پێشه‌كى
جیاواز له تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، تیۆر و ئاراسته‌كانی فێمێنیزم له گۆڕاوى جێنده‌رییه‌وه ده‌ستده‌كه‌ن به شیكارى و لێكدانه‌وه‌ى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان. لێره‌وه لێكدانه‌وه‌ى جێنده‌رى گرنتگرین ئاست و گۆڕاوى شیكردنه‌وه‌یه له‌دیدى لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزمه‌وه . به بۆچوونى لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم، په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان هه‌م وه‌ك كایه‌یه‌كى ئه‌كادیمى و هه‌م وه‌ك كایه‌یه‌كى ئه‌زموونى له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه كۆنتڕۆڵكراوه. لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن تێڕوانینى باو بۆ كایه‌ی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه بوونیادنراوه كه كایه‌ی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان كایه‌یه‌كه تایبه‌ت به پیاوان، ژنان ناتوانن تێیدا كاربكه‌ن. به‌م هۆیه‌وه دید و بۆچوونه‌كان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه گوزارشته له دید و بۆچوونى پیاوان و ده‌رئه‌نجانى ئه‌زموونى ئه‌وانه له بوارى پراكتیكى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا. ده‌رئه‌نجام تێڕوانینى تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان بۆ ده‌وڵه‌ت، هێز، سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و ئاسایش مه‌عریفه‌یه‌كى لایه‌نگیره له به‌رژه‌وه‌ندی نێرینه، دید و بۆچوونی مێیینه تێیدا به ئه‌نقه‌ست فه‌رامۆشكراوه، به‌م هۆیه‌وه ته‌واوى مه‌عریفه‌ى تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان مه‌عریفه‌یه‌كه پیاو به‌رهه‌مى هێناوه، ناكرێت وه‌ك مه‌عریفه‌یه‌كى بابه‌تى و بێلایه‌ن سه‌یربكرێت. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌دین وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌ى خواره‌وه بده‌ینه‌وه: تیۆرى فێمێنیزم كه‌ى و چۆن سه‌ریهه‌ڵدا؟ گریمانه‌ی تیۆرى فێمێنیزم له‌بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵهتییهكاندا چییە؟ ئاڕاستە جیاوازه‌كانى تیۆرى فێمێنیزم چین؟ تێڕوانینى تیۆری فێمێنیزم چییه بۆ چه‌مكی ئاسایش؟
دەروازەیەک بۆ تیۆرى فێمێنیزم
تیۆرى فێمێنیزم چه‌ندین ئاڕاستەی جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت كه هه‌موویان له‌و ئامانجه ئه‌خلاقییه‌دا هاوبه‌شن كه ده‌یه‌وێت نایه‌كسانى له‌سه‌ر بنه‌ماى جێنده‌رى كۆتایی پێبهێنێت، ده‌رئه‌نجامیش یه‌كسانى بۆ ژن ده‌سته‌به‌ر بكات(1). ئاڕاستەکانی تیۆری فێمێنیزم له كۆتایی ساڵانى 1980كان و سه‌ره‌تای ساڵانى 1990كاندا چوونه نێو كایه‌ى ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه(2). هاوشێوه‌ى لایه‌نگرانى پۆست-پۆزه‌تیڤیزم، لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم كه‌وتنه ڕه‌خنه‌گرتن له تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، له‌وانه‌ش ڕه‌خنه‌گرتن له تیۆرى ڕیالیزمى نوێ و تیۆرى لیبڕاڵیزمى دامووده‌زگایی نوێ كه ڕه‌گوڕیشه‌یان له هه‌ناوى پۆزه‌تیڤیزمه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. لایه‌نگرانى فێمێنیزم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه تیۆره پیاوسالاره‌كانى وه‌ك ڕیالیزم و ڕیالیزمی نوێ و لیبڕاڵیزمى دامووده‌زگایی وێنه‌یه‌كى ناته‌واو و شێواویان بۆ جیهانى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى پێشكه‌ش كردووه، جیهانێك كه پیاو تێیدا باڵاده‌سته. به‌م هۆیه‌وه لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم پێیانوابوو تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان ناتوانن خوێندنه‌وه‌ه‌یه‌كى دروستیان بۆ ته‌واوى سیاسه‌تى جیهانی هه‌بێت(3). لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئاڕاستەکانی تیۆری ڕیالیزم و لیبڕاڵیزم، تیۆرگه‌لێكى ده‌وڵه‌ت سه‌نته‌رین و شوێنیكیان بۆ شیكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه جێنده‌رییه‌كان نه‌هێشتووەته‌وه له دیراسه‌كردنى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا. لێره‌وه لایه‌نگرانى فێمێنیزم هه‌وڵده‌ده‌ن لایه‌نگرى جێنده‌رى پێشان بده‌ن كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌مكى سه‌ره‌كی وه‌ك هێز و ده‌وڵه‌ت و ئاسایش ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه(4). به‌م هۆیه‌وه، فێمێنیسته‌كان جێنده‌ریان وه‌ك ئامڕازێكى پێویست هێنایه نێو كایه‌ى ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه بۆ شیكردنه‌وه‌ى ئه‌و كارلێكانه‌ى كه له‌نێوان ده‌وڵه‌تاندا ڕووده‌ده‌ن. لایه‌نگرانى فێمێنیزم باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و هۆكاره‌ى وایكردووه كه تێگه‌یشتنه فێمێنیستییەکان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى دروستكه‌رانى بڕیار نه‌بێت ئه‌وه‌یه ساڵانێكى زۆره ده‌سته‌بژێرى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى وا بیرى لێده‌كرێته‌وه كه هه‌ر دەبێت نێرینه‌بێت، سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى كایه‌یه‌كه بۆ كاریگه‌رى پیاو نه‌ك ژن. لێره‌وه، ته‌نها پیاو ده‌یتوانى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه‌كانى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تی بكات، ئەکتەره‌كانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه و دروستكه‌رانى بڕیار له‌پیاو پێكهاتبوون، ژن ڕۆڵێكى ئه‌وتۆى له‌و بوارانه‌دا نه‌بوو(5).
گه‌شه‌سه‌ندنى تیۆرى فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا
ئاڕاستەکانی تیۆری فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا شانبه‌شانى هه‌ندێك گۆڕانكارى به‌رچاو له هێزدا له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییە هاوچه‌رخه‌كاندا گه‌شه‌یان كرد. وه‌ك هه‌موو ئه‌ده‌بیاته‌كانى فێمێنیزم، فێمێنیزم له‌په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا به‌شێوه‌یه‌كى قووڵ په‌یوه‌ندیداره به شه‌پۆلی دووه‌مى بزووتنەوە فێمێنیزمییه‌كان كه له ساڵانى 1960 و 1970كاندا له سه‌رانسه‌رى جیهاندا گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رچاویان به‌خۆوه بینى. ئه‌م بزووتنه‌وانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى تیۆره فێمێنیزمییه‌كان بوون، كه وه‌ك دروستكراوێكى كۆمه‌ڵایه‌تى له ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ریان ده‌كۆڵیه‌وه، نه‌ك وه‌ك ڕاستییه‌كى سروشتى. تیۆرى فێمێنیزم خۆى له خۆیدا وه‌ك فۆڕمێكى پێویستى موماره‌سه‌ی فێمێنیزمى ده‌بینرا كه به‌رهه‌ڵستى باڵایه‌تى نێرینه‌ى ده‌كرد له كایه‌ى ئه‌كادیمیدا. توێژه‌رانى فێمێنیستی به‌هۆى كاریگه‌ربوون به ئه‌زموونى چالاكییه‌كانیان وه‌ك پێویستییه‌كى ئه‌خلاقی ده‌یانڕوانی له گه‌یاندنى بۆچوونى ژنان له دیراسه‌كانیاندا و هه‌وڵیاندا بابه‌ت و ئامانجى دیراسه‌كان بگۆڕن. زۆرێك له تیۆرداڕێژه‌رانى فێمێنیستى حه‌زییان بۆ په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ به‌شدارییان له بزووتنەوەكانى ئاشتی سه‌رده‌مى جه‌نگی سارد و سیاسه‌تى ئاشتی خوازانه‌ى فێمێنیستى كه مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م به‌دیاریكراویش بۆ هه‌وڵه‌كانى دروستكردنى ئاشتى و ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى له كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كاندا. جێگه‌ى سه‌رسووڕمان نییە، له كۆتایی ساڵانى 1980كاندا به‌شداریی فێمێنیستی له كایه‌ى ئه‌كادیمى نێوده‌وڵه‌تیدا به سیاسی كرابوو، له هه‌مان كاتیش‌دا جێگه‌ى مشتومڕو ناكۆكى بوو له‌به‌رئه‌وه‌ى كایه‌ی ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان له‌و كاته‌دا كایه‌یه‌ك بوو زیاتر له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ى نێرینه‌دابوو، فۆكه‌سی سه‌ره‌كى كایه‌كه له‌سه‌ر دیبلۆماسییه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و جه‌نگ بوو، كه هه‌ردوو كایه‌كه‌ش وه‌ك ئه‌وه سه‌یر ده‌كران تایبه‌ت بن به پیاوان. گۆڤارى میلینییە‌م یه‌كه‌مین گۆڤارى نێوده‌وڵه‌تی بوو له بواره‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌كى تایبه‌تى له‌ساڵى 1988دا بۆ “ژن و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان” ته‌رخان كرد. له‌و ژماره تایبه‌ته‌دا فرید هاڵیدای باس له‌وه ده‌كات پشتگوێخستنى ژیان و ئه‌زموونى ژن له دیراسه‌دا بووەته هۆى دروستبوونی تێڕوانینێكى نێرانه‌ى كه‌م و كورت بۆ په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان سه‌ره‌ڕاى بانگه‌شه‌كانى تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕوونكردنه‌وەی واقیعى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى. له‌دواى ئه‌و ژماره تایبه‌ته‌ى كه له‌لایه‌ن گۆڤارى میلنییە‌مه‌وه بڵاوكرایه‌وه له‌باره‌ى ژن و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه، گراند و نیولاند، هه‌ردووكیان سه‌رنووسه‌رى ئه‌و ڤۆلیۆمه بوون كه به‌ناونیشانى جێنده‌ر و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان له‌ساڵى 1991دا بڵاوكرایه‌وه، باس له‌وه ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت فۆكه‌سی له‌سه‌ر ململانێ و ئه‌نارشیه‌ت بووه، هه‌روه‌ها فۆكه‌سی له‌سه‌ر شێوازى جێبه‌جێكردنى كاروباره‌كانى ده‌وڵه‌ت و داڕشتنى ستراتیجى باڵاى ده‌وڵه‌ت بووه، كه فۆکەسی سه‌ره‌كی ئه‌م دوانه‌ى دواییش له‌سه‌ر كێبڕكێ و ترس بووه. به بۆچوونى ئه‌و دوو نووسه‌ره، ئه‌م فۆكه‌سه تاكلایه‌نه بووەته هۆى لاوازكردنى كایه‌ى ئه‌كادیمی په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان. ئه‌و دوو نووسه‌ره باسیان له‌وه ده‌كرد كه په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان دیراسه‌كردنى نۆڕم و به‌هاكان و پرۆسه‌كانى وه‌ك هه‌ژارى و نادادپه‌روه‌ى ژینگه‌یی و نایه‌كسانى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى پشتگوێ خستووه، كه به بۆچوونى زۆرێك له توێژه‌ره‌كان هۆكارى ڕه‌گوڕیشه‌یی ململانێ نیودەوڵەتییەكان و و نه‌بوونى ئاسایشن.
زۆرێك له‌و لێكۆڵینه‌وه فێمێنیستیانە كه له‌سه‌ره‌تای ساڵانى 1990كاندا له‌لایه‌ن گۆڤارى میلینییە‌مه‌وه بڵاوكرانه‌وه به‌رهه‌ڵستى فه‌لسه‌فەى بونناسی و مه‌عریفه‌ییه باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانیان ده‌كرد. زۆرێك له توێژه‌ره فێمێنیستەکانی وه‌ك ئان تیكنه‌ر، سپایك پیته‌رسۆن، جان جندى پێتمان، ئان ڕه‌نیان و كریستن سڵڤیسته‌ر دژایه‌تى و به‌رهه‌ڵستى سروشتى پۆزه‌تیڤیزم و ده‌وڵه‌ت سه‌نته‌ری بوونى كایه‌ى ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانیان ده‌كرد. لێره‌وه هه‌وڵیاندا تیۆرى ڕیالیزم هه‌ڵبوه‌شتێننه‌وه و شوێنى بگرنه‌وه، كه دیدگایه‌كى باوی په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان بوو. توێژه‌رانى فێمێنیستى جێنده‌ریان وه‌ك ئامڕازێك به‌كارهێنا بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى تیۆرى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، ڕه‌گه‌زپه‌ستى و زاڵێتى نێرینه‌یان ئاشكرا كرد كه له چه‌مكه‌كانى هێز و ئاسایش و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تدا ڕه‌نگى دابووه‌وه. نووسه‌ره فێمێنیسته‌كان باسیان له‌وه ده‌كرد كه ئه‌م چه‌مكانه به تایبه‌تى له‌لایه‌ن ئه‌زموون و جیهانبینى پیاوانه‌وه ده‌ستنیشكانكراون، كه ئه‌مه‌ش له كۆنتڕۆڵ و هه‌یمه‌نه‌ى ته‌واوى پیاوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت به‌سه‌ر پانتایی گشتیدا. به‌شێكى تر له توێژه‌ران به‌ره‌وپێشچوونى ده‌روازه فێمێنیستییه‌كان ده‌به‌ستنه‌وه به ته‌رخانكردنى كۆرسێكى فێمێنیستى له‌سه‌ر جێنده‌ر و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان لەلایەن زانكۆى له‌نده‌ن له‌ساڵى 1988دا.
