د.ئیبراهیم سدیق
شاژنی جوانی قودس یا شاجوانی قودس (Beauty Queen of Jerusalem) زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیلییە (دوو بەشە)، لەسەر بنەمای کتێبێکە بە هەمان ناو لەنوسینی ساریت ییشای لیڤیی (Sarit Yishai Levy)، کە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە کەناڵی بەڵێ دراما (Yes Drama) پەخشکرا، لە نێتفلێکس هەیە.
کۆی دڕامایەکە لەسەر ژیانی خێزانێکە نازناویان ئارمۆزایە (Armoza). لەو دڕامایەدا بەگشتی باس لەژیانی ئەو خێزانە و باس لە هەڵوێستی جووەکانی ئیسرائیل دەکات دژ بە دەستەڵاتی عوسمانی و تورکەکان و بەریتانییەکان لە بیستەکان و دواتریش دژ بە دەستەڵاتی بەریتانی.
لە ساڵانی بەر لە جەنگی دووەمی جیهانیش باس لە گرژییەکانی نێوان عەرەب و جووەکان دەکات. بەو مانایەی بەر لە جەنگ و بەر لە کۆچی بەکۆمەڵی جووەکانیش بۆ ئیسرائیل و بەر لە دامەزراندنی ئیسرائیل کە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان بوو، ڕێژەیەکی زۆر جوو لە قودس و تەلئەبیب و ئەو ناوچانە هەبوون و کێشەی بەیەکەوە ژیانی نێوان گروپەکان لەو ناوچانەدا هەبووە. ئەمەو چەندین ڕووداوی دیکە لەو دڕامایەدا.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، ڕووداوەکانی دیکەی ئەم دڕامایەن، لە ساڵانی پێش شەڕی دووەمی جیهان، بەتایبەتیش (1938 – 1940) و دواتریش. لە یەکێک لە ئاڵقەکانی بەشی یەکەم چەند جارێك ناوی خێزانێکی کورد دێت (هەڵبەت وەهای بۆ دەچم کە مەبەستی خێزانێکی کوردی جوو بێت، بەڵام دیاری نەکردووە)، ئەو ماڵباتە کوردە لای ماڵباتی ئارمۆزا ناسراون، بەڵام لە ئاڵقەی چوارەمی بەشی دووەم باوکەکە کە ناوی گابریێل ئارمۆزایە (Gabriel Armoza) ژن و دوو کچی گەنجی هەن و دەیانەوێت کچە گەورەکەیان بە شوو بدەن، بەدوای ژنێکی دەلالدا دەنێرێت، کە دیارە کاری دۆزینەوەی هاوسەرە بۆئەو کچ و کوڕانەی بەدوای هاوسەردا دەگەڕێن.
ئەو ژنە دەلالە پێشنیازی کوڕێك دەکات کە دایکی کوردە و لە قودس (جەروزالم) دەژین، بەڵام باوکی کچەکە گابریێل ئارمۆزا دەڵێت: ماڵباتی ئێمە نایەوێت لەگەڵ کەس تێکەڵ بێت، بەتایبەتیش لەگەڵ کورد.
دایکی کچەکەش بە ژنەکە دەڵێت: تا ئێستا تۆ تەنها کورد و (گلاس)ت بۆ ئێمە پێشنیاز کردوون.
ئەمە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی کە کورد لەو سەردەمەدا لە قودس ناسراو بوون.
بەو جۆرە ژنەکە گەنجێکی دەوڵەمەندییان بۆ پێشنیاز دەکات، کە دواتر گەنجەکە بۆ یەکتر ناسین سەردانییان دەکات و شەو لەگەڵ کچەکە دەڕۆنە دەرەوە، بەڵام درەنگانێکی شەو بە سەرخۆشی دەگەڕێنەوە. ئەوەش باوکی کچەکە ناڕەحەت دەکات و کوڕەکە لەماڵی خۆی دەردەکات.