بە بەشداری چەندان کەسایەتی و لەژێر ناوی “دیداری ڕۆژی جیهانی ژنان”، ئەمڕۆ لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان وهاوپەیمانی ژنانی کوردستان دیدارێکیان سازدا، تێیدا شەش ژنە چالاکوان قسەیان لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ژنان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان و هاوپەیمانی ژنانی کورستان دیدارێکیان سازدا، دیدارەکە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو.
پانێڵی یەکەم لەلایەن ئاڤان جاف بەرێوەبرا، هەریەك لە نەرمین عوسمان، نیشتیمان کەمال، پەیمان عزالدین بەشداربوون، تێیدا گفتوگۆ دەربارەی پانتایی گشتی حکومەت و حزبەکان و هەڵوێستیان لە بابەتی ژناندا کرا، لەپانێڵی دووەمیشدا ڕێزان شێخ دلێر، کنێر عەبدوڵا، بەسمە حەبیب قسەیان لەسەر بڕیاری١٣٢٥ی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداری ئافرەتان لەناوەندی بڕیار و بنیاتنانی ئاشتی لە کوردستاندا کرد.
لە دەستپێکی پانێڵی یەکەمدا، نەرمین عوسمان ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار لەبارەی دۆخی کۆمەڵگەدا دەڵێت: سەرلێشێواوییەک لەنێو کۆمەڵگە و حزبە سیاسییەکاندا هەیە، کەس هەیە باس لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات خۆی دادپەروەری تێدا نییە، یان باسی ئاینێکی میانڕەو دەکات خۆی ئاینێکی تووندڕەو بەرجەستە دەکات، ئەم سەرلێشێواویە کاریگەری لەسەر دەوڵەتیش دروستکردووە.
پەیمان عزالدین پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، لەدرێژەی پانێڵەکەدا ڕایگەیاند، ٣٢ ساڵە لە هەرێمی کوردستان، چەند یاسایەک تایبەت بە ژنان دەرکراون کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، ئەم چەند یاسایەش ئەگەر بە پێداگیری ڕێکخراوەکانی ژنان نەبایە دەرنەدەچوێنران، ئەگەر ساڵانی نەوەتەکان بەراورد بکەین بە ئێستا دەبینین لەو ساڵانەی ڕابردوودا گەرموگوڕی بۆ بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی زۆر زیاتر بوو لەئێستا.
نیشتیمان کەمال لەبارەی هەمان تەوەر وتی: دوای ڕاپەڕین لە کوردستان گۆڕانکاریی لە پانتایی گشتیدا ڕوویدا فرە حزب و فرە ڕاگەیاندنی هاتە ئاراوە، ئەمانەش کاریگەریان دەبێت لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی، لە ئێستا ڕۆڵی حزبەکان کەمبووەتەوە و سۆسیال میدیا ڕای گشتی ئاراستە دەکات، ئەمەش وادەکات هەموو کەس بتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت.
کنێرعەبدوڵا نووسەر، لە پانێڵی دووەمدا بە توێژینەوە و داتا جەختی لە کەمیی ڕێژەی ژنان لەناو دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بەشداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردو ڕێژەی ژنانی لەناو ناوەندەکاندا خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی بەشداری کردنی ژنان لە زۆرینەی وەفدە دانوستانکارەکانی حزبە سیاسیەکان، لەناوخۆی هەرێم و جیهاندا لەسەدا سفرە.
بەسمە حەبیب کۆمیسیار لە کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق، دەربارەی بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد ووتی: ئەم بڕیارە سێ خاڵی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە بەشداری ژن، پاراستن و خۆپاراستن بووە، عێراق یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە پلانێکی نیشتیمانی دانا بۆ ئەم بڕیارە، ، زۆرینەی ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی توندوتیژی ئافرەتانن.
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە ئێستا ساڵی ٢٠٢٣یە بەڵام ژنان نەیانتوانیوە سوود لە یاسا نێوخۆیی و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان ببینن، ” ژن چۆن دەتوانێت کەسێکی کارا بێت ئەگەر پاڵپشتی یاسایی نەبێت، بۆ ئەمە دەبێت گۆڕانکاری لە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریشدا بکرێت.
سلێمانی – لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ و هاوپەیمانی ژنانی كوردستان، دیدارێکیان بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان سازکرد
بڵاوكراوەتەوە لە لایەن Emma Organization
Emma Organization for Human Development was founded in 2013 by three female activists with a vision to advance the role of women in society, promote gender equality and empower women in Kurdistan.
“Emma” is a Kurdish term meaning (WE) and is the concept by which this organization functions as a unit working together as "One Team" from different cultural backgrounds and religious beliefs to achieve goals and rebuild lives.