچیرۆک و خەڵاتی گیڵەری کەنەدیی بۆ ڕۆمان و کورتەچیرۆک بۆ ساڵی 2011. پاشتر، ئەم کتێبە بۆ زمانی فارسییش وەردەگێڕدرێت.

وێڕای بڵاکوکردنەوەی دەیان وتار و ئەنجامدانی چەندین کۆر و ۆرکشۆب لەسەر تێکۆشان و سەرکەوتنەکانی ژنی کورد، مافی ژن لە ئێران، بەرخۆدان لە فۆڕمی نووسیندا، لابردنی ڕووپۆش لە ڕێگەی نووسینەوە و جووڵانەوەکانی ژنانی ئێران و چەندین بابەتی تر، لە وڵاتانی ئەمریکای باکور، ئەوروپا و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاڤا چەندین وانە لەسەر شێوازی نووسینی داهێنەرانە بۆ چەندین تەمەن و پاشخانی مەعریفیی جیاجیاش گوتووەتەوە. نووسەر، لە ساڵی 2020ـدا بۆ یەکەمجار، یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە ناوی: کچانی دووکەڵ و ئاگر بە زمانی ئینگلیزی، بڵاو دەکاتەوە و ڕۆمانەکەی دەبێتە براوەی خەڵاتی سیلڤەری ناوتیلوس بۆ فیکشن 2020 و هەڵبژێردراو بۆ خەڵاتی ویلییەم سارۆیان بۆ نووسین 2022. ڕۆمانەکەی ئاڤا دەنگدانەوەی گەورە لە نێو دونیای ئەدەبی ڕۆژئاوا، ئەمریکا و کەنەدا دروست دەکات و نووسینەکانی لەلایەن ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی وەکو گڵۆب و مەیل، گاردییەن، بی بی سی، نیو ستەیتمان، لیترەری هەب، تۆڕۆنتۆ ستار، لیتەرەری ڕیڤیوی کەنەدا و زۆرێکی تر ستایش و بانگەشەی بۆ کراوە.

ئاڤا کە نووسینی ڕۆمانەکەی، دە ساڵی خایاندووە و تێیدا مێژووی پەنجا ساڵی مۆدێرنی کوردی کۆکردۆتەوە، پێشکەش بە ژنی کورد کردووە. لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی هۆکاری نووسینی کتێبەکانی بە زمانی ئینگلیزی ئاماژە بەوە دەکات کە نووسین بۆ ئەو شوناسە. بەڵام بەهۆی سیاسەتی داگیرکاری و ئەسیمیلەی ئێرانەوە بەسەر ئیتنیک و زمانی کورد و کوردییەوە، نەیتوانییوە بە کوردی بنووسێت و هاوکات نەشیویستووە بە فارسی بنووسێت، چونکە سیاسەتی چەوساندنەوەی ئیتنیکی وەک کوردێک لەلایەک، جێندەری وەک ژنێک لەلایەکی ترەوە، ئەو پرسیارەی لای ئاڤا دروست کردووە کە چۆن وەک کۆچبەرێکی کوردی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دووبارە خۆی پێناسە بکاتەوە. لەم پێناوەشدا، یەکەم هەنگاوەکان بۆ ئاڤا خۆپاکردنەوە بووە لە داگیرکاری ئێرانی و گەڕانەوە بۆ ئەسڵی کورد و ناسینی میژووەکەی، هەروەها پێگەی خۆی وەک ژنێک و بەرپرسیاریەتییەکانی بووە. بە بڕوای ئاڤا شەڕی ژنانی کورد لە دژی زۆرداری و چەوساندنەوە، شەڕێکی فرەڕەهەندە. چونکە، ژنان شانبەشانی شەڕکردنیان لەگەڵ پیاوان لە دژی چەوساندنەوەی ئیتنکی، دەبێت شەڕی جێندەریش بکەن.

لەگەڵ ئەوەی نووسەر ئەم وتارەی لە ساڵی 2021ـدا نوسیووە، بەڵام خوێنەر زۆر بەئاسانی، دەتوانێت هەست بە گرنگیی ئەم دەقە، پەیوەست بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکات و هاوکات بە تیشکخستنە سەر یەک لە کاریگەرترین شێوازەکانی بەرهەڵستی کە نووسینە، دەرگا لە بەردەم مژاری نەبوونی قەڵەمی ژن دەکاتەوە، کە من لەم پێشەکییەدا هەوڵدەدەم زیاتر تیشک بخەمە سەر گرنگی ئەم لایەنە، چونکە پێموایە ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا لە ژێر ڕابەرایەتیی ژناندا ڕوودەدات، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە، کە شانبەشانی گرنگی ڕۆڵی ژنان لە مەیدانی شۆڕشدا، هاوکات دەنگی ناڕەزایی ژنان لە نووسینیشدا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە.

بەدرێژایی مێژوو هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نییە هێندەی ژن چەوسێندرابێتەوە و ئازادییان وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵات تەماشاکرابێت. ڕیشەی ئەم زۆرداری و چەوساندنەوە زۆر بە ئاشکرا لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی سیستەمە یەک لە دوای یەکە کۆمەڵایتی، ئاینی، ئابووری و سیاسییەکانی جیهاندا دەبیندرێت. شێوازەکانی چەوساندنەوەی ژنان هێندە فرە ڕەهەندن کە دەستنیشانکردنیان زەحمەتییەکی زۆری دەوێت، بەجۆرێک، مرۆڤ ناکرێت دەست بخاتە سەر پنتێک و بۆنی چەوساندنەوە، سووکایەتی، بە کەم‌سەیرکردن، کۆیلایەتی و بەکاڵابوونی ژنی لێ نەیەت. بەڵام شەڕکردن لەگەڵ فۆڕمە جیاوازەکانی چەوساندنەوە ئەو جەنگەیە کە نووسەرێکی وەکو ئاڤا لە بواری ئەدەبدا بۆی دەچێتە مەیدان.

بێگومان ڕەگی چەوساندنەوە و زۆرداری بەرامبەر بە ژنان پەلی بۆ نێو دونیای نووسینش ڕاکێشاوە. بەجۆرێک ئەو گرفتانەی کە دێنە بەردەم ژنی نووسەر بە بەراورد بە پیاوان زۆر زیاترن. نووسەری ئینگلیز ڤیرجینیا ۆڵف لە کتێبە بەناوبەنگەکەیدا بەناوی ژوورێک بۆ خۆت ڕووی دەمی دەکاتە ژنان و دەپرسێت: “ئایا دەزانیت تۆ تاکە بوونەوەرێکی لەسەر زەوی کە زۆرترین قسەی لەسەر کرابێت؟” بە بڕوای ڤێرجینیا پێشمەرجی بوون بە نووسەر بۆ ژنێک هەبوونی ژوورێکی تایبەت بە خۆی و ئابوورییەکی سەربەخۆیە. هۆکاری ئەوەی ژنان کە ناتوانن فیکشن بنووسن بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە کە شوێنێکی تایبەتیان نییە تێیدا بیربکەنەوە و بنووسن، لە کاتێکدا ئەم هەلومەرجە زۆر بە ئاسانی بۆ پیاوان فەراهەم دەکرێت.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگییانەی دێتە بەردەمیان، کەچی زۆرن ئەو قەڵەمە ژنانەی لە مێژوودا هەوڵی کپکردنیان دراوە یاخود پشتگوێ خراون. ئاڤا لە وتارەکەیدا نموونەی شاعیری ئێرانی تاهیرە قیرە العينمان بۆ دەهێنیتەوە کە لەبەر لابردنی ڕووپۆشەکەی لە کۆبوونەوەیەکی پیاواندا چوار ساڵ زیندانیی تاکەکس دەکرێت و دواتریش لە ساڵی 1852ـدا بە نهێنی دەکوژرێت. تاهیرە پێش مردنی دەڵێت: “دەتوانیت هەرکات بتەوێت بمکوژیت، بەڵام ناتوانیت بەر بە ئازادیی ژنان بگریت.”

ئاڤا هەر زوو درکی بە بۆشایی دەنگی ژنی کورد لە ئەدەبدا کردووە و نووسینەکانیشی خستووەتە خزمەتی ئەم مەبەستە. لەم سۆنگەیەوە، نووسەر دەستدەخاتە سەر ئەو برینەی کە وەک کچێکی کوردی ئاشق بە دونیای ئەدەب لە ئێراندا بەدەستییەوە ناڵاندویەتی، ئەویش پرسی شوناسێکی سەپێنراوە وەک ژنێک و لەهەمانکاتیشدا وەک کوردێک. بۆ ئاڤا نووسین ئەو سەنگەرەیە کە لەدژی سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەتی ئێران و کولتوری پیاوسالارانە تێیدا دەجەنگێت.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگییانەی وەک کۆچبەرێکی ژن و کوردی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست تووشی هاتووە، ئاڤا سوور بووە لەسەر هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەنگی خۆی لە ئەدەبدا، وە لە ڕێگەی باسکردنی دۆخی ژنی کوردەوە توانیویەتی ئەمە بکات؛ چونکە وەک خۆی دەڵێت: “تا ئێستا کەس باسی ژنی کوردی لە ئەدەبدا نەکردووە، بۆیە دەبێت خۆمان ئەوە بکەین”. نووسین بۆ ئاڤا خاڵی وەرچەرخان بووە، هەروەها ڕێگەیەک بووە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو ستەم و زۆردارییەی کە حیجابی زۆرەملێ تووشی کردووە. ڕێگەیەک بووە بۆ ڕووهەڵماڵین و ئاشکراکردنی خود.

مێژووی چەوساندنەوەی ژنان ڕیشەیەکی ئاڵۆز و دێرینی هەیە؛ دەستخستنە سەر ئەم مێژووە نەک بە وتارێک و دووان ئەنجامگیرنابێت بەڵکو پێویستی بە دەیان ساڵ لە لێکۆڵینەوە، خۆتەرخانکردن و پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر زانستە مرۆییەکانی وەک میتۆلۆژی، تیۆلۆژی، ئارکۆلۆژی، ئۆنتۆلۆژیا…هتد هەیە. بەڵام زەحمەتییەکانی لیکۆڵینەوە لەم باسە، نابێت ببنە ڕێگر لە بەردەم ئەو ڕاستییەی کە قسەکردن لەسەر ئەم پرسە و وروژاندنی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بە حوکمی ئەوەی مێژووی ژن مێژوویەکی نەنووسراوە، بۆیە ئەرکی نووسینەوەی ئەم مێژووە و شیکاریی گرێکوێرەکانی کێشەی ژن بەدرێژایی مێژووی شارستانیەت تا ئەمڕۆ دەکەویتە ئەستۆی ژنان خۆیان. چونکە مێژووی بەکۆیلەبوونی ژن هاوشانە بە مێژووی دروستبوونی شارستانیەت، بەجۆرێک هەندێکجار ژنان دەکەونە ئەو هەڵەی کە ئەمە وەک بەشێک لە چارەنووسی دەستلێنەدراوی خۆیان دەزانن، بێئاگا لەوەی کە مێژووی بە کۆیلەکردنی ژنان بە شێوازێکی سیستەم بۆ داڕێژراو و قۆناغ بە بە قۆناغ لە سەردەمی سۆمەرەوە وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە قۆناغی دایک‌ڕەچەڵەکی دەست پێدەکات و تا ڕۆژی ئەمڕۆش درێژەی هەیە.

‌هێندەی گرنگی هەبوونی دەنگی ژن، دوو هێندە هەبوونی دەنگێک کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ژن دەکات گرنگە. جێگەی داخە زۆرێک لە ژنانی نووسەر جگە لە دووپاتکردنەوەی ڕوانگەیەکی پیاوانە لە نووسینەکانیدا هیچ شتێکی تر نابینیت، بەجۆرێک هەندێک جار گومان دەکەیت کە نووسینەکە هیی ژنێک بێت. لێرەدا، مرۆڤ ئەو پرسیارەی بۆ دروست دەبێت کە چۆن مەعریفە لە سێکسیزم دابماڵین؟

وەڵامەکەی هێند ئاڵۆزنییە. ئاڤا بۆ بەگژداچوونەوە و خۆپاککردنەوە لە سیاسەتی چەوساندنەوە و زۆرداریی دەوڵەتی ئێران و کولتوری پیاوسالاری، دەستیدایە خوێندنەوە و ناسینی ئەو مێژووە و هۆکارەکانی درووستبوونی و پاشان وەڵامدانەوەی. ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەبێت ژنان لێوەی دەستپێبکەن، بێگومان کات و وزەی زۆری دەوێت، بەڵام هەتوانی ئەم دۆخە تەنها خۆ پڕچەکردنە، سا ئەگەر بۆ ژنانی سێ بەشی تری وڵاتمان خۆپڕچەککردنێکی فیزیکی پێویست بێت، ئەوا بۆ باشووری وڵاتمان مەعریفییە. مەعریفەیەک کە هەڵگری چۆنییەتییەکی شۆڕشگێڕانە بێت. ئاڤا گوتەنی: ئیتر کاتی نائومێدێ و بەزەییهاتنەوە بە خۆماندا، کۆتایی هاتووە.

“کاتێک دەستمدایە نووسین، ئەوجا لە بەهێزی کردەی گوزارشتکردن لە خود بەرامبەر بەو گۆشەگیری، پەراوێزخستن و سەرکوتکردنە تێگەشتم کە حیجابی زۆرەملێ بەسەرمدا سەپاندبووی.” ئەمە گوتەی نووسەری ئێرانی ئاڤا هۆمایە، ناوبراو لەم وتارەیدا دەست دەخاتە سەر چەندین شێوازی جیاوازی ناڕەزاییدەربڕین کە ژنانی ئێرانیی بۆ شەڕکردن لەپێناو ئازادییدا پەنا دەبەنە بەری و یەکێکیش لەوانە، نووسینە.

ئاڤا هۆما – 16ی ئاداری 2021

لە کانوونی یەکەمی 2017ـدا و لە سەروبەندی ناڕەزاییە بەرفراوانەکانی ئێران لە دژی حوکمەتەکەی حەسەن ڕۆحانی؛ لە تاران دایکێک بە ناوی ویدا موحەدی، لە سییەکانی تەمەنیدا لە دژی یاسای زۆرەملێی حیجاب، دەچێتە سەر سندوقێکی کارەبایی و بە دارێک لەچکە سپییەکەی بەرزدەکاتەوە و هێمنانە ناڕەزایی بەرامبەر یاسای حیجابی زۆرەملێ دەردەبڕێت. موحەدی، لە کانوونی دووەمی 2018ـدا درێژە بە ناڕەزایەتییەکانی دەدات و هانی ژمارەیەکی بێشومار لە ژن و گەنج و پیر دەدات تا شوێن ڕێبازی ناڕەزاییە مەدەنییەکی ئەو بکەون. تەنانەت هەندێک لەو ژنانەی کە باوەڕیان بە حیجاب‌پۆشیی هەبوو دەنگی خۆیان دایە پاڵ خۆپیشاندەران و جەختیان لە مافی تاکەکەس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی خۆی کردەوە. بەم جۆرە خۆپیشاندەران توانییان جوڵانەوەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دروستبکەن کە دەنگ و ڕەنگی جیاوازی ژنانی ئێرانی لەخۆ گرتبوو.

پاش بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی وێنەکەی، موحەدی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمەوە دۆزرایەوە و دەستبەسەر کرا. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2018ـدا لە تاران بەهۆی ناڕەزاییدەربڕین لە دژی یاسای حیجابی زۆرەملێ، سی و پێنج ژن دەستبەسەرکران. ئەمە لە کاتێکدایە چالاکوانان پێیان وایە ژمارە دروستەکە زۆر لەوە زیاترە. هەندێک لە خۆپیشاندەران، لە کاتی هێنانە خوارەوەیان لەسەر سندوقە کارەباییەکان لەلایەن پۆلیسەوە بریندار کران. یەکێک لەوانە خوێندکارێکی کۆلێژی تەمەن سی و دوو ساڵ بە ناوی مریەم شریعتمدارکە دەڵێت پاش برینداربوون و دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ وەرنەگیرا. پاش سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، مۆدێلی زۆربەی سندوقە کارەباییەکانی تاران، بەجۆرێک نوێکرانەوە کە سەرکەوتن بەسەریاندا زەحمەتتر بێت.

لە ڕاپۆرتێکی حوکمەتی ئێراندا، ئاماژە بەوە دراوە کە لە سەدا 49ـی دانیشتووانی ئێران دژی یاسای حیجابی زۆرەملێن. ئەم یاسایە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1985ـدا دەرچوو، لە یاساکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی ئاینی، تەواوی ژنانی ئێران دەبێت بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی. جلوبەرگ بپۆشن. سەرئەنجام، حیجاب بووە ئەو ئامڕازەی کە دەوڵەت بۆ چەسپاندنی زیاتری بۆچوونە ئاینییە توندوتیژییەکانی خۆی بەکاریبهێنێت. هەربۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە حیجاب بووەتە سیمبولی بەرهەڵستی ژنان لە دژی ستەم و زۆرداریی هەریەک لە دەوڵەت و ئاینیش. بەهۆی ناڕەزاییەکانی 2018ـەوە بۆ یەکەمجار لە پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەرحیجابی زۆرەملێ و پەیوەستبوونی بە ئازادیی تاکەکەسیی ژنانەوە کرا. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەنانەت هەندێک لە ڕابەرانی ئاینی موسڵمانیش لە ئێران، دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتییەکان؛ بە ئاماژەدان بەوەی کە تەنانەت پێغمبەریش محمد، زۆری لە ژنان نەکردووە تا خۆیان دابپۆشن.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەوڵەتی ئێرانی، بە ئێستاشەوە لەسەرهەمان شێوازی خۆسەپاندن بەردەوامە و یاسای حیجابی زۆرەملێ، بەتوندیی جێبەجێ دەکات. ساڵانە بە هەزاران ژن لە ئێراندا بە بیانووی حیجابی “شل” دەچەوسێندرێنەوە، نەوجەوانان لە کاتی ئاهەنگە تایبەتییە تێکەڵەکانیاندا بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب لەلایەن ” پۆلیسی ئەخلاق”ـەوە دەگیرێن. هاوکات یاساکە ڕێگریی لە پۆشینی شۆرت و تیشێرتی براند لە پیاوانی گەنجیش دەکات، ئەگەر سیمایەکی ڕۆژئاوایی هەبێت. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش، ژنان لە ئێراندا، لە پێناوی ویستی خاوەندارێتیکردن بە جەستەی خۆیان بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە پەلامار دەدرێن. ئەو ژنانەی کە لە ساڵانی 2017 و2018 بەشێوازێکی ئاشتییانە لە دژی حیجابی زۆرەمڵێ ناڕەزاییان دەردەربڕی، هەموویان بە تۆمەتی سۆزانییبوون سزادران و پارێزەرەکەشیان نەسرین ستودە، تا ئێستاش لە زینداندا گینگڵ دەدات.

داپۆشینی جەستە و دەنگ

حیجاب مێژوویەکی درێژ و ئاڵۆزی هەیە. سەرەتای دەستپێکردنی بۆ پێش سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە، ئەو کات لەسەرکردنی لەچک لای ژنانی ئێرانی کۆن شتێکی باو بووە. بە گوێرەی کتێبەکەی فەدوا ئەل گویندی حیجاب: ئابڕوو، ذاپۆشین و بەرخۆدان، کۆنترین تۆمارەکانی پۆشینی حیجاب لە ناوچەی دێرینی میزۆپۆتامیادا دۆزراونەتەوە. دواتر لە ئاشوردا، ئەمە دەبێتە سیمبۆلێک بۆ نیشاندانی پێگەی ژنەکە، بەجۆرێک تەنها ژنانی خاوەن دەسەڵات و خۆشگوزەران توانیویانە بیپۆشن. بەگوێرەی یاسا ژنانی جووتیار، کۆیلە، و سۆزانی پۆشینی لەچکیان لێ قەدەغەبووە. لە هەندێک شوێن هەمان کولتور پیاوانیشی گرتۆتەوە، هەتا ئێستاش پیاوانی خێڵی تواریگ لە باکوری ئەفریقا، وەک هێمایەک بۆ پێگەی کۆمەڵایەتییان لەچک لەسەردەکەن.

بەدرێژایی مێژوو، حیجاب هەڵگری چەندین وێنەی پێچەوانەوە بووە لەخۆیدا. هەندێکجارنیشانەی دواکەوتووی و پێشکەوتووی؛ دژە -ژن و دژە -کۆلۆنیالیزم؛ فۆڕمی یاخیبوون یان ژێردەستەیی بووە. ئەمڕۆ، ژنان بە هەرهۆکارێک بێت، سیاسی یان خودی، دەتوانن بژاردەی ئەوەیان هەبێت حیجاب بپۆشن، یان ڕەتیبکەنەوە، جا فۆڕمێکی ئازادیخوازانە یان سنووردارکردن، ملکەچبوون یان بەرەنگاریی هەبێت. ئەم پارچە قوماشە خۆی لە خۆیدا هیچ نییە و هیچ مانایەکیشی لەخۆ نەگرتووە، ئەوە پۆشەرەکەیەتی کە مانا دەداتە پاڵی.

لە سەردەمی ئێرانی نوێدا، حیجاب تا ڕادەیەکی زۆر بە سیاسیی کرا. لە ساڵی 1936ـدا، ڕەزا شا لە پێناو بە ڕۆژئاواییکردنی وڵاتەکەیدا، بڕیارێکی فەرمی توند و زۆرەملێی بۆ قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی حیجاب دەرکرد. لە ساڵی 1979 دا، بۆ ئەوەی هەمان وڵات بە ئیسلامیی بکات، ئایەتوڵا ڕۆحەڵا خۆمەینی ڕاگەیاند کە دەبێت ژنان ڕەچاوی ڕێسای پۆشینی جلوبەرگی ئیسلامیی بکەن. ئەمانە تەنها دوو نمونەن لەو ژمارە زۆرەی دەسەڵاتداران کە لەسەر بنەمای پێدانی دووبارە وێنەیەکی نوێ بە جەستەی مێینە دەسەڵاتی خۆیان بنیادناوە. کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دژی بڕیارەکەی خومەینی وەستانەوە، حکومەت دڵنیایی دا، کە پۆشاکی ئیسلامیی ” تەنها پێشنیارێکە”. بەڵام لە 1980ـدا لە تەواوی نوسینگە حوکمی و گشتییەکاندا حیجاب بووە زۆرەملێ وە لە ساڵی 1983ـدا یاساکە هەموو شوێنێکی وڵاتی گرتەوە.

لە هەموو ئەو سەردەمانەی هاوشانن بە حیجابی زۆرەملێ، کۆمەڵگای ئێرانی، بەگشتیی شکستی هێنا لەوەی پشتگیریی ژنان بۆ مافی هەڵبژاردنی ئازادانە بکات. هەرکاتێک ژنان لە دژی یاسا دەنگییان هەڵبڕیبێت-وەک خۆپیشاندانە گەورەکەی تاران لە 8ی مارسی 1979ی ڕۆژی جیهانی ژناندا- ناڕەزاییەتییەکەیان زۆر بەئاسانی لەلایەن گروپەکانی دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرا. گروپە ئیسلامییەکان هەر داوایەکییان بۆ ئازادبوون لە حیجاب وەک دژایەتیی بەرامبەر بە بۆچوونی ئیسلامیی لێکدەدایەوە. چەپەکان پێیانوابوو کە حیجاب سیمبۆلێکی سەربەخۆی کولتورییە و ڕەتکردنەوەی گەندەڵیی شاهانەییە، پێیان وابوو کە ململانێی چینایەتی، لە پێش مافەکانی ژنانەوە دێن. زۆرێکی تر بێدەنگییان هەڵبژارد. وا پێدەچێت کەس بەلایەوە گرنگ نەبووبێت لە خودی ژنان خۆیان بپرسن چییان دەوێت.

هەمیشە شەڕی ژنان بۆ ئەوەی بژاردەی سەربەخۆی خۆیان هەبێت لەلایەن هەر یەک لە ئێران و ڕۆژئاواشەوە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە. هەندێک دەڵێن سووککردنی حیجاب فۆڕمێکە لە ئیسلامۆفۆبیا. هەندێکی تر دەڵێن ئەو گوشارەی کە دەخرێتە سەر ژنان بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان، پلانی ڕۆژائاوای لە پشتە. کۆمەڵێکیش هەن ئارگومێنتی ئەوە بەکاردەهێنن پیاوان لە پشتی ئەم هاندانەوەن، چونکە چێژ لەوەدەبینن ژنان بە “ڕووتی” ببینن. وەک ئەوەی لەبەر هۆکارگەلێکی تایبەت، ژنان خۆیان لە توانایاندا نەبێت ویست یان داوای یەکسانی و سەربەخۆیی بکەن.

هەربۆیە، ژنانی ئێرانی لە ساڵانی 1980ـکاندا توشی شۆک و نائومێدییەکی زۆر بوون، کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای بەشدارییان لە هەموو کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورریەکان هاوشان بە پیاوان، کەچی لە شەڕیاندا لەپێناو یەکسانی جێندەری تەنهان. ڕێک لێرەدابوو کە گرنگی نووسین زۆر لە جاران زیاتر بوو. تەنیا و گوێ لێنەگیراو بۆیان دەرکەوت پێویستییان بە دەنگێکی دلێرە تا تیشک بخاتە سەر جیاوازیی جێندەری و وردەکاریی ئازارەکانیان. حیجابی زۆرەملێ زیاتر ژنانی بەرەوە باخچەی قەدەغەکراوی زانین پاڵ پێوەنا. تازە سێوەکە گازی لێگیراوە.

نووسین وەک یاخیبوون و ناڕەزایی

ترادیسیۆنی ئەدەبی فارسیی بە شاعیرانی سەدەی 13 و 14ـی وەک ڕۆمی و حافز دەوڵەمەندە، شیعرەکانیان بۆ ئاستی نێودەوڵەتیی وەرگێڕدراون و بەرزڕاگیراون. لە کاتێکدا ژنان دەنگیان کپدەکرا، پیاوانی ئێرانیی وشەیان مۆنۆپۆل دەکرد. باڵادەستی نێرینە لە ئەدەبدا نەک هەر تەنها دەنگی کاریگەریی مێینەی لە نەریتی ئەدەبیی دابڕی لەهەمان کاتیشدا وێنەی ژنی لە دوو لێو، چاو و قژێکی جواندا کە توانای نوێنەرایەتیی خۆی نییە، بچووک دەکردەوە. کۆمەڵگا بەگشتی و پیاوان بەتایبەتی، نەیاندەتوانی دەستیان بە دونیای واقع و جوانیی ژناندا بگات، چونکە هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان ئەم دوو جێندەرەدا بوونی نەبوو.

ئەوە تەنها دەنگیان نەبوو کە کپکرا بوو؛ بەڵکو جەستەشیان لە (حەرەمسەرا)ـدا دەشاردرایەوە، ئەو شوێنەی لە ماڵدا پیاوان – بە تایبەتی میوان – بۆیان نەبوو بچنە ژوورەوە. خۆ ئەگەر ژنێک دەربکەوتایە و ببینرایە وەکوو وابێت خێزانەکە ئابڕووی چوو بێت. لەڕاستیدا، هەر ژنێک لە شوێنی گشتییدا ببینرایە، پێیدەگوترا هاجەری، زاراوەیەکە کە دەقیقەن بە مانای ”لەشفرۆش” دێت. مرۆڤ زۆر بە ئاسانی، دەتوانێت لەوە تێبگات کە چۆن نائامادەیی ژنان لە پێگە و شوێنی گشتییدا کاریکردۆتە سەر هۆشیاریی کۆمەڵگا. تەنها ئەو کاتەنە دەتوانیت “گوێت لە” بوونی ژنێک بێت کە پیاوێک بە دوای ژنهێناندا دەگەڕێت. جەستە و دەنگی مێینە تەنها لە شێوەی سێبەردا دەرکەوتووە و تەنها لە ڕێگەی خەمڵاندن و وێناکردنەوە توانراوە ببینرێت. خۆ ئەگەر ژنێکیش لە بەردەم پیاوێکدا دەربکەوتایە دەبوو خۆی دابپۆشێ. ئەگەریش شتێکیان بنووسیایە، دەبوو وشەکانیان بشارنەوە. هەتا ئەمڕۆژگارەش هەمان مێنتاڵیتی کار دەکات. ئەمە نموونەیەکی ڕەوانبێژییە لەسەر یەکێک لە تەلەڤیزیۆنە حوکمییەکانی دەوڵەت بۆ پاساودان بە حیجابی زۆرەملێ دەگوترێت: “جەستەی ژنان وەکو چۆکلێتێک وایە کە دەبێت دابپۆشرێت بۆ ئەوەی مێشوولە لەسەری نەنیشێتەوە.”

هەرچەندە بۆ ماوەی چەندین سەدەیە دەنگیان کپکراوە و جەستەیان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە کراوە، بەڵام ژنانی ئێرانیی زۆر لەمێژە فێری ئەوە بوون لە ڕێگەی وشەکانیانەوە حیجاب نەپۆشن. شتێکی ڕێکەوت نییە کە ئەو ژنەی بۆ یەکەمجار لەبەردەم ڕای گشتیدا حیجابەکەی لابرد – هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کاتیش بوو – بەڵام شاعیر بوو، کەسێک کە لە ڕێگەی دەنگ‌هەڵبڕینەوە خۆی ئازاد کرد. تاهیرە قیرە العين، بە لابردنی حیجابەکەی لە کۆبوونەوەیەکی پیاواندا لە بەدشت، مازەندەراند، هەرایەکی “ئابڕووبەرانە”ی لەنێو ئامادەبوواندا نایەوە. هەندێک لە پیاوەکان چاویان دەبەست؛ هەندێکیان گوێچەکیان دەگرت؛ کۆمەڵێکی تر لەو کفرە ڕایان دەکرد کە ئەو ژنە لەخۆیدا هەڵیگرتبوو؛ تەنانەت پیاوێک شمشێری لێ بەرزکردەوە؛ یەکێکی تر بەناوی ئەبدول خالیق ئەسفەهانی، قوڕگی خۆی دڕی، چونکە بەهیچ جۆرێک نەیدەتوانی بەرگەی ئەو بێ ئابڕووییە بگرێت.

دوای ئەم هەموو ساڵە، هێشتا زانیاریی تەواومان لەسەر چیرۆکی تاهیرە قیرە العين دەست نەکەوتووە. ناوبانگی تاهیرە وەکوو یەکەم شەهیدی مافی ژنان، جۆن ئارکی فارسی، بولبولی ئێرانیی فلۆرەنسا و هەروەها ژنێکی بێئەقڵ کە “لە حەزی لە ڕادەبەدەریی خۆی بۆ لەشفرۆشی، گیری خواردووە” ناسراوە. تاهیرە، لە ساڵی 1852ـدا و دوای نزیکەی چوار ساڵ زیندانیی لە تاران، لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا دەکوژرێت. ئەم ژنە یاخییە لە لوتکەی گەنجی و بەهرەمەندییدا لە گرتووخانەیەکی تاکەکەسییدا زیندانیی کرا، چونکە ئەو کات هیچ زیندانییەک بۆ ژنان نەبوو. هەرچەندە هەبوونی زیندان پێویست نەبوو- چونکە تەواوی ژنانی وڵات لە ماڵەکانی خۆیاندا لە زینداندا بوون. دەستڕاگەشتنیان بەخوێندن زۆر سنوردار بووە، هەروەها بۆیان نەبووە لە ئاستی بەرزدا بخوێنن یان بەشداریی کۆڕ و کۆبوونەوە بکەن.

تاهیرە تەنها نموونەیەکە لەو ژنانەی کە لەبەر ڕەتکردنەوەی پانتایی سنوورداڕیژار، سزادراون. ژنانی نووسەرلە ئێران، زۆر لەمێژە بەهۆی سنووربەزاندن، سوکایەتییان پێدەکرێت. ژنان، وەک شێت مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بۆ خۆکوشتن هاندراون یاخود شاربەدەرکراون و کوژراون.

ژنانی ناڕەزا بە زماندرێژ و بێحەیا بانگکراون، وشەیەکە تەنها بۆ سوکایەتیی بە ژنان بەکار دێت. هەرکاتێک ژنان لە نێوان خۆیاندا یەکیان گرتبێت و گفتوگۆیان کردبێت، قسەکانیان وەکوو قسەی هەڵیت و پەڵیت لێک دراوەتەوە. هەتا ئێستاش، هەر قسەوباسێک لە بەینی ژناندا کە تێگەشتنی زەحمەت بێت، پێی دەگوترێت قسەی حەمامی ژنانە، وشەیەکە وەکو سوکایەتیی بۆ گەرماوی گشتیی ژنان بەکاردەبرێت.

ڤیرجینا ۆڵف لە بانگەوازە بەناوبانگەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات: ژنان بۆ ئەوەی بتوانن بنووسن، پێویستیان بە ژوورێک و ئابوورییەکی سەربەخۆ هەیە. سەرەڕای نەبوونی هەردووکیان، ژنانی ئێرانی، لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەدەی بیستەمدا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانیان و تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە جیاکاریی ژنان لە کۆمەڵگا دەکەن. کاری هونەری و نووسینی دەقێکی ئەدەبیی بەهێز پێویستی بە سەرنجدانی ورد، خۆتەرخانکردن و ئارەقڕشتنە، کۆمەڵگاش هیچ چاوەڕوانییەکی لەمجۆرەی لە دایک و ژنێکی مێردداری دڵسۆز نییە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ژنان توانیان دەقی ئەدەبیی بنووسن و بە جیهاندا بڵاویبکەنەوە؛ ئەمڕۆ ژنانی ئێرانی، یەکێکن لە ژنە هەرە خوێندەوارەکان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆر کاری نایابی ترهەن کە چانسی بڵاوکردنەوەیان نەبووە، بەتایبەتی لەنێو ژنانی چەوساوەی کەمینە نەتەوەیی و ئایینەیەکانی تردا. ڕۆماننووسی دیاری ئێرانی سیمین دانشور لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “با سیمۆن دێ بۆڤوار بێت و ساڵێک ئەو ژیانە بژی کە من لێرە دەژیم و بزانێت هێشتا دەتوانێت یەک دێڕیش چییە بینووسێت!”.

لابردنی حیجابەکەم

ژنانێکی زۆرهەن لە جیهاندا کە بە خواستی خۆیان حیجاب دەپۆشن. بەڵام لە ئێراندا، نزیکەی 40 ساڵە ژنان لەم مافی هەڵبژاردنە بێبەشن. من لە ئەزموونی تایبەتیی خۆمەوە وەک ژنێکی کوردی-ئێران دەنووسم، کە حیجاب بۆ من فۆڕمێکی زۆرەملێ و نکۆڵیکردن بووە لە هەبوون. ئەزموونی کەسییم ئەوەی نیشانداوم کە تەنها یەک ڕێگەی کاریگەر هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت داکۆکی لە خۆت بکەیت و ستەمکاریی حیجابی زۆرەملێ هەڵبوەشێنیتەوە: کردەی نووسین.

ڕێگەم بدەن ڕوونیبکەمەوە. كچان هەر لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە ئەوە دەبینن چۆن کوڕەکان بەگوێرەی کەشوهەوا پۆشاک دەپۆشن؛ بەبێ هیچ بەربەستێک یاریی دەکەن، ڕادەکەن و پێدەکەنن، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت ئەوان لەچک بکەنە سەریان، بەم جۆرە منداڵییان کۆتوبەند دەکرێت. هەر بۆیە لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە، کۆنسێپتی ئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە شتێک دەربارەی جەستەیان گوناهبار و ئابڕووبەرانەیە، تێیاندا ناونشین دەبێت. ئەمە ئەزموونی گەورەبوونی منە لە ئێران. شێوەژیان و ڕەفتار و پۆشاکی سەپێنراو، وای لێکردم خۆم وەک بەشێکی دانەبڕاو لە گۆشەگیری و شەرمەزاری، ببینم. هەستم دەکرد لە جەستەم دەتۆرێم و وەکوو سەرچاوەیەکی فریودان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر تەماشام دەکرد. زیاتر وەک ئۆبجێکتێک بۆ ئارەزووی خۆم دەبینی، وەک لە مرۆڤێک کە خاوەنی بژاردەی سێکسواڵیی خۆی بێت. ئەو حیجابەی کە بە پۆشینی ناچار کرابووم، سیمبۆلێک بوو بۆ نامۆییم بەرانبەر بە ئەوانی تر و خۆشم.

لە تەمەنێکی زۆر کەمدا کەوتمە نێو دنیای ئەدەبەوە. لە سێزدە ساڵییدا دەمتوانی زۆر بەجوانی، شیعری مۆدێرن و کلاسیک بخوێنمەوە، هەر لە سەدەی 7ـی ڕۆمییەوە بۆ فروخی فەروخزادی فێمینست. ئەدەب بووە داڵدە، پەناگە و پاڵپشتی ژیانم. کاتێک دەستمدایە نووسین، ئینجا لە بەهێزی کردەی گوزارشت لە خود بەرامبەر بەو گۆشەگیری، پەراوێزخستن وسەرکوتکردنە تێگەشتم کە حیجابی زۆرەملێ بەسەرمدا سەپاندبووی. نووسین واتا لابردنی حیجابەکەت. واتا نیشاندان و کەشفکردن، زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و دیوارەکاندا و گەیشتن بە جیهانێک لەودیوو توانای نووسەرەوە. نووسینی باش کەرەستەی تێفکرین و ڤەکۆڵینە، هیچ شتێک بە لێڵی و کڵێشەیی جێناهێڵێت، هەموو ئەو شتانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە حیجابی زۆرەملێ دەیسەپێنێت. بۆ ژنان لە ئێران و هەر شوێنێکی تری دونیا، خودی کردەی نووسین بەبێ گوێدانە ناوەڕۆک و ستایلەکەی کردەیەکی یاخییگەرانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر سەرنجێکی ورد بدەینە ئەو کتێبانەی کە پێش و پاش یاسای حیجابی زۆرەملێ بڵاوبوونەتەوە، ئەوا هەست بە گۆڕانێکی گەورە لە هۆشیاریی ژناندا دەکەین.

زۆربەی ئەو بابەتانەی ژنان پێش شۆڕشی ئیسلامیی 1979 بڵاویاندەکردەوە خاڵیی بوون لە هۆشیاریی فێمینیستی. لە شاکارەکەی 1969ـی سیمین دانشوردا بە ناوی (Savušun) کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە زری وەکوو یوسفی مێردی سەرقاڵی مامەڵەی ئیمپریالیستی و نادادپەروەرییە بەرامبەر بە جووتیاران، کەچی لە مەسەلەی ڕاگرتنی باڵانسی دەسەڵات لە نێوان هەر دوو ڕەگەزەکەدا، ژنێکی پاسڤە. لەم ڕۆمانەدا، کە ڕووداوەکانی هاوکاتن لەگەڵ هێزی هاوپەیمانی بۆ گرتنی ئێران لە جەنگی جیهانی دووەمدا، شۆڕش پانتایی پیاوانە. لە لوتکەی جەربەزەییدا هەموو ئەوەی زری دەیکات ئەوەیە کە پرسەی هاوسەرە کوژراوەکەی وەردەگێڕێنێتە سەر ناڕەزاییەکی گشتی و ڕۆڵی خۆی وەک ژنێکی دڵسۆزی نەریتی دەپارێزێت. کوکب، پاڵەوانی سەرەکی کورتەچیرۆکی “بە کێ بڵێم سڵاو”ی دانشورە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە پیاوی سەرڕاست مامەڵەی جوان لەگەڵ ژناندا دەکات مەگەر ژنان خۆیان بە شوێنێکی هەڵەدا ئاڕاستەیان بکەن. زاواکەی خۆی – کە کچەکەی دەچەوسێنێتەوە – پیاوێکی ئاسایی نییە: نامەردێکە یان “پیاو نییە.”

شتێکی ئایرۆنییە کە سەپاندنی حیجابی زۆرەمەلێ بەسەر ژناندا لە ساڵانی 1980ـکاندا نەک هەر نەیتوانی دەنگی ژنان کپ بکات، بەڵکوو لەڕاستییدا بووە هۆی بەرزبوونەوەی هۆشیاریی فێمێنیستی، نووسینیش بووە یەکێک لەو ڕێگا زۆر باوانەی کە ژنان بۆ بەگژداچوونەوە لە دژی ئەو کۆتوبەندانەی بەسەریاندا سەپێنرابوون، هەروەها بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی پەیوەندییدا، بەکاریان دەهێنا. ژمارەی ئەو بڵاوکراوانەی کە لەلایەن ژنان و دەربارەی ژنان لە تەواوی وڵاتدا بڵاو دەکرانەوە، گەیشتنە لوتکە و فۆڕم و ناوەڕۆکەکانیان گۆڕانێکی تەواوی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک ڕێگەی لە بەردەم یاریی بە ستڕەکچەر و شێوازی ناڕەزایی نوێ لە دژی چەوساندنەوەی جێندەری و سێکشواڵی، کردەوە.

ڕۆمانی ژن بە بێ پیاوی شهرنوش پارسی پور لە ساڵی 1990ـدا نموونەیەکی نایابی ئەو کتێبانەیە کە لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی پڕجموجۆڵی ژنان لە پانتایی کۆمەڵایەتی و سێکسواڵییدا، تابۆی شکاند. پارسی پور کە چوار جار زیندانیی کرا و کتێبەکەشی قەدەغە کرا، کارەکتەرگەلێکی مێینەی لە ڕۆمانەکەیدا دروست کردووە کە قسە لەسەر کەپتی سێکسی؛ ئارەزووی سێکسواڵیتەی ژنان؛ گاڵتە بە چەمکی بێگەردی ژنان دەکات و بەڕوونی، بەرهەڵستی کولتوری باڵادەستی پیاو دەکات.

ئەم وەرچەرخانە پاش-شۆڕشە لە نووسینی ژناندا، ڕیشەکەی بۆ ڕزگاریی لەو واهیمەیە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی داواکانیان بۆ ئازادیی هەڵبژاردن، بەبێ گوێدانە بەشدارییە سیاسییەکانیان لەلایەن هەڤاڵەکانیان، بەرەی ئۆپۆسیزیۆن و هەموو پیاوەکان، ڕەت کرایەوە. هەربۆیە هیچ جێگەی سەرسامی نییە کە سەرەڕای سانسۆری قورس و نەبوونی پەڕە، لە نێوان ساڵانی 1983 و 1985 دا بەنزیکەیی 126 کتێب لەلایەن ژنان یان دەربارەی ژنان بڵاوکراونەتەوە. ئەو کاتەی ژنان ناچاکرابوون جەستەیان داپۆشن، لە ڕێگەی نووسینەوە وەڵامیان دەدایەوە، وەک شاعیر و نووسەرانی هاوچەرخ کە بە ئازادی، گوزارشت لە دونیای ژنێتیی خۆیان دەکەن.

من ئەم چیرۆکە دەزانم، چونکە هاوکات چیرۆکی منیشە. کاتێک دەنگی خۆمم لە ڕێگەی نووسینەوە دۆزییەوە، حیجابەکەمم لابرد، تا زیاتر دەمخوێندەوە، زیاتر وێڵی وێنەی خۆم بووم لەنێو ئەدەبی فارسی و ئەدەبی جیهانییدا بە ئینگلیزی. بەڵام لە ئەدەبدا کەس باسی ژنی کوردی نەکردووە، بۆیە بۆم دەرکەوت دەبێت خۆمان ئەم باسە بوروژێنین. لە ساڵی 2007، لە زانکۆی ویندسۆر لە کەنەدا، بیمەیەکی خوێندنم بەدەستهێنا بۆ خوێندنی ماستەر لە زمانی ئینگلیزی و نووسینی داهێنەرانەدا، پاش ئەوە نەگەڕامەوە ئێران.

بەوجۆرە ساڵەکانی نووسینم لە غەریبایەتیی دەستی پێکرد. خوێن و ئارەقم ڕشت تا کورتە چیرۆکێک دەربارەی ژنانی مۆدێرنی ئێرانی، بنووسم.

بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگە مێینەکانی نێو ئەدەب هاوشێوەی جەستەمان ملکەچ کرا بوون. کەچی هێشتا ژنانی ئێرانیی دەنووسن، سەڕەڕای ئەو هەموو باجەی دەیدەین. لەوەتەی یاسای زۆرەملێی حیجاب داپۆشینی جەستەیی بەسەردا سەپاندووین، نووسین بووەتە ڕێگەک بۆ ڕووتکردنەوەی خۆمان- ڕێگەیەک بۆ سەربەخۆیی. بۆ من، نووسین وەرچەرخانە- کردەیەکی دووبارە لەدایکبوون و بەرخۆدان.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: