پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوەی جێندەر

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
جوڵانەوەی فێمینست لە كوردستان, نوێکراوەتەوە, وتار,

-ڤیان فەرەج
ساڵی ٢٠٠٥ بوو، تاز بەتازە خەریکی کردنەوەی (سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوەی جێندەر) بووم، کە دواتر مام جەلال، وەک پیاوێکی پڕ مەعریفەو زانین پشتی گرتین تا ساڵی ٢٠١٠ بێ وەستان کۆڵەکەی پشتمان بوو لەو دامەزراوەیەی جگە لە چاپکردنی ٣٠ کتێب، ٢٧ خولیشی بۆ بەشداریپێکردنی سیاسیانەی ژن لە سەرانسەری هەرێم و شارە فرە نەتەوەکاندا کردەوە بە بەغداو موسڵ و کەرکوک و سەڵاحەدین و دیالەشەوە. بەهەر حاڵ، ١٩\٦\٢٠٠٥ دەبوو سەنتەرەکە لەسەردەستی کاک کەمال فوئاد، وەک سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بکرێتەوە، خێرومەندێکی ژن کە ئێستە کاربەدەستێکی گەورەی گۆڕانە، قسەیەکی ناخێری دژ بەبەرژەوەندی سەنتەرەکە کردبوو، بەهۆی ئەم قسە ناخێرانەی ئەو زاتەوە، کاک کەمال فوئاد پەشیمان بووبووەوە لە ئامادەبوون لە کردنەوەی سەنتەرەکەو بە کاک عومەری سەید عەلیدا رەتکردنەوەی خۆی نارد بۆمان، کاک عومەریش راستەوڕاست پێی وتم کە( بە کاک کەمال وتراوە جێندەر واتای پەیوەندی ژن و ژن)!!!
دوای تەواو بوونی پرۆسەی کردنەوەی سەنتەرەکە، هەموو شەقامی پیرەمێردو سەرا گەڕام، چی فەرهەنگێکی زمان، لە ئۆکسفۆرد و مریەم وێبستەرو کامبریج و ئێربان و ..تد-م دەستکەوت کڕیم و ئەو لاپەڕانەی وشەی جێندەریان تێدابوو هایلایتم کردن. پەیوەندیشم بە د. محەمەد جەلال شەریف، کە هاوڕێیەکی دڵسۆز بوو لە بەریتانیا خەریکی خوێندن بوو بۆ دکتۆرا و ئێستا مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی کوردستان، کردو داوای هاوکاریم لێ کرد، ئەویش پتر لە ناوی ٤٠ زانکۆی جیهان و لینکی بەشەکانی دراساتی جێندەری بۆ ناردم، کتێبەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشم لەگەڵ خۆم بردو چوینە ژورەکەی کاک کەمال لە قەلاچوالان، هەر لەوێ داوام لێکرد بەسەر ئەو سەدان تێکستەی باسی جێندەری دەکرد بچێتەوەو بزانێ لە کوێدا باسی هاندانی هۆمۆی تێدایە، بە ئێستەشەوە تەحەدای هەموو ئەوانە دەکەم پێیان وایە جێندەر مانای برەودان و هاندانی هۆمۆ سێکسوالیتی دەگەیەنێ، کە لە سەدان شێوە بەکارهێنانی وشەکە، تەنها لەیەک تێکستدا کاتێک لە هەندێ لەو ولایەتانەی ئەمریکا رێگە بە هاوسەرگیری هۆمۆکان دەدەن، نوسراوە سۆشیال جێندەر مەریج، واتا هاوسەرگیری هاوجێندەرە کۆمەلایەتییەکان، کە ئەمش سێ وشەی جودایەو رۆڵی جێندەر لەوێدا تەنها رۆڵی رەگەز دەگەیەنێت و لەجیاتی وشەی سێکس بەکار هاتووە، کە ئەمەش دەقێکە رەهەندێکی یاسایی وەرگرتووە لەو ویلایەتانەدا. لە ساڵی ٢٠٠٩ شدا جارێکی تر کە کێشەی مەلاکانی هەولێر لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە بەکارهێنانی وشەی جێندەر لە نوسراوێکیاندا هەڵای لەسەر نرایەوە، لە وتارێکی کوردستانی نوێدا جارێکی تر روونم کردەوە. ئەگەر نا وشەکە رەگێکی کۆمەڵایەتی زۆر بەئینساف و ئینسانیانەی هەیەو تەنهاو تەنها بیر لە بەرزکردنەوەی ستاتوی کۆمەڵایەتی ژن دەکاتەوە بۆ ستاتوی کۆمەڵایەتی پیاو، ئەوەی لە کۆمەڵگە چەقبەستووە دەقگرتووەکاندا لێی دەترسن.
جا سەرتان نەیەشێنم، کاک کەمال کە ئەو دەیان کتێب و مەلزەمەیەی بەدەستمەوە بینی و خۆشی کەوتە خوێندنەوە، ئیتر بڕیاری دا بمانپارێزێ لەدەست ئەوانەی چاوییان بە یەکسانی هەڵنایە،، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ دا وەک قەرەبوو خۆی کۆنفرانسی ژنی کوردی بۆ کردینەوەو وتەی مام جەلالی خوێندەوە، ئەو کۆنفڕانسەی ئێستا سەدی بیستی سەرکردایەتی یەکێتی بەهۆیەوە ژنەو کەچی نوتقیان لەخۆیان بڕیوەو کەسیان بوێری ئەوەیان تیا نییە هەر بۆ یادی سەرۆکە دووبارە نەبووەکەیان کە دەرفەتی زێڕینی لەبەردەم دروستکردن ببنە سەرکردە، پرۆتێستێک بکەن لەهەمبەر ئەو هەموو سوکایەتییەی بە ژنانی کۆمەڵگەکەیان دەکرێ. بگرە سەرپۆش دەدەن بەسەریانداو دەچنە دیوەخانی شێخەکانی تەریقەت و موریدی خۆیان دووپات دەکەنەوە.
جا دەمەوێ لێرە ئەو رەخنەیە بەرز بکەمەوە، مام جەلالێک ١٨ ساڵ پێشتر ئەوەندە بیر رووناک بوو، باکی بەکەس و لە هیچ نەبوو، پشتیوانی هەموو هەوڵێکی دەکرد ژنانی کۆمەڵگەکەی هەنگاوێک پێی بڕۆنە پێشەوە بۆچی لەساباتی ئەو یەکێتییەی بە رێبازی ئەو بە حساب هەنگاو دەنێ، دەبێت سوکایەتی بە ژنان بکرێت؟
مەسەلەی مەلاکانی هەولێریش با بۆ جارێکی تر بمێنی چونکە د. سەباح، کە مامۆستای زانکۆی سلێمانی و نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی بوو لەو سەردەمە، شاهێدێکی باشە تا باسی داهاتوی پێ دەوڵەمەند بکەم.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: