پەیوەندی بكە: 07507613136 | ئیمەیل: info@emmaorg.me

سووڕی مانگانەی ژن (بێنێژی)

ئەم بابەتە بڵاوبكەوە:
Image
هاوکارى تەندروستى دەروونى( MHPSS), وتار,

-زمناكۆ خوسرەو
ئەنگۆ دەزانن ئافرەت دوو هێلکەدانی هەیە. لە تەمەنی مەلۆتکەیی و ساواییدا، ژمارەی هێلکەکان سەتان هەزارن. بەران کە کچ دەگاتە تەمەنی بالقبوون، ژمارەی هێلکەکان لە دەوری پێنج سەت (٥٠٠) هێلکە دەبی. مانگانە، یەك هێلکە، لە یەك لە هێلکەدانەکان، گەورە دەبی و ئامادە دەبی تا دابنرێ. بە کرداری هاتنە خوارێی هێلکەیەك لە هێلکەدانەوە دەگۆترێ هێلکەدانان (Ovulation). با بزانین هۆڕمۆنەکانی جەستەی ئافرەت چلۆن کاریگەریی و ڕێکخستنیان هەس لەسەر سووڕی مانگانەی ژن.
ڕژێنی ژێرمێشك (Hypothalamus)
بەشەر ڕژێن (Gland)ەکی هەیە لەناو مێشکی و پێی دەگۆترێ ڕژێنی ژێرمێشك (Hypothalamus). ئەو ڕژێنە هۆمۆنی دەردانی هۆڕمۆنی سێکسی (GnRH) درووست دەکا. ئەویش هانی ڕژێنی پتیوتەری (Pituitary Gland) دەدا تاوەکوو دوو هۆڕمۆن درووست بکا. هۆڕمۆنی هاندانی چیکڵدانە (Follicle Stimulating Hormone)، بە “FSH”ی ناودەنرێ. دووەمیش هۆڕمۆنی هاندانی زەردەتەن (Luteinizing Stimulating Hormone)، کە بە “LSH”یش دەناسرێ. ئەو دوو هۆڕمۆنە ئەرکیان زۆرە. بەکورتی، ئەوەی یەکەمیان هانی هێلکەدان دەدا تاوەکوو هێلکە ئامادە بکرێ لۆ کرداری هێلکەدانان. هەروەها، بەرپرسیشە لەسەر درووستکردنی هۆڕمۆنی مێینەیی (ئیسترۆجین). ئەوەی دووەمیشیان دەبێتە هۆی درووستکردنی هۆڕمۆنی سکپڕی (پڕۆجیستیڕۆن).
ئاگەر داماننا سووڕی مانگانەی ئافرەت هەموو بیست و هەشت (٢٨) ڕۆژ جارەك دووبارە بۆوە. با لە ڕۆژی یەکەمەوە باسی گۆڕانەکان بکەین. لە ڕۆژەکانی یەکەم هۆڕمۆنی FHS کارایە و ڕێژەکەی بەرزە. ڕێژەکەی بەرزە تا هانی هێلکدان بدا تاوەکوو هێلکە گەورە بی و ئامادە بێ لۆ هێلکەدانان. بەهۆی ئەوەوە، لە ڕۆژی یەکەم تا ڕۆژی چاردە (١٤)ەیەم، هۆڕمۆنی مێینەیی (ئیسترۆجین، Estrogen) ڕێژەکەی بەرزە. ئەو هۆڕمۆنە لە ماوەی دوو حەفتەی یەکەم هانی منداڵدان (Uterus) دەدا تاوەکوو ناوپۆشەکەی ئەستوور بی تاوەکوو خۆی لۆ زایگۆت و درووستکردنی منداڵ ئامادە بکا. پاشان بەرەبەرە ئاستەکەی کەم دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی هێلکەدانان لە دەوری ڕۆژی چاردەیەم ڕوو دەدا، لۆیێ، مێشك وەها سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە دەکا، وەك ئەوەی کە سکپڕی (زگبوون، ئاوسبوون، حەمل، Pregnancy) ڕوو بدا. لۆیێ، لە ڕۆژی چاردەمەوە گۆڕانەکان جیاواز دەبن.
کە هێلکە لە کرداری هێلکەدانان هێلکەدان بەجێ دەهێلێ، پاشماوەکەی پێی دەگۆترێ زەردەتەن (Corpus Luteum). زەردەتەنیش لە لایەن ڕژێنەکانی مێشکەوە سەرپەرشی دەکرێ. ئەویان بەرەبەرە گەورە دەبی تا لە ناوەڕاستی سووڕەکە دەست دەکا بە درووستکردنی هۆڕمۆنی سکپڕی (Progesterone). ئیدی، هێلکە بەرەو جۆگەی هێلکە “بۆڕی هێلکە” (ئەو لوولەلەی کە هێلکە لە هێلکەدانەوە دەگوازێتەوە لۆ ناو ڕەحم) دەڕوا. کە دەگاتە ناو جۆگەکە، لەوێندەر چاوەڕێی تۆو (سپێرم، ئاو، Sperm)ی پیاو دەکا تا کرداری پیتاندن (Fertilization) ڕوو بدا.
پیتاندن