دوو ده‌یه دواتر، چه‌ندین گۆڤارى نێوده‌وڵه‌تى هه‌موو ژماره‌كانیان بۆ پرسه‌كانى ژنان و جێنده‌ر و فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا تارخان كرد، هه‌روه‌ها له‌ساڵى 1999دا گۆڤارى نێوده‌وڵه‌تى فێمێنیزم بۆ بوارى سیاسه‌ت دامه‌زرا، كه هانى دیالۆگی ده‌دا له‌نێو توێژه‌رانى فێمێنیستى و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا. ڕووخانى یه‌كێتى سۆڤێت و سیستمى دوو جه‌مسه‌رى كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ى گه‌وره و قووڵی هه‌بوو بۆ كایه‌ى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان به‌گشتى و بۆ تیۆرى فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا به‌تایبه‌تى. تیۆره باوه‌كانى ڕیالیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵهتییهكاندا به ته‌نها فۆكه‌سیان له‌سه‌ر سیاسه‌تى هێز بوو له‌نێو ده‌وڵه‌تانى خاوه‌ن سه‌روه‌رى، تاڕاده‌یه‌كى زۆریش فۆكه‌سیان له‌سه‌ر جه‌نگى ساردبوو له‌نێوان هه‌ردوو زلهێزه‌كه‌دا، لایه‌نگرانى ڕیالیزم پێشبینى ڕووخانى یه‌كێتى سۆڤێتیان نه‌كردبوو. هه‌روه‌ها نه‌شیانتوانى ڕاڤه‌ى ئه‌م ڕووداوه بكه‌ن. به‌هۆى بێتوانایی له تێپه‌ڕاندنى ئاسته سیستماتیكى و ده‌سته‌بژێرییه‌كانه‌وه، كه‌موكورتى گه‌وره‌ى ڕیالیسته‌كان زیاتر خرایه‌ڕوو. لاوازی تیۆرەکانی په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان ده‌رفه‌تى بۆ ده‌روازه تیۆرییه‌كانى تر ڕه‌خساند بۆ تێگه‌یشتن له سیاسه‌تى هێز، له‌وانه‌ش بۆ ده‌روازه ڕه‌خنه‌یی و نۆڕمه‌تیڤیه‌كانى وه‌ك تیۆرى فێمێنیزم. به‌ڵێ له ڕاستیدا ئان تیكنه‌ر ئه‌ده‌بیاتى ئه‌كادیمى فێمێنیستی ده‌به‌ستێته‌وه به ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ى كه كایه‌ی ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانى پێداتێپه‌ڕى له‌دواى جه‌نگى سارده‌وه.
كۆتایی جه‌نگى سارد كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاوی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنى ده‌رفه‌ته سیاسییه‌كان بۆ ئەکتەره نادەوڵەتییەكان كه به‌شداری بكه‌ن له سیاسه‌تى جیهانیدا و ڕێگه‌ى خۆشكرد بۆ ده‌ركه‌وتنی پرسه نوێیه‌كان له ئه‌جێنداى سیاسه‌تى جیهانیدا. له هه‌مان كاتدا له كاتێكدا دیدگا فێمێنیستییه‌كان ده‌ستیانكرد به دژایه‌تى و به‌رهه‌ڵستی كردنى تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، بزووتنەوە فێمێنیستییه‌كان توانیان بچنه نێو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه و ده‌ستیانكرد به به‌كارهێنانى دامه‌زراوه نێودەوڵەتییەكان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن یه‌كێتى و هاوپه‌یمانییە‌كى جیهانى ژنان له ژنانى ڕۆژئاوا و وڵاتانى ناڕۆژئاوا و توێژه‌ران و دروستكه‌رانى بڕیار دروستبكه‌ن. توڕێكى فێمێنیستى له ڕێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆنفڕانسه نێودەوڵەتییەكان له ساڵانى 1990كاندا دروستبوو، كه توێژه‌رانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانى له‌خۆده‌گرت. له هه‌مان كاتدا ساڵانى 1990كان دوو كه‌مپه‌ینى سه‌ركه‌وتووى جیهانى به‌خۆوه بینى كه له پێناو داننان به مافه‌كانى ژن‌دا وه‌ك مافه‌كانى مرۆڤ له یاسا نێودەوڵەتییەكان و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك تاوانى ترسناك كه له به‌رامبه‌ر ژناندا ئه‌نجامده‌درا له‌شێوه‌ى توندوتژى دژى ژنان، له كۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا كاریگه‌ریی فێمێنیسته‌كان له ڕێكخراوه نێودەوڵەتییەكاندا زیادى كرد. فێمێنیسته‌كانى دژ به جه‌نگ توانیان وا له ده‌زگاى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن كه بڕیارى 1325 ده‌ربكات بۆ پاراستنى مافه‌كانى ژنان بۆ به‌شداری كردنیان له دانوستان و پرۆسە‌كانى ئاشتى نێوده‌وڵه‌تیدا. له هه‌مان كاتدا ڕێكخراوى یه‌كێتى ئه‌وروپا شوێنى ستراتیجێكی جێنده‌رى كه‌وت وه‌ك سیاسه‌تێك بۆ گرنگیدان به نایه‌كسانى جێنده‌رى و جیاوازییه‌كانى له سه‌رجه‌م كایه‌كاندا. دیدگا فێمێنیستییه‌كان له بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا هاوئاڕاسته و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى فۆكه‌سی بزووتنەوە جیهانییە‌كانى ژنان بوو.
ئه‌گه‌رچی سه‌رده‌مى دواى جه‌نگى سارد ده‌رفه‌تى سیاسی زۆرى بۆ جیهانبینییە فێمێنیست و ڕه‌خنه‌ییەكان ڕه‌خساند له بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا تا بتوانن ڕه‌نگڕێژى ئه‌جێنداى توێژینه‌وه بكه‌ن له‌بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا، به‌ڵام ڕووداوه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌رى 2001 تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م ژینگه خوازراوه‌یان گۆڕى بۆ ده‌روازه ڕادیكاڵییه‌كان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه. تیكنه‌ر باس له‌وه ده‌كات فێمێنیسته‌كانى بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانى ساڵانى 1990كان زیاتر هه‌وڵیانده‌دا شكیردنه‌وه بۆ ئابوورى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ن، به تایبه‌تی ڕه‌هه‌نده جێنده‌رییه‌كانى و كاریگه‌رییه ئابوورییه‌كانی جیهانگیرى. به‌ڵام وه‌ك هه‌موو تیۆره‌كانى تر‌ى بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، فێمێنیسته‌كانیش وه‌ڵامى چوارچێوه سیاسییه جیهانییە گۆڕاوه‌كان ده‌ده‌نه‌وه، له‌دواى ڕووداوه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌رى 2001 فۆكه‌سی فێمێنیسته‌كان گۆڕاوه بۆ زیاتر فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى. به‌جیاواز له تیۆره‌كانى تر‌ى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، شیكاری فێمێنیسته‌كان له‌م قۆناغه‌دا هه‌وڵدان بوو بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌گوڕیشه جێنده‌رییه‌كانى تیرۆیزم (6).
فێمێنیزم چییه؟
فێمێنیزم ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه كه باوه‌ڕى به‌وه هه‌یه كه پێویسته ژن مافی یه‌كسانى هه‌بێت له به‌رامبه‌ر پیاودا له‌سه‌رجه‌م بواره سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیرییه‌كاندا. ئه‌م قوتابخانه‌یه كۆمه‌ڵێك تیۆرى كۆمه‌ڵایه‌تى جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت، كه بزووتنەوە سیاسی و قوتابخانه فه‌لسه‌فییه مۆڕاڵییه‌كان له‌خۆده‌گرێت كه گرنگى به ئه‌زموون و شێوەی ژیانى ژنان ده‌ده‌ن. فێمێنیزم گرنگى به پرسه‌كانى وه‌ك جیاوازى جێنده‌ری ده‌دات و داكۆكى له‌وه ده‌كات كه پێویسته ژن خاوه‌نى ماف و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كسان بێت شانبه‌شانى پیاو. هه‌ندێك له توێژه‌رانى فێمێنیزم، مێژووى فێمێنیزم بۆ سێ شه‌پۆل دابه‌شده‌كه‌ن. شه‌پۆلی یه‌كه‌می فێمێنیزم ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و بزووتنەوەیه‌ى كه گرنگى به مافی ده‌نگدانى ژنان ده‌دا له سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ى بیسته‌م، عاده‌ته‌ن ئه‌م بزووتنەوەیه به بزووتنەوەى مافی ده‌نگدانى ژنان ناوده‌برێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م بزووتنەوەیه له بنه‌ڕه‌تدا فۆكه‌سی له‌سه‌ر بره‌ودان بوو به گرێبه‌ستى یه‌كسان و مافی خاوه‌ندارێتى بۆ ژنان له هه‌مان كاتدا دژی خاوه‌ندارێتى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى و خاوه‌ندارێتى ژنان بوو له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه.
شه‌پۆلی دووه‌مى فێمێنیزم ئاماژه‌یه بۆ چالاكی فێمێنیسته‌كان له‌سه‌ره‌تای ساڵانى 1960كان كه تا كۆتایی ساڵانى 1980كان به‌رده‌وام بوو. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له توێژه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن چالاكی ئه‌م بزووتنەوەیه درێژكراوه‌ى چالاكی شه‌پۆلی یه‌كه‌می فێمێنیزم بوو، كه داواى مافی ده‌نگدانى بۆ ژنان ده‌كرد له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئەمەریکا و شانشینى یه‌كگرتووى به‌ریتانیا، به‌ڵام شه‌پۆلی یه‌كه‌می فێمێنیزم زیاتر فۆكه‌سی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر مافه‌كانى ژنان بوو به‌تایبه‌ت مافی ده‌نگدان. شه‌پۆلی دووه‌مى فێمێنیزم زیاتر گرنگى به پرسه‌كانى وه‌ك یه‌كسانى و كۆتایی هێنان به هه‌ڵاوێری و جیاكاری ده‌دا(7). ئه‌و دروشمه‌ى كه “تایبه‌تی سیاسییه، یان تایبه‌تی گشتییه” به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندیداره به شه‌پۆلی دووه‌مى فێمێنیزمه‌وه. مه‌به‌ست چییه له دروشمى “تایبه‌تى/ سیاسییە-گشتییە” یان تایبه‌تى سیاسییە”؟ ئه‌م دروشمه له‌لایه‌ن فێمێنیسته‌كانه‌وه له‌دژى لایه‌نگرانى لیبڕاڵیزم به‌رزكرا‌یه‌وه، به تایبه‌تى له‌دژى چه‌مكى دادپه‌روه‌رى دابه‌شكارانه‌ی جۆن ڕاڵز. گوتاری تیۆره لیبڕاڵه‌كان، به‌تایبه‌ت تیۆری دادپه‌روه‌رى دابه‌شكارانه‌ى جۆن ڕاڵز له هزرى سیاسی‌دا فه‌زاى گشتى و فه‌زاى تایبه‌تى له یه‌كترى جیاكردبووه‌وه. به‌هۆى باوه‌ڕبوونى لیبڕاڵه‌كان به حكومه‌تى سنوردار، لیبڕاڵه‌كان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه ده‌بێت فه‌زای تایبه‌تى وه‌ك فه‌زایه‌كى كه‌سی سه‌یربكرێت و دووربخرێته‌وه له سیاسه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانى حكومه‌ت. به مانایه‌كى تر لایه‌نگرانى قوتابخانەى لیبڕاڵیزم له هزرى سیاسی‌دا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن حكومه‌ت ده‌بێت ته‌نها ژیانى گشتى، یان فه‌زاى گشتى ڕێكبخات و فه‌زاى تایبه‌تى لێگه‌ڕێت بۆ تاكه‌كان، چونكه تاكه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ژیانى تایبه‌تى خۆیان ڕێكبخه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ى كه خۆیان ده‌یانه‌وێت دوور له ده‌ستێوه‌ردانى حكومه‌ت. لێره‌وه له دیدگاى لیبڕاڵه‌كانه‌وه خێزان بوارێكه كه ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ى فه‌زاى تایبه‌تییه‌وه نه‌ك فه‌زاى گشتی، به‌م هۆیه‌وه حكومه‌ت ناتوانێت هیچ ده‌ستێوه‌ردانێك بكات له ڕێكخستنه تایبه‌تییه‌كانى خێزاندا، یاساكانى حكومه‌ت نابێت به‌سه‌ر ئه‌م فه‌زایه‌دا پیاده بێت. به‌ڵام جیاكردنه‌وه‌ى فه‌زاى تایبه‌تى له فه‌زاى گشتى جیاكارییه‌ك بوو كه به‌لای فێمێنیسته‌كانه‌وه گه‌وره‌ترین و مه‌ترسیدارترین كێشه‌ى هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى لایه‌نگرانى فێمێنیزم له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون ئه‌م جیاكارییه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى لیبڕاڵیزم ڕێگره له‌وه‌ى بتوانرێت چاره‌سه‌رى ئه‌و نادادپه‌روه‌رى و سته‌مه گه‌وره‌یه بكرێت، كه له ناوخۆى خێزاندا دژ به ژن ئه‌نجامده‌درێت. لێره‌وه لایه‌نگرانى فێمێنیزم پێیانوابوو ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ى كه ژیانى تایبه‌تى و ژیانى گشتى له‌یه‌كترى جیاده‌كاته‌وه، بیروباوه‌ڕێكه كه ده‌یه‌وێت ئه‌و سته‌م و نادادییه گه‌وره‌یه بشارێته‌وه، كه له نێوان ژن و پیاودا هه‌یه له‌نێو خێزاندا و پیاوان لێى به‌رپرسن(8).
له كتێبه‌كه‌یدا به ناویشانى “دادپه‌روه‌رى، جێنده‌ر و خێزان”، سۆزان ئۆكین باس له چوار بارودۆخى سه‌ره‌كی ده‌كات كه ژیانى تایبه‌تى ده‌شێت وه‌ك ژیانێكى سیاسی/گشتى سه‌یربكرێت(9) :
١- هێز، كه خاسیه‌تى جیاكراوه‌ى سیاسه‌ته، له‌نێو خێزاندا بوونى هه‌یه.
٢- فه‌زاى نێوماڵ/تایبه‌تى خۆى له‌خۆیدا ده‌رئه‌نجامى بڕیاره سیاسییە‌كانه.
٣- ژیانى نێوماڵ/خێزان شوێنى زۆربه‌ى به‌ریەکكه‌وتنه‌كانى پێشوومانه.
٤- دابه‌شكردنى ده‌ستى كار له‌نێو زۆرینه‌ى خێزانه‌كاندا به‌ربه‌ستى ده‌روونى و پراكتیكى له‌دژى ژن دروست ده‌كات له سه‌رجه‌م كایه‌كاندا.
لێره‌وه لایه‌نگرانى شه‌پۆلی دووه‌مى فێمێنیزم له‌دژى هه‌ر جۆره جیاكارییه‌كی له‌م شێوه‌یه بوون، هه‌وڵیانده‌دا بوارى گشتى ژنیش له‌خۆبگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كاریان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى كه ئه‌و بیروباوه‌ڕه دروستبكه‌ن كه بوارى تایبه‌تی خێزانیش شایه‌نى گرنگی پێدانی گشتییە(10). هه‌روه‌ها، لایه‌نگرانى ئه‌م شه‌پۆله پێانوابوو نایه‌كسانى سیاسی و کولتووری به‌رامبه‌ر ژنان، په‌یوه‌ندیدارن به یه‌كه‌وه. فێمێنیسته‌كانى شه‌پۆلی دووه‌م هانى ژنیان ده‌دا كه له‌سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌كانى ژیانى تایبه‌تى خۆیان تێبگه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى به قووڵی به سیاسی كرابێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى باڵایه‌تى ڕه‌گه‌زى نێرینه بێت به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى مێیینه‌دا.
شه‌پۆلی سێهه‌مى فێمێنیزم له‌سه‌ره‌تای ساڵانى 1990كاندا سه‌ریهه‌ڵدا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی دووه‌مى فێمێنیزم. شه‌پۆلی سێهه‌مى فێمێنیزم دژایه‌تى ئه‌و گریمانه‌ى ده‌كرد كه ناسنامه‌یه‌كى گه‌ردوونى هه‌بێت بۆ ژن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م شه‌پۆله بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد ژن له‌ڕووى باگراوندى كو‌لتوورى و ئایینى و ڕه‌گه‌زیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه جیاوازن، هه‌روه‌ها ئه‌زموون و ژیانى ژنان له یه‌كترى جیاوازن، به‌م هۆیه‌وه پێویسته سه‌رجه‌م فاكته‌ره‌كانى وه‌ك نه‌ته‌وه و ئایین و کو‌لتوور و ڕه‌گه‌ز له‌به‌رچاو بگیرێن له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌و باسكردن له فێمێنیزم.
بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كانى تیۆرى فێمێنیزم
یه‌كه‌م/ جیاكارى تایبه‌ت – گشتى
تیۆره كۆنه‌كان سیاسه‌ت و چالاکییە سیاسییە‌كانیان له چوارچێوه‌ى ژیانى گشتیدا داده‌نا، گریمانه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌كرد سیاسه‌ت ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ى بوارى تایبه‌تى بێت. ده‌رئه‌نجام سیاسه‌ت و چالاکییە سیاسییە‌كان له چوارچێوه‌ى گشتى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت و پارته سیاسییە‌كان و گرووپه‌كانى فشار و گفتوگۆى گشتیدا به‌ڕێوه‌ده‌چوون. ژیانى خێزان و په‌یوه‌ندییه كه‌سییه‌كان به‌شێك بوون له ژیانى تایبه‌تى و به‌م هۆیه‌شه‌وه سیاسی نه‌بوون. به پێچه‌وانه‌ى تیۆره باوه‌كانى سیاسه‌ته‌وه، تیۆرى فێمێنیزمى مۆدێرن گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كات سیاسه‌ت چالاکییەكه كه له‌ناو هه‌موو گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بوونى هه‌یه و ئه‌نجامده‌درێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى ته‌نها له چوارچێوه‌ى كاروباره گشتییە‌كانى حكومه‌تدا سنوردار بكرێت. له‌هه‌ر شوێنێك ململانێى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بێت، سیاسه‌ت بوونى هه‌یه. په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و گه‌له‌كه‌ى سیاسییە، به‌ڵام به هه‌مان شێوه په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان فه‌رمانبه‌ران و خاوه‌ن كۆمپانیا له كۆمپانیایه‌كدا سیاسییە، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێو خێزان و په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان منداڵ و دایك و باوك سیاسین. لێره‌وه فێمێنیزمه‌كان خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ تێكشكاندنى ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى كه كراوه له‌نێوان فه‌زاى گشتى و فه‌زاى تایبه‌تیدا. به‌ڵام هاوڕانین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه تێكشاندنى ئه‌و جیاكارییه و له‌ناوبردنى واتاى چی ده‌گه‌یه‌نێت، چۆن ده‌كرێت ئه‌وه به‌دیبهێنرێت، هه‌روه‌ها تاچه‌ند كارێكى له‌و شێوه‌یه خوازراوه. فێمێنیزمه ڕادیكاڵه‌كان دوژمنى سه‌رسه‌ختى ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ن كه ده‌ڵێت سیاسه‌ت تا به‌رده‌رگاى ماڵه‌كان ده‌چێت و له‌وێدا ده‌وه‌ستێت، ڕادیكاڵه‌كان ده‌ڵێن “كه‌سی سیاسییە” یان “تایبه‌تى گشتییە”. چه‌وسانه‌وه‌ى ژن له هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى ژیاندا بوونى هه‌یه و له زۆربه‌ى كاتدا له چوارچێوه‌ى خێزاندا ڕووده‌ده‌ن. فێمێنیزمه ڕادیكاڵه‌كان به‌م هۆیه‌وه گرنگى ده‌ده‌ن به‌و شته‌ى كه به “سیاسه‌تى ڕۆژانه” ناوده‌برێت. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش پرۆسە‌ى سنورداركردن له چوارچێوه‌ى خێزان و دابه‌شكردنى كارى ماڵه‌وه و به‌رپرسیارێتییه نێوخۆییه‌كانى تر‌ى ناوماڵ له‌خۆده‌گرێت. بۆ هه‌ندێك له فێمێنیزمه‌كانى تر، تێكشكاندنى جیكارى له‌نێوان فه‌زاى گشتى و فه‌زاى تایبه‌تى واته گواستنه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتییه‌كانى ژیانى تایبه‌ت بۆ نێو ژیانى گشتى، له‌وانه‌ش بۆ ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه گشتییە‌كان. بۆ نمونە به‌رپرسیارێتى و قورسایی به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ له‌سه‌ر ژن ده‌كرێت بگوازرێته‌وه بۆ دامه‌زراوه گشتییە‌كان، له‌وانه قوتابخانه‌كان. بەهەمان شێوە فێمێنیسته لیبڕاڵه‌كان له دژى جیاكارى نێوان فه‌زاى گشتى و فه‌زاى تایبه‌تین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئه‌و جیاكارییه ڕێگره له‌به‌رده‌م ده‌ستڕاگه‌یشتنى ژن به ده‌رفه‌ته‌كان، كه له فه‌زاى گشتیدا بوونى هه‌یه وه‌ك په‌روه‌رده و كاركردن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هۆشداری ده‌ده‌ن له ئه‌گه‌رى به سیاسی كردنى فه‌زاى تایبه‌تى، ده‌ستێوه‌ردانى حكومه‌ت له ژیانى تایبەتیدا، كه له دیدى لیبڕاڵه‌كانه‌وه فه‌زاى تایبه‌تى فه‌زایه‌كه بۆ ئازادی تاكه‌كان و هه‌ڵبژاردنى ئازادانه دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانى حكومه‌ت.
دووه‌م/ پیاو (باوك) سالارى
لایه‌نگرانى فێمێنیزم بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن جێنده‌ر دابه‌شكارییه‌كه كه گرنگى كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، وه‌ك هه‌موو دابه‌شكارییه‌كانى تر‌ى وه‌ك ئایین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد. له ڕاستیدا لایه‌نگرانى فێمێنیزمى ڕادیكاڵی بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن جێنده‌ر قووڵترین و گرنگترین دابه‌شكاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له‌ڕووى سیاسییە‌وه گرنگییه‌كى تایبه‌تى هه‌یه. لێره‌وه فێمێنیزمه‌كان تیۆرى “سیاسه‌تى سێكسیان” داهێنا، به‌هه‌مان شێوه‌ى سیاسه‌تى چینایه‌تى كه له‌لایه‌ن ماركسه‌وه تیۆریزه كرابوو. ئه‌گه‌ر نه‌ژادپه‌رستى ئاماژه بێت بۆ چه‌وسانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ژادی جیاواز، سێكسیزم ئاماژه‌یه بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ى ژن له‌سه‌ر بنه‌مای مێیینه بوون “ڕه‌گه‌زی جیاواز”.
لایه‌نگرانى فێمێنیزم چه‌مكی پیاوسالاریان بۆ وه‌سفكردنى په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات به‌كارهێنا له نێوان ژن و پیاودا. زاراوه‌ى پیاوسالارى له‌ڕووى زمانه‌وانییە‌وه واته “به‌ڕێوبردن له‌لایه‌ن باوكه‌وه”، به‌شێوه‌یه‌كى به‌رته‌سك واته زاڵی و باڵایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى پیاو به‌سه‌ر ژن و منداڵ له چوارچێوه‌ى خێزاندا. هه‌ندێك له لایه‌نگرانى فێمێنیزم ئه‌م ده‌سته‌واژەیه به‌كارده‌هێنن بۆ ڕوونكردنه‌وه و تێگه‌یشتن له ده‌سه‌ڵاتى پیاو له چوارچێوه‌ى خێزاندا، به‌ڵام به‌شێكى تر له لایه‌نگرانى فێمێنیزم له‌و باوه‌ڕه‌دان پیاوسالارى ته‌نها له نێو خێزاندا چه‌قنابه‌ستێت، پیاوسالارى له‌نێو خێزاندا ڕه‌مزه بۆ زاڵی و ده‌سه‌ڵاتى پیاو له‌ناو هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا. لێره‌وه پیاوسالارى واته به‌ڕێوبردن له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه، له‌ناو خێزان و ده‌ره‌وه‌ى خێزاندا. كاتى میڵه‌ت وه‌سفی حكومه‌تى باوكسالارى ده‌كات وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك “نیوه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كه له ژن پێكدێت له‌لایه‌ن نیوه‌كه‌ى تره‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرێت، كه پیاوه”. میڵه‌ت ده‌ڵێت پیاوسالارى دوو بنه‌ماى سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت: نێر ده‌بێت زاڵ بێت به‌سه‌ر مێدا، نێرى به‌ته‌مه‌ن ده‌بێت زاڵ بێت به‌سه‌ر نێرى گه‌نجدا”. لێره‌وه پیاوسالارى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مییه، كه تایبه‌تمه‌نده به چاوسانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى سێكس و ته‌مه‌ن- نه‌وه.
به‌ڵام چه‌مكی پیاوسالارى چه‌مێكیكى فراوانه. فێمێنیسته‌كان باوه‌ڕیان به‌وه هه‌یه كه پیاو له هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا كۆنتڕۆڵی ژنی كردووه، به‌ڵام دانبه‌وه‌دا ده‌نێن شێواز و ئاستى چه‌وساندنه‌وه له کولتوورێكه‌وه بۆ کولتوورێكى تر، هه‌روه‌ها له كاتێكه‌وه بۆ كاتێكى تر به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ده‌گۆڕێت. له جیهانى ڕۆژئاوادا پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ژن به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌سه‌ده‌ى بیسته‌مدا به‌ره‌وپێشچوونى به‌رچاوى به‌خۆوه بینى، به‌م هۆیه‌شه‌وه ژنان توانیان مافی ده‌نگدان و مافی خوێندن و مافی له‌باربردنى منداڵ به‌ده‌ستبهێنن. به‌ڵام له‌به‌شه‌كانى تر‌ى جیهانى تازه گه‌شه‌سه‌ندوو سیستمى پیاو سالارى هێشتا له فۆڕمێكى دڕندانه و ترسناكدایه.
به‌م هۆیه‌وه فێمێنیزمه‌كان خاوه‌نى ته‌نها یه‌ك شیكارى یه‌كگرتوو نین بۆ پیاوسالارى لیبڕاڵه‌كان، تاڕاده‌یه‌ك چه‌مكه‌كه به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام به مه‌به‌ستى ئاماژه‌دان به نایه‌كسانى دابه‌شكارى له ماف و ده‌سكه‌وته‌كان به‌كاری ده‌هێنن له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگه.
به‌م شێوه‌یه له پیاوسالاریدا لیبڕاڵه‌كان گرنگى به ڕه‌هه‌ندی كه‌می ژن ده‌ده‌ن له پۆسته باڵاكان له سیاسه‌ت، له بازرگانى و كار و ژیانی گشتیدا. به‌ڵام سیۆسیالیسته‌كان گرنگى به ڕه‌هه‌ندی ئابوورى پیاوسالارى ده‌ده‌ن. له تێڕوانینى سۆسیالیسته‌كاندا، پیاوسالارى شانبه‌شانى سه‌رمایه‌دارى ئیشى كردووه. به‌شێك له فێمێنیسته سیۆسیالیسته‌كان چه‌مكی پیاوسالارى ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه نایه‌كسانییە جێنده‌رییه‌كان به‌رهه‌می سیستمی چینایه‌تییه، به بۆچوونى ئه‌وان سه‌رمایه‌دارى كێشه گه‌وره‌كه‌یه، نه‌ك پیاوسالارى. به‌ڵام فێمێنیسته ڕادیكاڵه‌كان فۆكه‌سێكى زۆر ده‌خه‌نه سه‌ر پیاوسالارى. پیاوسالارى وه‌ك شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام و دامه‌زراوه‌یی و ڕێكخراوەیی زاڵی نێرینه ده‌بینن كه ڕه‌گوڕیشه‌ى له‌ناو خێزاندایه.
سێهه‌م/ سێكس و جێنده‌ر
باوترین تێز له‌دژى فێمێنیزمه‌كان، كه له‌لایه‌ن پارێزگارخوازه‌كانه‌وه بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، ئه‌و بیرۆكه‌یه كه پێیوایه دابه‌شبوونه جێنده‌رییه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگه شتێكى سروشتیه: ژن و پیاو ته‌نها ئه‌و ڕۆڵانه ده‌گێڕن كه سروشت بۆى دیاریكردوون. پێكهاته‌ى جه‌سته‌یی ژن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێگه په‌ڕاوێزخراوه‌دا ده‌گونجێت كه ژن ده‌بێت كارى ماڵه‌وه بكات. به كورتى بایۆلۆجیا چاره‌نووسه. له پراكتیکدا هه‌موو ئه‌م بانگه‌شه بایۆلۆجیانه بێ مانان. هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانه‌ى كه له‌لایه‌ن نێرینه‌ى شۆڤێنییە‌وه له‌دژی ژنان ده‌كرێن، له‌وانه‌ش عه‌قڵى ئافره‌ت بچووكه، ئافره‌ت لاوازتره، هه‌مووى به‌رهه‌مى فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه.
فاكته‌رى بایۆلۆجی كه به‌زۆرى ده‌به‌سترێته‌وه به پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ژنه‌وه، تواناى ژنانه له به‌خێوكردنى منداڵدا. گومانى تێدا نییە، ژن له به‌خێوكردنى منداڵدا جیاوازه، ژن تواناى شیردانى هه‌یه به منداڵ. به‌ڵام هیچ كام له‌و ڕاستییه بایۆلۆجیانه چاره‌نووسی كۆمه‌ڵایه‌تى ژن و په‌ڕاوێزخستنى له كۆمه‌ڵگه‌دا ناسه‌پێنن. ژن ده‌كرێت دایك بێت، به‌ڵام ده‌توانێت به‌رپرسیارێتى دایكانه‌ى خۆى ڕه‌تبكاته‌وه، له‌وانه‌ش به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردن. په‌یوه‌ندی نێوان منداڵبوون و به‌خێوكردنى منداڵ زیاتر کولتوورییه، نه‌ك بایۆلۆجی. ژن پێشبینى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت كه له‌ماڵ بمێنێته‌وه، منداڵه‌كانى به‌خێو بكات و چاودێرى كاروباره‌كانى نێو ماڵ بكات به هۆى بوونیادی ژیانى خێزانى ته‌قلیدییه‌وه. به‌رپرسارێتییه‌كانى ماڵه‌وه ده‌كرێت له‌لایه‌ن پیاویشه‌وه له ئه‌ستۆ بگیرێت، یان ده‌كرێت له‌نێوان ژن و مێرددا به یه‌كسانى دابه‌شبكرێت. له‌مه‌ش زیاتر، په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ ده‌كرێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ته‌وه له ئه‌ستۆ بگیرێت. فێمێنیزمه‌كان له ڕێگاى جیاكارى له‌نێوان سێكس و جێنده‌ر ڕووبه‌ڕووى ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌بنه‌وه كه پێیوایه بایۆلۆجیا چاره‌نووسه. سێكس به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی ئاماژه‌یه بۆ جیاوازییه بایۆلۆجییه‌كان له‌نێوان نێر و مێدا، ئه‌م جیاوازیانه سروشتین و به‌م هۆیه‌وه ناگۆڕێن. گرنگترین جیاوازى بایۆلۆجی له‌نێوان نێر و مێدا ئه‌وه‌یه كه مێیینه ده‌توانێت منداڵى ببێت. به‌ڵام جێنده‌ر زاراوه‌یه‌كى کولتوورییه، مه‌به‌ست لێى ئه‌و ڕۆڵه جیاوازانه‌یه كه كۆمه‌ڵگه به ژن و پیاوى ده‌به‌خشێت. جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان ده‌سه‌پێنرێن. له‌م باره‌یه‌وه سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێت “ژن دروستده‌كرێت، له‌دایك نابێت”. بیرۆكه و تێگه‌یشتنه‌كانى پیاوسالارى ئیش له‌سه‌ر كاڵ كردنه‌وه و نه‌هێشتنى جیاكارى نێوان سێكس و جێنده‌ر ده‌كات، گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كات جیاكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌نێوان پیاو و ژن ڕه‌گوڕیشه‌ى لە بایۆلۆجیادایه. به پێچه‌وانه‌وه فێمێنیزمه‌كان ئه‌وه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كى لۆجیكى هه‌بێت له‌نێوان سێكس و جێنده‌ر، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان به‌رهه‌می تێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵایه‌تین، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه له‌ڕووى سیاسییە‌وه دروستكرابن.
زۆرینه‌ى فێمێنیزمه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان جیاوازییه سێكسییه‌كان له‌نێوان ژن و پیاودا تاڕاده‌یه‌ك كه‌من، نه‌ده‌توانن پاساوبن بۆ جیاكارییه جێنده‌رییه‌كان و نه‌ده‌توانن جیاكارییه جێنده‌رییه‌كان ڕوونبكه‌نه‌وه. به‌م هۆیه‌وه گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن سروشتى مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندیی مێیینە و نێرینه‌ى تێدایه. هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى سێكس، خاوه‌نى بۆماوه‌یی جێنه‌تیكى باوك و دایكن، ده‌رئه‌نجامیش هه‌موو مرۆڤه‌كان خاوه‌نى تایبه‌تمه‌ندى و خاسیه‌تى نێرینه و مێیینە‌یین، هه‌مان خاسیه‌تی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان تێدایه. ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه په‌سه‌ند ده‌كات كه جیاوازییه سێكسییه‌كان ڕاستى بایۆلۆجین، به‌ڵام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م جیاوازیانه گرنگى ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیان نییە. ژن و پیاو نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زیان بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌ك مرۆڤ. لێره‌وه ئامانجی فێمێنیزم بریتییە له به‌دیهێنانى كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كى بێ جێنده‌ری.
ئه‌گه‌رچى زۆرینه‌ى فێمێنیزمه‌كان جیاكارى جێنده‌رى وه‌ك ده‌ستكه‌وت و به‌هێزكردنى ژن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێك له فێمێنیزمه‌كان له‌دژى ئه‌م جیاكارییه‌ن. ئه‌م ڕه‌خنانه له دوو ئاڕاسته‌ى گشتییە‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئاڕاسته‌ى یه‌كه‌م له‌لایه‌ن فێمێنیزمه جیاوازییه‌كانه‌وه دروستكراوه، پێشنیارى ئه‌وه ده‌كه‌ن جیاوازی سه‌ره‌كی هه‌یه له‌نێوان ژن و پیاودا. له ڕوانگه‌ى ئه‌م دیدگایه‌وه، خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تى و کولتوورییه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى جیاوازى قووڵى بایۆلۆجین. به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه جیاوازه له دیدى پارێزگارخوازه دژه فێمێنیزمه‌كان، له‌وه‌دا كه ئه‌م تێڕوانینه خاسیه‌ته ژنانه‌ییه‌كان وه‌ك خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌رێنى ده‌بینێت، له‌وانه‌ش تواناى منداڵبوون و په‌روه‌رده‌كردن هاریكارى و به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و خاسیه‌تانه‌ى كه هۆكارن بۆ چه‌وسانه‌وه و ملپێكه‌چكردن. ڕه‌خنه‌ى دووه‌م له‌لایه‌ن پۆست-مۆدێرن فێمێنیزمه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه پێیانوایه خاسه‌ته‌كانى بایۆلۆجی ژنێتى به‌سه‌ر به‌شێك له ژناندا پیاده نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ژنان ناتوانن منداڵیان ببێت.
چواره‌م :یه‌كسانى و جیاوازى
ئه‌گه‌رچى ئامانجی فێمێنیزمه‌كان ڕووخاندن و له‌ناوبردنى پیاوسالارییه و كۆتاییهێنانه به سته‌مكاری ڕه‌گه‌زیی، به‌ڵام فێمێنیزمه‌كان هه‌ندێكجار دڵنیا نین سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه ئه‌مه له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع ماناى چی ده‌گه‌یه‌نێت و چۆن ده‌توانرێت به‌دی بهێنرێت. له كۆندا ژن داواى یه‌كسان بوونى ده‌كرد له‌گه‌ڵ پیاودا، ته‌نانه‌ت به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌و جۆره له فێمێنیزم به زۆرى وه‌ك جوڵانه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌دیهێنانى یه‌كسانى ڕه‌گه‌زیی جیاده‌كرایه‌وه. به‌ڵام پرسی یه‌كسانى جیاوازی و ناكۆكى قووڵى له‌نێو فێمێنیزمه‌كاندا دروستكرد. فێمێنیزمه‌كان بیرۆكه و تێگه‌یشتنى جیاوازییان هه‌یه بۆ یه‌كسانى، هه‌ندێك له فێمێنیزمه‌كان به ته‌واوى یه‌كسانى ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه له‌پێناو بیرۆكه‌ى جیاواز بوون. فێمێنیزمه لیبڕاڵه‌كان له‌پێناو یه‌كسانى سیاسی و یاسایی تێده‌كۆشن. ئه‌وان پشتیوانى له ئه‌جێنداى مافی یه‌كسان ده‌كه‌ن، كه ده‌رفه‌تى ئه‌وه به ژن ده‌دات له ژیانى گشتیدا له‌گه‌ڵ پیاودا كێبڕكێ بكات، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى ڕه‌گه‌ز. به‌م شێوه‌یه یه‌كسانى واته ده‌ستڕاگه‌یشتنى یه‌كسان بۆ ژیانى گشتى، ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو وه‌ك یه‌ك له ژیانى گشتیدا. به پێچه‌وانه‌وه فێمێنیزمه سۆسیالیسته‌كان پێیانوایه یه‌كسانى مافه‌كان شتێكى بێ مانایه تا ژنان یه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ده‌ست نه‌هێنن. له‌م تێڕوانینه‌دا یه‌كسانى واته ده‌سه‌ڵاتی ئابوورى یه‌كسان، هەروەها پێویسته چاره‌سه‌رى پرسه‌كانى وه‌ك خاوه‌ندارێتى سامان و جیاوازى له كرێدا بكات. فێمێنیزمه ڕادیكاڵه‌كان گرنگى به یه‌كسانى له چوارچێوه‌ى خێزان و ژیانى تایبه‌تى ده‌ده‌ن. به‌م هۆیه‌وه یه‌كسانى پێویسته له‌ڕووى چاودێرى منداڵ و به‌رپرسارێتییه‌كانى نێوماڵ و خاوه‌ندارێتی جه‌سته‌یی و ئازادبوونى ڕه‌گه‌زیی له‌خۆبگرێت.
سه‌ره‌ڕاى بوونى جیاوازی له‌نێو ئه‌م دیدگایانه‌دا، به‌ڵام هه‌موویان یه‌كگرتوو هاوڕان له‌وه‌دا كه پێیانوایه جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان شتێكى نه‌رێنییە. هه‌موو ئه‌م دیدگایانه جیاوازییه‌كان ده‌به‌ستنه‌وه به پیاوسالارییه‌وه. لێره‌وه ئامانجی ئه‌م تێڕوانینانه ئه‌وه‌یه ژن ئازاد بكه‌ن له جیاوازییه‌كان. به‌ڵام به‌شێكى تر له فێمێنیزمه‌كان له‌پێناو جیاوازیدا تێده‌كۆشن نه‌ك له‌پێناو یه‌كسانیدا. ئه‌م ده‌روازەیه پێیوایه یه‌كسان بوون له‌گه‌ڵ پیاودا، واته له‌ده‌ستدانى خاسیه‌ته جینییەکان و خۆ وه‌ك پیاولێكردن. لێره‌وه ئامانجی یه‌كسانخوازه‌كان ئه‌وه‌یه كه ژن وه‌ك پیاو لێبكه‌ن. ئه‌گه‌رچى فێمێنیزمه‌كان له‌دژى پیاوسالارین، به‌ڵام به‌شێك له فێمێنیزمه‌كان هۆشداریی ده‌ده‌ن له مه‌ترسی خۆ وه‌ك پیاولێكردن، كه ئه‌مه‌ش واده‌خوازێت ژنان پیاده‌ى هه‌مان ڕفتاره‌كانى پیاو بكه‌ن، كه بریتین له ڕفتارى شه‌ڕه‌نگێزانه و كێبڕكێكارانه، كه كۆمه‌ڵگه‌ى نێرینه‌ی پێده‌ناسرێته‌وه. بۆ زۆرێك له فێمێنیزمه‌كان، ئازاد بوون واته خواستى به‌دیهێنانى ئازادبوون وه‌ك ژن، خۆ نیشاندان وه‌ك ژن، نه‌ك پیاو.
لێره‌وه ئه‌م تێڕوانینه به تێڕوانینێكى لایه‌نگیرانه‌ى پێگه‌ى ژن ده‌ناسرێت، كه باوه‌ڕى وایه جیاوازییه سێكسییه‌كان گرنگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بونیاتنراوه كه پێوایه ژن و پیاو به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی جیاوازن له یه‌كترى له‌سه‌ر ئاستی سایكۆلۆجی و بایۆلۆجی. تایبه‌تمه‌ندی شه‌ڕه‌نگێز و سروشتى كێبڕكێكارى پیاوان له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی داهێنه‌رانه و سۆزداریانه‌ى ژناندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى جیاوازییه بۆماوه‌یی و هۆرمۆنییە‌كانه، نه‌ك به ته‌نها ڕه‌نگدانه‌وه‌ى بوونیادى كۆمه‌ڵگه بێت. ژن ده‌بێت دان به تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه سێكسییه‌كانى خۆیدا بنێت و پێشوازی لێبكات و پێی خۆشحاڵ بێت، نابێت ژن هه‌وڵى ئازادبوون بدات وه‌ك كه‌سێكى بێ ڕه‌گه‌ز، به‌ڵكو وه‌ك ژنێكى ئازاد(11).
ئاراسته جیاوازه‌كانى فێمێنیزم
له‌بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا چه‌ندین دیدگاى جیاوازى فێمێنیزم بوونى هه‌یه. زۆرێك له‌و دیدگایانه گریمانه تیۆرییه‌كانیان له‌سه‌ر تیۆره جیاوازه‌كانی تری بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان بوونیادناوه، له‌وانه‌ش له‌سه‌ر تیۆرى لیبڕاڵیزم و تیۆرى كۆنستره‌كتیڤیزم و تیۆرى ڕه‌خنه‌یی و تیۆرى پۆست كۆڵۆنیاڵیزم و تیۆرى پۆست ستره‌كچه‌ڵیزم. هه‌موو ئاڕاستەکانی تیۆری فێمێنیزم هه‌وڵده‌ده‌ن له‌وه تێبگه‌ن كه بۆچى ژن پەراوێزخراوه، به‌ڵام ناكۆكن له‌باره‌ى پاساو و هۆكاره‌كانى په‌ڕاوێزخستنى ژنه‌وه. ئاڕاستەکانی جیاوازه‌كانی فێمێنیزم خواستێكى هاوبه‌شیان بۆ یه‌كسانى جێنده‌رى، یان ئازادكردنى ژن هه‌یه. به‌ڵام ئازادبوونى ژن ماناى جیاوازى هه‌یه بۆ فێمێنیسته‌كان، هه‌ریه‌كه‌یان ستراتیجى جیاواز ده‌خاته‌ڕوو بۆ ئازادكردنى ژن. لێره‌دا باس له چه‌ند جۆرێكى جیاواز له ئاڕاستەکانی تیۆری فێمێنیزم ده‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: فێمێنیزمى لیبڕاڵی
لایه‌نگرانى ئه‌م ئاراسته‌یه داوا ده‌كه‌ن سه‌رنج بدرێته ئه‌و پێگه په‌ڕاوێزه‌ى كه ژنى تێدا ده‌ژى له سیاسه‌تى جیهانیدا. لایه‌نگرانى ئه‌م ئاراسته‌یه باس له چه‌ندین ڕه‌هه‌ندى جیاوازى پەراوێزخستنى ژن ده‌كه‌ن. بۆ نمونه، فیمێنیسته لیبڕاڵه‌كان له كێشه تایبه‌ته‌كانى وه‌ك ژنى پەنابه‌ر-كۆچبه‌ر، نایه‌كسانى له داهات له نێوان ژن و پیاو ده‌كۆڵنه‌وه. له‌ڕووى تیۆرییه‌وه لایه‌نگرانى ئه‌م ئاراسته‌یه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى بایۆلۆجی نین، به‌م هۆیه‌شه‌وه ژن و پیاو یه‌كسانن. فێمێنیزمى لیبڕاڵیزم چاودێرى بوونى ژن ده‌كات له دامه‌زراوه و پۆسته‌كانى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا و چاودێرى ئه‌وه ده‌كات كه چۆن بوونى ژن كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆسە‌ى دروستكردنى بڕیار و چۆن پرۆسە‌ى دروستكردنى بڕیار كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر بوونى ژن له دامه‌زراوه‌كاندا. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه تیۆرییه پرسیارى ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئایا جیهان جیاوازتر نابێت ئه‌گه‌ر بێت‌و بوونى ژن زیاتر بێت له پێگه‌ى بڕیار‌و ده‌سه‌ڵاتدا؟ ئایا ئه‌و جیهانه چۆن جیهانێك ده‌بێت كه ژن له نێو دروستكه‌رانى بڕیاردا بێت؟ لایه‌نگرانى ئه‌م دیدگا فێمێنیستییه له‌و باوه‌ڕه‌دان ده‌كرێت یه‌كسانی ژنان له ڕێگه‌ى لابردنى به‌ربه‌سته یاسایی و باقی به‌ربه‌سته‌كانى تره‌وه به‌دی بهێنرێت كه ڕێگه له ژن ده‌گرن هه‌مان ماف و ده‌رفه‌تى پیاوانى هه‌بێت. لایه‌نگرانى فێمێنیسته لیبڕاڵه‌كان به‌هه‌مان شێوه جێنده‌ر وه‌ك گۆڕاوێكی ڕاڤه‌كارى به‌ركارده‌هێنن له شیكارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا. له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى میتۆدى زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، مارى كاپڕیۆڵى میتۆدى كوانتى و پێوه‌ره ئامارییه‌كانى به‌كارهێناوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له تێزى ئاشتى دیموكراسیانه، لێكۆڵینه‌وه له‌وه‌ى كه ئایا په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌نێوان یه‌كسانى جێنده‌رى له‌ناوخۆدا له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. به‌پێى پێوه‌ره‌كانى نایه‌كسانى جێنده‌رى، ئه‌نجامگیرییه‌كانی ئه‌وه پێشانده‌ده‌ن كه توندى و چڕى ئاستى به‌كارهێنانى توندوتیژى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه له قه‌یرانه نێودەوڵەتییەكاندا كه‌م ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر یه‌كسانى جێنده‌رى ناوخۆیی زیاتر بێت. كاپڕیۆڵى و بۆیه‌ر جێنده‌ر وه‌ك گۆڕاوێك به‌كارده‌هێنن بۆ ڕاڤه‌كردنى سیاسه‌ته دیاریكراوه‌كان و ئه‌نجامگیرى ئه‌و سیاسه‌تانه(12.(
دووه‌م/ فێمێنیزمى سۆسیالیستى
زاراوه‌ى فێمێنیزمى سۆسیالیستى تاڕادایه‌كی زۆر ئاماژه‌یه بۆ كاری ئه‌كادیمى و پراكتیكى فێمێنیسته‌كان له ناوه‌ڕاستى ساڵانى 1970كاندا. به‌پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌ی فێمێنیستى لیبڕاڵیزمه‌وه كه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد چوارچێوه‌ى مافه لیبڕاڵیه‌كان ده‌توانێت كۆتایی به ژێرده‌ستى و په‌ڕاوێزخراوی ژن بهێنێت، لایه‌نگرانى ئه‌م قوتابخانه‌یه به پێچه‌وانه‌وه پێیانوایه چەوساندنه‌وه‌ى چینایه‌تى و چه‌وساندنه‌وه‌ى جێنده‌رى وابه‌سته‌ى یه‌كترین، به‌م هۆیه‌وه تاوه‌كو چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تى كۆتایی پێنه‌هێنرێت، ناتوانرێت چه‌وساندنه‌وه‌ى جێنده‌رى كۆتایی پێبهێنرێت (13). ده‌رئه‌نجام لایه‌نگرانى فێمێنیزمى سۆسیالیستى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن ژن و كرێكار هه‌ردووكیان كوشته‌ى ده‌ستی یه‌ك سته‌مكارن (سیستمی سه‌رمایه‌دارى).
لێره‌وه بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كی فێمێنیسته سۆسیالیسته‌كان ئه‌وه‌یه كه پێیانوایه ده‌بێت له چوارچێوه‌ى فاكته‌ره ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له پیاوسالارى تێبگه‌ین. ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی له‌لایه‌ن فرێدریك ئه‌نگڵسه‌وه په‌ره‌ى پێدرا. ئه‌نگڵس باس له‌وه ده‌كات پێگه‌ى ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا گۆڕانگارى به‌رچاوى به‌خۆوه بینى له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونى سیستمى سه‌رمایه‌داری و دروستبوونى خاوه‌ندارێتى تایبه‌تدا. له‌كۆمه‌ڵگه‌كانى پێش سه‌رمایه‌داریدا ژیانى خێزان ژیانێكى كۆمۆنیستیانه بووه، مافی دایكایه‌تى هه‌بووه، كه پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌رمایه به میرات له ژنه‌وه بۆ ژن ده‌گوازرایه‌وه. به‌ڵام سه‌رمایه‌دارى له‌سه‌ر بنه‌ماى خاوه‌ندارێتى تایبه‌ت له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه مافی دایكایه‌تى له‌باربرد. وه‌ك زۆرێك له فێمێنیسته سۆسیالیسته‌كان، ئه‌نگڵس له‌و باوه‌ڕه‌دایه چه‌وسانه‌وه‌ى ژن له چوارچێوه‌ى خێزاندا ڕووده‌دات. ئه‌نگڵس ده‌ڵێت، خێزانى بۆرژوازی فۆڕمێكى پیاوسالارى سته‌مكاره له‌به‌رئه‌وه‌ى پیاو ده‌یه‌وێت سه‌رمایه و داهاته‌كه‌ى ته‌نها بۆ كوڕه‌كانى بگوازرێته‌وه. به‌شێك له فێمێنیزمه سۆسیالیسته مۆدێرنه‌كان ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه پیاوسالارى به ته‌نها ببه‌ستنه‌وه به هۆكاریی ئابوورییه‌وه، به‌ڵكو پێیانوایه پێویسته هۆكارى کولتوورى و بایۆلۆجی له‌بارچاوبگیرێت. بۆ نمونە جوڵیت میچڵ ده‌ڵێت، ژن چوار وه‌زیفه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌نجامده‌دات: ژن به‌شێكه له هێزى كار‌و به‌شدارى ده‌كات له به‌رهه‌مهێناندا، ژن منداڵى ده‌بێت و درێژه به ڕه‌گه‌زیی مرۆڤایەتی ده‌دات، ژن به‌رپرسیاره له په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ، ژن ئامڕازێكه بۆ سێكس. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێت پرۆسە‌ى ئازادبوونی ژن له هه‌موو ئه‌م سێكته‌رانه‌وه ده‌ستپێبكات، نه‌ك ته‌نها له ڕێگه‌ى گۆڕینى سیستمى سه‌رمایه‌داری بۆ سۆسیالیزم.
سێهه‌م/فێمێنیزمى ڕادیكاڵ
بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كی فێمێنیزمى ڕادیكاڵ بریتییە له‌و بانگه‌شه‌یه‌ی كه پێیوایه چه‌وسانه‌وه‌ى سێكسی خاسه‌تى سه‌ره‌كی و دیارى كۆمه‌ڵگه‌یه و به‌راورد به فۆڕمه‌كانى تر‌ى چه‌وسانه‌وه-چه‌وسانه‌وه‌ى چینایه‌تى، ڕقی ڕه‌گه‌زی و باقی فۆڕمه‌كانى تر‌ى چه‌وسانه‌وه پێگه‌ى ناوه‌ندى و سه‌ره‌كی هه‌یه. لێره‌وه فێمێنیزمه ڕادیكاڵه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته له چوارچێوه‌ى پیاوسالاریدا له كۆمه‌ڵگه تێبگه‌ین. میڵه‌ت له كتێبی سیاسه‌تى سێكسی‌دا ده‌ڵێت: “پیاوسالارى فۆڕمێكى به‌رده‌وامی به‌ڕێوبردنه له هه‌موو بوونیاده‌كانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی. ئه‌و ڕۆڵه جیاوازانه‌ى كه له‌لایه‌ن ژن و پیاوه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گێڕدرێت ڕه‌گوڕیشه‌ى ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ كۆتوبه‌ند كردن، له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نه‌وه كچ و كوڕ ڕۆڵی جیاواز و دیاریكراوییان پێده‌درێت. ئه‌م پرۆسە‌یه له خێزاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. میڵه‌ت پێیوایه ده‌بێت له ڕێگه‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارییه‌وه ڕووبه‌ڕووى پیاوسالارى بینه‌وه. ئازادبوونى ژن پێویستى به شۆڕشى كۆمه‌ڵایه‌تییه، دامه‌زراوه‌ى خێزان ده‌بێت له‌ناوببرێت. به‌ڵام فایه‌رستۆن بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات جیاوازییه سێكسییه‌كان ته‌نها به هۆى كۆتوبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دروست نابن، به‌ڵكو به‌هۆى بایۆلۆجییه‌وه دروست ده‌بن. ئه‌و ڕاستییه ساده‌ی كه ژن ده‌توانێت منداڵى ببێت بووەته هۆى دابه‌شبوونى سروشتى ده‌ستى كار. به‌هۆى منداڵبوونه‌وه ژن هه‌میشه له‌ژێر به‌زه‌یی بایۆلۆجیادایه، به‌م هۆیه‌شه‌وه پێویسته وه‌ك منداڵ پشت به پیاو ببه‌ستێت بۆ مانه‌وه‌ى جه‌سته‌یی. فایه‌رستۆن پێیوایه، ژن ده‌توانێت له ڕێگه‌ى گۆڕینى بایۆلۆجیای خۆیه‌وه ئازادبوون به‌ده‌ست بهێنێت. فایه‌رستۆن پێیوایه ته‌كنەلۆجیای مۆدێرن ڕێگه به ژن ده‌دات كه له‌ڕووى ڕه‌گه‌زییه‌وه خۆی یه‌كسان بكاته‌وه له‌گه‌ڵ پیاودا، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى لابردنى به‌رپرسیارێتى دووگیان بوون، منداڵبوون له‌سه‌ر ژن. دووگیان بوون ده‌كرێت ڕێگه‌ى لێبگیرێت له‌ڕێگه‌ى له‌باربردنه‌وه، یاخوود له ڕێگه‌ى منداڵبوونى ده‌ستكرده‌وه كه ته‌كنه‌لۆجیا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى ڕه‌خساندووه. ئه‌گه‌رچی میڵه‌ت ڕه‌گوڕیشه‌ى پیاوسالارى بۆ فاكته‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام فایه‌رستۆن ده‌یبه‌ستێته‌وه به فاكته‌رى بایۆلۆجییه‌وه، هه‌ردووكیان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئازادبوونى ژن پێویستى به یه‌كسانى جێنده‌رى هه‌یه له‌نێوان ژن و پیاودا و پێویسته جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان له‌بارببرێن(14).
چواره‌م/ فێمێنیزمی کولتوورى
لایه‌نگرانى فێمێنیزمى کولتوورى هه‌وڵده‌ده‌ن له پێگه‌و شوێنى كۆمه‌ڵایه‌تى ژن تێبگه‌ن له كۆمه‌ڵگه‌دا له ڕێگه‌ى فۆكه‌س خستنه سه‌ر جیاوازییه جێنده‌رییه‌كان له نێوان ژن و پیاودا. ئه‌م جۆره له فێمێنیزم فۆكه‌س ده‌خاته سه‌ر ئازادكردنى ژن له ڕێگه‌ى گۆڕینى تاك و دانپێدانان و دروستكردنى کولتوورێكى ژن سه‌نته‌رى، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ى دووباره پێناسه‌كردنه‌وه‌ى چه‌مكی مێیینە‌یی و نێریینه‌ییه‌وه. لایه‌نگره سه‌ره‌تاكانى قوتابخانه‌ى فێمێنیزمى کولتوورى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ژن به سروشت بوونه‌وه‌رێكه، كه حه‌زی له په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌و به به‌زه‌ییه و نه‌رم و نیان و ئازادیخوازه. هه‌موو ئه‌م بیرۆكانه سه‌رچاوه‌یان له تێگه‌یشتنه‌كانى شه‌پۆلی یه‌كه‌مى فێمێنیزمه‌وه گرتووه. نووسه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانى ئه‌م بواره جه‌ختیان له باڵایى به‌هاكانى ژن ده‌كرده‌وه، له‌وانه‌ش نه‌رم و نیانى و له‌سه‌رخۆیی ژن و حه‌زكردن به ئاشتى. ئه‌م گوتاره ئامڕازێك بوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره باوه‌ى نێوكۆمه‌ڵگه كه ژن كه‌متره له پیاو، ده‌بێت ملكه‌چی پیاو بێت. لایه‌نگرانى قوتابخانه‌ى کولتوورى فێمێنیزم جه‌خت له‌سه‌ر پێویستى گرنگیدان به تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه‌كانى ژن ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك خاسیه‌تێكى ئه‌رێنى ژن، نه‌ك هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ى جیاوازییه‌كانى ژن و پیاو و یه‌كسان كردنیان وه‌ك ئه‌وه‌ى كه لایه‌نگرانى فێمێنیزمى ڕادیكاڵى هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ى فێمێنیزم پێیانوایه پرۆسە‌ى ئازادكردنى ژن له‌ڕێگه‌ى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى تێگه‌یشنى باوى كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێت بۆ ژن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ى كه بوونى هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌دا تێگه‌یشتنێكی نێرانه‌یه بۆ ژن(15). تێگه‌یشتنى پیاو بۆ ژن ئه‌وه‌یه كه ژن وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كى ڕازاوه ده‌بینێت، كه ئاره‌زووه سێكسییه‌كانى خۆی پێ تێربكات. لێره‌وه لایه‌نگرانی ئه‌م ده‌روازه‌یه پێیانوایه کولتوورى باوی نێو كۆمه‌ڵگه کولتوورێكى نێرینه‌یە، گوتارى پیاو له‌نێو ئه‌و کولتووره‌دا زاڵه، چاره‌سه‌ریش بۆ ئازادكردنى ژن له‌ژێرده‌ستى و چه‌وساندنه‌وه بریتییە له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و کولتووره باوه‌ى نێو كۆمه‌ڵگه(16(.
پێنجه‌م/فێمێنیزمى پۆست-ستره‌كچه‌ڵیزم
لایه‌نگرانى فێمێنیزمى پۆست ستره‌كچه‌ڵیزم فۆكه‌س ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و مانایانه‌ى كه له ڕێگه‌ى زمانه‌وه دروست ده‌بن. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه تێگه‌یشتنى ئیمه بۆ واقیع له ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى زمانه‌وه دروست ده‌بێت. ئه‌وان به تایبه‌تى گرنگى به په‌یوه‌ندی نێوان مه‌عریفه و هێز ده‌ده‌ن. پێیانوایه ئه‌وه‌ى كه ده‌توانێت مانا بۆ شته‌كان دابنێت و ما‌نایان پێبدات و بتوانێت مه‌عریفه به‌رهه‌مبهێنێت، له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانێت هێز و كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌بێت. لایه‌نگرانى ئه‌م قوتابخانه‌یه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه تێگه‌شتنى گشتى بۆ پیاو وه‌ها سه‌یرى پیاو ده‌كات كه پیاو ده‌زانێت و شاره‌زایه- ئه‌وه‌ى كه وه‌ك مه‌عریفه‌ى ڕه‌وا و ڕاسته‌قینه سه‌یر ده‌كرێت له بوارى زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به گشتى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و مه‌عریفه‌یه بوونیادنراوه له‌باره‌ى ژیانى پیاوه‌وه له پانتایی گشتیدا، ژن په‌ڕاوێزخراوه هه‌م وه‌ك بكه‌رێك كه مه‌عریفه‌ى هه‌بێت و هه‌میش وه‌ك بابه‌تێكى مه‌عریفه. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه به تایبه‌ت گرنگى ده‌ده‌ن به‌و شێوازه‌ى كه چۆن جیاوازیی زمانه‌وانییە بوونیادنراوه‌كان، له‌وانه‌ش وه‌ك به‌هێز و لاواز، عه‌قڵانى/سۆزدارى، گشتى/تایبه‌تى، بوونه‌ته هۆكارى ئه‌وه‌ى كه پیاو ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت به‌سه‌ر ژن‌دا. له بوونیادنانی په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا، ئه‌م زاراوانه: شارستانى و ناشارستانی، ئه‌نارشیه‌ت و هه‌ڕه‌میه‌ت، پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوو گرنگن بۆ ئه‌وه‌ى تێبگه‌ین كه چۆن له‌ڕووى زمانه‌وانییە‌وه جیهانمان دابه‌شكردووه. لایه‌نگرانى پۆست ستره‌كتچه‌ڵیزمه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م جیاكاریانه كاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى جیهان. ئه‌و دابه‌شكارییه‌ى كه ئێمه له ڕێگه‌ى زمانه‌وه بۆ جیهان ده‌یكه‌ین، لێكه‌وته‌ى ڕه‌گه‌زپه‌رستى ده‌بێت. چارلۆت هوپه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا به ناونیشانى “ده‌وڵه‌تانى پیاوان”، پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه تیۆر و موماره‌سه‌ى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان چی ڕۆڵێكى هه‌بووه له دروستكردن و پێناسه‌كردن و شه‌رعیه‌تدان به نێرینه‌یی-پیاوسالاری. ئه‌و باس له‌وه ده‌كات ئێمه ناتوانین له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان تێبگه‌ین به‌بێ تێگه‌یشتن له‌و ڕاستییه‌ى كه په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه موماره‌سه ده‌كرێت.
شه‌شه‌م/فێمێنیزمى پۆست-كۆڵۆنیاڵیزم
زۆرینه‌ى لایه‌نگرانى قوتابخانه‌ى پۆستكۆڵۆنیاڵیزم ده‌كرێت به پۆست ستره‌كچه‌ڵیست ناوببرێن. لایه‌نگرانى پۆستكۆڵۆنیاڵیزم گرنگى ده‌ده‌ن به په‌یوه‌ندییه كۆڵۆنیاڵییه‌كانى نێوان وڵاتانى سه‌رده‌ست و وڵاتانى ژێرده‌ست كه له‌ژێر سایه‌ى ئیمپریالیزمدا دروستبوون. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م په‌یوه‌ندیانه سه‌ره‌ڕاى نه‌مانى سه‌رده‌مى كۆڵۆنیاڵی وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن وڵاتانى داگیركراوه‌وه، به‌ڵام هێشتا بوونیان هه‌یه و وڵاتانى كۆڵۆنیاڵی ده‌ستیان به‌سه‌ر مه‌عریفه‌دا گرتووه و مه‌عریفه‌ى ڕۆژئاوایی نماینده‌ی مه‌عریفه‌ى گشت جیهان ده‌كات. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پێویسته وڵاتانى كۆڵۆنیاڵى ته‌نها گوزارشت له خۆیان بكه‌ن و نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بكه‌ن. لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه فێمێنیسته ڕۆژئاواییه‌كان مه‌عریفه‌یان له‌باره‌ى ژنانى ناڕۆژئاواییه‌وه دروستكردووه. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى كه فێمێنیسته‌كان ڕه‌خنه‌یان له مه‌عریفه‌ى ڕۆژئاوا گرت به هۆى گریمانه هه‌ڵه‌كانییە‌وه له‌باره‌ى گه‌ردوونی بوونیانه‌وه، له واقیعدا، ئه‌و مه‌عریفه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌زموون و موماره‌سه‌رى پیاوانه‌وه دروستبووه. به‌هه‌مان شێوه لایه‌نگرانى فێمێنیستى سه‌ر به قوتابخانه‌ى پۆستكۆڵۆنیاڵیزم هه‌مان بانگه‌شى هه‌ڵه‌ى گه‌ردوونى بوون، ده‌بینین له‌و مه‌عریفه‌یه‌ى كه له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌زموونى ژنانى خواپێداوى ڕۆژئاواوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه. كاندرا موهانتى ڕه‌خنه‌ى له‌هه‌ندێك له لایه‌نگرانى فێمێنیزم گرت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى كه به شێوه‌یه‌كى یه‌كسان وه‌ك یه‌ك جۆرى لێكچوو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ژن‌دا كردووه و شكستیان هێناوه له‌وه‌ى كه بتوانن دان به جیاوازییه کولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕه‌گه‌زیی و جوگرافییه‌كاندا بنێن. لایه‌نگرانى فێمێنیزمى پۆستكۆڵۆنیاڵیزم پێیانوایه لایه‌نگرانى قوتابخانه‌ى پۆست ستره‌كچه‌ڵیزم گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌موو ژنان له‌سه‌ر ئاستى جیهان یه‌ك خواست و پێداویستى هاوشێوه‌یان هه‌یه، كه ئه‌ویش ڕزگاربوونه له سته‌م، به‌ڵام واقیعی ژنان زۆر له یه‌كترى جیاوازن(17). لایه‌نگرانى ده‌روازه‌ى پۆست كۆڵیانیزم جه‌خت له‌سه‌ر جیاوازییه ڕه‌گه‌زییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه كه له ده‌رئه‌نجامى سیاسه‌تى داگیركارى و ئیمریالیستى ڕۆژئاواوه دروستبوون. فرانتز فانۆن باس له‌وه ده‌كات كه چۆن سیاسه‌تى داگیركارى ڕۆژئاوا بیرۆكه‌ى ڕه‌گه‌زی سه‌رده‌سته و ژێرده‌سته‌ى هێناوه‌ته ئاراوه. فانۆن ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه كه “ژنى ڕه‌ش پێست” وا بیرى لێده‌كرێته‌وه كه كه‌متر گرنگه به‌راورد به سپی پێسته‌كان، كه ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامى سه‌پاندنى سیستمى په‌روه‌رده‌یی و ئایینى و کو‌لتوور و زمانى داگیركارییه. له ڕێگه‌ى سه‌پاندنى سیاسه‌ته‌كانى خۆیه‌وه، داگیركه‌ره‌كان ئه‌و باوه‌ڕه‌یان لادروست بوو كه ئه‌وان له‌ڕووى کولتوورییه‌وه باڵاتر و پێشكه‌وتووترن له وڵاتانى داگیركراو. ته‌نانه‌ت ئه‌م سیاسه‌ته‌ى داگیركه‌ران له دواى كۆتاییهاتنى پرۆسە‌ى كۆڵۆنیاڵیزمیشه‌وه هه‌ر به‌رده‌وامی هه‌یه و له بواره‌كانى ئاسایشى نیشتمانى و سیاسه‌تى چه‌كی ناوەکی و ناسیۆنالیزم و کو‌لتوور و كۆچبه‌ر و هاوكارى نێوده‌وڵه‌تیدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. نمونەیه‌كى دیارى ڕه‌گه‌زپه‌رستى سیاسه‌تى داگیركارى ده‌كرێت له گوتاره‌كانى تایبه‌ت به سیاسه‌تى ڕێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كه ناوه‌كییه‌كاندا ببینرێت. له گوتاره‌كانی سیاسه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستى ڕۆژئاوادا، وڵاتانى جیهانى باشوور و سه‌ركرده‌كانیان ناكرێت متمانه‌ى ئه‌وه‌یان پێبكرێت ببن به خاوه‌نى چه‌كى ناوه‌كى. ئه‌م گوتاره باوه ده‌وڵه‌تانى جیهانى باشوور وه‌ك مه‌ترسی وێنا ده‌كات، كه سه‌رچاوه‌ى پێشێلكارییه‌كانى مافه‌كانى مرۆڤ بن. بۆ چه‌ندین ده‌یه ده‌چێت، ڕێزنه‌گرتنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه به ئاشكرا له هه‌ڵكه‌ندنى كانه‌كانى یۆرانیۆمدا ده‌بینرێت، كه له‌سه‌ر ئه‌و خاكانه ئه‌نجام ده‌درێت كه دانیشتوانه ڕه‌سه‌نه‌كان له‌سه‌رى ده‌ژین بووەته هۆى مردن و بڵابوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی و وێرانكارى ژینگه‌یی. له‌هه‌موو ئه‌مانه گرنگتر، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئەمەریکا خۆى ته‌نها وڵاتى خاوه‌ن چه‌كی ناوەکییە كه ئه‌و چه‌كه‌ى تاقیكردووەته‌وه و دژى ژاپۆن له ساڵى 1945دا به‌كاریهێناوه، كه زیانه‌كانى زۆر ترسناك بوون.
لایه‌نگرانى ده‌روازه‌ى پۆست كۆڵۆنیالیزم باس له‌وه ده‌كه‌ن پێویسته شیكارییه‌كان كاریگه‌رى پیاوسالاری و جێنده‌ر و نایه‌كسانى و ئیستیغلال كردنى سێكسی تێپه‌ڕێنێت. له‌به‌رئه‌وه پێویسته گرنگى بدرێت به چینایه‌تى و ڕه‌گه‌ز كه ژنى سپی پێست ده‌خاته پێش ژنى ڕه‌ش پێسته‌وه. ئه‌وان پرسی هه‌مه‌ئاهه‌نگی جیهانى له بزووتنەوەكانى ژناندا ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه، باس له‌وه ده‌كه‌ن خه‌باتكردن له‌دژى پیاوسالارى و نایه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بێت له چوارچێوه‌ى نه‌ژاد و ڕه‌گه‌ز و ئیمتیازاته ڕه‌گه‌زییه‌كانتاندا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت. بۆ نمونە ئه‌گه‌رچى فێمێنیزمه‌كانى ڕۆژئاوا وه‌ك سیمبولێكى ژێرده‌سته‌یى سه‌یرى له‌چك- سه‌رپۆش ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرێك له ژنانى جه‌زائیر له‌چكیان له‌سه‌ردابوو شانبه‌شانى پیاوه‌كان له‌دژى فه‌رمانڕه‌وایی فه‌ڕه‌نسا خۆپیشاندانیان ده‌كرد. بۆ ئه‌و ژنانه، داگیركارى فەڕەنسی سه‌رچاوه‌ى سته‌م و ژێرده‌سته‌ییه و ڕه‌مزی سته‌مكارى ڕه‌گه‌زی سپی پێسته‌كان و كۆڵۆنیاڵى پیاوسالارییه. به‌هه‌مان شێوه له‌زۆرێك له به‌شه‌كانى جیهاندا، ژنان شانبه‌شانى پیاوان له بزووتنەوە نیشتمانییە‌كاندا به‌شداربوون بۆ ڕووخانى فه‌رمانڕه‌وایی داگیركارى، ئه‌وه‌یان پێشاندا كه ژنان له چوارچێوه کولتوورى و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كاندا ڕووبه‌ڕووى سته‌مكاریی ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌كى زۆر جیاواز له ژنانى ڕۆژئاوا. لێره‌وه لایه‌نگرانى ئه‌م ده‌روازه‌یه پێیانوایه ژنانى ڕه‌نگ جیاواز به هۆى سیانه‌یه‌كه‌وه ڕووبه‌ڕوووى چه‌وسانه‌وه ده‌بن كه ئه‌وانیش بریتین له: ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد، پێگه‌ى چینایه‌تى و جیاوازى جێنده‌رى(18).
بیرۆكه سەرەکییە‌كانى تیۆرى فێمێنیزم له بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا
بیروبۆچوونه‌كانى تیۆرى فێمێنیزم له بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندیداره به ڕه‌خنه‌كانى تیۆرى فێمێنیزم له هه‌ردوو تیۆرى ده‌وڵه‌ت سه‌نته‌رى ڕیالیزم و لیبڕاڵیزم. ده‌كرێت ڕه‌خنه‌كانى تیۆرى فێمێنیزم له تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان و تێزه سەرەکییە‌كانیان له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه(19) .
١- كایه‌ی ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان كایه‌یه‌كه لایه‌ن نێرینه‌وه كۆنتڕۆڵكراوه، له‌و ڕووه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ى كه له بوارى ئه‌كادیمی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نووسراوه له‌باره‌ى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌ییته‌وه له‌لایه‌ن توێژه‌ره پیاوه‌كانه‌وه نووسراوه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى دید و بۆچوون و ئه‌زموونى ئه‌وانه. ده‌رئه‌نجام، هه‌موو چه‌مكه‌كانى وه‌ك هێز و سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌نارشیه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ى بیر و بۆچوون و ئه‌زموونى نێرینه‌یه، نه‌ك مێیینه.
٢- توندوتیژى، هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ و ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌سته به كارى پیاوانه نه‌ك ژنان.
٣- لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم پێیانوایه یه‌كێك له سه‌رچاوه سەرەکییە‌كانى لایه‌نگیرى جێنده‌رى له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا بریتییە له جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر نێرینه وه‌ك هاوڵاتى و ئەکتەرى سیاسی. چه‌مكه‌كانى وه‌ك هێز، سه‌ربه‌خۆیی و عه‌قڵانی بوون وه‌ك تایبه‌تمه‌ندی پیاو نیشانده‌درێن. له كاتێكدا لاوازى و پاشكۆیه‌تى و به‌سۆزبوون ده‌درێته پاڵ ژن.
٢- كایه‌ی گشتى، سیاسه‌ت و به‌ڕێوەبردنى ده‌وڵه‌ت وه‌ك كایه‌یه‌كى نێرانه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، پیاو كه له‌هه‌مانكاتدا سیاسه‌تمه‌داره، وه‌ك عه‌قڵانى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانى هێز و ده‌سه‌ڵات ده‌دات بۆ پاراستنى لاوازه‌كان “ژنان”. به پێچه‌وانه‌وه ژن وه‌ك بونه‌وه‌رێكى خاوه‌ن هه‌ست و سۆز پێشانده‌درێت كه به‌كه‌ڵكى سیاسه‌ت كردن و به‌ڕێوەبردنى ده‌وڵه‌ت نایه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ى تایبه‌تمه‌ندی نه‌رمونیانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبردنى ده‌وڵه‌ت و دروستكردنى سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و كاركردن له چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا ناگونجێت. ده‌رئه‌نجام، ژن ده‌بێت ته‌نها له چوارچێوه تایبه‌ته‌كه‌دا (له‌نێو خێزان) بمێنێته‌وه، كه دواجار ده‌بێت له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه بپارێزرێت.
٣- به‌هێزبوونى ده‌وڵه‌ت له‌ڕووى سه‌ربازی و دواجاریش زامن كردنى مانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت له سیستمى نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌ماناى ئه‌وه نییە كه ژنان له‌سه‌ر ئاسته ناوخۆییه‌كه پارێزراو بن، به پێچه‌وانه‌وه ڕه‌نگه ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى له‌ژێر هه‌ڕشه و مه‌ترسیدا نه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی ژنان له‌ژێر هه‌ڕشه و مه‌ترسیدا بن. به‌م هۆیه‌وه تێگه‌یشتن له ئاسایش ده‌بێت ته‌نها له چوارچێوه‌ى ئاسایشى ده‌وڵه‌تدا چه‌قنه‌به‌ستێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى له‌ناوبردنى سه‌رجه‌م شێوازه‌كانى توندوتیژى وێنابكرێت.
٤- به‌شداری كردنى ژنان له دروستكردنى بڕیار و داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا كاریگه‌رى به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى جیهانی.
تیۆرى فێمێنیزم و چه‌مكى ئاسایش
توێژه‌رانى باوى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان، به‌تایبه‌ت توێژه‌ره كلاسیكییه‌كانى سه‌ر به قوتابخانه‌ى ڕیاڵیزم له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییە‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى ئاسایش وه‌ك ئاسایشى ده‌وڵه‌ت پێناسه ده‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ى كه پێیانوایه مه‌ترسی سه‌ره‌كى له‌سه‌ر ئاسایشى ده‌وڵه‌ت له هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ربازییه‌وه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی تره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ده‌وڵه‌تى سه‌لامه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كه ده‌توانێت سنوره‌كانى خۆی بپارێزیێت له ده‌ستدرێژى ده‌وڵه‌تانى تر. ڕیالیزمى نوێ فۆكه‌سی سه‌ره‌كى له‌سه‌ر ئه‌نارشیه‌تى سیستمى نێوده‌وڵه‌تى بوو، ئه‌و شوێنه‌ى كه حكومه‌تێكى جیهانى تێدا نییە تا كاروبار و ڕفتارى ده‌وڵه‌تان به‌رامبه‌ر یه‌كترى ڕێكبخات. ڕیالیسته نوێیه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك باس له ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ده‌وڵه‌ت یه‌كه‌یه‌كى یه‌كگرتوو و یه‌كپارچه بێت، كه سیاسه‌ته ناوخۆیی و بوونیاده ناوخۆییه‌كانى ده‌وڵه‌ت گرنگییه‌كى كه‌متریان هه‌یه به‌راورد به ژینگه‌ى ئه‌نارشیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕوونكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردنى ئاسایش و ئارامى ده‌وڵه‌تان. سیاسه‌تى زیادكردنی هێز و توانا سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌ك ڕێگاى سه‌ره‌كى زیاد كردنى ئاسایشى ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن ڕیالیسته نوێیه‌كانه‌وه ده‌بینرێت، زۆرێك له پسپۆڕانى بوارى ئاسایش له‌و باوه‌ڕه‌دان كه سیاسه‌تى زیادكردنى هێز له‌پێناو باشتركردنى ئاسایش ده‌توانێت ڕاڤه‌ى زۆرێك له ڕفتاره نێودەوڵەتییەكانى ده‌وڵه‌تان بكات له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. به‌ڵام له‌ساڵانى 1980كاندا، كۆمه‌ڵێك توێژه‌رى دیاریكراو ده‌ستیانكرد به به‌رهه‌ڵستى و ته‌حه‌داكردنى ئه‌م تێگه‌یشتنه به‌رته‌سكه‌ى ڕیالیسته‌كان بۆ ئاسایش و هه‌وڵیاندا بوار و سنورى ئاسایش فراوان بكه‌ن. ئه‌م توێژه‌رانه باسیان له‌وه ده‌كرد كه زۆرێك له‌و جه‌نگانه‌ى كه ساڵى 1945 جه‌نگى نه‌ژادى و نه‌ته‌وه‌یی بوون و زیاتر له‌نێوخۆى ده‌وڵه‌تاندا ڕوویانداوه، به پێچه‌وانه‌ى پێشبینى ڕیالیسته‌كانه‌وه جه‌نگى ده‌وڵه‌تێك نه‌بوون له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى تر، به‌ڵكو هه‌روه‌ك باسكرا زیاتر له‌نێوخۆى ده‌وڵه‌تاندا ئه‌م جه‌نگانه ڕوویانداوه. ئه‌م توێژه‌رانه هه‌وڵیاندا له وابه‌سته‌یی و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ڕه‌شه سه‌ربازی و مه‌ترسییه ئابوورى و ژینگه‌ییه‌كان بكۆڵنه‌وه. زۆرێك له وڵاته هه‌ژاره‌كان ڕووبه‌ڕووی ململانێى سه‌ربازى بوونه‌ته‌وه له‌نێوخۆى سنوره‌كانى خۆیاندا. ئه‌م ململانێ سه‌ربازیانه ده‌رئه‌نجام قوربانی مه‌ده‌نى گه‌وره‌ى لێكه‌وتووەته‌وه، هه‌روه‌ها بووەته هۆى دروستبونی توندوتیژى بوونیادى، توندوتیژى ئاڕاسته‌ى ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه پێداویستییه سەرەکییە‌كانى ژیانیان نییە. توێژه‌رانى سه‌ر به تیۆرى ڕه‌خنه‌یی ده‌ستیانكرد به پێناسه‌كردنى ئاسایش له‌ڕووى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆشگوزه‌رانى مرۆیی و مانه‌وه‌ى مرۆڤه‌وه- ئاسایش بۆ تاكه‌كان بۆ ژینگه، دواتریش ئاسایش بۆ ده‌وڵه‌ت.
هاوشێوه‌ى توێژه‌رانى تێۆرى ڕه‌خنه‌یی، لایه‌نگرانى فێمێنیزم له‌په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا به‌مانا فراوانه‌كه‌ى له ئاسایش ده‌ڕوانن له گۆشه‌نیگاى فره ڕه‌هه‌نده‌وه سه‌یرى چه‌مكى ئاسایش ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش كۆتاییهێنان به سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانى توندوتیژى وه‌ك توندوتیژى جه‌سته‌یی و بوونیادی و ژینگه‌یی. به بۆچوونى لایه‌نگرانى فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا، مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كان توندوتیژى نێوخۆیی و لاقه‌كردن و هه‌ژارى و په‌ڕاوێزخستنى جێنده‌رى و وێرانكاری ژینگه‌یی و جه‌نگ له‌خۆده‌گرن. لێره‌وه به پێچه‌وانه‌ى تیۆرى ڕیالیزمه‌وه، لایه‌نگرانى فێمێنیزم پێناسه‌ى ئاسایش ده‌كه‌ن وه‌ك له‌ناوبردن و ڕیشه‌كێش كردنى سه‌رجه‌م شێوه‌كانى توندوتیژى و كۆتاییهێنان به په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه نابه‌رامبه‌ره‌كان. به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ى تیۆرى فێمێنیزم بۆ ئاسایش یه‌كده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئامانجی فێمێنیزمه‌كان كه بریتییە له كۆتاییهێنان به ژێرده‌ستى ژن. ده‌رئه‌نجام بۆ لایه‌نگرانى فێمێنیزم، دیدگایه‌كى جیهانى بۆ ئاسایش پێویسته شوێنى دیدگا ده‌وڵه‌ت سه‌نته‌رییه‌كه‌ى ڕیالیزم بگرێته‌وه. لایه‌نگرانى فێمێنیزم له‌و باوه‌ڕه‌دان ناكرێت ڕفتارى ده‌وڵه‌ت له سیستمى نێوده‌وڵه‌تیدا جیابكرێته‌وه له سیاسه‌تى ناوخۆیی ده‌وڵه‌ت و ڕفتارى تاكه‌كان. فێمێنیسته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ژماره‌یه‌كى كه‌م له ژنان به‌شدارن له دروستكردنى پرۆسە‌ى بڕیاره ئه‌منییە‌كاندا، به‌م هۆیه‌شه‌وه بڕیاره ئه‌منییە‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ویست و هه‌ڵویستى نێرینه‌یه. به‌م شێوه‌یه لایه‌نگرانى تیۆرى فێمێنیزم نه‌ك ته‌نها چه‌مكى ئاسایشیان فراوانكرد له‌ڕووى ئه‌وه‌ى كه ئاسایش مانای چییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیان ئه‌وه زیادبكه‌ن كه پێویسته ئاسایشى كێ بپارێزرێت. زۆرێك له شیكارییه‌كانى فێمێنیزم بۆ ئاسایش له‌دامێنى خواره‌وه ده‌ستیانپێكرد، له‌وانه‌ش له تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ستیانپێكرد نه‌ك له ده‌وڵه‌ت و سیستمى نێودەوڵەتییەوه. لایه‌نگرانى فێمێنیزم له په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا ئه‌وه پێشانده‌ده‌ن كه چۆن ئاسایشى تاكه‌كان په‌یوه‌ندی هه‌یه به سیاسه‌تى نیشتمانى و سیاسه‌تى نێودەوڵەتییەوه و ده‌یانه‌وێت ئه‌وه پێشانبده‌ن كه چۆن سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشى تاكه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رئاستى نێوخۆیی.
سزاكانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر عێراق: خوێندنه‌وه‌یه‌كی فێمێنیزمیانه
له‌ساڵى 1991دا، عێراق كوه‌یتى داگیركرد و وه‌ك به‌شێك له‌عێراق كوه‌یتى هه‌ژماركرد. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند، داگیركردنى كوه‌یت نایاساییه و به‌م هۆیه‌وه هێزى سه‌ربازی له‌دژى عێراق به‌كارهێنا بۆ ده‌ركردنى عێراق له كوه‌یت. ئه‌م جه‌نگه به جه‌نگی گەردەلولی بیابان ناوده‌برێت. له‌كۆتایی جه‌نگدا، به‌پێى بڕیارى 687ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان عێراق كه‌وته ژێر ئابڵوقه‌یه‌كى ئابوورى تونده‌وه، كه هه‌نارده و هاورده‌ى عێراقی سنورداركرد. به‌پێى بڕیاره‌كه عێراق ده‌بێت له‌ژێر ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌دا بێت تا ئه‌و كاته‌ى ملكه‌چ ده‌بێت بۆ داواكارییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش. داواكارییه‌كانیش په‌یوه‌ندیداربوون به سه‌ربه‌خۆیی كوه‌یت، چه‌كه‌كانى عێراق، تیرۆریزم، به‌رپرسیاربوون بۆ جه‌نگی كه‌نداو. له بنه‌ڕه‌تدا سزاكان بۆ ساڵێك بوون، به‌ڵام بۆ چەندین ساڵ درێژەی کێشا. له ساڵانى 1990كاندا عێراق به‌ده‌ست درێژترین ئابڵوقه‌ى ئابوورییه‌وه ده‌یناڵاند. له ناوه‌ڕاستى ساڵانى 1990كاندا، ڕایگشتى نێوده‌وڵه‌تى كه‌وته دژایه‌تى كردنى سزاكانى سه‌ر عێراق به‌هۆى لێكه‌وته تراژیدیا مرۆییه‌كانى ئه‌و قه‌یرانه‌وه. زۆرێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه پشتیوانى ڕووخانى ڕ‌ژێمى سه‌دام حسێن بوون، دژایه‌تى خۆیان بۆ سزاكانی سه‌ر عێراق ڕاگه‌یاند. ژماره‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌وانه‌ش فه‌ڕه‌نسا و ڕووسیا له دژى سزاكانى سه‌ر عێراق وه‌ستانه‌وه. به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌هۆى ڤیتۆى ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌نگی نه‌دا بۆ لابردنى سزاكانى سه‌ر عێراق. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئەمەریکا جه‌ختى له‌سه‌ر گۆڕینى ڕ‌ژێمى عێراق ده‌كرده‌وه وه‌ك مه‌رجێك بۆ لابردنى سزاكانى سه‌ر عێراق. له‌كاتێكدا وێنه‌ى منداڵانى به‌دخۆراكى عێراقی له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه بڵاوده‌كرانه‌وه وه‌ك دژایه‌تیه‌ك بۆ سزاكانى سه‌ر عێراق. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان عێراقیان تۆمه‌تبار ده‌كرد به ملنه‌دان، له به‌رامبه‌ردا عێراق سه‌رزه‌نشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانى ده‌كرد. سزاكانى سه‌ر عێراق كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى مرۆیی بوون. كاریگه‌رییه‌كانى گه‌مارۆی سیانزه ساڵ له‌سه‌ر ئابووری عێراق زۆر توندبوون. له‌پێش جه‌نگدا عێراق خاوه‌نى ئابوورییه‌كى هه‌نارده‌بوو، هه‌نارده‌كردنى نه‌وت. به‌ڵام دوای جه‌نگ، عێراق سه‌رجه‌م پێویستییه‌كانى خۆى له‌ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرد. گه‌شه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نیشتمانى عێراق له ساڵى یه‌كه‌مینى گه‌مارۆكه‌دا بۆ له‌سه‌دا په‌نجا دابه‌زی. له ساڵی 2000دا، بوو به سێهه‌مین وڵاتى هه‌ژار له جیهاندا. داته‌پینى ئابوورى عێراق بووه هۆى دابه‌زینى به‌رچاوى كرێ و بێكارییه‌كى سه‌رتاسه‌رى له عێراق. ئه‌م كاریگه‌رییه خراپه ئابووریانه كێشه‌ى مادی بۆ زۆرێك له عێراقییه‌كان دروستكرد. به زۆرى ژنان خاوه‌نى ئیش و كارێكى جێگیر نه‌بوون به‌راورد به پیاوان، كاره‌كانیشیان كاری هه‌میشه‌یی نه‌بوون، ژنان وه‌ك پاره په‌یداكه‌رى خێزانه‌كانیان سه‌یرنه‌ده‌كران. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گه‌مارۆى ئابوورى و كاریگه‌رییه خراپه‌كانى، ژنانى دووگیانى بێبه‌شكرد له چاودێرى پزیشكی پێویست بۆ كۆرپه‌له‌كانیان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆرپه‌له‌كانیان به ته‌ندروستیش له‌دایكبووبان، نه‌بوونى ڤایتامینى پێویست و شیرى منداڵ هۆكارى سه‌ره‌كی بوون بۆ ئه‌و ڕێژه زۆره‌ى گیانله‌ده‌ستدانى منداڵانى عێراقی. ڕێژه‌ى شێرپه‌نجه له‌سه‌دا چوار سه‌د زیادى كرد. به‌گوێره‌ى خه‌مڵاندنه‌كان نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن هاوڵاتى عێراقی گیانیان له‌ده‌ستداوه، له‌و ڕێژه‌یه نیوه‌یان منداڵبوون، له‌سه‌دا 30یان ئافره‌ت بوون(20).
ده‌ره‌نجام
تیۆرى فێمێنیزم تیۆرییه‌كى ئه‌خلاقییه، ئامانجی سه‌ره‌كی ڕزگاركردنى ژنه له جه‌ور و سته‌مى پیاو. به‌گشتى تیۆرى فێمێنیزم له بوارى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكاندا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه مه‌عریفه له‌باره‌ى كایه‌ی ئه‌كادیمى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكانه‌وه مه‌عریفه‌یه‌كى لایه‌نگیره له‌به‌رژه‌وه‌ندی پیاو، زیاتر مه‌عریفه‌یه‌كى نێرینانه‌یه، كه جه‌خت له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانى هێز، ده‌وڵه‌ت، ئۆرده‌ر، عه‌قڵانى بوون، توندوتیژى و ئه‌نارشیه‌ت ده‌كاته‌وه. هه‌موو ئه‌م چه‌مكانه له بنه‌ڕه‌تدا گوزارشت له بیروبۆچوون و ئه‌زموونی پیاوان ده‌كه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، فێمێنیسته‌كان پێیانوایه تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان وه‌ها وێنه‌ى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كێشن، كه ته‌نها تایبه‌ت بێت به پیاوان، له‌و ڕووه‌وه‌ى پیاو وه‌ك عه‌قڵانى، به‌هێز، خاوه‌ن بڕیار و كاریگه‌رى پێناسه ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ریشدا ژن وه‌ك لاواز و پاشكۆ و نه‌رمونیان و به‌سۆز ده‌رئه‌نجامیش ناعه‌قڵانى پێناسه ده‌كه‌ن. به‌م هۆیه‌وه تیۆره باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه نێودەوڵەتییەكان گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كاركردن له جیهانى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ژن گونجاو نییە، لێره‌وه سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت به ژینگه‌یه‌ك كه ته‌نها پیاو لێهاتوویی و تواناى ئه‌وه‌ی تێدایه كاری تێدا بكات، له‌به‌رامبه‌ردا ژنیش ده‌بێت له چوارچێوه‌ى تایبه‌تیدا (خێزان) بمێنێته‌وه. به واتایه‌كى تر شوێنى كاركردنى ژنان ته‌نها نێوماڵه، نه‌ك سیاسه‌ت و سیاسه‌ت كردن كه كایه‌یه‌كى گشتییە. لایه‌نگرانی فێمێنیزم كۆك و هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ده‌بێت ژن مافی ئه‌وه‌ى هه‌بێت هاوشێوه‌ى پیاوان له چوارچێوه‌ى كایه‌ی گشتیدا كاربكات. له‌مه‌ش زیاتر، به بۆچوونى لایه‌نگرانى فێمێنیزم، به‌شداربوونى ژنان له كایه‌ی گشتیدا به‌تایبه‌تى له كارى دیبلۆماسی و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى جیهان به‌ره‌و ئارامى و سه‌قامگیرى هه‌نگاو بنێت، به‌رئه‌نجامیش ئاستى توندوتیژى له سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌مده‌بێته‌وه.