ماردین عەبدولکەریم
زۆر بە روونی و بێ پێشەكی دەچمە ناو بابەتەکەوە و تایتڵی بابەتەكە دەكەمە پرسیاری دەستپێك و دەڵێم: هۆكار چییە سەركردایەتی سیاسیی كورد كە بێگومان مەبەستم لێیان پیاوانی دەستڕۆیشتوو
سیاسیی كوردە، هەركاتێك قەیرانی لێكتێنەگەیشتن سەبارەت بە كێشە لە فەرمانڕەوایی هەرێم لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دەگەنە كەناری لێکترازان و خەریكە ئاگری سووری تووڕەییان هاووڵاتیانی كورد دەخاتە بەردەم دڵەڕاوكێی لەدەستدانی دەستكەوتەكانی خوێنی شەهیدانەوە، ژنێك بەڵام ژنێكی بیانی دێت و داوای رێكکەوتن دەكات و دەبێتە فریادڕەسی كوردستان و ئەوانیش دەستبەجێ بە داواكەی رازی دەبن و ئیدی ئاو دەکرێت بە ئاگردا و هەموو دۆخەکە دەچێتەوە سەر رێڕەوی ئاسایی خۆی؟
لەوبارەیەوە سەرەتا مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریكا شەڕی ناوخۆی خەفەكرد و هەڤاڵ مام جەلال و مەسعود بارزانی پابەندی رێككەوتن بوون؟ وا ئێستاش جارێكی تر باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەردوو حوكمڕانی هەرێم مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیان پابەند کرد بە رێكەوتنەوە.
لەم گۆشە نیگایەوە، دەبێت هەموان خۆشحاڵبین و سوپاسی هەركەس و لایەن و وڵاتێك بكەین كە لەخەمی هێشتنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانیدا بێت، هەربۆیە ئاشتكردنەوەی سەركردایەتی سیاسیی كورد لە دوو وێستگەی گرنگ و مێژووییدا لەسەردەستی ژن، جگە لەوەی پارێزگاریكردنە لە مانەوەی قەوارەی هەرێم، بۆ ژنانیش جێی شانازییە. فەلسەفەكەش ئەوەیە كە بەڵێ ژنان دەبێت لە هەموو كونج و كەلەبەرێكی ئەم جیهانەدا سومبولی ئاشتی بن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لێرەدا پرسیارە سەرەتانییەكە ئەوەیە كە ئاخۆ ئەگەر ژنانی كورد ئەم رۆڵەیان ببینیایە و هەمان داوای ئاشتی و ئاشتبونەوەیان لە سەركردایەتی سیاسیی كورد بكردایە رازی دەبوون و گوێیان لە داواكەیان دەگرت؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر!
بۆ ئەمەش بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەیە، كاتێک پۆلێك ژنی كورد ئەو دەستپێشخەرییەیان کرد لە سلێمانییەوە بە رێپێوان چوونە هەولێری پایتەخت و پەرلەمان لەپێناوی ئاشتی و تەبایی نێوان حزبە سیاسییەكان، بەڵام بەداخەوە بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە.
كەواتە با وای دابنێین راستە ئۆڵبرایت و لیف دوو ژنی دیپلۆماتكاری بەتوانان و هاوكات نوێنەری ئەمریكای زلهێزی جیهانن و ئەوان دوور لە هەر پێشبینی و رەهەندێك ئەركی بەجێهێنانی پەیامی وڵاتەكەیان بۆ كورد لە ئەستۆگرتووە. لەلایەكی تریشەوە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە ئەمریكا پشتیوانیی لە كورد و قەوارەی هەرێم دەكات، بۆیە سەركردایەتیی سیاسیی كورد ناتوانن داواكانیان رەتبكەنەوە، هاوكات ناشتوانن دەستبەرداری دۆستەكانیان ببن، مادام وایە دەبێت بپرسین بۆچی لەناو كۆمەڵگەی بیانیدا بەسەدان ژنی لێهاتوو بەتوانا و بەئەزموون لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی پێدەگەن و بگرە بە دەیان ژنی كوردی پەنابەریش كە هاووڵاتی پلە دوون لە وڵاتانی بیانیدا بەهەمان شێوە پێدەگەن، لەبەرامبەردا لە کوردەواریدا «جگە لە دەگمەنیی حاڵەتەكە»، ئەوانەشی خۆیان خۆیان پێدەگەێنن لە ئاستێكدا دەوەستن؟ وەڵامەكەش ئەوەیە كە ژنان نزیكەی نیوەی دانیشتوانی جیهانیش پێكدەهێنن، ئەمەش ئەگەر بیركارییانە لێكبدرێتەوە، نیوەی هێز و توانا و لێهاتوویی مرۆڤەكانی سەر رووی زەوی دەكات، بەم شێوەیە سیستمی وڵاتانی خۆرئاوا زیرەكانە لەم توانایانەدا وەبەرهێنان دەكەن بۆ پێگەیاندنی دەیانی وەك ژنی ئاسنی و ژنی ژمارە یەك كە دەرەنجام نەك لە ناوخۆی وڵاتەكانی خۆیاندا دەبنە جێی متمانە و خاوەنی بڕیاڕ، بەڵكو دەبنە ژمارە و لە سەرتاسەری جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا گەورەترین كێشەكان لەسەر دەستی ئەوان چارەسەر دەكرێت، نزیكترین نموونەش هەرێمی كوردستانە.
ئێستا هەقی خۆیەتی ژنی كورد سەركردایەتی سیاسی كورد بخەنە بەردەم پرسیار کە ئەگەر ئەوان هێندە رێز لە توانای ژن دەگرن و لەسەر دەستی ئەواندا ئامادەن چارەسەری كێشە چەقبەستووەكان بكەن، كەواتە بۆ هەوڵ نادەن لەم هەرێمەدا كە تەنیا چوار پارێزگایە بەكردار پاڵپشتی لە ژنان بكەن و پێیان بگەێنن؟ ئەگەریش ناتوانن بیانكاتە باڵیۆزی ئاشتی یان ناتوانن لەسەر ئاستی دەرەوە بیانكەنە ژمارە، دەبا لە هەرێمدا بە كردار نەك تەنیا بە دروشم پشتیوانیان بن و لانیكەم بە رێژەی گونجاو بەراوورد بە پیاوان لە حزب یان لە حكومەت و پەرلەمان بگەنە وێستگە گرنگ و هەستیارەكان، بەتایبەتی ئێستا كە رەوشی هەرێم تەواو ئاڵۆزە و بەرەو هەڵبژاردنی كوردستان دەچین و پێویستە كارێک بكرێت كە ژنان بەڕاستی بتوانن هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، چونكە ئەگەر دەرفەت بۆ ژنی كورد بڕەخسێنرێت، هیچیان لە باربارا و ئۆڵبرایت و بلاسخارت و مێركڵ و ژنانی رواندا كەمتر نییە كە رێژەی 61.3 % كورسییەكانی پەرلەمانیان بردووە.
هەرچەندە زۆر كەس پێیانوایە كە تەنیا ژنی ئەوروپی و ئەمریكی لێهاتوون و دەتوانن بگەنە پۆستە باڵاكان، بێئاگان لەوەی یەكەم سەرۆكی ژن لە جیهاندا لە سیریلانكا و لە كیشوەری ئاسیادا بووە، لە كوردستانیش ئەگەرچی ئێستا ژنان بە سەدان هەنگاو پاشەكشەیان كردووە، بەڵام نوێنەرایەتی و دەسەڵاتی سیاسی لە رابردوودا بۆ ژنان كارێكی نامۆ نەبووە و حەپسەخان و عادیلە خانم و خانزادی میری سۆران نموونەی زیندووی كورد و ئاسیایین، ماوەتەوە بڵێین ژنی لێهاتوو زۆن بە مەرجێک نەكرێنە قوربانی ململانێ حزبی و سیاسییەكان و ئەگەر ژنان بە رێژەی بەرچاو بگەنە پۆستە هەستیارەكان، لانیكەم جیهان بەرەو ئاشتی و ئاسایش و ئاوەدانی رێدەكات.