پیتاندن بریتییە لە یەکگرتنی تۆو و هێلکە لەناو جۆگەی هێلکە و زایگۆت (Zygote) درووست دەبێ. زایگۆت یەك خانەیە. بریتییە لە یەکگرتنی تۆو و هێلکە. هەر یەکە لە تۆو و هێلکە ٢٣ کڕۆمۆسیان هەیە. ئاشکرایە خانەی بەشەر ٤٦ کڕۆمۆسۆمی هەیە. کە ئەو دووانە یەکدەگرن ئەوجا دەبنە یەك خانەی تەواو. پاشان ئەو خانەیە گەشە دەکا و دەبیتە مرۆڤ.
دوو گریمانە
یەکەم، ئەگەر هاتوو لە ڕۆژەکانی ناوەندێ، لە دەوری ڕۆژی چاردەیەم، پیتاندن ڕووی دا، ئەوا منداڵدان بە ئەستووری دەمێنێتەوە تاوەکوو پێشوازی لە زایگۆت بکا و لەناوی گەشە بکا و ببێتە منداڵ. لەو بارەدا، زەردەتەن دەتاوێتەوە و لەناو دەچی. ئیدی ئەرکی تەواو دەبی. لە پاش ئەوە، ڕەحم (منداڵدان) ئەرکی درووستکردنی هۆڕمۆنی سکپڕی (پڕۆجیستیڕۆن) دەگرێتە ئەستۆ. دووەم، ئەگەر هاتوو کرداری پیتاندن ڕووی نەدا، ئەوا ئەو ئەستووربوونەی لەناو ناوپۆشی منداڵدان درووستبووە، پێویست نابی بمێنێتەوە. جارەکی دی مێشك خۆی ئامادە دەکا تاوەکوو هیڵکەیەکی دی گەورە بکا لۆ مانگی دادێ. مادامەکی ئەستووربوونەکەی ناوپۆشی منداڵدان زەرور نابی بمێنێتەوە، ئیدی لە کردار و پڕۆسەیەکدا دادەماڵدرێ. ئەوجا بەو کردارە دەگۆترێ کەوتنەسەرخێن (بێنێژی، بێنوێژی، سووڕی مانگانە، عادە، Menstruation) کە بریتییە لە کرداری خوێنهاتن و داماڵرانی ناوپۆشی منداڵدان. بەزۆریش ئەو پڕۆسەیە ٣ تا ٦ ڕۆژ دەخایەنێ.
بێنێژی (کەوتنەسەرخوێن، عادەبوون)
ئاشکرایە کە داماڵڕانی ناوپۆشی منداڵدان جگە لە خوێنبەربوونەکە ژان و ناڕەحەتیی زۆریشی دەگەڵە. لەوانەیە ژن ژانەزگ، ژانی حەوز، ژانی مەمکەکان، بێهێزی، هێرنج و ڕشانەوە، و تێکچوونی خواردن و خەو و باری دەروونیشی هەبێ. لە ڕووی دەروونییەوە هەندەك حالەتی باو هەن کە لە سەروبەندی بێنێژی ڕوو دەدەن. ئەگەر لوا، بە بەشەك باسی دەکەین.
دوو تێبینی زۆر گرنگ:
1. ئەمن دختۆری ژنان و زگوزا و منداربوونێ نیمە. تکایە ئەگەر هەر کێشەیەکی سووڕی مانگانە و سکپڕبوون و هۆڕمۆنەکانت هەیە، ئەوا سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکە.
2. ئەنگۆ دیقەت بدەن. هەر کچ و ژن و ئافرەتێك هەموو مانگێك ئەو هەموو گۆڕانانە لەناو جەستەیدا ڕوو دەدا. ئەو هەموو ‌هەڵبەز و دابەزە لە ئاستی هۆڕمۆنەکان ڕوو دەدا. لۆیێ، ئاسایییە کە باری دەروونی و توانای جەستەییی ئافرەت لە ماوەی هەر مانگەکدا چەندان گۆڕانی بەسەردا بێ. ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەم گرنگە ژن جەستەی خۆی بناسێ، هەمیش گرنگە پیاو بزانێ کە هاوژینەکەی، خووشکی، و دایکی هەموو مانگێ بەو هەموو گۆڕانانەدا دەڕۆن. ئەوجا لۆیێ، تکایە ئەگەر دیتتان لە ڕووی دەروونی و توانای جەستەیییەوە ئاسایی نین، ئەوا ئاسایییە پەیوەندی بە گۆڕانەکانی هۆڕمۆنەکانەوە هەبێ لە سووڕی مانگانەوە.
لە بەشەکانی دادێ باسی پیتاندن و ئەگەرەکانی درووستبوونی کوڕ، کچ، نێوانەڕەگەز (نێرەمووك، Intersex)، کێشەکانی ژمارەی کڕۆمۆسەمەکان، و درووستبوونی ئەندامەکانی سێکس دەکەین.
تێبینی کە:
* سەرچاوەی وێنەکە لە کۆمێنتە.
* ئەگەر هەڵەیەکم لە زاراوە کوردییەکان کردییە، سپاست دەکەم لۆم ڕاست کەیەوە.
* لە هەر یەك لە بەشەکان، ئەگەر سەرچاوەکانیت ویست، ئاگادارم کەوە. بەخۆشحاڵییەوە لۆتیان دەنێرم.

بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Image
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan. “Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.

بابەتە هاوشێوەكان: